Print
 
 میدیا ‌و مه‌یمون
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Wednesday, August 11, 2010

رۆژنامه‌نوسیی ئاكاره‌، ئاكارێكی به‌رزیشه‌، ئاكاره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت، حه‌قیقه‌تی تاڵ‌، یان شیرین، مێژوی كورد پڕه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئه‌و رێگه‌ ئاكارییه‌، میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان‌و پیره‌مێردو حوزنی موكریانی‌‌و ..هتد، په‌یڕه‌وی ئه‌و ئاكاره‌یان كرد، ئاكاره‌ بۆیه‌ ئه‌دمۆند بۆرك، بۆ یه‌كه‌م جار له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانی رۆژنامه‌نوسانی به‌ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ناوبرد، له‌ ساڵـی‌ (1834)ه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانی جێگه‌ی رۆژنامه‌نوسان دیاری كرا، دره‌وشاوه‌یی به‌ریتانیا به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به‌و مێژوه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ساڵی‌ (1834)ه‌وه‌ رۆژنامه‌نوسان حه‌قیقه‌تی په‌رله‌مان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك، كه‌چی لێره‌ نابێت قسه‌ له‌ حه‌قیقه‌ت بكرێت، رۆژنامه‌نوسی ئاكاره‌ بۆیه‌، له‌م رۆژانه‌دا میدیاكاران له‌ دنیادا وه‌ك فریادڕه‌س ته‌ماشایان ده‌كرێت، ئاكاره‌ بۆیه‌، كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی جه‌زیره‌و عه‌ره‌بییه‌ كورسی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بیان هێناوه‌ته‌ زه‌لزه‌له‌، چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ كه‌ناڵی‌ (MBC2) فیلمێكم بینی‌، كه‌ چۆن كچه‌ رۆژنامه‌نوسێك له‌پێناوی دۆزینه‌وه‌ی راستیدا قوربانیی به‌خۆی ده‌دات، خۆزگه‌ رۆژنامه‌نوسانی كورد زۆرێكیان ئه‌و فیلمه‌یان دیبا، میدیاكاری راستی نه‌ خۆی هه‌ڵده‌په‌ڕێ‌، نه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌خاته‌ هه‌ڵپه‌ڕین، میدیاكاری راستی جیاوازه‌ له‌و مه‌یمونه‌ی ده‌یه‌وێت هه‌موان ببنه‌ مه‌یمون، به‌ڵام هه‌ر خۆی مۆزه‌كان بخوات، میدیاكاری راستی حه‌قیقه‌ت ده‌ڵێت‌و هیچی دیكه‌.

ئه‌براهام لینكۆڵن، قه‌بری له‌ وڵاتی بێ‌ رۆژنامه‌ پێخۆشتره‌، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت وڵات رۆژنامه‌ی نه‌بێ‌، قه‌بر هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام كام رۆژنامه‌، كام رۆژنامه‌نوس، ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی نه‌وت‌و رۆژنامه‌ی هه‌بو، هه‌مو شتێكه‌ رۆژنامه‌نوس نه‌بێت.

میدیا گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵ‌‌و ده‌سه‌ڵات ده‌كات، ئه‌گه‌ر میدیا بێت، گه‌رنا هه‌ردولا وێران ده‌كات، میدیاكاری راستی هه‌رگیز سوكایه‌تی به‌ هاوپیشه‌كانی ناكات، میدیاكاری راستی حیزبی، یان ئه‌هلی‌ هه‌میشه‌ ئه‌ركی روناكکردنه‌وه‌ی به‌رچاوی كۆمه‌ڵ‌‌و ده‌سه‌ڵاته‌.. ته‌نانه‌ت له‌نێو میدیای حیزبی‌ كوردیدا ده‌یان‌و سه‌دان ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ ده‌ركه‌وتون دیاره‌ له‌ په‌نای ئه‌وه‌وه‌ دڕك‌و داڵیش ده‌ركه‌وتن، ئه‌وه‌ش شتێكی ئاساییه‌، به‌ڵام كه‌ بژار نه‌بێت كاره‌ساته‌، میدیاكاری راستی بێگه‌ردترین ئاوێنه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ بزانین، مێژو ئه‌گه‌ر درۆزنه‌كان بینوسنه‌وه‌ ده‌بێته‌ زبڵ‌، ئه‌گه‌ر راستگۆكان بینوسنه‌وه‌ ده‌بێته‌ زێڕ، عه‌یب نییه‌ له‌ مێژوی تاك‌و كۆمه‌ڵدا كه‌موكوڕیی‌و چه‌وت‌و چێڵی هه‌بن، عه‌یب ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ باس نه‌كرێن، میدیاكاره‌كان ئاوێنه‌ی ساده‌و ساكارو رون‌و بێته‌ڵخی‌ رۆژگاری خۆیانن، ده‌رچون له‌و رێگه‌یه‌ كارێكی دیكه‌یه‌، نه‌ كاری میدیا، لـێ‌ له‌نێو دنیای میدیاشدا رێكده‌كه‌وێت مافیاكار هه‌بێت.

هیچ میدیاكارێكی راستی بۆ پاره‌ ئیش ناكات، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا كاره‌ساته‌ له‌ مافی خۆی بێده‌نگ بێت، ئه‌وی له‌ مافی خۆی بێده‌نگ بو، ناتوانێت داوای مافی ئه‌وانی دیكه‌ بكات، پێشمه‌رگه‌ بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ بو شه‌ڕی ئازادیی بۆ خۆیی‌‌و بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌كرد، هیچ میدیاكارێكی راستیش له‌ مافی خۆی زیاتر داوا ناكات، كه‌ ئه‌وه‌ی كرد ئه‌وه‌ میدیاكار نییه‌، خودا له‌ قورئاندا ته‌نێ‌ به‌ناوی دۆزه‌خه‌وه‌ ده‌ڵێت: (زیاتر هه‌یه‌) ره‌نگه‌ دۆزه‌خ بۆ ئه‌و جۆره‌ خراپ نه‌بێت، پیره‌مێردی شاعیرو رۆژنامه‌وان جگه‌ له‌ شڕه‌ چاپخانه‌یه‌ك، كه‌ سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ی سلێمانییه‌، له‌ قه‌له‌نده‌رێكی روت‌و ره‌جاڵ‌ زیاتر نه‌بو.

بۆ میدیاكار سوكایه‌تیكردن به‌ هه‌ر كه‌سێك سوكایه‌تیكردنه‌ به‌خۆی، دنیای باشتر به‌وه‌ دێته‌دی كه‌ لانی كه‌م راستگۆبین له‌وه‌دا، كه‌ ده‌ینوسین، نه‌ك له‌پشت هه‌ر نوسینێكمانه‌وه‌ نیازێكی قێزه‌ون هه‌بێت، میدیاكاری راستی پێویستی به‌ ده‌روێش نییه‌، ئه‌و قه‌ڵه‌مێكی گه‌ره‌كه‌و به‌س، قه‌ڵه‌م ویژدان‌و ئاكاری میدیاكاری راستییه‌، میدیاكاری راستی خاوه‌نی هه‌مو ئه‌و نوسینانه‌یه‌، كه‌ ده‌ینوسێت، با بارودۆخیش گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌لی‌، گه‌وره‌ میدیاكاری عه‌ره‌ب له‌ هه‌رچی نوسیویه‌تی په‌شیمان نییه‌، لـێ‌ سه‌رده‌مێك له‌ سه‌رده‌مێكی‌ دی‌ جیاوازه‌، ئه‌ركی میدیاكاری راستی هه‌وڵدانه‌ بۆ دنیای باشتر، كێ‌ ئه‌وه‌ی نه‌كرد به‌دوی ناسنامه‌كه‌یه‌كی دیكه‌یدا بگه‌ڕێت.

Sbeiy.com © 2007