Print
 
 یەک هەڵوێستی تەڵەیە یا بەردی نزا؟
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Monday, May 10, 2010

دەسەڵات لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئاداری ئەمساڵەوە فشاری لەسەر هێزەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی کوردستانی، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان، خەستتر کردۆتەوە، وەک خۆیان دەڵێن بەمەبەستی یەک هەڵوێستی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێکبخەن.

سەرۆکی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە بەفەرمی بانگەشەی لیستە کوردیە براوەکانی کرد ولە ئاکامی چەند کۆبونەوەیەک رێککەوتنێک سازکراوە تا لیستەکان بەیەکەوە ئامادەکاری بۆ دانوستاندن لە بەغدا بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراق وبۆ دارشتنی پێرەوی ناوخۆ بۆ کارکردنی بەیەکەوەی لیستەکان لە پارلەمانی بەغدا.

ئەم روداوانە رەنگدانەوەی جیایان لێکەوتنەوە، بەتایبەت لەنێو هەڵسوڕاوانی گۆڕان. کرۆکی دەنگی بیستراو ئەوەبو ناکرێت لە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە زوڵم وناهەقی بەرامبەر بە گۆڕان بکرێت ولەو دیوی حەمرینیش داوای لێبکرێت هاودەنگ وهاوهەڵوێستیان بێت، کورد وتەنی: بانێکە ودو هەوا. ئەمە دیوێکی بەسۆزی رەنگدانەوەکان بو، خاڵی گرنگ وهەستیار تا ئەم ساتەش سەرئاو نەکەوتوە، ئەویش گۆڕان لەگەڵ ئەو پێکهاتانەدا چی دەتوانێت لەبەغدا بۆ کورد بکات؟.

لەگەڵ راگەیاندنی خاڵەکانی رێککەوتنی کۆبونەوەی لیستە کوردیە دەرچوەکان بۆ پارلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا، کۆمەڵێک پرسیار ودڵەراوکێ وگومان لەنێو گۆڕانخوازان وهەڵسوراوانی گۆڕان لەمەر بەشێک لەو خاڵانەی رێککەوتن روبەری سیاسی گۆڕانیان تەنی. بەتایبەت خاڵی نانبڕاوەکان وسزادانی سیاسی لەنێو رستەکانی رێککەوتنەکە وەک کاڵایەکی بازاری عەکاز بۆ ئاڵوگۆر لەبەرامبەر رەزامەندی گۆڕان بۆ کاندیکردنەوەی مام جه‌لال بۆ سەرۆک کۆمار نمایشکرابو. بەشێک لە گۆڕانخوازان لایان وابو گۆڕان لەم روداوەدا بۆ چەسپاندنی رۆڵی لە ئێستا وئایندەی ژیانی سیاسی هەرێمدا وبەمەرجی گونجاندن لەگەڵ بەرنامەکەی بە دڵنەوایەکی بەرچاوەوە ئەو تاقیکردنەوەی بەئەنجام نەگەیاند و"موحەنەکی" دەسەڵات خاڵە جەوهەریەکانی خۆی چەسپاند. ئەگەر کەسانێک بەشداری گۆڕان لەم پرۆسەیەدا بە داننانی دەسەڵات پێیدا بزانن وبۆ هێورکردنەوەی دۆخە توند وپر تەنگەژەکانی کە دەسەڵات لەبەرامبەر گۆڕان خەڵقاندویانە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوکمڕانی یەکێتییدا، ئەوا بەئاگابون لەنیەتی راستەقینەی جوتە هێزی دەسەڵات بەجیا وبەیەکەوە کلیلی پوچەڵکردنەوەی هەر نیەتێکی ناڕەوایانە.

پرسیاری سەرەکی لەم دۆخەدا ئەوەیە:
ئەگەر بۆچونی جیاواز وتەنانەت باڵباڵێنیش لەناو گۆڕاندا ئاسایی بێت تا چ رادەیەک دوا هەڵوێستی گۆڕان لەمەر ئەو بابەتە گرنگانەی سەرەوە رەنگدانەوەی ئەو بیر وبۆچونە جیاوازانەیان تێدا بەدیدەکرێن؟

"زەلـلەیەکی سیاسی" یا " چڕینەوەی قەوانێکی کۆن" ؟
یەکەم " نامەی سیاسی" لەو رێککەوتنەدا رەنگدانەوەی خوێندنەوەی بۆچونێکی ناو گۆڕانە کە پێی وایە نەرمی گۆڕان بۆ گەیشتن بە هاوهەڵوێستی لە بەغدا ولەم قۆناغەی ئێستای عێراق ئەرکێکی نەتەوەییە. پشتگوێخستن و ئەنجامنەدانی ئەو ئەرکە گۆڕان روبەڕوی دابڕان دەکەنەوە وپلاتفۆرمی نەتەوەییشی لە کوردستان لاوازدەکەن. لەهەمان کاتیشدا هەڵوێستی نەرم ونیان وئاڵوگۆرکردنی کاڵای سیاسی لە رێککەوتنە راگەیاندراوەکەدا نامەیەکی راستەوخۆ بو بۆ سەرۆکی هەرێم وحیزبە باڵادەستەکەی کە گۆڕان ئامادەیە " لێکتێگەیشتن وتەنانەت رێککەوتنی سیاسی" ش بکات. بەهەڵسەنگاندنێکی ئەبستراکت ئەم بۆچون ولێکدانەوەیە زادەی هەستێکی سۆزداری کلاسیکی نەتەوەیین وئاوێنەیەکە کە وێنای هزر وخواست وبۆچونەکانی هێزە کلاسیکیەکانی کوردستانی تێدا بەدیدەکرێن وتەنیا جیاوازی لەوەدایە ناوی گۆڕانیش لە نمایشکردنەکەدا دەبینرێت. مێژوی رەوشی بزافەکەمانیش بەو جۆرە هەڵوێست وڕەفتارکردنانە نامۆ نیە. بە دیوەکەی تریشدا رێککەوتنەکە فۆرمیلەکردنێکی سادە وساکاری خواستی سیاسی ئەو بۆچونەی ناو گۆڕانە بۆ رێگەخۆشکردنی بەشداریکردن لەدەسەڵات وسودوەرگرتن لە دەسکەوتەکانی. بە واتایەکی تر ئەمە دوبارەکردنەوەی قەوانە کۆنەکەی بێنە وبیبەی نێوان هێزەکانی کوردستانە. کێشەکانی دەسەڵاتدارانی کورد لە رێککەوتن و واژۆکردندا نیە، بەڵکو لە جۆری نیەت وکارکردندایە. بێگومان بەسەدان رێککەوتن وپرۆتۆکۆل وئاکار وپەیمان ویاسا وبەیان وڕونکردنەوە واژۆ کراون وچرکەیەک دواتر نرخ وبەهای کاغەزەکەیان نەماوە.

ناڕەزایی ملمڵانێکردن وخەمخۆریە بۆ ئایندەی گۆڕان
یەکەم ناڕەزایی راشکاوانەی نێو گۆڕان لەسەر ئەو رێککەوتنە رەنگدانەوەی خوێندنەوەی بۆچونێکی تری ناو گۆڕانە، ئەمەیان پێی وایە ناکرێت بە دو پێوەر لەگەڵ دەسەڵات رەفتار بکرێت. ئەگەر بەرنامەی نەتەوەیی گۆڕان بۆ ئەرکەکانی بەغدا لە چەند خاڵێکی بنەڕەتیدا لەگەڵ دەسەڵات یەکتر بناسنەوە وبگرنەوە، بۆچی لە کوردستانیش بەهەمان شێوە ئاڕاستە ناکرێت. ئایا بەلای سەرانی گۆڕانەوە کامیان گرنگتر ولەپێشەوەیە هەولێر یا بەغدا؟ بە تێڕوانینی ئەم گروپە هەنوکە کات وپێکهاتە وتوانای گۆڕان نالەبارن بۆ بەشداریبونی لە حکومەتی بەغدا لەگەڵ دو هێزی موحەنەکی خاوەن ئەزمونیکی درێژ لە گەمە سیاسیەکان ودەسەڵات وپارە وهێزی چەکدار ودەزگا تایبەتیەکان وتۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لە عێراق وناوچەکە ودنیادا. ئەم بۆچەنە پانۆرامای روداوەکان وا شێدەکاتەوە کە دەسەڵات، بەتایبەت لایەنی پارتی، بەنەرمی ونیانی وموجامەلەیەکی بێپێزی دورەوپەرێزانە وگرێدانی گۆڕان بە دەسەڵاتەوە بەپاساوی بەرژەوەندی نەتەوەیی ویەک هەڵوێستیەوە، لە هەوڵێکی دارێژراوی ژیرانەدایە بۆ ئیحتواکردنی گۆڕان (سلێمانی وتەنی لەخشتەبردنی) وڕاکێشانی بەڕەکە لەژێر گۆڕاندا، لەم گەمەیەدا کارتەکان کراوە وبەرچاون. لەگەڵ ئەم راستیانەشدا مانای ئەوە نیە گۆڕان هاوهەڵوێست نەبێت، بەڵکو بەو شێواز وپێچ وپەنایەی دەسەڵات هاودەسەڵاتیان نەبێت. چونکە بەشداریبۆنێک بە لاسەنگیەکی زەقی بەرچاوەوە بەسودی گۆڕان ناشکێتەوە، هەروەها ئەزمونی بیست ساڵی باشوری کوردستان لەسایەی ئەم دو هێزەدا دەیسەلمێنێت کە بەرنامەی نەتەوایەتیان لەڕوانگای بەرژەوەندی خۆیانەوە داڕشتوە وپێرەو وکاریان بۆکردوە وتائاستێکی هەستیار وبەرچاو لە بەرنامەی رەسەنی نەتەوەیی ویەکلاییکردنەوەی مەسەلە چارەنسسوزاکەندا سەرکەوتو نەبون. بۆیە رەوا نیە زەمینە بەرین وبە ئەمەکەکەی گۆڕان بکرێت بە کاڵای سیاسی وبەخشینی رەوایەتی نەتەوەیی بە مەرامەکانی دەسەڵات لە بەغدا و وەک نەریتی کۆن بەردی نزای نەتەوەییمان بە "کەعبەی" دیموکراسی تایفی وئایینی وشۆڤێنی بەغدا بسوێنین. وەلێ ئەگەر بەغدا ودەسەڵاتدارانی عێراق جێگای ئومێد وباوەڕ بوندایە ولەماوەی حەوت ساڵی رابوردو تروسکاییەک روناکی لە نیەتیاندا بەرامبەر بە کورد بەرچاوبوایە، دەکرا گۆڕان کوێرانەش شێکێکی سپی بۆ دەسەڵاتدارە دێرینەکانی کورد لە بەغدا واژۆ بکردایە. ئەوەشی بۆ کوردکراوه ‌لە بنەڕەتدا شەقی ئەمریکا بە دەسەڵاتدارانەکانی تری عێراقی کردوە.

ئەڵتەرناتیڤ چیە؟
ئەگەر بەشێک لە دەسەڵاتدارنی گۆڕان لەدوای دەرەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی 7/3 گەیشتبنێتە قەناعەتێک کە بۆبەهێزبون ودەسەڵات پەیداکردن رێگه‌ی نزیکبونەوە و "ئیتلافکردن" لەگەڵ لایەنەکانی تر بگرنه‌به‌ر وگۆڕانیش بەشێک لە کێکەکەی بەغدای پێبدرێت، ولە پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراقدا چەند پۆستێک وەرگرێت، ئەمەیان هەویرێکە زۆر ئاو دەکێشێت.

بۆ خۆم نە ناڕازیم ونە نیگەرانم لە یەک هەڵوێستی یا هاوهەڵوێستی مەرجداری لیستە کوردەکان لە بەغدا. ئەوەندەی من درکم پێکردبێت گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کارا وبەهێز لەسەر شانۆی روداوەکانە ودنیای دەرەوەش ئەم راستیە دەزانن، لەلایەکی ترەوە ماسکەکانی روخسار ونیەت وڕەفتاری دەسەڵاتداران لە وڵات ولە دەرەوەش راماڵراون، بۆیە لەڕوانگای مەدای دوردا ئەوەندی دەسەڵات پێویستی بە گۆڕانە ئەوەندە گۆڕان پێویستی پێیان نیە. بۆیە بەلای منەوە گرنگە چاوەڕوانیەکانی گۆڕان لەو بەشداریکردن ونمایشکردنە نەتەوەییە نەکرێنە ئامێرێک بۆ دریژکردنەوەی ئەزمونی حەوت ساڵی رابوردوی دەسەڵات لە بەغدا وئەمجارەیان بەبەرگێکی پراوەکراوی نەتەوەیی بەناوی "ئیتلافێکی" دیموکراسیەوە. من دڵنیام عێراق وەک وڵات و وەک حکومەت خاوەنی خۆی نیە، هەر هێز ولایەنێک بیەوێت لەم گێژاوەدا گوزەربکات دەبێت بە نەغمەی دەهۆڵی خاوەنەکانی عێراق سەمابکات.

گۆڕان ئەڵتەرنەتیڤی بەزەبری لەبەر دەستدایە تا ئەم دەسەڵاتە ناچاربکات لە پلەی یەکەمدا لە کوردستان مل بۆ گۆڕانکاریە پێویستەکان کەچ بکات ودواتر سەرقاڵی کێکەکەی بەغدا بێت. کرۆکی ئەم ئەڵتەرنەتیڤە ئیشکردنەبەرێگەی دەستور ویاساوە لەسەر لاوازکردنی ناوەندیەتی (لامەرکەزیەت) دەسەڵاتەکانی هەرێم.

هەنوکە بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی داڕشتنی هەیکەلی رێکخراویەتی، سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان وهەروەها فراکسیۆنێکی بەهێزی لە پارلەمانی کوردستان هەیە وخاوەنی فراکسیۆنێکی هەشت کورسیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. کارکردن لەسەر ئەم چوار ئاراستەیە بەپەرتەوازی ولەیەکترازان وپێچەوانەی یەکتر گۆڕان لاواز دەکات. کۆڵەکەی بەستنەوەی ئەم چوار ئاراستەیە کرۆکی بەرنامەکەی گۆڕانە: گۆڕانی عەقڵیەتی حوکمرانی وسیاسی لە کوردستان وکارکردن بۆدابینکردنی پێگەیەکی نەتەوەیی بۆ کورد یەکسان بە میللەتەکانی دەوروبەری ودنیا.

بەداخەوە دەسەڵات لە کوردستان لەزمانی دیموکراسیەت وئۆپۆزسیۆن نە تێگەیشتون ونە مەبەستیشانە لێی تێبگەن، ئەوان سەرجەم بەرهەمەکانی دیموکراسیەت بە فیڵتەری خۆیان دەپاڵێون وئەوەی لە سود وبەرژەوەندیاندا بێت هەڵبژاردەی دەکەن وئەوەشی دەمێنێتەوە هەوڵی ئیحتواکردن ولەباربردنی دەدەن وبێباکانەش رێگه‌ی نانبرین وتۆقاندن وهێز وکوشتن بەکاردەهێنن.

ناکرێت گۆڕان تارۆژی حەشر گیرۆدەی هزر وچەمکەکانی دەسەڵات بێت. کارکردن لەسەر هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی شارەوانیەکان وپارێزگاکان لە کوردستان بەمەبەستی رزگارکردنیان لەهەر شوێنێک بکرێت لە هەیمەنەی دەسەڵات وحیزبەکان وسازدانی کەش وهەوای یاسایی بۆ کەمکردنەوەی ناوەندیەتی دەسەڵات لە هەولێرەوە ولە سەنتەری دەسەڵاتی حیزبەکانەوە ئەو ئەڵتەرنەتیڤە بەهێزەیە کە دەسەڵات لەبەردەم دیلێمایەکی سەختتدا دەگیرسێنێتەوە، یا گوێگرتن وگۆڕان یا ستەمکاری وتوندوتۆڵی. لەهەر دو حاڵەتدا میللەت حوکمی خۆی دەدات. خەڵقاندنی ئەم ئەگەرە تازانە کاری سەرەکی گۆڕانە نەک چرینەوەی نەغمە کۆنەکەی کە دەڵێت: سیاسەت هونەری ئەو ئەگەرانەیە کە دەتوانرێت ئەنجام بدرێن.

ئەگەر بەشداربونی گۆڕان لە ئایندەیەکی نزیکدا لەحکومەتی ئایندەی عێرقدا هاتە باسکردن، باشترە بۆ گۆڕان ئەو بەشداریکردنە پابەندبکات بە پرۆتۆکۆڵێکی نەتەوەیی ئاشکرا وبێپەردە وپێچ وپەنا. ئەرکی سەرانی گۆڕانە بەرامبەر بە جەماوەرە خۆبەخش وبەئەمەکەکەی ئەم جۆرە کارانە بە شێوەیەکی کلاسیکی فەوقی ئەنجام نەدەن. تەنیا بە پێرەوکردنی ئەم شێوازانەی کارکردن جیاوازی نێو گۆڕان وحیزب وهێزەکلاسیکی وستالینیزمەکان بەدیدەکرێن.

 

Sbeiy.com © 2007