هه‌ڵبژاردن و ده‌ره‌نجامه‌كانی له كوردستان بازاڕی رۆژنامه‌گه‌ری حیزبی و سه‌ربه‌خۆ و چاودێرانی سیاسی و سیاسه‌تمه‌دارانی هێناوه‌ته جۆش و خرۆش.
به‌شێك له‌لێدوان و شیكردنه‌وه‌كان، به‌تایبه‌ت حیزبییه‌كان، پێش هه‌ڵبژاردن و تا ئه‌م چركه‌یه‌ش هه‌ڵبژاردنیان به چاره‌نوسساز پێناسه‌ده‌كرد و به‌شێكی تریش خه‌مسارد و وه‌ك رۆتینێك له پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقی پاش سه‌دامدا هه‌ڵیان ده‌سه‌نگاند. له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا دۆخی سیاسی كوردستان به‌هیوا و خواست و پلان و عه‌سای سحری بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان تهنرابو. به‌گشتی ئومێدێكی زۆری لێڵ و ته‌ماوی ئاسۆی سیاسیمانی ته‌نیبو.
ئومێدێك ده‌سكردی گه‌مه و فانتازیای سیاسی و و ێناكردنی واقیع به‌خواست و ته‌مه‌نای خاوه‌نه‌كه‌ی كرۆكی كه‌ش و هه‌وای هه‌ڵبژاردن بو.
وه‌ك ده‌وترێت له سیاسه‌تدا ئه‌نجام گرنگه، با سه‌یرێكی نه‌خشه‌ی سیاس تازه‌ی كوردستان بكه‌ین و له‌و سه‌رچاوه‌یه‌شه‌وه ئه‌و نه‌خشه‌یه به به‌غدا و ئه‌گه‌ره‌كانی ئاینده‌وه گرێبده‌ین.
شورای حیزب و به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی:
پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا براوه‌ی یه‌كه‌مه و هێزه‌كانی ئۆپزسیۆنیش به‌گشتی له كوردستان پێگه‌ی خۆیان به‌هێزكردوه. یه‌كێتی و گۆڕانیش (دو ركابه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی یه‌كتر) له‌شوێنی خۆیاندا و له ناوچه‌ی سه‌وزی جاراندا چه‌قیون.
مانا سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌م ئاكامهنهی هه‌ڵبژاردن چین له‌سه‌ر دۆخ و نمونه‌ی حوكمڕانیمان له ئێستا و ئاینده‌دا؟.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی تێڕامانینه پارتی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌و ناوچانه‌ی له‌كۆنه‌وه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدان تۆماركردوه و له ناوچه‌كانی تری كوردستان به كه‌ركوكیشه‌وه به‌گشتی لاوازه و له‌هه‌ندێك شوێنیش‌دا پاشه‌كشه‌ی كردوه. یه‌كێتی له‌و ناوچانه‌ی پارتی توشی شكستێكی گه‌وره بوه و له پایته‌ختی هه‌رێمدا دوچاری نسكۆیه‌كی زۆر ئازارده‌ر بوه. بێجگه له هه‌ڵه ته‌كنیكیه‌كانی یه‌كێتی له‌ژماره‌ی كاندیده‌كانی و میكانیزمی ده‌نگدان و ئافاتی ته‌كه‌تولی ناوخۆی و ستراتیژیه‌تی چه‌وتی دژایه‌تیكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هۆكارێكی سه‌ره‌كی تری ئه‌و شكستیهی پارتی هاوپه‌یمانیه‌تی.
ده‌ره‌نجامه‌كانی دو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه له‌و دو ناوچه‌یه ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆش پێمان نه‌ڵێن، ئه‌وا ئه‌و بیرۆكه‌یه زیندودهكهنهوه، كه ئه‌م دو هێزه شورایه‌كی به‌رزی سه‌ختی سیاسی و رێكخراوه‌ییان له‌سه‌ر سنوره‌كانی ناوچه‌كانیان به‌رزكردۆته‌وه و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ش هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ناوچه‌كه‌ی خۆی به‌هێز و نوێنه‌ری لۆكاڵی خۆیان ده‌زانن و سه‌رجه‌م دروشمه نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌و دو هێزه كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر دانیشتوانی ناوچه‌كانی ئه‌وی تریان نه‌بوه. كاڵبونه‌وه‌ی به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و دو هێزه له‌ئاستی گشت باشوری كوردستان و قهتیسبونیان وه‌ك دو هێزی لۆكاڵی به‌شێوه‌ی میرنشینه كۆنه‌كانی مێژو شیانی توێژینه‌وه و هه‌ڵوه‌سته‌ی سیاسی جدین. له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌م ده‌ره‌نجامانه سه‌ره‌تای زیندوبونه‌وه‌ی لۆژیكانه‌ی شه‌ڕی ساردی نێوان ئه‌و دو هێزه‌ن. كاتێك هێزی براوه، پارتی، یا زه‌ره‌رمه‌ند، یه‌كێتی، بهرژوهندیهكانییان له‌ئاستی ناوچه‌كه و عێراق و كوردستان به ئاڕاسته‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی له سه‌ری رێكه‌وتبون و راهاتبون ببه‌ن، ئه‌وا مه‌ترسی جدی له‌م هاوكێشه تازه‌یه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.
"كوله‌مه‌رگی" رێككه‌وتنامه‌ی شه‌راكه‌ت:
لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌ئاشكرا و به‌نهێنی كاری كردوه تا پێگه و كاریگه‌ری و گرێ كوێره‌ی "رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیژی" له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دا به چه‌قۆیه‌كی تیژی "دیموكراسی" شه‌ته‌ك و ته‌نك و بێ هێزبكات. به‌بۆچونی به‌شێكی به‌هێز له ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی لاوازبونی (نه‌ك مه‌رگی) ئه‌م "رێككه‌وتنامه‌یه" له‌م كاتانه‌دا چه‌ندین ده‌روازه‌ی گه‌وره و به‌هێز له‌ئاستی عێراق و ناوچه‌كه و دونیا بۆ پارتی واڵاده‌كات و له‌ئاستی كوردستانیش ده‌بێته گهمهكهری ژماره یه‌ك، به‌مه‌رجێك له‌هه‌مان كاتدا ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی به‌هه‌ندێك پشتگیری سیاسی له عێراق و بودجه و پله‌وپۆست له كوردستانیش رازی بكات.
یه‌كێتیش له‌لای خۆیه‌وه سه‌رقاڵی كێشه‌كانی ناوخۆی و گۆڕان بوه و لای وابو به لاوازكردنی گۆڕان و هێزه‌كانی تری ئۆپزسیۆن بهتیرێك چه‌ند نیشانێك ده‌پێكێت. لهپێشهكیانهوه تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی شكسته‌كه‌ی ساڵی پار، دوه‌م ههڵساندنهوهیهكی په‌له‌ی پێگه‌ی رێكخراوه‌یی و جه‌ماوه‌ری و له مه‌قامێكی تریشدا لای وابو خۆبه‌ستنه‌وه‌ی توندی به هاوپه‌یمانی كوردستانیه‌وه زامنی ده‌سه‌ڵات و پێگه و حوكمڕانی بۆ ده‌كات و پارتی ناچاره له شایی و شین‌دا ده‌ست له‌ناو ده‌ستی بكات. زۆربه‌ی بۆچونه‌كانی یه‌كێتی ئامانجه‌كانیان نه‌پێكا. دوای ئاشكرابونی ده‌ره‌نجامه‌كانی لیستی هاوپه‌یمانی له هه‌ولێر و دهۆك ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی دركیان كرد كه پێگه و ده‌سه‌ڵاتیان خزێنراوه‌ته جوگرافیایه‌كی سیاسی و به‌شه‌ری به‌رته‌سك و تاڕاده‌یه‌ك گه‌مارۆدراو و ته‌نراو به ئۆپوسزیۆنی كوردی و كێشه‌ی پ.ك.ك و كه‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له كوردستان، به‌كورتی عه‌ره‌ب وته‌نی (بوئرهیهكی ساخن). ئێستا یه‌كێتی سه‌ركه‌وتنی له كه‌ركوك، بێگومان سه‌ركه‌وتنێكه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، كردۆته كارتێكی سیاسی بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پێگه و پۆست و ده‌سه‌ڵاته‌كان. وا ده‌ریش ده‌كه‌وێت قورسایی ئه‌م ئه‌ركانه‌ی به ته‌نیا له‌ئه‌ستۆی خۆی گرتبێت و ئومێد و پلانه‌كانی به "رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیژ"ی و "هاوپه‌یمانی كوردستان"ی رو لهكزبونه. به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی زۆر له بایه‌خداران ئه‌مه مافێكی ره‌وای خۆیه‌تی پاش ئه‌و "پاشقوله دیموكراسیه‌ی" هاوپه‌یمانه‌كه‌ی لێیگرت.
ئۆپزسیۆنی ئیسلامیش له‌ناوچه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی گهشهیهیهكی كه‌میان كردوه و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر توانیویه‌تی پێگه‌ی پێشوی خۆی بپارێزێت. ئه‌م دابه‌شبونه‌ی كوردستان به‌سه‌ر ئه‌و ره‌نگه سیاسیه نهگونجاوانهدا و برینداركردنی مه‌به‌ستداری یه‌كێتی له هه‌ولێر و بادینان و به‌شێك له‌ناوچه دابڕاوه‌كان یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر پاشهاتی نمونه‌ی حوكمڕانی كورد.
ئه‌م مه‌ترسیه له چ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه هه‌ڵقوڵاوه؟
باشوری كوردستان له‌مێژودا نامۆ بوه به دیموكراسی و له ئێستادا سه‌رقاڵی دیموكراسیه‌تێكی پاوانكراو و گه‌مارۆدراو به دوژمن و داگیركه‌ره و هه‌ندێك بواری گرنگی ئه‌و دۆخه‌ی كوردستان به دیموكراسیه‌تی عه‌ره‌بی و تایفی و ئاینیی و ته‌وافقی له‌به‌غدا گرێدراوه. بهغدادێك به‌درێژایی مێژو و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت مۆڵگه‌ی به‌هێزی دكتاتۆر و خوێنرێژ و فاشیست و توندڕه‌وه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئایینی بوه. دۆسته‌كانی كورد له به‌غدا ئه‌گه‌رچی به‌ژماره كه‌مبون، به‌ده‌سه‌ڵاتیش هیچیان له‌ده‌ست نه‌هاتوه. له‌دوای روخاندنی سه‌دامیشه‌وه هیچ كهسایهتێهك یا هێزێكی سیاسی عه‌ره‌بی له به‌غدا نه‌هاتوه خۆبه‌خشانه و دڵپاكانه به‌شێك له خه‌مه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردی له‌ئه‌ستۆ گرتبێت و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا هه‌نگاوی جدیان بۆ چاره‌ی كێشه گرنگه‌كان نابێت. ئه‌وه‌شی كراوه له ناچاری بوه و بۆ رازیكردنی كاتی كورد و چه‌واشه‌كاری بوه. به‌چه‌ند مانگێك پێش روخاندنی سه‌دام سه‌ركرده‌كانی كورد خۆبه‌خشانه رازیبون كه پاشهاتی كوردستان به‌و به‌غداده‌وه ببه‌ستنه‌وه و بێئه‌وه‌ی له ئه‌مریكا و هێزه‌كانی ئۆپزسیۆنی عێراقی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌ڵێنێكی نوسراوی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ ته‌واوی مافه‌كانی كورد بپچڕن. ئه‌م هه‌ڵه قورسه مێژویه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه وا به‌ئاسانی راست ناكرێته‌وه. به‌تابیه‌ت به‌غدای هه‌نوكه رو له خۆكۆكردنه‌وه و بههێزبونهوهیه و تادێت پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب و ئایینی و مه‌زهه‌بی باڵاده‌ستر ده‌بێت. له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابوردودا لایه‌نه عه‌ره‌به‌كان له‌به‌غدا كوردیان به‌پاره و چه‌ند پۆستێك رازیكردوه و له ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقیشدا چه‌ند مافێكی كوردیان سه‌لماندوه و ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ژێر ره‌حمه‌تی چه‌قۆی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوره‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی دو هێزه‌كه‌ی كوردستان به‌ناچاری یا ئاره‌زومه‌ندانه بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ی به‌غدا گوزه‌راون و تاڕاده‌یه‌كی باشیش بۆ خودی حیزبه‌كانیان و ده‌سه‌ڵاتیان لێی سودمه‌ندبون، وه‌ك دابه‌شكردنی بودجه و پۆسته‌كان و چه‌ند ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی تر. ئه‌م دۆخه‌ی به‌غدا و رازیبونه و هه‌روه‌هاش فشاری ئه‌مریكا زه‌مینه‌ی بێده‌نگی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بوه، بێدهنگیهك جارجار به گله‌یی و توڕه‌بون و هه‌ڕه‌شه رازێنراوه‌ته‌وه و سۆزی نه‌ته‌وه‌یشی پێ و روژێنراوه و پشتگیری له كوردستانیش بۆ مسۆگه‌ر كردون.
بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان درێژه‌دان به‌م دۆخه پێویستی به مانه‌وه‌ی پارسه‌نگی هێزه‌كانییان له كوردستان به رێكخراوه‌یی هه‌یه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ره‌زامه‌ندی ئه‌مریكا و وڵاتانی دراوسێی عێراق. نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه ئه‌وه‌نده خه‌مخۆری ئارامی و ئاسایشی كوردستانن، وه‌ڵی به‌شێك لێیان، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌تی له‌و ئارامیه‌ی كوردستاندا هه‌یه. بهتێكچونی هاوسه‌نگی له‌كوردستان ئه‌و هاوكێشه‌یه دێته گۆڕان و ده‌رفه‌تی باشتر ده‌ره‌خسێت بۆ لایه‌نه‌كانی تر، به‌تایبه‌ت ئێران، له گۆمی لێڵدا راوی خۆی بكات. به ره‌چاوكردنی ئه‌و راستیه كه عه‌ره‌به نه‌ته‌وه په‌رسته‌كان و كۆنه به‌عسیه‌كان له‌ژێر ئاڵای عه‌لاویدا بونه‌ته قه‌واره‌ی ژماره یه‌ك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، بۆیه لاسه‌نگی هێزی تایفی و مه‌زهه‌بیش له عێراقدا بۆته راستیه‌كی سیاسی و مه‌ترسی ناڕاسته‌وخۆی بۆ ئێران زیندوكردۆته‌وه و به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌ره‌نجامه‌كان له عێراق شوێنی ره‌زامه‌ندی ئه‌مریكا و توركیا و وڵاته عه‌ره‌بیه سوننه‌كانن.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له كوردستانیش ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ی به‌راده‌یه‌ك لاسه‌نگ كردوه كه راستكردنه‌وه‌ی به نه‌فه‌سی دیموكراسیش بێت زۆر ئه‌سته‌مه. هه‌روه‌هاش تاڕاده‌یه‌ك له‌م لاسه‌نگیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئاكامی خۆسه‌پاندن و پاوانكردنی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی لێبكه‌وێته‌وه. سیگناڵه‌كانی ئه‌م جۆره ره‌فتاركردنه له‌دوای شكستی یه‌كێتی له هه‌ڵبژاردن بۆ پارڵه‌مانی كوردستان به‌زه‌قی به‌رچاوده‌كه‌ون، وه‌لێ تاپێش هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فشار خستنه‌سه‌ر لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی تێنه‌په‌ڕی بو و تا هه‌نوكه‌ش نه‌بۆته هۆكاری پچڕاندنی ئه‌ڵقه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردولا و ململانێ و شه‌ڕه‌كه سروشتی ساردی پێوه دیاره.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده له به‌غدا زۆر ئاڵۆز و كێشه‌دار ده‌بێت ئایندهی پۆسته سیادیهكانیش، به‌تایبه‌ت سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وه‌نده رۆشن نیه. وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته له‌لایه‌ن به‌ڕێز مام جه‌لاله‌وه تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست و جه‌سته‌ی برینداركراوی یه‌كێتی سارێژده‌كات و تا راده‌یه‌كیش لاسهنگیهكهش به‌و شێوازه شكلیه راست ده‌كرێته‌وه. پرسیاری سه‌ره‌كی روبه‌روی هه‌مو هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان بۆته‌وه، ئه‌وان ده‌توانن چیبكه‌ن تا مه‌ترسیه‌كانی ئه‌م لاسه‌نگیه كهمتركهنهوه و بشكرێت فه‌رامۆشیان كه‌ن؟.
ئایا ده‌كرێت له پارله‌مان كوردستان هێزه‌كانی ئۆپزسیۆن له‌گه‌ڵ لایه‌نی زه‌ره‌رمه‌ند له لاسه‌نگی، فراكسیۆنی یه‌كێتی، میكانیزمی دوالیزمی پارله‌مانی بخه‌نه‌گه‌ر تا فشار له‌سه‌ر پارتی هه‌ستپێكرا و به‌رده‌وام بێت؟.
ئایا ده‌كرێت لایه‌نه‌كانی ئۆپزسیۆن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له ده‌ره‌وه‌ی پارڵه‌مان ئاكارێكی تایبه‌ت سازبده‌ن و به هه‌ماهه‌نگی و راوێژكردن له‌گه‌ڵ پارتی بڕیار له مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كان بده‌ن؟.
ئایا ده‌كرێت بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی پارڵه‌مانی كوردستان ته‌نها مه‌رجه‌عی ده‌ستوری و یاساییمان بێت بۆ سه‌رجه‌م بڕیاره گرنگه‌كان له به‌غدا؟
ئایا ده‌كرێت......؟
ئه‌مانه و كۆمه‌ڵێ پرسیاری تر. كورد ته‌نیا به‌یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی ده‌توانێت وه‌ڵامیان بداته‌وه.
وهلاَمی سه‌ره‌كی له یه‌كێتی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت
باوه‌ڕێكی توندم هه‌یه كه له‌ناو رێزه‌كانی یه‌كێتی به‌هه‌زاران خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و كادری كارامه و دڵسۆز و ماندونه‌ناس هه‌ن. زۆربه‌ی زۆری جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی گیرۆده‌ی هه‌ڵه و لادانه‌كانی به‌شێك له دهسهڵاتدارانیهتی و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ماوه‌یه‌كی درێژه به بیانوی كۆمه‌ڵێك پاساوه‌وه نوتقیان له جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان بڕیوه و ده‌سته‌كانیشیان به‌ستونه‌ته‌وه. هه‌نوكه ئه‌ركی رێكخراوه‌یی و حیزبی خۆیانه سهرپشكانه بڕیار له رێگه سارێژكردنی هه‌ست و جه‌سته‌ی برینداركراوی حیزبه‌كه‌یان بده‌ن. لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم یه‌ك راستی له روانگه‌ی باوه‌ری خۆمه‌وه بڵێم: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گه‌ر ئهزیهتیشی دابن، ئه‌وه به مه‌به‌ست نه‌بوه و ته‌نها له ماوه‌یه‌كی كورتی دیاریكراودا بوه و هیچ كات نه‌گه‌یشتۆته سه‌ر ئیسَك و قه‌تیش ناگات. وه‌لێ زنجیره‌ی روداوه‌كان له 3-4 ساڵی رابوردودا و به‌تایبه‌ت له دوا هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م مانگه‌دا سه‌لماندویانه كه به‌رپرسی یه‌كه‌م خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی بون و هه‌ڵسه‌نگاندن و چاره‌ی ته‌نیا بۆ خودی یه‌كێتییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. گرنگ ئه‌وه‌یه له‌رێگه‌ی لێدوان و له‌یه‌ك گه‌یشتن ئارامی و دڵنه‌وایی و حوكمی یاسا و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و متمانه و ژیانێكی سیاسی دیموكراسیانه‌ی راسته‌قینه بۆ میلله‌ته‌كه‌مان دابین بكه‌ین و زاڵیش بین به‌سه‌ر ئه‌م دۆخه تازه‌یه‌دا.