Print
 
 سکانداڵی کڵێسا کاسۆلیکه‌کان له‌ هۆڵه‌ندا و زه‌نگێ بۆ هه‌موان!
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Tuesday, March 30, 2010

له‌م دواییانه‌دا له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا چه‌ندین شکایه‌ت دژی کڵێساکانی کاسۆلیکی به‌رزکرایه‌وه‌ که‌ ژماره‌یان له‌ هه‌زار تێپه‌ڕده‌بێت، شکایه‌ته‌کانی خۆی له‌ ته‌حروشی سێکسی منداڵه‌کان و قوتابیانی کلێسا ده‌گرێته‌وه‌ له‌ لایه‌ن پیاوانی ئایینی جۆراوجۆر له‌ کڵێساکان که‌ وانه‌ی ئایینی ده‌ڵێنه‌وه و ئه‌م کارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌. هه‌ندێ له‌ چیرۆکه‌کان گیانی مرۆڤ ده‌هه‌ژێنێت که‌ پیاوانی ئاینی و خواپه‌رست ئاوا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م منداڵه‌ روح سوکانه‌ کردوه‌ و ئه‌وانیش نه‌یان وێراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌لای دایک و باوکیان باس له‌مانه‌ بکه‌ن، دوای چه‌ندین ساڵ دوای ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌م کێشه‌یه‌ هاته‌ میدیاکانه‌وه‌ ئیتر له‌ هۆڵه‌نداش چوارچێوه‌یه‌کی تری وه‌رگرت، ته‌نانه‌ت چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و وتار و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م مرۆڤانه‌ ئه‌نجام دران که‌ کاری به‌م چه‌شنه‌یان له‌گه‌ڵ دا کراوه‌ له‌لایه‌کی تریش له‌گه‌ڵ پیاوانی ئاینی کاسۆلیکه‌کان چه‌ندین باس و جه‌ده‌ل ده‌ستی پیکردوه‌ و هه‌مویان وتیان کارێکی شه‌رماوه‌ره‌و ناوی کڵێسا خه‌شدار ده‌بێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک ساتیش ره‌تی بکه‌نه‌وه‌ که‌ کاری له‌م چه‌شنه‌ له‌ کڵێساکان رو نادات. ته‌نانه‌ت پاپاش له‌م باره‌یه‌وه‌ هاته‌گۆ و به‌ کارێکی شه‌رماوه‌ری دانا. دیاره‌ ئه‌مه‌ له‌ ئه‌مریکاش هه‌یه‌ و به‌نمونه‌ قه‌شه‌ مۆرفی له‌ ساڵی هه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردو گرفتێکی زۆری له‌ ئه‌مریکا نایه‌وه‌ و یه‌کێک له‌و قه‌شانه‌ بو که‌ 200 منداڵی به‌ خراپه‌ به‌کارهێنابو.

نه‌بونی کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ر ئه‌م ناوه‌ندانه‌دا گرفتی له‌م چه‌شنه‌ ده‌نوێنن، به‌نمونه‌ ئه‌گه‌ر ئازادی ئینسانه‌کان له‌ وڵاتانی دونیا هه‌بێت حه‌تمه‌ن چه‌ندین فه‌قێی مزگه‌وته‌کانیش ئاوایان به‌سه‌ر هاتوه‌ یان پاکیزه‌کانی کڵێساکان و منداڵه‌ قژجوانه‌کانی بۆتان که‌ کڵێساکان بازرگانی به‌ قژه‌کانیان ده‌که‌ن بۆ دروستکردنی باروکه‌ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکا له‌لایه‌کی تریش هه‌مو ئه‌و منداڵانه‌ی مزگه‌وته‌کانی حه‌ماس و جهاد و قوم و به‌غدا و جاکارتا و قودس ...هتد هه‌مان وه‌زعیه‌تی شاراوه‌و نهێنیانیان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌به‌رنه‌بونی ئازادی مرۆڤه‌کان ناتوانن وا بێنه‌ قسه‌.

ئایین و مه‌زهه‌ب مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌خسی ئینسانه‌کانه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا مرۆڤ بۆ نه‌لواوه‌ به‌ ئازادی ئایین و مه‌زهه‌بی خۆی دیاری بکات له‌ گشتدا، له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکا مرۆڤ بۆ هه‌یه،‌ به‌ڵام ئه‌میش له‌ ژێرکاریگه‌ری ده‌وروبه‌ریدایه‌ و تا ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی خۆناسین ئینجا مرۆڤ ده‌توانێ بڕیاری ئازادی خۆ بدات.

سکانداڵی کڵێساکانی کاسۆلیکی دوباره‌ ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ که‌ کرێکارانی پاریس و کۆمۆنداره‌کان له‌ شۆڕشدا له‌ جه‌رگه‌ی پاریس چه‌ندین سکانداڵی کڵێساکانیان رونکرده‌وه‌و به‌ پراکتیکی نیشاندان. ئه‌مڕۆ دوای چه‌ندین ساڵ دوباره‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا مێژوی ئایینی کاسۆلیکی خۆی دوباره‌ کرده‌وه‌. ئه‌م زه‌نگه‌ بۆ هه‌مو مرۆڤایه‌تیه‌ و گشت نێوه‌نده‌ ئاینیه‌کانی جیهان خه‌وشدار ده‌کات و مرۆڤ هه‌ڵوێست ده‌رباره‌ی ئایین و قوتابخانه‌کانیان و ناوه‌نده‌کانیان و پیاو و ژنه‌کانی وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی ئه‌نجامده‌ران مرۆڤی پیاو بون.

به‌ هیواین حکومه‌تی هه‌رێم به‌ لێپسراویه‌تیه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ گشت لایه‌نه‌کانی قوتابخانه‌ و نێوه‌نده‌ ئاینیه‌کان له‌ کوردستان دا بکات. ئه‌گه‌رچی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وه‌زاره‌تێکه‌ له‌ واقعدا ده‌بێ له‌ حکومه‌ت مه‌وجودیه‌تی نه‌بێت، به‌ڵام وا هه‌روا له‌ کوردستان ئایین له‌ ده‌وڵه‌ت جیا نیه‌ و ئایینی ئیسلام سه‌رچاوه‌ یان به‌شێکی سه‌ره‌کیه‌ له‌ یاسای باری که‌سایه‌تی و یاساکانی وڵاتدا. خۆ ئه‌گه‌ر فه‌قێکان و مامۆستاکانی ئایینی له‌ مزگه‌وته‌ جیاجیاکان و ته‌کیه‌ جیاجیاکانی کوردستاندا ئه‌و ئازادیه‌یان ده‌بو باسیان له‌ نهێنه‌یه‌کانی نێو نێوه‌نده‌ ئاینیه‌کان بکردایه‌ ئه‌وا بێ دودڵی له‌وێش هه‌مان مه‌سه‌له‌ ده‌هاته‌ میدیاکانه‌وه،‌ به‌ڵام له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان دا دیاره‌ده‌کان په‌رده‌پۆش ده‌کرێن له‌ جیاتی رون بکرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری خراپی هه‌یه‌ و گرفته‌کان به‌بێ چاره‌سه‌ری ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ رێک وه‌کو هه‌مو دیارده‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تره‌ له‌ کوردستان که‌ هه‌رده‌م سه‌رپۆشی ده‌که‌ن وه‌کو دیارده‌کانی پیدۆفیل و هۆمۆسکێکسویل و لیسبۆ و ده‌یان دیارده‌ی تر، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌رکی رۆشنبیرانه‌ هه‌مو ئه‌م دیاردانه‌ بهێننه‌ میدیاکانه‌وه‌ و دیارده‌کانی نێوکۆمه‌ڵگا بخه‌نه‌ڕو و گرفت و چاره‌سه‌ره‌کان ده‌ست نیشان بکه‌ن.

کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی له نێوه‌ندا‌ ئاینیه‌کاندا پێویستیه‌کی گرنگ و حه‌یاتیه‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌ ته‌ندروستی کۆمه‌ڵگا و مرۆڤایه‌تی. ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان لێپرسراوه‌ له‌م ناوه‌ندانه‌دا، چونکه‌ دین و ده‌وڵه‌ت مادام جیا نه‌کراونه‌ته‌وه‌ هه‌ر کارێکی خراپ له‌م ناوه‌ندانه‌دا ده‌وڵه‌ت و ئایین و ده‌زگاکانی لێی به‌رپرسیارن.

قوربانیانی ئه‌م سکانداڵه‌ به‌ فرمێسک و ئاخ و ئه‌سه‌فه‌وه‌ سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی پرۆسێسی ده‌زگاکانی دادگا له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ستبه‌کاره‌کانی ده‌کات و هه‌ر تاوانباران په‌لکێشی دادگا ده‌کرێن، به‌ڵام هێشتا زۆر له‌ چیرۆکه‌ نهێنیه‌کان و کاره‌ خراپه‌کان هه‌ر ده‌مێنن تا کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک نه‌بێت، یان زۆرێک له‌ مه‌سه‌له‌کان هه‌ر به‌نهێنی ده‌مێننه‌وه.

ئه‌گه‌ر پرسیارێکی ساده‌ بکه‌ین ئایا دروسته‌ پیاوه‌کانی کڵێساکان و ناوه‌نده‌ ئاینیه‌کان ئاوا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێ ده‌که‌ن ئایا ئه‌مه‌ چ به‌زم و ره‌زمێکی خۆڕی خانه‌یه‌ له‌م شوێنه به‌ناو‌ پیرۆزانه‌دا؟‌. ئه‌ی کاری خواناسه‌کان له‌م ناوه‌ندانه‌دا چیه‌ ئه‌گه‌ر وا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵه‌ بێ ده‌سه‌ڵات و پاکانه‌ بکه‌ن؟ ئه‌مه‌ بۆ مزگه‌وت و تێپل (شوێنی ئایینی هیندۆسه‌کان) و سیناخۆخ (شوێنی خواپه‌رستی جوله‌که‌کان) و ته‌کیه‌ هتد هه‌مان مه‌سه‌له‌یه‌ و ده‌کرێ له‌وانیش روی دابێت و روبدات. به‌نمونه‌ خۆ له‌ مه‌رقه‌ده‌ پیرۆزه‌کانی نه‌جه‌ف کربه‌لاش زۆر کاری له‌ چه‌شنی مامه‌ڵه‌ی له‌شفرۆشی لێ به‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

سکانداڵی کڵێسای کاسۆلیکه‌کان زه‌نگێکی ناخۆش و ده‌نگ زه‌ڕی بۆ هه‌مو ئاینه‌کان لێدا و دڵی مرۆڤایه‌تی خسته‌ گومانێکی قوڵه‌، ئه‌م گومان و دودڵیه‌ش واقعیه‌تی هه‌یه‌ و ئینسانه‌کان به‌ره‌و ره‌زاله‌ت ده‌به‌ن. به‌ڵام مرۆڤایه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا توانای بڕینی هه‌مو شوێنه‌ شارراوه‌کانی هه‌یه‌ و کاری خراپ بێ مانا هه‌ر که‌شف ده‌کات و به‌ دادگای مرۆڤایه‌تیان ده‌گه‌یه‌نێ چ زو چ دره‌نگ.

Sbeiy.com © 2007