Print
 
 کیتله‌ی عه‌ره‌بی و تورکمانی و پرۆسه‌ی ئامار له‌ که‌رکوک
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Monday, September 20, 2010

 به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدان له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب یا تورکمان یا هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر، یان خه‌ڵکی هه‌ر وڵاتیک، باس له‌ که‌رکوک و رابردوی مێژویی بکات، هه‌قه‌ له‌م دو خاڵه‌ بڕوانێت:

1- خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی کورد و هه‌مو ئه‌و قوربانیانه‌ی داویه‌تی‌ له‌ پێناو ئازادی به‌ گشتی و شار و شارۆچکه‌ و گونده‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان به‌ تایبه‌تی‌؛

2- خاپورکردنی سه‌رجه‌م شوێنه‌ کوردنشینه‌کانی ئه‌و ناوچانه‌، گۆڕینی ناوه‌ کوردییه‌‌کان بۆ ناوی عه‌ره‌بی، نیشته‌جێکرنی عه‌ره‌ب له‌جێی کوردان له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراقه‌وه‌. راسته‌ له‌م شاڵاوه‌ تورکمان و چه‌ند گوندێکی تورکمان نشینی به‌ر که‌وتوه‌، به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌ کورد، ئه‌م زیانه‌ که‌متر له‌ په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست ده‌ژمێردرێت.

به‌ده‌ر له‌ به‌ڵگه‌ مێژوییه‌کان و زۆرینه‌ی کورد له‌ که‌رکوک ئه‌و دو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ڕونی ئاماژه‌ن بۆ کوردستانی بونی هه‌مو ئه‌و ناوچانه‌.

حکومه‌تی عێراق و پێکهاته‌کانی عێراق گه‌ر ده‌یانه‌وێ یه‌ک پارچه‌یی خاکی عێراق بپارێزن، پێویسته:
1- ‌ زۆر ژیرانه‌ و به پڕفامیه‌وه‌ له‌و دو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ بگه‌ن.
2-  تا زوه‌ پێدابگرن له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی به‌نده‌کانی ماده‌ی 140؛
3- ده‌نگدانی کورد بۆ ئه‌م ده‌ستوره‌ی عێراق به‌ تایبه‌تی ماده‌ی 140 له‌ژێر کاریگه‌ری و به‌ هارهێنانه‌ جۆکی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد بو، ئه‌گینا هیچ کوردێک ئاماده‌ نییه‌ زه‌وی خۆی و ماڵی خۆی بخاته‌ به‌ر چه‌قۆی راپرسییه‌وه‌. حکومه‌تی عێراق ده‌بێت بزانێت و پێێ بزانێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ی له‌ خۆشباوه‌ڕییه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی کورد نای زیاتر له‌ به‌ر به‌ ته‌نگه‌وه‌هاتنی عێراقی نوێ‌ بو. چونکه‌ کاتی ده‌نگدان به‌و ده‌ستوره‌ نه‌ک هه‌ر به‌غدا ده‌ستی داری نه‌گرتبو به‌ڵکه‌ به‌ده‌ست شه‌ری مه‌زهه‌بی و تایه‌فیه‌وه‌ ده‌تلایه‌وه‌.

 له‌ کاتێکدا گه‌لی کورد زۆری پێخۆشه‌ نه‌ک له‌ که‌رکوک، به‌ڵکه‌ له‌ سێ شاره‌که‌ی تری هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی عێراقدا بژێت. له‌ که‌رکوکی ناو هه‌رێمی کوردستانیشدا هه‌مو ئه‌و پێکهاتانه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ستوری هه‌رێمدا هه‌مان مافی تاکێکی کوردیان هه‌بێت، به‌شداربن له‌ حکومه‌تی هه‌ریم و له‌ ناوه‌ندی بڕیاریشدا شوێنی شیاوی خۆیان هه‌بێت. باشتر وایه‌ ئه‌و دو کیتله‌یه‌ به‌ تایبه‌تی کیتله‌ی تورکمانی له‌م باره‌وه‌ پرۆژه‌یان هه‌بێت.

هه‌ردو کیتله‌ی عه‌ره‌بی و تورکمانی باشتر وایه‌ خوێندنه‌وه‌ی دروست بکه‌ن بۆ کێشه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان، به‌ دوای هۆکار و کاتی دروستبونی ئه‌و کێشانه‌ بگه‌ڕێن. نه‌ک کێشه‌که‌ ببینن وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا رویداوه‌. ئه‌گه‌ر بێته‌ سه‌ر ره‌خنه‌ و گله‌یی له‌ ئه‌دای په‌رپرسانی حیزبی و ئیداری ( کوردی، عه‌ره‌بی و تورکمانی) له‌ که‌رکوک، ئه‌وانه‌ی بونه‌ته‌ هۆی زیاتر ئاڵۆزبونی ئه‌و کێشه‌یه‌، ئه‌وا خه‌ڵکی کورد له‌وان زیاتریان هه‌یه‌. رێپێوان و ناڕه‌زاییه‌کانی گه‌ڕه‌که‌کانی شۆڕیجه‌ و په‌نچا عه‌لی... تاد شایه‌دی بێزاری خه‌ڵکه‌ له‌ خراپی باری که‌رکوک.

 ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمان و گومانه‌ هه‌ڵوێستی کیتله‌ی عه‌ره‌بی و تورکمانییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ که‌رکوک. چه‌ند ساڵێکه‌ ده‌یانه‌وێ ته‌گه‌ره‌ بخه‌نه‌ پێش هه‌ر هه‌نگاوێک له‌ قازانجی که‌رکوک بنرێت. جارێک دژی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕی و بون به‌ هۆی ئه‌نجام نه‌دانی. ئه‌و‌ هه‌ڵوێسته‌ی بوه‌ هۆی درێژکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئێستا حوکمی شار ده‌که‌ن...

 ئێستاش به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی ئامار، له‌ کاتێکدا له‌ هه‌مو عێراقدا ئاماده‌کاری بۆ کراوه‌ و بریاره‌ له‌ مانگی 10 ی ئه‌م سالدا بکرێت، ئه‌و دو کیتله‌یه‌ به‌ نیازن به‌ هه‌ندێ بیانوی زۆر نابه‌جێ کۆسپ بخه‌نه‌ رێگه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌. له‌ وڵاتێکی فره‌ نه‌ته‌وه‌ی وه‌ک عێراقدا،‌ تێیدا ده‌یان ساڵه‌ مافی چه‌ند پێکهاته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی پێشێڵ ده‌کرێت، پێویسته‌ قه‌واره‌ی هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک بزاندرێت. له‌ وڵاتانی دونیا نه‌ک هه‌ر ژماره‌ی پێکهاته‌کان دیاری کراوه‌ به‌ڵکه‌ ژماره‌ی هه‌مو جۆره‌ ئاژه‌ڵێکیش به‌ ماڵی و کێوییه‌وه‌، جۆری هه‌مو دره‌خته‌کان ده‌زاندرێ‌. به‌ڵام پێده‌چێ ئه‌و دو کیتله‌یه‌ نایانه‌وه‌ێ له‌ گرنگی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بگه‌ن!‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جێێ گومان و پرسیاره‌!. بۆیه‌ نابێت رێگه‌بدرێت پرۆسه‌ی ئامار به‌ ده‌ردی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بچێت.

Sbeiy.com © 2007