Print
 
 بارودۆخی ره‌گه‌زی مێ له‌باشوری كوردستاندا
نوسه‌ر:  خه‌ندان محه‌مه‌د جه‌زا
Sunday, December 6, 2009

ده‌ستپێك:
سه‌ره‌تا پێمخۆشه‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌باسه‌كه‌ی من له‌سه‌ر بارودۆخی ره‌گه‌زی مێ له‌باشوری كوردستاندا باسێكی گشتگره‌‌و له‌سه‌ر ئه‌و ره‌هه‌ند‌و بابه‌ته‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ ده‌وه‌ستێت كه‌ ژنی كورد به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت له‌ڕوبه‌رێكی فراواندا كه‌ نزیكه‌ی 4 ملیۆن‌و نیو دانیشتوانی هه‌یه‌‌و به‌پێی ئاماره‌ گشتیه‌كان لایه‌نی كه‌م نیوه‌یان مێینه‌ن... به‌واتایه‌كی تر من لێره‌داو له‌م بۆنه‌یه‌دا به‌ڕاسته‌وخۆ باس له‌گرفت‌و كێشه‌ی 2 ملیۆن‌و 250 هه‌رزار كه‌س ده‌كه‌م، كه‌ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵه‌ گرفتێكی ریشه‌ییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و باس له‌ئێستای گرفته‌كانیان ده‌كه‌م به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ند به‌سیسته‌می ژیانه‌وه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا. له‌رۆژانێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا‌و له‌هه‌مو یادكردنه‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره‌دا گرنگه‌ بۆ هه‌مو بزوتنه‌وه‌ مرۆییه‌كان‌و بزوتنه‌وه‌كانی ژنان خه‌م‌و گرفته‌كان بهێننه‌وه‌ یادی خۆیان‌و پیاچونه‌وه‌ی جدی بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگا، كه‌ به‌ڕای من به‌شی هه‌ره‌گه‌وره‌ی گرفته‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی باشور وابه‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ره‌گه‌زی مێینه‌یه‌و تاكێشه‌كانی ژنیش زوتر چاره‌سه‌ر بكرێت ئامانجه‌ مرۆییه‌كان له‌م پانتاییه‌دا زیاتر به‌ئاكام ده‌گه‌ن.

بێگومان له‌ نوسینێکدا زۆر به‌وردی ناتوانین ده‌ست بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و هه‌مو برین‌و كه‌سه‌رانه‌ی رۆژانه‌ روبه‌ڕوی هاوڕه‌گه‌زه‌كانمان ده‌بنه‌وه‌ له‌كوردستاندا، به‌ڵام لایه‌نی كه‌م ده‌توانین پیاچونه‌وه‌ی جدی بۆ بنه‌مای گرفته‌ سه‌ره‌كیه‌كان بكه‌ین‌و ئاماژه‌ نوێیه‌كانیش بخه‌ینه‌ رو. هه‌وڵ ده‌ده‌م تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌ره‌كیانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ژیانی ره‌گه‌زی مێینه‌وه‌ هه‌یه‌:

سیسته‌م‌و كولتوری پاتریاركی‌و سنورێك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی دوه‌م.
گرفتی بزوتنه‌وه‌كانی ژنان‌و ئاكته‌ره‌ چالاكه‌كانی پانتایی كاری سیاسی بۆ ژنان.
توندوتیژی: په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و قه‌زا.
خراپ بونی ره‌وشی ئابوری كوردستان‌و خراپتر بونی ژیانی ره‌گه‌زی مێ.

سیسته‌م‌و كولتوری پاتریاركی‌و سنورێك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی دوه‌م:
سه‌ره‌تا ئێمه‌ پێویسته‌ خۆمان‌و خه‌ڵكیش به‌هیچ جۆرێك هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنین كه‌ ره‌گه‌زی مێ له‌باشوری كوردستانیش وه‌ك زۆربه‌ی زۆری دونیا ره‌گه‌زی دوه‌مه‌و ره‌گه‌زی هاوتا نیه‌.. بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی سیسته‌م‌و كولتورێكه‌ كه‌ به‌كولتوری پاتریاركی یان نێرسالاری ده‌ناسرێته‌وه‌. ئه‌م كولتوره‌ تێكڕای به‌هاو بیروباوه‌ڕ‌و نۆرم‌و سیمبوڵ‌و كرده‌وه‌‌و تۆنه‌كانی زمانه‌وانی تێیدا نێرسالاره‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ مێینه‌ ده‌كاته‌ دوه‌مین. ئه‌گه‌ر دوه‌مینیش به‌ته‌نیا ریزبه‌ندی بوایه‌ گرفتێكی ئه‌وتۆ نه‌بو، به‌ڵام دوه‌م بون له‌كۆمه‌ڵگای نێرسالاردا واتای له‌ده‌ست دانی زۆرێكی ماف‌و ده‌رفه‌ت‌و ئه‌گه‌ره‌كانی ژیان، واتای به‌رده‌وام چه‌وساندنه‌وه‌‌و زۆرلێكردن‌و به‌كه‌م سه‌یركردن.

لێره‌ به‌دواوه‌ كاتێك ده‌ڵێین باشوری كوردستان هێشتا به‌ده‌ست سیسته‌م‌و كولتورێكی پاتریاركیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئیتر هیچ ده‌رفه‌تێك نامێنێته‌وه‌ بۆ تێكڕای ئه‌و دروشم‌و ئه‌و بانگه‌وازانه‌ی كه‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و هێزه‌ نێرسالاره‌كانه‌وه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌رچی كولتور گۆڕین‌و چاككردنه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌ كولتوریه‌كان ده‌یان ساڵ‌و هه‌وڵی زۆریان ده‌وێت، به‌ڵام سیسته‌می سیاسی‌و ئابوری‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جومگه‌ی سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. له‌باشوری كوردستاندا كه‌مترین هه‌نگاوی جێنده‌ر هه‌ستیاری نه‌نراوه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ‌و هێشتا ره‌گه‌زی مێ له‌ خوێندنگه‌و فه‌رمانگه‌و كۆلیج‌و په‌یمانگا‌و شوێنی كاره‌كانیاندا ناتوانن ئازادانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن‌و ناتوانن وه‌ك پێویست گوزارشت له‌بونی خۆیان بكه‌ن‌و ناتوانن خۆیان خۆیان بن.
 
ئه‌گه‌ر گۆڕین‌و چاككردنه‌وه‌ی كولتوری پاتریاركی به‌ره‌و كولتورێكی مرۆڤدۆستی ئه‌ركی رۆشنبیر‌و دامه‌زراوه‌ مه‌عریفی‌و رۆشنبیریه‌كان بن، ئه‌وا بێگومان گۆڕینی سیسته‌می پاتریاركی له‌باشوری كوردستاندا، به‌ته‌واوی له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه‌.. ئه‌گه‌ر چی ئه‌م كاره‌ ئاسان نیه‌ چونكه‌ هێشتا ئێمه‌ وابه‌سته‌ی كۆمه‌ڵه‌ یاسا‌و كۆت‌و به‌ندێكین كه‌به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه‌ گرێدراوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامی ئه‌و ره‌وشه‌ی ره‌گه‌زی مێی تێدا ده‌ژی پرسی بزوتنه‌وه‌ مرۆڤدۆست‌و ژنانیه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت له‌شوێنێكدا سنورێك هه‌بێت بۆ به‌رده‌وامی ئه‌م سیسته‌مه‌. هه‌رگیز ناكرێت له‌كوردستاندا ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌ نه‌ ئامێر‌و نه‌ئه‌نكێت‌و نه‌ته‌كنیكه‌كانی په‌یوه‌ندی تێیدا ته‌با نین له‌گه‌ڵ ژیانی نێرسالاریدا.

چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی هاوزاڵی نێرینه‌‌و به‌كه‌مگرتنی ره‌گه‌زی مێ به‌چاره‌سه‌ری پنته‌ كولتوری‌و ئایینی‌و ده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كرێت.. به‌هه‌مو كه‌م‌وكورتیه‌كانه‌وه‌ رۆشنبیر‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م‌و رۆژنامه‌نوسه‌كانی كوردستانی باشور له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كاریانكردوه‌ و كه‌م تازۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵیان داوه‌، ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كه‌ گوڕ‌وتین‌و به‌رهه‌می رۆشنبیران بۆ داكۆكی له‌پرسه‌ جدیه‌كانی مێینه‌ كه‌متر بوه‌ته‌وه‌ یان لایه‌نی كه‌م من به‌وجۆره‌ی ده‌بینم.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی كاربه‌ده‌ست‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان پێویسته‌ زیاتر بكه‌ن‌و له‌قاڵبی مانشێت بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ی تائێستا ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌یتوانیه‌وه‌ ئه‌نجامی بدات كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ئایین‌و ده‌سه‌ڵاتی نێرسالاریه‌ له‌سه‌ر ژنانی كورد له‌كوردستاندا. له‌م پێوه‌نده‌دا ده‌بێت سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌كان ئه‌م داخوازیانه‌ به‌رده‌وام بڵێنه‌وه‌‌و كاری جدی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێكی مرۆڤدۆست بێت‌و جیاوازی له‌نێوان هه‌ردو ره‌گه‌زدا نه‌كات‌و به‌رده‌وام هه‌وڵ بده‌ین بۆ جیاكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری بیروباوه‌ڕه‌ ئایینیه‌كان له‌سه‌ر ژیانی یاسایی‌و سیاسی له‌كوردستاندا‌و ئه‌م دو داواكراوه‌ گرنگترین وه‌رچه‌رخان له‌كولتور‌و له‌یاساكانی كوردستاندا دروست ده‌كه‌ن.

گرفتی بزوتنه‌وه‌كانی ژنان‌و ئاكتره‌ چالاكه‌كانی پانتایی كاری ساسی بۆ ژنان:
دانیشتوانی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆیی پڕه‌ له‌بیركردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر، مرۆڤه‌كان ئاستی جیاوازی چالاكی‌و بیركردنه‌وه‌‌و تێگه‌یشتنیان سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان هه‌یه‌، گومانی تێدا نیه‌ كه‌ئه‌مه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا ده‌چه‌سپێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ پرسه‌ گرنگ‌و هه‌ستیاره‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ده‌سته‌بژێره‌كان‌و ئه‌وانه‌ی ئاكته‌ری چالاك‌و به‌توانان له‌بواری بزوتنه‌وه‌ی گرۆجیاوازه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا.. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ گرنگه‌ بزانین كه‌به‌رپرسیارێتی ژیان‌و ره‌وشی ژیانی ره‌گه‌زی مێ له‌كوردستاندا به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی رێكخراو‌و بزوتنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كانی ژنان‌و ئافره‌تانه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ دابه‌ش ده‌بنه‌ سه‌ر دو به‌ش‌و به‌شه‌ جدیه‌كه‌یان خۆیان به‌واریسی شه‌رعی هه‌مو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ ده‌زانن كه‌ تائێستا بۆ ژنان به‌ده‌ستهاتون له‌هه‌رێمی كوردستاندا.

ئه‌وه‌ی جێی داخ‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش نۆزده‌ساڵ له‌ئازادی‌و حوكمڕانی كورد له‌باشوردا، تائێستاش توندوتیژی دژی ره‌گه‌زی مێ به‌هه‌مو جۆره‌كانیه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و له‌هندێ روه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی كه‌م بوبێته‌وه‌، به‌ڵام له‌زۆربه‌ی بواره‌كانی توندوتیژیدا رێژه‌ی كرده‌وه‌ نامرۆییه‌ نێرسالاریه‌كان زیادیانكردوه‌. له‌م پیوه‌ره‌دا ده‌زانین كه‌ڕێكخراوه‌كان‌و كه‌سه‌ چالاكه‌كان وه‌ ک پێویست به‌ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆیان هه‌ڵناستن‌و جۆری خه‌باتیان گرفتێكی گه‌وره‌ی تێدایه‌. ئه‌م گرفته‌ به‌بیروڕای من بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌:

ئازادی رێكخراو بون له‌كوردستان لاوازه‌: له‌كوردستان ناتوانین بڵێین رێكخراوی ئازاد نیه‌، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌می رێكخراوی ئازاد په‌یدا بون، به‌ڵام كاریگه‌ری و چالاكیان زۆر لاوازه‌و ناتوانن وه‌ك پێویست به‌رهه‌میان هه‌بێت. زۆربه‌ی رێكخراوه‌كانی ژنان پابه‌ندی پارته‌ سیاسیه‌كانن‌و ئه‌م پارتانه‌ش به‌هه‌مو پێكهاته‌و جۆره‌كانیانه‌وه‌ به‌ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی ژنان له‌ئه‌جێنداكانیاندا هه‌یه‌‌و به‌هیچ جۆرێك باوه‌ڕیان به‌به‌تواناكردنی ژن‌و به‌شداری زیاتری ژن‌و مافه‌ڕاسته‌قینه‌كانی ژنان نیه‌‌و نه‌یان توانیوه‌ ته‌جاوزی ئه‌و بارودۆخه‌ بكه‌ن كه‌ پیاو یه‌كه‌مینه‌و ژن دوه‌مین.

له‌ده‌ست دانی پرسی گشتی ژنان به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سیه‌وه‌: وه‌ك به‌رئه‌نجامێك ئه‌مڕۆ له‌باشوری كوردستاندا ژماره‌یه‌ك كادیری ژن پێگه‌یشتون‌و چالاكی خۆیان له‌زۆر مه‌یداندا ناوه‌ به‌ڵام به‌شێكی زۆری ئه‌و كادیرانه‌ پاش پێگه‌یشتن‌و ده‌ست راگه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات، ئیدی پرسی ژنان ده‌بێته‌ پرسی دوه‌میان‌و كه‌متر خه‌م له‌گرفته‌كانی ژنان ده‌خۆن. هندێ جار كولتوری سیاسی نێرسالاری هۆش‌و تواناكانیان په‌لكێش ده‌كات بۆ كایه‌و مه‌یدانه‌كانی تری ژیان له‌كوردستانداو ئه‌مانیش چیتر پرسی ژن نامێنێته‌وه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین پرسیان، هندێ كاتی تریش به‌هۆی به‌توانا بون‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوه‌ن‌و كۆمه‌ڵێك فه‌نتازیای ژیانه‌وه‌ خۆیان له‌خه‌می ژنان سارد ده‌بنه‌نه‌وه‌‌و چیتر ئه‌و گه‌رم‌وگوڕیه‌یان نامێنێت بۆ كایه‌‌و مسه‌له‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی خۆیان.

لاوازی رێكخستنی هێزی ژن له‌كوردستاندا: زۆر دیارده‌ ده‌بینینه‌وه‌ له‌باشوردا كه‌ژنانیش هێنده‌ی باقی تری كۆمه‌ڵگا تێیدا گوناهبار‌و خه‌تاباره‌ تێیدا، وه‌ك به‌زۆر به‌شودان‌و ملدان به‌شوكردن سه‌ر به‌هه‌وێ‌و به‌ناچاری قبوڵكردنی زۆربه‌ی توندوتیژیه‌ ده‌رونیه‌كان...تاد. كاتێك ده‌ڵێین ژنان تێیدا خه‌تاباره‌، وه‌ك تاك قسه‌ ناكه‌ین، به‌ڵك‌و بزوتنه‌وه‌‌و رێكخراو بون تێیدا خه‌تابار ده‌بێت. رێكخستنێكی به‌هێزی ژنان نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت هێزی ته‌واوی ژن له‌وكۆمه‌ڵگایه‌دا رێكبخات‌و تواناكانیان یه‌كبگرنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌م‌و كۆمه‌ڵگا ناچار بكه‌ن مل بدات به‌گۆڕانكاری. ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامی دڵسۆز نه‌بونی بزوتنه‌وه‌كانی ژنان‌و لاوازی رێكخستنیان‌و نه‌زانی كادیره‌ به‌رزه‌كانیانه‌، به‌و ده‌لاله‌ته‌ی زۆربه‌یان پابه‌ندن به‌هێزێكی سیاسی دیاریكراوه‌وه‌ كه‌ئیدی جورئه‌ت‌و توانایی تێیاندا وابه‌سته‌ی ئه‌قڵی حیزبه‌كانیانه‌.

پاشه‌كشه‌ی گوتاری رۆشنبیری: زۆر بۆنه‌و ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ كه‌ له‌كوردستاندا وه‌ك ناوچه‌كانی تری جیهان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. وه‌ك رۆژی جیهانی ژنان‌و رۆژی به‌ره‌نگاری توندو تیژی دژی ژنان‌و چه‌ند بۆنه‌یه‌كی تر، به‌ڵام دواتر تێكڕای ئه‌م بۆنانه‌ بونه‌ته‌ ده‌رگایه‌ك بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی خه‌می ژن‌و هیچی تر، كۆمه‌ڵه‌ وتارێك تیایاندا ده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ڕاسته‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خه‌مه‌كانی ژنانه‌، به‌ڵام هیچ له‌ژیانیان ناگۆڕێت.. له‌نیوان دو یادكردنه‌وه‌ی رۆژی ژندا پیوانه‌یه‌ك نیه‌ پێمان بڵێت له‌ماوه‌ی ساڵێكدا چی كراوه‌. به‌گشتی ته‌وژم‌و وتاری رۆشنبیری له‌باشوری كوردستاندا له‌ڕه‌وشی ژناندا پاشه‌كشه‌ی كردوه‌و له‌ڕوی چه‌ندێتی‌و چۆنێتیه‌وه‌ قسه‌كردن‌و پلاندان‌و به‌گژاچونه‌وه‌كانی نابه‌رابه‌ری كه‌م بونه‌ته‌وه‌‌و له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ڵێنی ناڕاست‌و نادیار‌و نادروست هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
 
توندوتیژی: په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و قه‌زا
له‌كۆتایی مانگی نۆی ئه‌مساڵدا ئامارێك ده‌رچوه‌ سه‌باره‌ت به‌پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤی مێ‌و رۆژنامه‌نوسان له‌باشوری كوردستاندا. ئه‌م ئاماره‌ له‌لایه‌ن بانكی زانیاری مافی مرۆڤه‌وه‌ ده‌رچوه‌و له‌سایتی رۆژنامه‌وانی چاوی خه‌ڵكدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌پێی ئه‌م ئاماره‌ توندوتیژی به‌ئه‌ندازه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌ریانه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌پێی ئه‌م ئامارانه‌ به‌رده‌وام ژنان ده‌كوژرێن، خۆیان خۆیان ده‌كوژن‌و ده‌ستوتێنن‌و لێیان ده‌درێت‌و ده‌فڕێنرێن‌و زۆر كرده‌وه‌ی تر. هه‌ندێك له‌و ئامارانه‌ به‌كورتی باس ده‌كه‌م:
هه‌فتانه‌ زیاتر له‌ ژنێك ده‌كوژرێت (1.2 ژن) ‌و 4 ژنیش ده‌سوتێنرێت
هه‌فتانه‌ 10 ژن ئه‌شكه‌نجه‌ده‌درێت
هه‌فتانه‌ 5 ژن رو به‌ڕوی خۆسوتاندن‌و خۆكوشتن‌و خۆ ده‌رمانخواردكردن ده‌بێته‌وه‌
ئه‌وه‌ ئیتر قسه‌ له‌سه‌ر گوله‌باران‌و هه‌ڕه‌شه‌و له‌شفرۆشی‌و كڕین‌و فرۆشتن به‌هه‌مو جۆره‌كانیه‌وه‌ ناكه‌ین.. به‌ڵام ده‌پرسین له‌نێوان پار‌و ئه‌مساڵدا چی گۆڕاوه‌‌و هه‌مو به‌ڵێنه‌كانی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و قه‌زا چی بون. به‌درێژایی ساڵێكه‌ نه‌مانبیستوه‌ كه‌سێك سزایه‌كی قورسدرابێت ئه‌نجامی توندوتیژی‌و ره‌شه‌كوژی ژنان. به‌درێژایی ساڵێكه‌ نه‌مانبیستوه‌ یاسایه‌ك ده‌رچوبێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژنان، به‌ڵكو په‌رله‌مان به‌زۆرینه‌ ده‌نگی دا به‌یاسای فره‌ژنی‌و كۆمه‌ڵه‌ پاساوێكیان بۆ دۆزیه‌وه‌، خه‌می گه‌وره‌ش ئه‌وه‌بو كه‌ هندێك ژنی نێرسالار ده‌نگی ئه‌رێنیان به‌ویاسایه‌دا.

په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و قه‌زا له‌ماوه‌ی رابردودا هه‌ڵنه‌ستاون به‌هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی جدی‌و گه‌وره‌‌و خێرا به‌رابمبه‌ر به‌و ناحه‌قیه‌ كولتوری‌و سیسته‌ماتیكه‌ی له‌باشوردا له‌دژی ژنان ده‌كرێت. خه‌ڵكی باشور ئوێمێدێكی به‌په‌رله‌مانی نوێ و هندێ یاسای باش په‌یداكرد كه‌ رێژه‌ی ژنانیان كرده‌ 30% به‌رهه‌مێكی باش بو، به‌ڵام هه‌ر ژنان خۆیانن له‌وپه‌رله‌مانه‌دا نوێنه‌رایه‌تی نێربون ده‌كه‌ن‌و ته‌فسیری نائینسانی بۆ هه‌نگاوه‌ باشه‌كان ده‌كه‌ن. له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوداو له‌كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ ده‌بیستین هه‌وڵێكی شه‌رمن هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی بودجه‌و دارایی بۆ بیمه‌ی بێكاری بۆ ژنانی ماڵ‌و بێوه‌ژن‌و قه‌یره‌ژن، كه‌چی سه‌رۆكی فراكسیۆنێك‌و ژنێك ده‌ڵێت ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ین‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژندا نیه‌.. كامه‌ ده‌رفه‌ت دراوه‌ به‌ژنان تا له‌كایه‌كانی سه‌ركردایه‌تی پارت‌و حكومه‌ت‌و رێكخراوه‌كاندا كاربكه‌ن. ته‌نانه‌ت كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكومه‌ته‌كه‌شمان ژنه‌ تاقانه‌یه‌كی تێدایه‌ كه‌كاروباره‌ ته‌قلیدیه‌كانیان پێداوه‌ته‌وه‌‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی ژنان هیچ له‌مالیه‌، یان له‌پیشه‌سازی یان له‌كاروباری ناوخۆ یان...تاد نه‌زانن‌و ده‌بێت هه‌ر ئه‌وان وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بن.
 
له‌تێكڕای ئه‌م هه‌مو توندوتیژی‌و نا به‌رپرسیارێتی‌و هه‌ڵاوێردكردن‌و جیاكاریه‌دا، په‌رله‌مانی كوردستان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و دائیره‌ قه‌زائیه‌كان به‌رپرسیارن‌و به‌م ئه‌قڵیه‌ته‌وه‌ رێژه‌ی ژنان له‌په‌رله‌مانیشدا ببێته‌ 100% هیچ له‌توندوتیژیه‌كان ناگۆڕێت.

خراپ بونی ره‌وشی ئابوری كوردستان‌و خراپتر بونی ژیانی ره‌گه‌زی مێ:
ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ته‌نیا پشت به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رهه‌م ده‌به‌ستن توشی گرفتی ئابوری گه‌وره‌ده‌بن‌و به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ سروشتی بێت‌و له‌وه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ر هاتو به‌رهه‌مه‌كه‌ نه‌وت یان كانزایه‌ك بێت. ئه‌مڕۆ راسته‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌بازاڕه‌كانی باشوری كوردستاندا هه‌ڵڕژاوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاماژه‌ی به‌هێزی ئابوری كوردستان نیه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه‌ بۆ ئابوری ئه‌م هه‌رێمه‌.

هه‌مو مه‌ترسیه‌كانی كۆمه‌ڵیش ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر تێكڕای كۆمه‌ڵ به‌ بڕێك پێوانه‌ بكه‌ین ئه‌وا له‌كۆمه‌ڵگای پاتریاركیدا له‌سه‌ر مرۆڤه‌ مێیینه‌كان ده‌بێته‌وه‌ ده‌ به‌رامبه‌ر‌و كاریگه‌ری زیاتری ده‌بێت. ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگای پاتریاركی كوردستان زۆر نێگه‌تیڤانه‌ سودی له‌پاره‌ی نه‌وت بینیوه‌‌و بوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی گه‌نده‌ڵكاری.

به‌ڵگه‌مان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ئه‌و هه‌مو قسه‌وباسانه‌یه‌ كه‌له‌كه‌ناڵه‌كانی میدیاوه‌ ده‌یبیستین، ئه‌و لێدوانه‌ ئاشكرایانه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسان ده‌یده‌ن له‌سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌. ئه‌مڕۆ باری ئابوری كوردستان وه‌خته‌ وه‌ك وڵاته‌كانی كه‌نداوی لێبێت‌و ژن پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ بكات له‌كایه‌ ئابوری‌و ژیاریه‌كانی كۆمه‌ڵگادا. ده‌وڵه‌مه‌ند بونی هه‌رێمی كوردستان به‌پاره‌ی نه‌وت ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی داوه‌ته‌ هێزی جه‌ماوه‌ری كه‌بتوانێت بۆ خه‌مه‌ گشتیه‌كان تێبكۆشێت‌و هه‌ڵوێسته‌ بكات، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش ئه‌م توانا ئابوریه‌ به‌هۆی گه‌نده‌ڵكاریه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی زۆر بزوتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیدا نیه‌‌و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌دژی پرسه‌كانی ژنان كۆتایی دێت‌و به‌تێكڕا بێحورمه‌تی زیاتر به‌ڕه‌گه‌زی مێ ئه‌نجام ده‌درێت.

Sbeiy.com © 2007