Print
 
 کێ هۆکار و به‌رپرسه‌ له‌ باری خراپی که‌رکوک
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Friday, August 20, 2010

ماوه‌یه‌که‌ له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن باسی که‌رکوک ده‌کرێت، زۆربه‌ی بابه‌ته‌کان باس له‌ باری خراپی ئه‌و شاره‌ ده‌که‌ن. به‌ کورتی باسه‌کان بریتین له‌م سێ بابه‌ته‌‌‌:
1- که‌رکوک و ته‌عریب: مێژوی ده‌ستپێکرنی ته‌عریب له‌ که‌رکوک و ناوچه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای سیه‌کانی سه‌ده‌ی رابردو. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ نێشته‌جێکردنی بنه‌ماڵه‌ی ئال عوبێد ده‌ستی پێکرد له‌ ناوچه‌ی حه‌ویجه‌.

هاوردن و نیشته‌جێکردنی عه‌ره‌ب بۆ ناوچه‌ی که‌رکوک له‌و کاته‌وه‌ تا روخانی رژێمی به‌عس به‌ پلانێکی داڕێژراو درێژه‌ی کێشا. دوای 10-4-2003 زۆربه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ به‌ لێشاو و به‌ په‌له‌ که‌رکوکیان جێهێشتو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی لێوه‌ی هاتبون یان هێندرابون. زۆری نه‌خایاند هه‌مو ئه‌م هاوردانه‌ به‌ ته‌زکیه‌ی پارتی و یه‌کێتی گه‌ڕانه‌وه‌ که‌رکوک و دوباره‌ به‌بێ ترس له‌م شاره‌ نیشته‌جێبون.‌ هه‌ویه‌ دروستکردن و سه‌ردانیکردنی سه‌ره‌ک عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌کان بۆ لای سه‌رکردایه‌تی کورد به‌ یه‌کجاری ترسی لای ئه‌و هاوردانه‌ ره‌وانده‌وه‌.

قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی ئه‌م هاوردانه‌ به‌پێی ماده‌ی 140 نه‌ بوه‌ هۆی گه‌‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌کانی خۆیان ئه‌گه‌رچی به‌شێکیان تۆماری نفوس و خۆراکیان گواسته‌وه‌.

هۆیه‌کی دیکه‌ی هاتنی عه‌ره‌ب بۆ که‌رکوک بونی کاری تیرۆرستی بو له‌ ناوچه‌کانی وه‌ک دیاله‌، به‌غدا و خواروی عێراق. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ سه‌رکردایه‌تی کورد جگه‌ له‌ ماده‌ی 140 نه‌ک هیچ به‌رنامه‌یه‌کی خۆیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوه‌، به‌ڵکه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ناویانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌م کێشه‌یه‌ی ئاڵۆزتر کردوه‌.

2-  که‌رکوک و نه‌وت: له‌سه‌ره‌تای مانگی حه‌وت بۆرییه‌کی نه‌وت له‌ ژێر گه‌راجێکی ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر جاده‌ی دو سایدی گه‌ڕه‌کی ره‌حیم ئاوا کون کرابو، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک شه‌وانه‌ نه‌وتی لێ ده‌ده‌زرا. کاتێک ئه‌م نه‌وت دزینه‌ ئاشکرابو، ده‌سه‌ڵات له‌ که‌رکوک بڕیاریدا به‌ روخانی ئه‌و گه‌راجه‌ و سه‌رجه‌م خانوه‌کانی ده‌وروبه‌ری. جگه‌ له‌م ئیجرائاته‌ به‌رپرسانی که‌رکوک هیچ هه‌نگاوێکیان نه‌نا بۆ دۆزینه‌وه و گرتنی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ کاری کونکردنی ئه‌و بۆرییه‌ و بردنی نه‌وته‌که‌ هه‌ڵسابون. جگه‌ له‌م کاره‌ش چه‌ند ساڵێکه‌ به‌به‌رده‌وامی شه‌وانه‌ به‌ ته‌نکه‌ر نه‌وت له‌ که‌رکوکه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر و سلێمانی ده‌چێت.

3- که‌رکوک و خزمه‌تگوزاری: له‌ دوای 10-4-2003وه‌ کێشه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانی که‌رکوک له‌ زیادبونی به‌رده‌وامدایه‌. ئه‌و کێشانه‌ بریتین له‌:
- نه‌بونی یا که‌می ئاو و کاره‌با؛
- خراپی جاده‌ و کۆڵانه‌کان، له‌ هه‌ندێ لا کۆڵان و جاده‌ هێند خاشوخۆڵاکی لی کۆبۆته‌وه‌ له‌ زبڵدان ده‌چن؛
- پیسی ژینگه‌ی شار؛
- که‌می نه‌وت و به‌نزین؛
-  نه‌بونی شوێنی گه‌ڕان و پشودان. گه‌نجان ناچارن ئێواران له‌ قه‌راغی جاده‌ی سلێمانی و هه‌ولێر دابنیشن. گه‌نجه‌کان ئه‌و گردۆلکانه‌یان ناوناوه‌ گردی پیرۆز.
- رفاندن و کوشتن.
 
له‌ناو ده‌یان کێشه‌ی تری که‌رکوکدا ئه‌و سێ کێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ بونه‌ته‌ کێشه‌ی رۆژانه‌ و خه‌ڵکی که‌رکوکی توشی ده‌رده‌سه‌ری کردوه‌ و به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌تلێنه‌وه‌.. .ئه‌مه‌و ده‌یان ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی نا به‌جێی رۆژانه‌ هۆکاری خه‌ڵک رژانه‌ سه‌رشه‌قام و رێپێوانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و وتنه‌وه‌ی هه‌ندێ دروشمی نابه‌جێن. وتنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمانه‌ش نیشانه‌ی جام پڕبونه‌ لای خه‌ڵکی که‌رکوک.

ده‌سه‌ڵات له‌ که‌رکوک:
راسته‌ که‌رکوک فره‌ پێکهاته‌یه‌ و بودجه‌ و بڕیاره‌ ئیداریه‌کان له‌ به‌غداوه‌ ده‌درێن. به‌ڵام له‌ راستیدا و له‌ سه‌ر زه‌وی کورد له‌و شاره‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ و حوکمڕانی ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ده‌سه‌ڵاتێکی حیزبییه‌، یه‌کێتی و پارتی ئه‌و لێپرسراوانه‌یان داناوه‌. هۆیه‌کی تری کێشه‌کانی که‌رکوک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌کان به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێشینه‌ی حیزبیان نییه‌ و له‌ ناو حیزبدا خاوه‌ن پله‌ نین. به‌رپرسه‌ حیزبییه‌کان رێگریان بۆ دروست ده‌‌که‌ن و دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه‌، لێره‌و له‌وێ پروپاگه‌نده‌یان دژ ده‌که‌ن. بۆیه‌ به‌رپرسیاری سه‌رجه‌م کاره‌ باشه‌کان و که‌موکوڕی و که‌مته‌رخه‌مییه‌ زۆره‌کانی که‌رکوک له‌ ئه‌ستۆی لێپرسراوان‌ و ئه‌و دو حیزبه‌یه‌.

چاره‌سه‌ر:
- فشار خستنه‌ سه‌ر به‌غدا بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک.
- گۆڕینی ئه‌و به‌رپرسه‌ ئیداریانه‌ی له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ دانراون و حیزب ده‌توانێ بیانگۆڕێ. ئه‌م به‌رپرسانه‌ ماوه‌ی 7 ساڵه‌ له‌و جێگایانه‌ کارده‌که‌ن و نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ جێی ره‌زامه‌ندی دانیشتوانی که‌رکوک.
-  بایه‌خدانی سه‌ره‌کی به‌ نه‌هێشتنی کێشه‌ی ئاو و کاره‌با و پاک کردنه‌وه‌ی شار. ئه‌مه‌ش به‌ ته‌رخانکردنی به‌شێکی دیاریکرا و له‌ بودجه‌ی 2011 و ئه‌و یه‌ک دۆلاره‌ی له‌ هه‌ر به‌رمیل نه‌وتێک دێته‌ سه‌ر داهاتی که‌رکوک.
- ئیداره‌ی که‌رکوک پێویسته‌ زیاتر به‌رامبه‌ر به‌غدا بونی خۆی بسه‌لمێنی، بۆ به‌دواداچونی ئیش و کاره‌کان له‌ وه‌زاره‌ته‌کانی به‌غدا پێویسته‌ ئیداره‌ی که‌رکوک ئۆفیسێکی کارای له‌ پایته‌خت هه‌بێت.
- ئه‌و هاوکاریانه‌ی حکومه‌تی کوردستان و حیزبه‌کان ده‌یده‌ن به‌ که‌رکوک له‌ رێگای ئیداره‌ی که‌رکوکه‌وه‌ بێت نه‌ک له‌ رێگای دامه‌زراوه‌ حیزبییه‌کانه‌وه‌.
- لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه‌ی سه‌رفنه‌کراوی که‌رکوک بۆ به‌غدا له‌چه‌ند ساڵی رابردودا. پلان دانان بۆ دوباره‌نه‌بونه‌ی له‌ داهاتودا.

هه‌ر که‌مته‌رخه‌میه‌ک له‌هه‌نگاو‌نان بۆ دانانی پلانی چاره‌سه‌ری گونجاو و به‌ په‌له‌ بۆ کێشه‌ ئیداری و خزمه‌تگوزاریه‌کانی که‌رکوک باری شار خراپتر ده‌کات، کاریگه‌ری سه‌لبی ده‌بێت بۆ پشتگیری کردنی به‌شێکی کوردی که‌رکوک له‌ کوردستانیبونی ئه‌و شاره‌ و ئاماده‌ نه‌‌بونی وه‌ک پێویست له‌ پرۆسه‌ی ئاماری 10-2010 . خه‌ڵکی که‌رکوک چیتر ناتوانێت دان به‌ خۆدا بگرێت و له‌ ژیانی کوله‌مه‌رگیدا بژێت. له‌و بار گرژییه‌ی ئێستا و داهاتوشدا ته‌نها ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیاره‌.

Sbeiy.com © 2007