Print
 
 ده‌سه‌ڵات‌و سامانی‌ مرۆیی‌
2-2
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Tuesday, April 20, 2010

ئایا كورد سامانی‌ مرۆیی‌ هه‌یه‌؟!.
به‌ڕای‌ زۆر له‌ شاره‌زایانی‌ كۆمه‌ڵناسی‌ و سیاسی جیهان هه‌مو میلله‌تانی‌ جیهان شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌ن ببنه‌ سامانێكی‌ مرۆیی‌ به‌نرخ له‌ڕێی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ زانستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هزرو فیكری‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌ی‌ وڵات ده‌بات به‌ڕێوه‌، به‌ڵێ كوردیش وه‌ك هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ جیهان ئه‌كرێت بكرێت به‌سامانێكی‌ مرۆیی‌ به‌نرخ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ ئاره‌زومه‌ندبێت، به‌ڵام ئێستا سامانه‌ یان نا ئه‌وه‌ راوبۆچونی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌، كاتێك ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كوردی‌ توشی‌ گرفت و شكست ده‌بێته‌وه‌ هه‌مو هۆكان ده‌خاته‌ ئۆباڵی‌ تاكی‌ كورد و به‌كه‌م ته‌رخه‌م و نه‌زان و نه‌شاره‌زا ناویان ده‌بات وخودی‌ خۆیان له‌ هه‌مو ئیلتزاماتێكی‌ ئه‌خلاقی‌ و پیشه‌یی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ به‌دور ئه‌گرن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هیچ تاوانێكی‌ ئه‌مانی‌ تێدا نه‌بێت و ئه‌مان نه‌بونه‌ته‌ هۆی‌ لاوازكردنی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ كوردی‌،ئه‌گه‌ر به‌وردی‌ بڕوانینه‌ بارو دۆخه‌كه‌و به‌ مه‌وزوعیانه‌ هه‌ڵیبسه‌نگێنین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كورد خاوه‌نی‌ سامانی‌ مرۆییه‌ (به‌ڵام چ سامانی‌ مرۆیی‌ یه‌ك) ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ باری‌ خوێنده‌واری‌ تاكی‌ كورد بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت رێژه‌ی‌ نه‌خوێنده‌واری‌ له‌ ناو كوردا كه‌متره‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ جیهانی‌ سێهه‌م كه‌سامانی‌ مرۆیی‌ كارامه‌و پرۆفیشناڵیان هه‌یه‌ .
 هه‌رچه‌ند من بۆخۆم و ته‌نانه‌ت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش هیچ ئامارێكی‌ باوه‌رپێكراومان نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڵام به‌ڕای‌ من كورد خاوه‌نی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ یه‌، ده‌رچوی‌ زانكۆ و په‌یمانگا و ده‌سته‌ ته‌كنیكییه‌كان و خاوه‌ن پیشه‌ جیاجیاكان سامانی‌ مرۆیین، به‌پێ ی‌ بنه‌مای‌ زانستی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ توانستی‌ مرۆیی‌ بێت ئه‌وانه‌ سامانی‌ مرۆیین به‌ڵام پرۆفیشناڵن یان نا ئه‌وه‌ بابه‌تێكی‌ تره‌ له‌ڕێی‌ به‌رنامه‌كانی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ توانای‌ سامانی‌ مرۆییه‌وه‌ ده‌كرێت، له‌بری‌ سه‌قه‌تكردنی‌ ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ خامه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گه‌شه‌به‌ توانسته‌كانیا بده‌ین ئه‌توانن برۆفیشناڵی‌ بكه‌ین و مه‌عایری‌ جیهانی به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنین كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوڵاتی‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیشدایه‌ .
له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان پاراستنی‌ سامانه‌ مرۆیی‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ردو روی‌ ته‌ندروستی‌ و ئاسایشی‌ گشتییه‌وه‌ له‌ گه‌شه‌پێدان و پرۆفیشناڵ كردنی‌ گرنگتره‌، ده‌سه‌ڵاته‌ دیموكرات و مۆدێرنه‌كانی‌ دنیا چۆن پاراستنی‌ سیستمی‌ سیاسی‌ و ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ و سامانه‌ سروشتی‌ و داراییه‌كان ده‌كه‌ن زیاتر پاراستنی‌ سامانه‌ مرۆیی‌ یه‌كه‌ ده‌كه‌ن (ئه‌وان سامانی‌ مرۆییان به‌لاوه‌ به‌نرختره‌ له‌ سامانه‌كانی‌ تر)، ئه‌وه‌ش به‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و دابین كردنی‌ پێویستیه‌كانی‌ ژیان و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ته‌واو بۆ گشت كۆمه‌ڵگا به‌بێ جیاوازی‌ له‌ رێگای‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌ خۆیه‌وه‌، كاتێك ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ ئه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ بیر له‌ ئه‌من و ئاسایشی‌ خۆی‌ بكاته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆی‌ بپارێزێت له‌بری‌ ئه‌من و ئاسایشی‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌ (هاوڵاتی‌)، هاوڵاتی‌ ئه‌خاته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هاوكێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌وه‌، مرۆڤ و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان له‌ هاوكێشه‌كه‌ ده‌رده‌چن و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ مه‌رجه‌عه‌تی‌ خۆی‌ ده‌دۆإێنێ كه‌ تاكی‌ كۆمه‌ڵه‌ (سامانی‌ مرۆییه‌)، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و عه‌داله‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی‌ كه‌ ئامانجه‌ نایه‌ته‌دی‌.

هیندستان وڵاتێكی‌ فه‌قیره‌ له‌ چاو وڵاته‌ بیانی‌ یه‌ رۆژئاواییه‌كان به‌ڵام به‌ هۆی‌ بونی‌ سامانێكی‌ مرۆیی‌ پرۆفیشناڵه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ بنێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بۆ كاركردن كه‌ توانیان له‌ توانای‌ سامانه‌ مرۆییه‌ جیهانیه‌كان كه‌متر نییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا به‌پێی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ زانستی‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌ی‌ ناوه‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ پێشخستوه‌و گه‌شه‌ی‌ پێكردوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ كارگێری‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ زۆر جیاواز نی‌یه‌ له‌ سیستمی‌ وڵاته‌ دواكه‌وتوه‌كان، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی‌ جیهانگیری‌ زۆر له‌كۆمپانیا رۆژئاواییه‌كانی‌ جیهان بیریان له‌وه‌ كردوه‌ كاره‌كانیان بگوێزنه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ داهاتی‌ تاك تیایدا كه‌مه‌و سامانی‌ مرۆیی‌یان هه‌یه‌ بۆ راپه‌ڕاندنی‌ كاره‌كانیان له‌ پێناو گه‌ڕان به‌دوای‌ (قازانجدا) به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوری‌ دا،هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ روده‌كه‌نه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ پرۆفیشناڵی‌ لێیه‌ و له‌هه‌مان كاتدا فرسه‌تی‌ كار بۆ هاوڵاتیان دروست ده‌كه‌ن و ئه‌بنه‌ سامانێك بۆ وڵات.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ سامانه‌ مرۆیی‌ یه‌كه‌مان پێشبخه‌ین كارای‌ بكه‌ین پێویستمان به‌ دو به‌رنامه‌ی‌ كار هه‌یه‌.
1- دروستكردن و په‌روه‌رده‌كردنی‌ سامانێكی‌ مرۆیی‌ پرۆفیشناڵ له‌ رێگاری‌ كاراكردنی‌ زانكۆو په‌یمانگاو ده‌سته‌ ته‌كنیكیه‌كان به‌جۆرێك كۆمپانیا جیهانییه‌ گه‌وره‌كان رومان تێبكه‌ن كاره‌كانیان بگوێزنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان.
2- ناردنی‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بۆ پێشخستن و كاركردنی‌ له‌هه‌مو بواره‌ جیاجیاكانی‌ ژیان و پرۆفیشناڵكردنیان به‌ به‌رناه‌یه‌كی‌ داڕێژڕاو.

ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش كاتێك ئه‌بێته‌ واقیع ئه‌گه‌ر
1-ئه‌گه‌ر بتوانین به‌رنامه‌یه‌كی‌ كارگێڕیه‌كی‌ هاوچه‌رخی‌ وا دروست بكه‌ین له‌ بیركردنه‌وه‌و پێداویستی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كان بگات و به‌ سیستمێك رێكی‌ بخه‌ین و پراكتیزه‌ی‌ بكه‌ین.
2-ئه‌گه‌ر بتوانین كۆمه‌ڵگا برۆفیشناڵ بكه‌ین به‌ زمانی‌ بیانی‌ به‌ تایبه‌تی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌، دوپاتكردنه‌وه‌ له‌ زانستی‌ كۆمپیوته‌رو زانستی‌ عیلاقاتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ دور له‌ سازش كردن له‌ مافه‌ گشتی‌ و سه‌ره‌كیه‌كانی‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌.
3- دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌حیزبی‌ بونی‌ كۆمه‌ڵگا (جیاكردنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌ حیزب و نه‌هێشتنی‌ هه‌یمه‌نه‌تی‌ حیزبی‌ به‌سه‌ر ده‌زگا حكومیه‌كان و كۆمه‌ڵگاوه‌) به‌مانای‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت په‌ره‌ پێدان و ڕێزگرتن له‌ پیشه‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆی‌ خۆی‌ و هه‌وڵبدات بۆ دروستكردنی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ باش (كادری‌ باش) به‌پاراستنی‌ ره‌وشته‌ پیشه‌ییه‌كان له‌ هه‌مو بواره‌كانی‌ ژیان به‌ پێی‌ مه‌عایری‌ نێوده‌وله‌تی‌ ((گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌رامه‌تی‌ پیشه‌یی‌ بۆ گشت پیشه‌كان له‌ هه‌ردو سێكته‌ری‌ گشتی‌ و تایبه‌ت).

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ توانیمان ئه‌م سێ خاڵه‌ جێبه‌جێبكه‌ین... ئه‌توانین ببین به‌ خاوه‌نی‌ سامانێكی‌ مرۆیی‌ پرۆفیشناڵ له‌داهاتودا پشتی‌ پێببه‌ستین، ته‌نانه‌ت له‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانمان به‌نرخ تر ئه‌بێت به‌ نه‌وتیشه‌وه‌. ئه‌م كاره‌ش ته‌نیا به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ سیاسی‌ خاوه‌ن هزرو فیكری‌ هاوچه‌رخ ده‌كرێت كه‌به‌ڕاستی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ نیشتمانی‌ دڵسۆز بێت، حكومه‌ت له‌ حیزب جیابكاته‌وه‌ و كه‌رتی‌ تایبه‌تیش گه‌شه‌پێبدات به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ به‌مه‌رجێك ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ خۆی‌ بازرگانی‌ نه‌كات! ئه‌بێ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ده‌ورێكی‌ باشی‌ هه‌بێت له‌ بنیات نان و په‌روه‌رده‌كردنی‌ ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ شانبه‌شانی‌ ده‌زگا تایبه‌ته‌ حكومیه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هزرو فیكری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌یه‌وه‌ كه‌ به‌رزترین و پیرۆزترن ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ وڵات ئاوه‌دان بكات دور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تاكه‌كه‌سی‌ و حیزبایه‌تی‌، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ گرنگییه‌كی‌ زیاتر بدات به‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، به‌ڵام تایبه‌تی‌ هاوبه‌ش تایبه‌تی‌ هابه‌ش تایبه‌تی‌ هاوبه‌ش كه‌ هاوڵاتیان به‌ هه‌مو چینه‌كانیانه‌وه‌ بۆیان هه‌بێت به‌شداری‌ بكه‌ن، نه‌ك كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ تایبه‌تمه‌ند! كه‌چه‌ند كه‌سانێكی‌ سیاسی‌ موقه‌ده‌س! یان حزبه‌ موقه‌ده‌سه‌كان! ده‌بنه‌ خاوه‌نی‌ ئابوری‌ وڵات و هه‌مو جۆره‌ بازرگانیه‌ك قۆرغ ده‌كه‌ن به‌خۆیان و حیزبه‌كه‌یانه‌وه‌، له‌ كۆتایی‌ دا ئه‌و حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ ئه‌بێته‌ خاوه‌نی‌ سه‌ده‌ها كۆمپانیای‌ بازرگانی‌ تایبه‌تی‌ گه‌نده‌ڵ‌!، له‌ ئه‌نجامدا كه‌رته‌ گشتیه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ و به‌ یاسا سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانیان ئه‌خه‌نه‌ ژێر ركێفی‌ خۆیانه‌وه‌ و به‌روبومی‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌خه‌نه‌ سه‌ر سه‌رمایه‌ی‌ تاكه‌كه‌سه‌ موقه‌ده‌سه‌كانی‌ حیزب كه‌ هه‌رده‌م له‌ سه‌رو یاساوه‌ن، تا ئه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌سه‌ موقه‌ده‌س و حیزبه‌ موقه‌ده‌سه‌كان خودی‌ خۆشیان ناتوانن به‌ربه‌ست بن له‌ گه‌نده‌ڵكاران و هه‌ندێك جار جله‌وه‌كه‌شیان له‌ژێر ده‌ست ده‌رئه‌چێت ئه‌گه‌ر نیه‌تیشیان هه‌بێت تۆزێك چاكسازی‌ سه‌رزاره‌كی‌ بكه‌ن؟! كه‌ ئه‌گه‌ر بشكرێت هیچ سودێكه‌ نییه‌ ناتوانن بیكه‌ن ئه‌كاته‌ بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ نیشتمانی‌ گه‌وره‌نین، چونكه‌ سوپایه‌ك له‌ گه‌نده‌ڵگارانیان دروست كردوه‌ و ڵاتیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردوه‌ وه‌ك له‌ وڵاتی‌ خۆماندا باوه‌، له‌هه‌مانكاتدا میله‌تیش خاوه‌نی‌ هیچ نییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ بۆته‌ كۆمپانیای‌ ئابوری‌ كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان و حیزبه‌كانیان ده‌كه‌ن وه‌ زه‌ره‌مه‌ندی‌ یه‌كه‌م میلله‌ت و هاوڵاتی‌ ئاساییه‌ كه‌ (سامانه‌ مرۆییه‌كه‌یه‌) ئه‌گه‌ر تۆمه‌تباریش نه‌كرێن به‌ رێزنه‌گرتن له‌ به‌ها نیشتمانیه‌كان و ته‌خوینیش نه‌كرێن به‌رامبه‌ر به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ گه‌ل ئه‌وه‌ خێری‌ ده‌وێت ئه‌بێ مه‌منونی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ موقه‌ده‌سه‌ بن كه‌ میلله‌تی‌ گه‌یاندویه‌ته‌ ئه‌م رۆژه‌.

راستیه‌ك هه‌یه‌ ئه‌بێ هه‌مومان بیزانین ((میلله‌تی‌ ده‌وڵمه‌ند ئه‌و میلله‌ته‌ نی‌ یه‌ كه‌ له‌سه‌ر به‌حرێك نه‌وت بژی‌... به‌ڵكو ئه‌و میلله‌ته‌یه‌ كه‌سامانی‌ مرۆیی‌ پرۆفیشناڵی‌ هه‌بێت، سامانی‌ مرۆیی‌ موقه‌ده‌سی‌ هه‌بێت نه‌ك حیزب و كه‌سایه‌تی‌ حیزبی‌ موقه‌ده‌س، به‌مانایه‌كی‌ تر ئه‌و میلله‌ته‌یه‌ كه‌ عه‌قل و هزرو فیكری‌ ئازاد بێت)).

ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی‌ سامانه‌ مرۆیی‌ یه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌مو إویه‌كه‌وه‌ پرۆفیشناڵه‌، له‌ڕوی‌ هزو و فیكر و رۆشنبیری‌ و ته‌ندروستی‌ و سیاسییه‌وه‌، نایه‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتێكی‌ مۆنۆكرات بیبات به‌ڕێوه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامدا ئازادی‌ و دیموكراسیه‌ت له‌ده‌ست بدات و بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزبی‌ موقه‌ده‌س، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هاوڵاتیبون به‌پێی‌ یاسایه‌كی‌ داداپه‌روه‌ری‌ سیاسی‌ ئابوری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تێكنۆكرات قبوڵ ده‌كات كه‌ ئازادی‌ دیموكراسی‌ هاوڵاتی‌ بپارێزێت و به‌ یاسا ده‌وڵه‌ت ببات به‌ڕێوه‌ بێ جیاوازی‌ ڕه‌گه‌ز و دین... هتد.

 ئه‌وه‌ی‌ جێ ی‌ داخه‌ رۆژنییه‌ گه‌نجه‌كانمان كه‌ به‌ بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ ئاینده‌ی‌ وڵاتن به‌كۆمه‌ڵ كۆچ نه‌كه‌ن به‌ره‌و هه‌نده‌ران، به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی‌ نادیار، ئه‌مه‌ زیانێكی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ به‌ سامانی‌ مرۆیی‌ كورد ده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار (ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌) هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان و ڕێگرتن له‌كۆچكردنی‌ گه‌نجان و یان هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ پرۆفیشناڵه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان به‌ مه‌به‌ستی‌ سود لیوه‌رگرتن بۆ پرۆفیشناڵكردنی‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌ی‌ ئاینده‌.

لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌ ئایا ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ سامانه‌ مرۆییه‌ به‌نرخه‌كه‌ی‌ بپارێزێت و رزگاری‌ بكات له‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات و ده‌ربه‌ده‌ر بون به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی‌ نادیار؟.

ئه‌م وه‌ڵامه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ به‌جێده‌هێڵم به‌ڵكۆ له‌ ‌وئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا بتوانێ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشانه‌ بكات و ئاوڕێك له‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌مان بداته‌وه‌، چونكه‌ سامانی‌ مرۆیی‌ پرۆفیشناڵ و كارامه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌ر میلله‌تێك.

كه‌واته‌ كه‌ی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ ئه‌بێته‌ به‌شێك له‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌؟.
كاتێك ئه‌بێته‌ به‌شێك له‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كه‌ئه‌و سامانه‌ مرۆیی‌یه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ ژیانی‌ سیاسی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌، لێپرسینه‌وه‌و به‌دواداچون بكات بۆ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت واته‌ ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ راستگۆبێت و ناعه‌داله‌تی‌ و دیارده‌ی‌ دزێوی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ قبوڵ نه‌كات له‌ هیچ كه‌سێك ته‌نانه‌ت له‌ژێر ناوی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یشه‌وه‌، سامانه‌مرۆییه‌كه‌ بێجگه‌ له‌ڕاستی‌ هیچ قبوڵ نه‌كات ته‌نانه‌ت له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌كه‌ش... واته‌ به‌ شیعاراتی‌ باق و بریقی‌ كه‌س هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێت، لێپێچینه‌وه‌ له‌ هه‌مو كه‌س بكات به‌بێ‌ جیاوازی‌ به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیشه‌وه‌، كاتێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ هاوڵاتی‌ ئاسایی‌ ئه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌،واته‌ كاتێك ئه‌بێته‌ به‌شێك له‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كه‌ سامانه‌ مرۆیی‌یه‌كه‌مان مرۆڤی ئازاد و ئازا بێت، له‌م ئیزدواجیه‌ته‌ی‌ ئێستا به‌دور بێت به‌ڕه‌ش بڵێ ره‌ش و به‌سپی‌ بڵێ سپی‌ ره‌نگی‌ خۆڵه‌مێشی‌ قبوڵ‌ نه‌كات له‌ وتن و هه‌ڵوێستی‌ راستیدا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هیندستان یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ فه‌قیره‌كانی‌ دنیا، ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكرێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ تری‌ دنیا یاسای‌ رێكخستنی‌ حكومی‌ و كارگێڕی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ت و كارگێڕییه‌ی‌ ئێمه‌ زۆر جیاواز نییه‌، به‌ڵام به‌ سامانه‌ مرۆییه‌ نایاب و زیره‌ك و به‌هره‌مه‌نده‌كه‌ی‌ هه‌مو دنیای‌ داگیركردوه‌ و بازاڕی‌ كۆنترۆڵ كردوه‌. 

ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌بری‌ گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی‌ توانای‌ سامانی‌ مرۆیی‌ و كاراكردنی‌ (پرۆفیشیناڵكردنی‌ )، رێزی‌ سامانه‌ مرۆیی‌ یه‌كه‌ی‌ نه‌هێشتوه‌، ته‌مه‌ڵ و گه‌نده‌ڵی‌ كردوه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خانه‌نشین و وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت زیاتر له‌ هه‌مو وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ فیدراڵیشه‌وه‌ شاره‌زاو راوێژكارو و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ و بۆستی‌ به‌رزی‌ جیاواز جیاوازو و سه‌یرو سه‌مه‌ره‌مان هه‌یه‌ كه‌ زۆریان پرۆفیشناڵ نین و خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ به‌رزی‌ تایبه‌ت نین به‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ و شایانی‌ ئه‌و پۆستانه‌ نین، دوباره‌ یه‌مه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌ده‌ستی‌ خۆمان سامانه‌ مرۆییه‌كه‌مان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین به‌ پۆستی‌ بریق و باق وه‌ك له‌وه‌ی‌ گه‌شه‌یان پێبده‌ین و پێشیان بخه‌ین، له‌ هه‌مو بواره‌كانی‌ ژیاندا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌ڵدێر ده‌یانبه‌ین له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكی‌ له‌نه‌زانی‌ خۆمانه‌وه‌ بێت؟! به‌ڵام من خۆم گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ له‌زۆرزانی‌ و زیره‌كی‌ ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسه‌كانمانه‌وه‌ بێت! ئه‌وان نایانه‌وێ هاوڵاتی‌ واته‌ سامانی‌ مرۆیی‌ هزرو فیكری‌ ئازادو ئازا بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر خۆیان فه‌رمانڕه‌وابن و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیان له‌ده‌ست نه‌چێت، ئه‌وان سامانی‌ مرۆیی‌ لاوازو نه‌زان و ناڕاستگویان گه‌ره‌كه‌ به‌مه‌ گره‌وه‌كه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ با میلله‌تیش هه‌ربۆ خۆی‌ بڵێ،ته‌نانه‌ت له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنیش كه‌مێك له‌و سامانه‌ ده‌ڕێژن بۆ هاوڵاتیان و چه‌ند هه‌زار كه‌سێك خانه‌نشتن ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ یاسایه‌ك بیانگرێته‌وه‌ بۆ كڕینی‌ هزرو فیكری‌ تاكه‌كان، بۆئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌وروبه‌ر بسه‌لمێنن كه‌ دیموكراسین، ئه‌وه‌نده‌ی‌ رێز له‌ ده‌وربه‌ر ده‌گرن رێز له‌ خۆمان ناگرن، ئاماده‌ن بۆ هه‌مو میلله‌تانی‌ دنیا ته‌نازول بكه‌ن، به‌ڵام بۆخۆمان نه‌ك هیچ ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌ نه‌زان و نه‌فام و گه‌مژه‌ش ناومان ده‌به‌ن له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌مان ده‌كه‌ن!.

له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ ده‌سه‌ڵات دروست ده‌كات و شه‌رعیه‌تی‌ ده‌داتێ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ له‌ وڵاتانی‌ جیهانی‌ سێهه‌م له‌ نه‌زانی‌ بێت یاخو له‌ زیره‌كی‌ به‌ناوی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ و خزمه‌تكردنی‌ میلله‌ت له‌ راستیه‌كان لاده‌دات و ئه‌كه‌وێته‌ وێزه‌ی‌ فیكری‌ به‌رامبه‌ر، به‌ تۆمه‌تی‌ تیرۆرو له‌ رێگای‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ گشتی‌ شه‌رعیه‌ت به‌خۆی‌ ئه‌دات و هه‌ڵده‌ستێت به‌ پێشێلكردنی‌ مافافه‌كانی‌ مرۆڤ به‌ هه‌مو جۆره‌كانیه‌وه‌ له‌ ته‌زویر، به‌رنگاربونه‌وه‌ی‌ فیكری‌، شێواندنی‌ راستیه‌كان تا ته‌سفیه‌كردنی‌ جه‌سته‌یی‌! ئه‌مه‌ش كار ده‌كاته‌ كه‌سایه‌تی‌ سامانه‌ مرۆییه‌كه‌ به‌ تێكشكاندن و كۆیله‌كردنی‌،بۆیه‌ ئازادو ئازا كردنی‌ مرۆڤ به‌هێزترین چه‌كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ تێكشكاندن و كۆیلایه‌تیكردنی‌ سامانی‌ مرۆیی‌ كه‌ هاوڵاتی‌ ئاساییه‌. ئه‌مه‌ش به‌ كاراكردن و پرۆفیشناڵكردنی‌ سامانی‌ مرۆییه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت.

Sbeiy.com © 2007