Print
 
 بێده‌نگی‌ نێچیرڤان بارزانی‌!
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Saturday, September 26, 2009

سزادانی‌ سیاسیی‌، به‌ بڕینی‌ موچه‌و گواستنه‌وه‌ی‌ نائوسوڵی‌ له‌دژی‌ كارمه‌ندانی‌ حكومه‌ت تادێت له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌ حكومییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌رده‌وامی‌ پێده‌درێت.

ئه‌م شاڵاوه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ كه‌ تائێستا زیاتر له‌ (1700) خێزانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، هاوڕێی‌ رۆژنامه‌نوسم عه‌دنان عوسمان به‌"پاكتاوی‌ ئیداریی‌" گوزارشتی‌ لێكردوه‌. به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ روی‌ مۆراڵی‌‌و یاساییه‌وه‌ به‌رپرسیی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌ هه‌ر ناهه‌قی‌‌و پێشێلكارییه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر داموده‌زگاو لایه‌نێكه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتییانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بكرێت، به‌وپێیه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.
 
نێچیرڤان بارزانی‌ له‌و كاته‌ی‌ بو به‌ سه‌رۆك ‌وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ یه‌كگرتو له‌ كارنامه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا باسی‌ ئه‌وه‌یكرد كه‌ "پاراستنی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و كه‌رامه‌تی‌ ئینسانه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌ ئه‌ستۆیدایه‌و رایگه‌یاند: ئه‌م كابینه‌یه‌ پارێزه‌ری‌ مافی‌ هه‌مو هاوڵاتییان ده‌بێت به‌ یه‌كسانی‌‌و به‌بێ‌ جیاوازی‌، پابه‌ند ده‌بین به‌ ئازادیی‌ تاك‌و هه‌مو هاوڵاتییان به‌پێی‌ جارنامه‌ی‌ جیهانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، مافی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ هه‌یه‌و پێویسته‌ بپارێزرێت. "ده‌قی‌ ‌وتاری‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌ مه‌راسیمی‌ سوێندخواردنیدا، رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات رۆژی‌ 8/5/2006 بڵاویكردۆته‌وه‌"، به‌ڵام جه‌نابی‌ سه‌رۆك ‌وه‌زیران ئێستا ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ له‌ ده‌زگا حكومییه‌كاندا ئه‌نجامیده‌ده‌ن شتێكه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ مافی‌ هاوڵاتیبونه‌و ره‌فتاری‌ رژێمه‌ تۆلیتارو دیكتاتۆرییه‌كانه‌، چونكه‌ له‌ هیچ وڵاتێكی‌ دنیادا كارمه‌ندی‌ حكومی‌ نانبڕاو ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ بیرو بۆچونی‌ سیاسیی‌ جیاواز بێت.

به‌ڕێز سه‌رۆك ‌وه‌زیران.. ده‌زانی‌ ئازاری‌ ئه‌و خێزانانه‌ چه‌ند به‌سوێیه‌ كه‌ سێ‌ مانگه‌ موچه‌یان بڕاوه‌و منداڵه‌كانیان بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ مه‌حرومبون له‌ كڕینی‌ جلی‌ جه‌ژن!.

من ده‌زانم كه‌ هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ سزادراون له‌ ئۆرگانه‌ حیزبیه‌كاندان‌و ره‌نگه‌ حیزبیش ئه‌و مافه‌ به‌خۆی‌ بدات نانی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ ببڕێت، به‌ڵام من قسه‌ له‌و به‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌ی‌ نانبڕاوانده‌كه‌م كه‌ موچه‌خۆری‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانین‌و له‌ سلكی‌ (فه‌رمانبه‌ران، پۆلیس، پێشمه‌رگه‌، هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆ، پاسه‌وانی‌ سنور)ن كه‌ هه‌ندێك له‌مانه‌ش گواستراونه‌ته‌وه‌و لێپێچینه‌وه‌ی‌ نائوسوڵییان به‌رامبه‌ر كراوه‌.

لێره‌دا پێویسته‌ له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بپرسین، ئایا ئه‌و ره‌فتاره‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كارمه‌ندانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ت ده‌كرێت، ئێوه‌ پرستان پێكراوه‌و ئاگاداری ئه‌و نانبڕین‌و سزا ئیداریانه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ‌وایه‌ به‌ڕاستی‌ قبوڵكردنی‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێزتانه‌وه‌ كاره‌ساته‌و زه‌ره‌ر له‌ داهاتوی‌ سیاسیتان ده‌دات!، خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش ئاگادارنین ئه‌مه‌شیان كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێوه‌دا رۆژانه‌ تاوانی‌ له‌و چه‌شنه‌ ئه‌نجامده‌درێ و ئێوه‌ لێی‌ بێئاگان.

نێچیرڤان بارزانی‌ توانی‌ له‌ماوه‌ی‌ 10ساڵی‌ رابردودا وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سیاسی‌ و ئیداری‌ خۆی‌ بسه‌پێنێت، ئێستاش جێگه‌ی‌ شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌بێت كه‌ بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیاره‌ فه‌رمیی‌‌و زاره‌كییانه‌ بدات كه‌ ده‌رهه‌ق به‌و كارمه‌نده‌ حكومییانه‌ كراوه‌ (كه‌ ئێستا به‌ لیستێك ناو‌و پیشه‌ی‌ زیاتر له‌ (1700) موچه‌خۆر له‌به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌ماندایه‌).

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌.. ده‌زانی‌ ئه‌و پاكتاوه‌ ئیدارییه‌ی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشوی‌ هه‌رێمی‌ سه‌وزو حكومه‌ته‌كه‌ی‌ تۆ ده‌گوزه‌رێت ئه‌گه‌ر سنورێكی‌ بۆ دانه‌نرێت ره‌نگه‌ كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌ به‌دوای‌ خۆیدا بێنێت و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێوه‌ به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن.

Sbeiy.com © 2007