Print
 
 2010؛ ساڵه‌ خه‌ته‌ره‌كه‌
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Tuesday, December 29, 2009


بۆ كورد چونه‌ ناو ساڵی‌ (2010)وه‌ ته‌نیا گۆڕینی‌ ژماره‌یه‌كی‌ حیسابی‌ نییه‌، به‌ڵكو سه‌ره‌تای‌ گۆڕانێكی‌ خه‌ته‌رناكه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت به‌سه‌ر كۆی‌ كایه‌كانی‌ ژیانی‌ سیاسی‌‌و ئیداریی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا بێت.

له‌ كاتێكدا چه‌ند رۆژێكی‌ دیكه‌ ده‌چینه‌ ساڵی‌ (2010)وه‌، ده‌سه‌ڵاتداران به‌كۆمه‌ڵێك شكستی‌ زۆره‌وه‌ ده‌مانخه‌نه‌ ساڵێكی‌ نوێوه‌ كه‌ پێده‌چێت سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ قۆناغێكی‌ دژواربێت كه‌ روبه‌ڕومان ده‌بێته‌وه‌.

له‌سه‌رئاستی‌ ناوخۆیی‌؛ ناڕه‌زایی‌ هاوڵاتییان له‌ كه‌میی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و ئه‌دای‌ حكومه‌ت تا دێت رقئه‌ستورتر خۆی‌ نمایشده‌كات‌و بێئومێدییه‌كی‌ زۆر رویتێكردون‌و له‌حاڵه‌تی‌ ته‌قینه‌وه‌ نزیكبوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌رباری‌ ئیمكانیه‌تێكی‌ دارایی‌ باش كه‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌كه‌ی‌ له‌ وڵاتانی‌ وه‌ك؛ ئوردون‌و سوریا زیاتره‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ هیچ یه‌كێك له‌ گرفته‌سه‌ره‌كییه‌كانی‌ هاوڵاتییان چاره‌سه‌ربكات‌و كارنامه‌ی‌ تازه‌ی‌ كابینه‌ی‌ نوێش به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتگیر باس له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفته‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وله‌ویات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ رۆژانه‌ی‌ هاوڵاتییان دابنێت.

هه‌روه‌ها له‌ روی‌ ئیدارییه‌وه‌ هێشتا به‌هۆی‌ سیاسه‌ته‌ به‌رژه‌وه‌ندحیزبییه‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌، كورد ناوماڵی‌ خۆی‌ رێك نه‌خستوه‌ته‌وه‌‌و ماڵێكی‌ په‌رته‌وازه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌فیعلی‌ سیستمی‌ حوكمڕانیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دو ئیداره‌یه‌و پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و بودجه‌كه‌ی‌، حیزبی‌ حوكمڕانیی‌ سلێمانی‌ به‌جیا ته‌حه‌كومی‌ پێوه‌ده‌كات‌و هه‌ولێریش به‌هه‌مانشێوه‌ كه‌ سه‌د له‌ سه‌د وه‌ك (4)ساڵ‌ پێش ئێستایه‌.

له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراقی‌؛ مانگی‌ ئازاری‌ داهاتو پڕۆسه‌یه‌كی‌ گرنگ‌و مه‌ترسیداری‌ وه‌ك هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئه‌نجامده‌درێت كه‌ به‌نیسبه‌ت كورده‌وه‌ ساڵێكی‌ چاره‌نوسسازه‌، چونكه‌ به‌هه‌مو ماناكان، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ داهاتوی‌ سیاسیی‌ عێراق دیاری‌ ده‌كات‌و كوردیش سه‌نگ‌و پێگه‌ی‌ لاواز ده‌بێت‌و له‌ناوه‌ندی‌ بڕیاردان له‌ به‌غدا ئه‌گه‌ری‌ په‌راوێزخستنی‌ ده‌كرێت كه‌ پێده‌چێت مه‌ترسییه‌گه‌وره‌كان له‌م روه‌وه‌ بن:

*كاركردن به‌ (ئیستیحقاقی‌ ئینتیخابی‌) له‌بری‌ (ته‌وافوقی‌ سیاسی‌)، به‌مانای‌ كار به‌ حوكمی‌ (زۆرینه‌و كه‌مینه‌) بكرێت. تاریق هاشمیی‌ گه‌وره‌ سه‌ركرده‌ی‌ سوننه‌، هه‌فته‌ی‌ رابردو له‌ به‌رنامه‌ی‌ (بلاحدود)ی‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌دا وتی‌ "هه‌وڵده‌ده‌ین له‌مه‌ودوا عێراق له‌حكومه‌تی‌ مكه‌وناته‌وه‌ بگۆڕین بۆ حكومه‌تی‌ مواته‌نه‌".

*ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ داهاتوی‌ عێراق، سیاسه‌تی‌ (ته‌حجیمكردن) به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌كاربهێنێت له‌ جۆری‌ بچوككردنه‌وه‌ی‌ چالاكی‌‌و سه‌ردانه‌كانی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌و به‌ دوریش نازانرێت هه‌ر له‌و روه‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ره‌سمیی‌ رایبگه‌یه‌نێت كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌ك هاوڵاتییه‌كی‌ عێراقی‌ بۆی‌ نییه‌ به‌بێ‌ پرسی‌ ناوه‌ند به‌ ئاره‌زوی‌ خۆی‌ سه‌ردنی‌ وڵاتان بكات، جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ داخستنی‌ پاشكۆی‌ كوردی‌ له‌باڵیۆزخانه‌كانی‌ عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ده‌دات.

*مه‌ترسییه‌كی‌ دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌؛ مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ داهاتو، ئه‌مریكا هه‌مو كه‌تیبه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ له‌ هه‌مو ناوچه‌كانی‌ عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ ده‌كشێنێته‌وه‌‌و تائێستا كوردیش روئیای‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ رۆشن‌و دڵخۆشكه‌ر نییه‌، ساڵی‌ رابردو بارزانی‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌تی‌ وت "له‌پاش كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا، ئاماده‌ین له‌هه‌رێمی‌ كوردستان رێگه‌ به‌كردنه‌وه‌ی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكا بده‌ین "، نوری‌ مالیكیش له‌(20)ی‌ ئابی‌ هه‌مان ساڵدا ره‌خنه‌ی‌ له‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ هه‌رێم گرتو، چوار پرسیاری‌ ئاڕاسته‌كردن كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌وه‌بو: "كێ‌ مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ داوه‌، بڕیاری‌ دامه‌زراندنی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكا له‌هه‌رێم بدات؟".

*مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ دیكه‌ كه‌ ئێستا بوه‌ته‌ جێی‌ نیگه‌رانیی‌ حكومه‌تی‌ به‌غداو زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ سوننه‌و شیعه‌وه‌، بونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ به‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی‌ سنورو هاتن‌و چونه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وه‌فدو خه‌ڵكانی‌ بیانییه‌وه‌، به‌غدا نایه‌وێت هه‌رێم ڤیزای‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌و چونه‌ده‌ره‌وه‌ ده‌ركات‌و فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ ئیداره‌بكرێن. جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆنتراكته‌ نه‌وتییه‌كان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌دات.

ته‌نگژه‌كانی‌ هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا، نه‌ك هه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كراون، به‌ڵكو له‌ گرژییدا ده‌خولێنه‌وه‌.

(2010) ساڵێكی‌ چاره‌نوسسازه‌ بۆ كورد‌و پێده‌چێت سه‌ره‌تای‌ كۆتاییهاتن بێت به‌ مانگی‌ هه‌نگوینی‌ كورد له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا.

Sbeiy.com © 2007