Print
 
 (یه‌كێتی‌ و گۆڕان)
لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Thursday, August 19, 2010

له‌و رۆژه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هاتۆته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ دۆخێكی‌ گرژدا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئیدی‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوان ئه‌م دو لایه‌نه‌ هه‌روا بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ لۆژیكی‌ سیاسیی‌ پێمان ناڵێت؛ كه‌ تا هه‌تایه‌ ئه‌م دو لایه‌نه‌ وه‌ك دو لایه‌نی‌ دژ به‌یه‌ك بمێننه‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردودا، هه‌رێمی‌ كوردستان دو هه‌ڵبژاردنی‌ زۆر گرنگی‌ تێپه‌ڕاند. كه‌ ململانێیه‌كی‌ سه‌ختیان به‌خۆه‌وه‌ بینی‌‌و هه‌مو لایه‌كی ماندوكرد، ئێستا پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان (تای هه‌ڵبژاردن) له‌گوتاری‌ سیاسییان داببڕن‌و دۆخه‌كه‌ ئاسایی‌ بكرێته‌وه‌‌و به‌ رۆحیه‌تی‌ یه‌كترقبوڵكردنه‌وه‌ كاربكه‌ن.

به‌ هاتنه‌كایه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك هێزێكی‌ نوێ‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ سیاسیی‌ كورددا، گۆڕانی‌ دراماتیكی‌ له‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمدا رویدا، كه‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك له‌ سودی‌ پررۆسه‌ی‌ به‌ دیموكراتیزه‌كردنی‌ هه‌رێم دایه‌.

سه‌ردانی‌ وه‌فدێكی‌ یه‌كێتی‌ بۆلای‌ به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ نێردراوی‌ به‌ڕێز تاڵه‌بانی‌ بون، هه‌نگاوێكی‌ ئیجابی‌ و دڵخۆشكه‌رانه‌یه‌ به‌ئاقاری‌ ئاسایكردنه‌وه‌ و كۆتای‌ هێنان به‌گرژیه‌كانی‌ نێوان هه‌ردولا.

به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌ چاوپێكه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیدا له‌ كه‌ناڵی‌ (knn)، سه‌باره‌ت به‌ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ و یه‌كهه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان قسه‌كی‌ واقیعبینانه‌ی‌ كردوه‌؛ "ئێمه‌ ئومێده‌وارین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ باشبێت". هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌، هه‌مومان له‌یه‌ك شوێندا ده‌ژین، كه‌ ناوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، پێمان خۆشبێت ‌و پێمان ناخۆشبێت، چاره‌نوسمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌".

 ئه‌م قسه‌یه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان گوزارشتێكی‌ زۆر واقیعبینانه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ به‌وردی لێكبدرێته‌وه‌.

زۆر شتی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان یه‌كێتی‌ ‌و گۆڕاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا یه‌كێتی‌ پێی‌ گه‌وره‌بوه‌، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ ره‌نجی‌ هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌ دیاره‌كانی‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوه‌، ته‌نانه‌ت ئێستا سه‌دان بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌هید و قوربانیانی‌ شۆڕشی‌ نوێ، ناتوانن ناسنامه‌كانیان یه‌كلایی‌ بكه‌نه‌وه‌ ‌و بڵێن؛ ئه‌مه‌ هی‌ یه‌كێتییه‌، یان گۆڕان!.

یه‌كێتی‌ ناتوانێت ئینكاریی‌ له‌ بونی‌ گۆڕان بكات، چونكه‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ سلێمانی‌ یه‌كه‌م بوه‌و له‌ ئاستی‌ هه‌رێمیش دوه‌م ده‌نگی‌ هێناوه‌، هه‌روه‌ك گۆڕانیش ناتوانێت یه‌كێتی‌ نادیده‌بگرێت، كه‌ هێزێكه‌ له‌ ئاستی‌ ناوخۆ‌و عێراقدا حیساباتی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان له‌ناو سه‌ركردایه‌تی‌ و كادرانی‌ "ناوه‌ندی‌" یه‌كێتیدا، فشار هه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌كه‌یان، به‌ ئاڕاسته‌ی‌ كرانه‌وه‌ به‌ڕوی‌ گۆڕان‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا وه‌ك حاڵه‌تێكی‌ دیفاكتۆ.

ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ساحه‌ی‌ یه‌كێتی نیشتمانیدایه‌، بۆیه‌ یه‌كێتی‌ پێویستی‌ به‌ داڕشتنی‌ شێوازێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان‌و پێویسته‌ ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ رابردوی‌ ببێت، كه‌ پێشتر به‌رامبه‌ر لایه‌نگرانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌نجامیداون.

 پێویسته‌ گۆڕانیش دیدی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌ واقیعه‌ سیاسییه‌كه‌ بگۆڕێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان چاو به‌ سیاسه‌تی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ی‌ خۆیدا نه‌گێڕێته‌وه‌ له‌ڕوی‌ تێۆریی‌‌و پراكتیكییه‌وه‌، ناتوانێت گۆڕانی‌ نه‌وعی‌ بكات.

ئاساییبونی‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ ململانێی‌ سیاسی له‌نێوانیاندا نه‌مێنێت، به‌ڵكو بونی‌ ململانێی‌ سیاسیی‌ له‌نێوان ئه‌م دو هێزه‌و هێزه‌كانی‌ دیكه‌شدا، كارێكی‌ ئێجگار سروشتییه‌، كه‌ ده‌ڵێین پێویسته‌ ئیدی‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوان گۆڕان، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئاسایی‌ بكرێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ گۆڕان واز له‌ ره‌خنه‌گرتن بێنێت له‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی خۆیه‌تی‌ وه‌ك هێزێكی‌ كاریگه‌ری‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمدا.

من گومانم نییه‌‌و گه‌شبینم، كه‌ له‌دواڕۆژێكی‌ نزیكدا، چوارچێوه‌یه‌كی‌ باشتر ده‌دۆزرێته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندیی‌ له‌نێوان ئه‌م دو لایه‌نه‌دا، چونكه‌ مادام هه‌ردوكیان له‌ناو یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌دا كارده‌كه‌ن، ئه‌وا پێویستیان به‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن‌و یه‌كتری‌ قبوڵكردن‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ هه‌یه‌.

Sbeiy.com © 2007