Print
 
 میكانیزمی‌ ئیشكردنی‌ ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراقی‌؟
نوسه‌ر:  موزه‌فه‌ر هه‌مزه‌ ره‌زا
Sunday, January 31, 2010

ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراقی‌ ده‌زگایه‌كی‌ حكومی‌ (فه‌رمییه‌) و سه‌ربه‌خۆیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ پاكییه‌تی‌ گشتی‌ و به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌. سه‌ره‌تا به‌ ناوی‌ كۆمیسیۆنی‌ نه‌زاهه‌ی‌ گشتی‌ له‌ عێراقدا به‌پێی‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ حوكمی‌ عێراقی‌ كه‌ ده‌سه‌لاَتی‌ كاتی‌ هاوپه‌یمانی‌ به‌رێوه‌ی‌ ده‌برد، دامه‌زرا. ده‌ستوری‌ عێراقی‌ هه‌میشه‌یی‌ به‌ پێی‌ مادده‌ی‌ (102) له‌ ساڵی‌ 2005دا به‌ ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ پۆلینكرد و به‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ به‌ستایه‌وه‌ و ناوی‌ (ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌) لێنرا.

ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌ ئامانجی‌ قه‌ده‌غه‌كردن و بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ دامه‌زرا و ئامرازی‌ یاسایی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ بۆ به‌ده‌سهێنانی‌ ئه‌و ئامانجانه‌. كاری‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌بێته‌ دوبه‌ش:

 به‌شی‌ یه‌كه‌م/ یاساییه‌ و چوار شێوازی‌ هه‌یه‌:
 1- به‌ دواداچون ده‌كات له‌ بابه‌ته‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ رێگه‌ی‌ چه‌ندین لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی‌ یاسایی‌ كه‌ دادوه‌رێك سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات.
 2- پێشنیاركردنی‌ یاسا ورێساكان بۆ بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و هه‌وڵدان بۆ بلاَوكردنه‌وه‌ی‌ رۆشنبیری‌ پاكییه‌تی‌ له‌ نێو تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵدا.
 3- پابه‌ندكردنی‌ به‌رپرسه‌ سیاسیه‌كانی‌ عێراق بۆ ئاشكراكردنی‌ سه‌رمایه‌ و سامانیان.4
- ده‌ركردنی‌ یاسا و رێساكان وه‌كو پێوه‌رێك بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ كارمه‌ندی‌ حكومی‌ له‌ گۆره‌پانی‌ وه‌زیفه‌ی‌ گشتیدا.

به‌شی‌ دوه‌م/ په‌روه‌رده‌یی‌ و راگه‌یاندكاری‌ و رۆشنبیكردنه‌ له‌ رێگای‌:
1- په‌ره‌پێدانی‌ شێوازه‌كانی‌ وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی‌ بالاَ.
2- ئاماده‌كردنی‌ دیراسات و توێژینه‌وه‌.
3- راهێنانی‌ كارمه‌ندانی‌ ده‌سته‌ی‌ ناوبراو بۆ چۆنیه‌تی‌ ئاشكراكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌.
4- هه‌ڵمه‌تی‌ راگه‌یاندن بۆ دواندنی‌ جه‌ماوه‌ر.
5- به‌ستنی‌ كۆر وسیمینار.
6- هه‌ستان به‌ هه‌ركارێك بۆ رۆشنبیركردنی‌ كارمه‌ندی‌ حكومی‌ بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌.

ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ گشتی‌ له‌ شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پێكدێت و له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ پله‌ی‌ وه‌زیر سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت و له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌ست نیشانده‌كرێت. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ جێگرێكی‌ هه‌یه‌ به‌ پله‌ی‌ جێگری‌ وه‌زیر.

ده‌سته‌ی‌ ناوبراو به‌ پێی‌ مادده‌ی‌ (6، 36)ی‌ پرۆتۆكۆلی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ بنبڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2003 ده‌ركرا، پابه‌ندبونی‌ خۆی‌ به‌و پرۆتۆكۆله‌ راگه‌یاند.

ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراقی‌ مانگانه‌ راپرسی‌ له‌سه‌ر دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ عێراق ئه‌نجامده‌دات. دوا راپرسی‌ كه‌ له‌ دوا مانگی‌ 2009 تشرینی‌ دوه‌م ئه‌نجامیداوه‌ له‌ رێگای‌ دابه‌شكردنی‌ (68124) فۆرم بوه‌، ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ رێژه‌ی‌ به‌رتیل وه‌رگرتن روی‌ له‌ نزمی‌ كردوه‌ بۆ 11.44%، كاتێ‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ مانگه‌كانی‌ رابردودا 15.55% بوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ كه‌ له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2009 راگه‌یه‌نرا.

ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌سه‌لاَتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كارمه‌ندی‌ حكومی‌ له‌ پۆست به‌رز و ناوه‌ند و ئاساییه‌كاندا ئه‌وانه‌ی‌ به‌ دیكیۆمینت گه‌نده‌ڵییان به‌سه‌ردا ساغده‌بێته‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ دادگای‌ ئه‌و شاره‌یان بكات كه‌ كارمه‌نده‌كه‌ كاری‌ تێدا ده‌كات.

دوا كاری‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ره‌وانه‌كردنی‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ گواستنه‌وه‌ی‌ عێراقی‌ بو بۆ خانه‌ی‌ دادی‌ ره‌سافه‌ – به‌غدا- تێیدا ناوبراو له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ لایه‌ن تیمێكی‌ تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ ده‌ستگیركرا و به‌ هه‌شت ساڵ زیندانی‌ كردن، سزادرا.

Sbeiy.com © 2007