رۆژنامه‌نوس، پاسه‌وانی سیستمی دیموكراسییه، هه‌ڕه‌شه‌كردنی پارتی له رۆژنامهنوسو ئازادیخوازان بۆ بێده‌نگ بون له خوێنی شه‌هیدی قه‌ڵه‌م، سه‌رده‌شت عوسمان، له‌هیچ شتێك ناچێت جگه له ره‌فتاری رژێمه سه‌ركوتكه‌ره‌كان نه‌بێت.
مرۆڤ سه‌ری سوڕده‌مێنێت، كه چه‌ند رۆژێكه پارتی، ماكینه‌یه‌كی ئیعلامیی له دژی ئێمه‌ی رۆژنامهنوسو ره‌وتێكی سیاسیی به‌ڕێخستوه، كه ساده‌ترین داواكاری ئێمه بریتییه له ئازادیی رۆژنامهنوسییو ئاشكراكردنی بكوژانی شه‌هید سهردهشتو دیزه به‌ده‌رخۆنه نه‌كردنی ئه‌م تاوانه.
پارتی، له جیاتی به‌پیره‌وه‌هاتنی داوای رۆژنامهنوسانو رایگشتی بۆ ئاشكراكردنی بكوژان، شمشێر پیشانی ئێمه‌و هاوڵاتییان ده‌دات.
به‌یاننامه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ره‌وشه‌كه‌ی زیاتر وروژاند، چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداریش له‌خۆ دهگرێتو كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی تێدا به‌كارهێناوه، كه زیاتر له وتاری شه‌ڕ ده‌چێت: "ئه‌وانه‌ی بوختانیان به پارتیمانو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كردوه، راپێچی دادگا ده‌كرێن"، "تاقمی هه‌ڵتۆقیوی گێره‌شێوێن"،"ده‌ستی نهگریستان ده‌بڕینه‌وه".
به‌یاننامه‌كه‌ی پارتی كه له به‌رزترین دامه‌زراوه‌ی حیزبییه‌وه ده‌رچوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی شه‌هید سه‌رده‌شت به رۆژنامه‌نوس ناهێنێت، فه‌توای كوشتن‌و ده‌ستبڕینی ئێمه‌ی رۆژنامه‌نوسیش دهردهكاتو بێئه‌ندازه مه‌ترسیداره!.
سه‌یره، ده‌بوایه پارتی له‌باتی هه‌ڕه‌شه‌كردن، جه‌ختی له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران بكردایه‌ته‌وه!.
من گومانم هه‌یه كه ئه‌و به‌یاننامه‌یه، گوزارشت بێت له ره‌ئی هه‌مو سه‌ركردایه‌تیی پارتی، كه لێره‌دا كه‌وتوه‌ته هه‌ڵه‌ی كوشندهوهو ئه‌گه‌ر كار به‌و به‌یاننامه‌یه بكرێت، ته‌واوی ئه‌و دیموكراسییه نیسبییه‌ی له كوردستاندا به‌رقه‌راره كه به‌هه‌وڵی هه‌موان هاتوه‌ته ئاراوه‌و سه‌رله‌به‌ری پڕۆسه‌كه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، چونكه ئه‌م به‌یاننامه‌یه، وا ده‌خوێنرێته‌وه كه مه‌جالی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی رۆژنامهنوسو ئه‌و رهوتهسیاسییهش نه‌هێشتوه‌ته‌وه، كه ئیدانه‌ی ئه‌م تاوانه‌ی كردوه.
راكێشانی په‌نجه‌ی گومان بۆ پارتی، له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه كه هیچ لۆژیكێكی ته‌ندروست ناتوانێت باوه‌ڕ بهوهبهێنێت، كه كه‌سانێك به‌بێ ئاگاداری دهسهڵاتو داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان، بتوانن به رۆژی روناك، رۆژنامه‌نوسێك له‌به‌رده‌م حه‌ره‌می زانكۆدا بڕفێننو تیرۆری بكه‌ن!.
سهغڵهتبونی پارتی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا له‌دو لاوهوهیه؛ له‌لایه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، رای گشتیی لێی وروژاوهو كهوتوهتهبهر ناڕه‌زاییه‌كی توند.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی نێودهوڵهتیو میدیای جیهانیی گرنگییه‌كی زۆریان به‌م مهسهلهیهداوهو كونسوڵخانه‌ی وڵاتانی ئهمریكاو به‌ریتانیاو وڵاتانی ئه‌وروپی له هه‌ولێرو به‌غدا ره‌خنه‌یان له پارتی گرتوه، پارتی توشی ئیحراجییه‌كی زۆر بوه.
ره‌خنه‌گرتن له پارتی لهوروانگهیهوهیه، كه پارتی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی گه‌وره‌تره له كوردستان‌و سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ی كه به‌ڕێز، بارزانییه، سه‌رۆكی هه‌مو جیهازی ته‌نفیزی حكومه‌تی هه‌رێمه‌و ته‌واوی به‌رپرسانی حكومیی‌و ئه‌منیی هه‌ردو شاری هه‌ولێرو دهۆكیش پارتین، به‌ڵام به‌داخه‌وه، واده‌رده‌كه‌وێت كه پارتی له‌ئاستی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه گه‌وره‌یه‌دا نییه‌و هیچ ره‌خنه‌و داواكارییهیهكیش قبوڵ ناكات‌و هه‌ررۆژه‌و گروپێك به تۆمه‌تی "تاقمی گێره‌شێوێن"و "ده‌ستی ده‌ره‌كی" ده‌كاته دوژمن.
كوشتنی سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ، زه‌نگێكی مه‌ترسیداره، به‌ڵام بێده‌نگبون له ئاستی ئه‌م تاوانه‌دا له‌وه مه‌ترسیدارتره، چونكه ئه‌و ئازادییه نیسبییه‌ی له كوردستان به‌رقه‌راره، ره‌نگه به‌ره‌و نه‌مان بڕوات!.