Print
 
 كه‌ركوك‌و ته‌عریب‌و پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Friday, May 7, 2010

عه‌ره‌به‌كانی‌ ته‌عریب ناڕۆنه‌وه‌، پاره‌ی‌ قه‌ره‌بوی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن‌و خۆیان له‌م گه‌ڕه‌كه‌وه‌ ده‌گوازنه‌ وه‌ بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌ك، هه‌ندێك له‌ وانه‌ بیانوی‌ نه‌ڕۆیشتنه‌وه‌ وا پاساو ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان مێژویه‌كیان له‌و شاره‌دا هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ دیكه‌ له‌بری‌ مێژو مێوژی‌ له‌و شاره‌دا هه‌بوبێت كه‌ به‌عس ده‌ری‌ ده‌كردن، عه‌ره‌به‌كانی‌ ته‌عریب خۆله‌چاوی‌ ماده‌ی‌ 140 حه‌شار ده‌ده‌ن‌و وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ حكومه‌تی‌ كوردستان له‌ بری‌ داواكردنی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌ ده‌گوازێته‌وه‌ سه‌ر به‌غدا‌و جه‌نابی‌ وه‌زیریش ده‌ڵێ‌: فه‌رمانبه‌ره‌كان خۆیان داوای‌ ئه‌وه‌یان كردوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌كرێنه‌ ماڵێكه‌وه‌ كه‌ به‌ماڵی‌ رۆشنبیری‌! ناسراوه‌، مالێك كه‌ بۆنی‌ رۆشنبیری‌ لێ‌ نایه‌ت، فه‌رمانبه‌ره‌كان داوای‌ كردنه‌وه‌ی‌ كتێبخانه‌یان كرد، كه‌چی‌ خرانه‌ سه‌ر به‌غدا!.

 عه‌ره‌به‌كان ناڕۆنه‌وه‌‌و كه‌س پێیان ناڵێ‌ پشتی‌ چاوتان برۆیه‌، كه‌چی‌ له‌ به‌سره‌وه‌ وه‌زاره‌ته‌ رۆشنبیریه‌كه‌ی‌ عێراق هونه‌رمه‌ندێك دێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ دیوار به‌ند، یان په‌یكه‌رێكی‌ سومبلی‌ بۆ كه‌ركوك بكات، ئه‌مه‌ش له‌ چوار چێوه‌ی‌ پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ دا كه‌ ئه‌مساڵ به‌خێرێ‌ له‌مانگی‌ "4"ه‌وه‌ وه‌كو ناو له‌و شاره‌ نراوه‌، پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ بۆ ساڵی‌ 2010 كه‌چی‌ له‌ 15/4ه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و له‌بری‌ ئه‌و هه‌مو هونه‌رمه‌نده‌ی‌ كه‌ركوك كه‌سێك له‌به‌سره‌وه‌ ده‌خوازن باسی‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ كه‌ركوكییه‌كان بكات!.

من تێناگه‌م بۆچی‌ له‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆركورتا ئه‌م دو وه‌زاره‌ته‌ رۆشنبیرییه‌ی‌ عێراق‌و كوردستان، به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ركوك ده‌كه‌ن، من یه‌كێكم له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ "2003"وه‌ دامه‌زراوم له‌و ساڵه‌شه‌وه‌ بۆ خۆم له‌ كه‌ركوكم‌و له‌وێ‌ ده‌یان چالاكی‌‌و كاری‌ رۆشنبیریم كردوه‌‌و لانی‌ كه‌م له‌و ماوه‌یه‌دا یادی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌سیری‌، خه‌لیل منه‌وه‌ر، سابیری‌، شێخ مارفمان كردۆته‌وه‌، له‌و شاره‌ بریندار بومه‌‌و هاوڕێ‌‌و ئازیزم به‌ته‌نیشته‌وه‌ شه‌هید بوه‌ له‌وانه‌ مسته‌فا گه‌رمیانی‌ نوسه‌ر، چه‌ند جار داوامان كردوه‌ كتێبخانه‌ بۆ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان بكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ڵامدا به‌بێ‌ پرسی‌ خۆمان ناردیانین بۆ به‌غدا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌غدای‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ به‌غدای‌ هارونه‌ ره‌شید‌و سه‌دام حوسێندا جیاواز بێت، ده‌ی‌ باشه‌ وا ده‌مانگێڕنه‌وه‌ سه‌ر به‌غدا، به‌ڵام بۆكوێ‌ ئێ‌ لانی‌ كه‌م بمانخه‌نه‌ شوێنێك كه‌ هه‌ندێك بۆنی‌ كه‌ركوكی‌ لێ‌ بێت.


ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانی منه‌ له‌و پایته‌ختی‌ رۆشنبیریه‌شه‌وه‌یه‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌ك دانه‌نراوه‌ كه‌چۆن‌و چی‌ بكرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رنج‌و رێنماییانه‌ی‌ ئێمه‌ش كه‌ به‌حساب ئێستا به‌شێكین له‌ خۆیان به‌ هه‌ند وه‌ر نه‌گیراون، كه‌ركوكیه‌كان له‌ نێوان به‌رداشی‌ به‌غداو كوردستاندا زۆربه‌یان هه‌میشه‌ دڵیان له‌كوردستانه‌، وه‌ك بڵێی‌ چی‌ تر كوردستان پێویستی‌ به‌و دڵه‌ نه‌بێت، ئه‌مه‌ له‌ بودجه‌ی‌ "2010 " دا سه‌باره‌ت كه‌ركوك جوانتر دیاره‌، له‌به‌غداش پایته‌ختی‌ رۆشنبیریان به‌ شێوازه‌ ده‌وێت كه‌ته‌نها چڵه‌ خورما‌و شمشێری‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بێت، كه‌ركوكیه‌كان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ شاره‌كه‌یان رۆژانه‌ به‌ هه‌زاران به‌رمیله‌ نه‌وتی‌ لێوه‌ ده‌رده‌چێت كه‌چی‌ خۆیان له‌ دولا مه‌ست‌و حه‌یرانن!.

Sbeiy.com © 2007