Print
 
 په‌رله‌مانی‌ عاجباتی‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Wednesday, September 30, 2009

له‌و سێ‌ چوار دانیشتنه‌ی‌ رابردودا گه‌یشتینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ش له‌ باوكسالاری‌ رزگاری‌ نه‌بوه‌‌و زیاتر له‌ باره‌گای‌ حیزبی‌ ده‌چێت تا په‌رله‌مان. هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ ده‌زانین كاندیده‌كان كاندیدی‌ حیزبن، به‌ڵام دواتر ده‌بنه‌ نوێنه‌ری‌ جه‌ماوه‌ر هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش له‌نێو په‌رله‌ماندا ئه‌وان نوێنه‌ری‌ گشتن نه‌ك به‌شێك، كه‌چی‌ زۆركات ئه‌وان گشت ده‌كه‌نه‌ قوربانی‌ به‌شی‌، هه‌مان ئه‌وكاره‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ حیزبی‌ كوردی‌ ده‌یكات‌و به‌رده‌وام گشتیی كردوه‌ته‌ قوربانی‌ به‌شی‌، ره‌خنه‌گرتنی‌ ئێمه‌ له‌ حیزب له‌ رابردودا له‌سه‌ر ئه‌مه‌بوه‌، كه‌س نه‌یگوتوه‌ با حیزب نه‌بێت، به‌ڵام گوتراوه‌ ناكرێت ئامانج بێت، ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا ئامانجه‌، نه‌ك هۆیه‌ك له‌ هۆیه‌كانی‌ گه‌یشتن به‌ ئامانج.

هه‌ر له‌و  په‌رله‌مانه‌دا‌و له‌م چه‌ند دانیشتنه‌دا كه‌ ئێمه‌ هیواخوازی‌ ئه‌وه‌بوین رون‌و ره‌وانتر بن له‌ جاران كه‌چی‌ بڕیاری‌ به‌ نهێنی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ به‌شێك له‌ دانیشتنه‌كان درا كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نانه‌ت له‌ یه‌مه‌ن‌و وڵاته‌ هه‌ره‌ دواكه‌وتوه‌كانی‌ دنیاشدا وا نییه‌، من بۆ خۆم بینیومه‌ نوێنه‌ری‌ ناوچه‌كان له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ دواكه‌وتوه‌كان چۆن نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كه‌ن‌و چۆن قسه‌ده‌كرێت، به‌ بڕوای‌ من شاردنه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌ شاردنه‌وه‌ی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان له‌ خه‌ڵك خراپتره‌، ده‌بوایه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌پێناوی‌ رون‌و ره‌وانی‌ زیاتردا ته‌نانه‌ت په‌یڕه‌و ناوخۆیی‌ په‌رله‌مانیش بخستایه‌ته‌ به‌ر نه‌شته‌ریی‌ چاكسازییه‌وه‌ هه‌ر له‌و په‌رله‌مانه‌دا‌و له‌م سێیه‌م دانیشتنه‌دا ره‌خساندنی‌ دۆخی‌ به‌ دوژمن سه‌یركردنی‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ توركیاشدا توركه‌كان ئاوا سه‌یری‌ نوێنه‌رانی‌ ده‌ته‌په‌ی‌ پێناكه‌ن، ده‌شێت له‌مه‌دا هه‌ڵه‌ له‌ هه‌ردولا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ سه‌رۆك‌و جێگر‌و سكرتێری‌ په‌رله‌مان چییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ درێژه‌بكێشێت جێگرو سكرتێری‌ په‌رله‌مان له‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌خات‌و دیسانه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ گشت كردنه‌ قوربانی‌ به‌شی‌ ره‌نگده‌داته‌وه‌، دو مانگ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌ماندا تێده‌په‌ڕێت، ده‌شێت هه‌ندێك بڵێن جارێ‌ زوه‌، به‌ڵام ده‌كرا په‌رله‌مان له‌م دو مانگه‌دا له‌ زۆر شت بپێچایه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌مینیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ "كاركه‌ناربونی‌ په‌رله‌مانتاریه‌" كه‌ له‌ هه‌مو دنیادا شتی‌ وا نییه‌، شه‌رمه‌زاریه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، مرۆڤ به‌ چوار ساڵ‌ موچه‌یه‌كی‌.
 
زۆری‌ كاركه‌ناری‌ وه‌ربگرێت‌و خۆشی‌ به‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ڵك بزانێت، خه‌ڵكێك ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر بیروڕای‌ جیاواز نانی‌ بڕابێت، خه‌ڵكێك كه‌ زۆر كاره‌كه‌ی‌ له‌ كاری‌ په‌رله‌مانتاری‌ پیرۆزتره‌، به‌ڵام لانیكه‌م (20-25) ساڵی‌ ده‌وێت تا كاركه‌ناربكرێت، بۆ نمونه‌ مامۆستایه‌ك، یا كارگوزار یاخود فه‌رمانبه‌رێكی‌ خواریی‌ خواره‌وه‌، په‌رله‌مان كۆمپانیا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌رهه‌مبهێنێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ زۆركه‌س هه‌ڵپه‌ی‌ په‌رله‌مانتاری‌ بكه‌ن، په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی‌ زۆر عه‌یبه‌ په‌رله‌مانتاری‌ كورد نه‌زانێت، با په‌رله‌مان جورئه‌تبكات‌و موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ هه‌مو په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ پێشو هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، له‌ڕاستیدا ده‌مه‌وێت شتێكیش بیر په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ خۆمان بخه‌مه‌وه‌، به‌شێك له‌ سه‌دریه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق زۆر زیاتر له‌ (50%)ی‌ موچه‌كه‌یان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكه‌وه‌‌و نایكه‌نه‌ منه‌تیش بۆیه‌ تكایه‌ با ئه‌وه‌نده‌ ئه‌وه‌مان پێ‌ نه‌فرۆشن كه‌ (5%)‌و (10%)ی‌ موچه‌كه‌یان ده‌ده‌نه‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدو هاوڵاتییان.

هه‌ر عه‌یبیشه‌ په‌رله‌مانتار باس له‌وه‌ بكات كه‌ موچه‌ی‌ هه‌یه‌‌و خۆی‌ پێوه‌بادا له‌ دواجاردا حه‌قه‌ ئه‌وه‌ی‌ سیاسیه‌ بچێته‌وه‌ سه‌ر كاری‌ خۆی‌‌و ئه‌وه‌ی‌ دكتۆره‌‌و ئه‌وه‌ی‌ مامۆستایه‌ هه‌ركه‌س كاری‌ خۆیان هه‌یه‌ ئیدی‌ ئه‌م وه‌ته‌نیات فرۆشتنه‌ چییه‌. من له‌بری‌ په‌رله‌مانتاره‌ خه‌مخۆر‌و وت‌و وریاكان بم جا كوردستانیی‌ بن یان گۆڕان ئیسلامیی‌ بن یان عالمانی‌ یه‌ك ده‌قه‌ له‌و  په‌رله‌مانه‌دا نابم كه‌ زیاتر مرۆڤی‌ به‌رهه‌مدێنێت.

Sbeiy.com © 2007