هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌می په‌رله‌مانی کوردستان له 19-5-1992 به‌پێی یاسایه‌ک به‌ڕێوه‌چو، تیایدا پیشوه‌خت به مه‌به‌ست به به‌ربه‌ستێکی یاسایی رێگری کرا له دامه‌زراندنی په‌رله‌مانێکی فره ره‌نگ: هه‌ر کیانێکی سیاسی رێژه‌ی له 7% که‌متری ده‌نگه‌کانی به ده‌ست بهێنایا بۆی نه‌بو نوێنه‌ری له په‌رله‌ماندا هه‌بێت. قه‌واره سیاسییه بچوکه‌کان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م بون. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بێگه‌رد نه‌بو. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مان و حکومه‌تی50 به 50 لێ که‌وته‌وه. له‌م په‌رله‌مانه ئه‌وه‌ی بونی نه‌بو هێزی ئۆپۆزسیۆن بو. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند شه‌ڕی ناوخۆی به‌دوای خۆیدا هێنا، حکومه‌ت و په‌رله‌مان بون به دو به‌شه‌وه و توشی ئفلیجی ته‌واو هاتن.
دوای تێپه‌ڕبونی 13 ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 دوه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له 2005 ئه‌نجام درا. جیاوازی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له یه‌که‌م، بون به‌یه‌کی یه‌کێتی و پارتی له لیستێکدا، ئه‌م یهکبونهش کێبڕکێی دیموکراتی هه‌ڵبژاردنی زۆر لاواز کرد. لێکچونهکهش دوباره‌بونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌تی 50 به 50 و نه بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن بو.
لێره‌وه شه‌راکه‌تی دو حیزبی په‌یدابو، یان راستر بڵێین شه‌راکه‌تی دو سه‌رکرده له دابه‌شکردنی حوکم و سامانی وڵات چوزهرهی دا. لێره‌وه کاره ژێربه‌ژێره‌کان ده‌ستی پێ‌کرد، لێره‌وه سه‌ره‌تای دورکه‌وتنه‌وه و بێباکی له میلله‌ت هاته کایه‌وه، گوێنه‌گرتن له ره‌خنه و سه‌رنجه‌کانی سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیره سه‌ربه‌خۆکان زیاتر بو. هه‌ر لێره‌وه بێزاری خه‌ڵک ده‌ستی پێ‌کرد، خوانی جوتیاران و کرێکاران له هه‌مو شوێنێ زیاتر توڕه‌بونی پێوه دیار بو، پێ به‌پێ زیادی کرد و له ناخدا په‌نگی خوارده‌وه. وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا ئه‌م ناڕه‌زایی و توڕه‌بونه زیاتر په‌نگ بخواته‌وه، له مه‌ودای نزیکدا به یه‌کێ له‌م شێوانه له ماڵ بێته ده‌ره‌وه:
1- رژانه سه‌ر شه‌قام به شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی، به‌بێ خاوه‌نی شێوه‌ی گێره‌شێوێنی له خۆ بگرێت یان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌و ئاقاره‌دا ببردرێت و به‌و جۆره خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت. بێگومان ده‌ربڕینی توڕه‌بون به‌م شێوه‌یه جگه له‌وه‌ی مه‌به‌ست نا پێکێت، زیانێکی گه‌وره‌ی مادی و مه‌عنه‌وی لێده‌که‌وته‌وه.
2- خاوه‌ندارێتیکردنی ئه‌و شه‌پۆله ناڕه‌زاییه له لایه‌ن گروپێک یان بزوتنه‌ویه‌کی جه‌ماوه‌ری نیمچه رێکخراوه‌وه، ده‌ربڕینی ئه‌و توره‌ییه له‌سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان. به ده‌نگ به ده‌سه‌ڵات بڵێن " کار و ره‌فتاری رۆژانه‌تان ئێمه‌ی توڕه و بێزار کردوه".
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا له کاتی له باردا دامه‌زرا. یه‌که‌م کاری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئاراسته کردنی توڕه‌بونی خه‌ڵک بو به‌ره و سندوقه‌کانی ده‌نگدان و رێگه‌گرتن له ده‌ربڕینی به شێوه‌ی نه‌شیاو و به‌کارهێنانی توندوتیژی. ئه‌مه‌ش به یه‌که‌م کاری عاقڵانه و سه‌رده‌میانه‌ی گۆڕان داده‌نرێت. لێره‌وه گۆڕان توانی ئه‌و بۆشاییه سیاسییه له هه‌رێمی کوردستان پر بکاته‌وه.
له هه‌ڵبژاردنی 25-7-2009 سه‌ره‌ڕای بونی ته‌زویر و هه‌ڕه‌شه‌کردن به هه‌مان شێوه‌ی هه‌ردو هه‌ڵبژاردنی پێش‌و و داهێنانی سیاسه‌تی نانبڕین له‌م هه‌ڵبژاردنه، لیستی گۆڕان توانی 25% کورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێ. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی گۆڕانی زۆر گه‌وره بێنێته کایه‌وه. له‌م هه‌ڵبژاردنه گۆڕان بۆ یه‌که‌م جار بو به خاوه‌ن داهێنانی تازه له بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کوردی به گشتی و له کاری په‌رله‌مان و حوکمڕانی به تایبه‌تی. له‌وانه:
1- دروستبونی بزوتنه‌یه‌کی سیاسی جه‌ماوه‌ری دور له به‌کارهێنانی چه‌ک و بونی هێزی چه‌کدار، توانی به کرده‌وه پرۆسه‌ی دیموکراتی پیاده بکات.
2- داهێنانی هێزی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه و به هه‌یبه‌ت له ناو په‌رله‌مانی کوردستان. ئۆپۆزسیۆنێک داوا و ویستی شه‌قامی کوردی کردۆته خه‌می خۆی.
3- ره‌وانه‌وه‌ی ترسی خه‌ڵک له راده‌ربڕین و ره‌خنه گرتنی ئاشکرا له ده‌سه‌ڵات: داواکردنی شه‌فافیه‌ت له بودجه، خزمه‌تگوزاری و باسکردنی که‌موکوڕی و که‌مته‌رخه‌میه‌کانی حکومه‌ت؛
4- په‌رله‌مانێکی کارا تر و زیندوتر له جاران؛
5- داهێنانی نه‌ریتی سه‌ردانی مه‌یدانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ له نزیکه‌وه ئاگاداربون له کێشه‌کانی جه‌ماوه‌ر؛
6- پێداگری باش له جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی په‌رله‌مان: یاسا دانان، چاودێری کاره‌کانی حکومه‌ت و بودجه؛
7- هه‌نگاونانی باش بۆ به دامه‌زراوه‌کردنی کار و بڕیاردان.
8- هه‌وڵدان بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سڵاتی حیزب له حکومه‌ت، په‌رله‌مان، دادوه‌ری و په‌روه‌رده.
ئه‌مانه هه‌نگاو و سه‌ره‌تایه‌کی باشن، نه‌توانینی گۆڕانیش له جێبه‌جێکردنی هه‌مو ئه‌رکه‌کانی له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی رابردودا، جگه له که‌موکوڕیه‌کانی خۆی زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاشنانهبونی ده‌سه‌ڵات به هێزی ئۆپۆزسیۆن و تازه‌یی ئه‌م هێزه له بواری عه‌مه‌لی. چونکه ده‌سه‌ڵاتی کوردی به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی حیزبی ره‌ها بوه، راهاتوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆی بریارده‌ر و جێبه‌جێکه‌ر و چاو‌دێر بێت. له بواری حوکمڕانیشدا هه‌ر حیزب و له ناو حیزبیشدا تاکه که‌س مه‌رجه‌عی په‌رله‌مان و حکومه‌ت و دادوه‌ری بێت. ئومێد و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ساڵانی دادێ ئۆپۆزسیۆن رۆڵی ته‌واوی خۆی ببینێ له جێ به‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی، ده‌سه‌ڵاتیش بفامێته‌وه و به خۆیدا بچێته‌وه.