Print
 
 که‌رکوکی و ئاواره‌بون!
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Sunday, December 6, 2009

ده‌رکردن و ئاواره‌بون
ساڵی 1963 لای خه‌ڵکی که‌رکوک به‌ ساڵی حه‌ره‌س قه‌ومی و به‌عسی ناسراوه‌، ئه‌و ساڵه‌ی به‌عسیه‌کان به‌ کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست. له‌گه‌ڵ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌ستیان کرد به‌ ده‌رکردنی کورد له‌م شاره‌، سه‌ره‌تا له‌ روخان و چۆڵکردنی گونده‌ کوردنشینه‌کانی ناوچه‌ی دوبز ده‌ستیان پێکرد. له‌ 1976 چه‌ند قه‌زا و ناحیه‌یه‌ک به‌ مه‌رسومی کۆماری له‌ پارێزگای که‌رکوک بچڕێندرا. لێره‌وه‌ پێ به‌ پێ تا ساڵی 1988 به‌ به‌رده‌وامی کاریان له‌ سه‌ر پرۆسه‌ی سێ کوچکه‌ی به‌عسیان ( ته‌عریب، ته‌بعیس و ته‌رحیل) کرد. له‌ 1988 ئه‌م پرۆسه‌یه‌ گه‌یشته‌ نیمچه‌ کۆتایی، ژماره‌ی گونده‌ روخاوه‌کان گه‌یشته‌ نزیکه‌ی 1769. له‌ 1991 تا روخانی به‌عس ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام بو. به‌و شێوه‌یه‌ به‌ درێژایی 35 ساڵ کوردی که‌رکوک به‌شیان ده‌رکردن و ئاواره‌بون بو. که‌م شار و گوندی کوردستان هه‌یه‌ که‌رکوکی ئه‌گه‌ر بۆ رۆژێکیش بێت کۆچ و باری لێنه‌خستبێت. که‌م وڵاتی دراوسێ و ئه‌وروپی هه‌یه‌ که‌رکوکی روی تێنه‌کردبێت.

گه‌ڕانه‌وه‌
دوای 10-04-2003  لێشاوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ی که‌رکوک ده‌ستی پێکرد. وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا سه‌رکردایه‌تی کورد به‌ بایه‌خه‌وه‌ بڕوانێته‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌، له‌ یه‌که‌می ریزبه‌ندی کارنامه‌ی کارکردن بوایا. به‌ ڵام ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ وا ده‌رنه‌چو. به‌رنامه‌ی حیزبی جێی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌ویی گرته‌وه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی کورد خۆی ده‌ست به‌ کاربێت، چاو بڕدرایه‌ ده‌ستی حکومه‌تی عێراق بۆ به‌ ده‌نگه‌وه‌هاتنی پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌.

ئه‌م بێبه‌رنامه‌یی و چاو له‌ده‌ست بونه‌ دو هۆی سه‌ره‌کێن له‌ مانه‌وه‌ی گه‌ڕاوه‌کان تا ئه‌م چرکه‌ ساته‌ وه‌ک ئاواره‌ له‌ شاره‌که‌ی خۆیان یان مانه‌وی به‌شێکی زۆریان له‌ سنوری هه‌ولێر و سلێمانی. تا ئێستاش ئه‌م ئاوارانه‌ چاویان له‌ده‌ست ریکخراوه‌ خێرخوازه‌کانه‌.

دوای هه‌ڵبژاردنی 25-07-2009،‌ تێێدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان 25 کورسی به‌ده‌سست هێنا، ئه‌م ژماره‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بوه‌ جێی سه‌رسوڕمانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان و عێراق،‌ فشارێکی سیاسی گه‌وره‌ی دروست کرد و هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانی گۆڕی له‌ کوردستان، بوه‌ هۆی پێداچونه‌وه‌ی حیزبه‌کان و حکومه‌ت به‌ کاره‌کانی خۆیاندا، ئه‌م پێداچونه‌وه‌یه‌ په‌له‌پروزێی به‌رچاوی پێوه‌ دیاربو. باسکردن و دیاریکردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ 16-01-2010 ئه‌وه‌نده‌ی تر فشاری به‌ خۆداچونه‌وه‌ی زیاتر کرد.

چه‌ند مانگێک له‌مه‌و پێش دوای 6 ساڵ بریاری قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی نزیکه‌ی 420 خێزانی ئاواره‌ کرایه‌وه‌ له‌ یاریگای که‌رکوک (ئه‌م یاریگایه‌ یه‌کێکه‌ له‌ یاریگا گه‌وره‌کانی عێراق)،: ئاواره‌ی یه‌ک فۆرمی خۆراک 5 ملیۆن و دو فۆرمیش 10 ملیۆن دیناری وه‌رگرت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌گه‌ر چی دره‌نگ نرا، له‌ ژێر فشاری هه‌ڵبژاردندا بو، هه‌نگاوێکی خراپ نه‌بو. به‌ڵام ئاواره‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر ده‌هێنێ، ده‌بوایا خانویان بۆ ئاماده‌ بکرایا و به‌ ڕێزه‌وه‌ کلیلیان بدرایاته‌ ده‌ست، وه‌ک چۆن بۆ تورکمانه‌کانی گوندی به‌شیر کرا. یان وه‌ک ئه‌و به‌ڵینه‌ی به‌ 200 ماڵه‌ شه‌هیدی تورکمان درا.

ئه‌وانه‌ی شاره‌زای که‌رکوک و ژیانی که‌رکوکیه‌کان نین پێیان وایه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ کۆتایی به‌ ژیانی ئاواره‌یی هات له‌ که‌رکوک. بۆ ئاشنابونی هه‌مو ئه‌وانه‌ ئه‌م زانیارانه‌ی خواره‌ باس ده‌که‌م:
ئێستا له‌ ناو که‌رکوک له‌ 40 شوێنی جیا جیادا، له‌ گوزه‌رانێکی خراپدا زیاتر  له‌ 1330 خێزان،‌ نزیکه‌ی 7500 حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د که‌س ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. شوینه‌کان بریتین له‌: 
1 – قوتابخانه‌ی به‌لقیس- 2- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی که‌رکوک- 3- ئه‌منی مه‌نسور- 4- ریعایه‌ی واستی- 5- ته‌جنیدی کۆن - 6- 12 سواره‌ی قازان (ئاواره‌کان ئه‌م ناوه‌یان لێناوه‌، ئه‌م ناوه ‌له‌ شه‌ڕی قازانه‌ وه‌ هاتوه‌، له‌ 5-3-1982 رویدا، قازان گوندێکه‌ له‌ ناوچه‌ی سورداش)- 7- قوتابخانه‌ی رساله‌- 8- بنکه‌ی ته‌ندروستی شۆڕیجه‌ - 9-  باخچه‌ی ساوایانی زهوری شۆریجه‌- 10- دائیره‌ی کاره‌با- 11- بلدیه‌ قسم 4 - 12- باره‌گای قودس له‌ مه‌مدوده‌- 13- باره‌گای شوعبه‌ی حیزبی له‌ مه‌مدوده‌ - 14- ره‌وزه‌ی سه‌نابل له‌ موسه‌ڵا- 15- رعایه‌ ایتام موسه‌ڵا- 16 – قوتابخانه‌ی اخا‌و له‌ موسه‌لا - 17- الیات شرگه‌ موسه‌لا- 18- ریعایه‌ی که‌ڕوڵاڵه‌کان له‌ موسه‌ڵا- 19- مونته‌زهه‌ی رێگای به‌غدا- 20- ئینزباتخانه‌ی کۆن- 22 – باره‌گای فیدائی له‌ وه‌حده-‌ 23- بنکه‌ی ساوایانی دۆمیز- 24- مه‌خزه‌نی شه‌ریکه‌ - 25- کۆمپانیای تارق- 26- ساحه‌ الاحتفالات - 29- باخچه‌ی ساوایانی ئیمام قاسم - 30 – اعدادیه‌ تجاره‌ - 31- دار الچیافه‌ عرفه -‌ 32-  مه‌رکه‌زی پۆلیسی کۆن له‌ عه‌ره‌فه -‌ 33- مرکز الگواری- 34- کارگه‌ی سێوه‌که‌- 35- معهد فنی کرکوک- 36- قوتابخانه‌ی قه‌ڵا- 37- ته‌واری قادسیه‌ - 38- مخزن حکومی مصلی- 39- ره‌وزه‌ی هلاله‌ له‌ ره‌حیم ئاوه‌ - 40 – شوقه‌ی بارق حیسابات.

ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له‌ نێوان گۆڕانکاری له‌ ژیان و گوزه‌رانی ئه‌م ئاوارانه‌ و به‌رپرسانی شاره‌که‌ بکه‌ین به‌ر له‌ 2003 و دوای 2003 بۆمان ده‌رده‌که‌وێت نا دادپه‌روه‌ری گه‌یشتۆته‌ لوتکه‌‌.

بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ئه‌م ئاوارانه‌ و هه‌مو پێداویستییه‌کانی شار پێویسته‌ چی بکرێ؟ سه‌رکردایه‌تی کورد یان حکومه‌تی عێراق ده‌ست به‌ کار بێت، به‌شێ له‌ داهاتی نه‌وتی که‌رکوک ته‌رخان بکرێت یان وه‌ک نه‌وه‌ده‌کان ده‌ست له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و رێکخراوه‌ خێرخوازه‌کانی دونیا پان بکرێته‌وه‌!.

Sbeiy.com © 2007