Print
 
 کێشه‌کانی خوێندنی کوردی له‌ که‌رکوک
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Friday, October 1, 2010

له‌ سایتی سبه‌ی له‌ باره‌ی خوێندن به‌ زمانی کوردی ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ سایتی سبه‌ی خوێنده‌وه‌ " شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده‌: ره‌وشی خوێندنی زمانی كوردی له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌ره‌و لاوازبون ده‌چێت". تێیدا چه‌ند پسپۆر و شاره‌زایه‌کی په‌روه‌رده‌ باس له‌ ره‌وشی خویندن به‌ زمانی کوردی ده‌که‌ن له‌ که‌رکوک.
ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌رنجی راکێشام بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی له‌ 16/7/2010 بۆ په‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانم ناردوه‌. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێزان
جه‌نابی کاک به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکی وه‌زیران
جه‌نابی کاک که‌مال که‌رکوکی سه‌رۆکی په‌رله‌مان
کاک سه‌فین دزه‌یی وه‌زیری په‌روه‌رده‌
سڵاو و رێز

پێشنیار بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی کوردی له‌ که‌رکوک
دابینکردنی که‌ره‌سته‌کانی خوێندن له‌ دوای 9-4-2003 ، جێی ده‌ستخۆشی و پێزانینه‌. له‌گه‌ڵ بونی که‌موکوڕی زۆر و دیاربونی مۆرکی حیزبی له بواری په‌روه‌رده‌،‌ رۆڵی مامۆستایانی که‌رکوک و حیزبه‌کان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌و کاته‌ دیار و به‌رچاوه‌.

به‌ گشتی تێبینی ده‌که‌م دوای 7 ساڵ له‌ ده‌ستپێکردنی خوێندن به‌ زمانی کوردی له‌ بری ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی کوردی له‌ که‌رکوک به‌ره‌و پێش بچێت و مناڵانی کورد رو له‌ خوێندن به‌ زمانی دایک بکه‌ن، هه‌ست به‌ دواکه‌وتن و‌ دورکه‌وتنه‌وه‌ ده‌کرێت. وه‌ک نمونه‌: به‌رده‌وامنه‌بونی ده‌یان خوێندکاری کورد له‌ خوێندن یان له‌ ده‌ستدانی به‌لای که‌مه‌وه‌ ساڵێکی خوێندن دوای ته‌واوکردنی خوێندنی ئاماده‌یی یه‌کێک له‌و زیانانه‌یه‌ به‌ر خوێندکاران که‌وتوه‌. چه‌ند ساڵێکه‌ سه‌رپه‌رشتیارانی قوتابیانی کورد هانی مناڵه‌کانیان ده‌ده‌ن رو له‌ خوێندن به‌ زمانی عه‌ره‌بی و قوتانبخانه‌ ئه‌هلییه‌کان بکه‌ن.

بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی په‌روه‌رده‌ له‌ که‌رکوک ئه‌م پێشنیارانه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌ر ده‌ست به‌ڕێزتان:
1- رێکخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌شی خوێندنی کوردی و په‌روه‌رده‌ی گشتی که‌رکوک. به‌پێی ده‌ستور پێویسته‌ وه‌ک یه‌ک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی و عه‌ره‌بی بکرێت، به‌ڵام نا هاوسه‌نگی زۆر به‌دی ده‌کرێت.
2- حکومه‌تی ناوه‌ند پێویسته‌ ره‌زامه‌ند بێت له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌مو مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر و ئه‌و کارگوزاره‌‌ که‌رکوکیانه‌ی له‌ سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دامه‌زراون بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک.
3- دامه‌زراندنی یاریده‌رێکی کورد بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی که‌رکوک؛
4- ئه‌گه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ند خاڵه‌کانی 1 و 2 و 3 جێبه‌جێ نه‌کات، پێداگری له‌سه‌ر دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی گشتی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت به‌ خوێندنی کوردی؛
5- گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی خوێندنی کوردی به‌ که‌سێکی شیاو؛
6- ده‌ستنیشانکردنی به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ری قوتابخانه‌کان ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای پسپۆری، لێهاتویی و‌ شاره‌زایی له‌بواری کارگێڕیدا بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باشتر وایه‌ خولی کارگێری بکرێته‌وه‌، ماوه‌ی ئه‌م خوله‌ش له‌ 3 مانگ که‌متر نه‌بێت. به‌هه‌مان شێوه‌ بایه‌خ به‌ کردنه‌وه‌ی خول بدرێت بۆ مامۆستایان به‌ مه‌به‌ستی ئاشنابون به‌ گۆڕانکارییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کان و به‌هێزکردنی فێربونی زمانی کوردی.
7- پێداچونه‌وه‌ به‌ دابه‌شکردنی مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر و کارگوزاران به‌سه‌ر قوتابخانه‌کاندا له‌ شار و لادێ. جێبه‌جێکردنی ئه‌م ئه‌رکه‌ پێویست به‌ دانانی لیژنه‌یه‌ک له‌ سه‌رپه‌رشتیاران ده‌کات؛
8- ده‌وامی قوتابخانه‌ و خوێندنگاکان بکرێت به‌ 6 رۆژ له‌ هه‌فته‌یه‌کدا. مۆڵه‌تدانی مامۆستاش به‌پێی یاسا و رێنماییه‌کان بێت؛
9- چاره‌سه‌رکردنی که‌می ژماره‌ی بینای قوتابخانه‌ به‌ ره‌چاوکردنی مه‌رجه‌کانی په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ؛
10-  له‌ ئێستادا مامه‌ڵه‌کردنی قوتابیانی ناوچه‌ دابڕاوه‌کان به‌ هه‌مان شێوه‌ی خوێندکارانی هه‌رێمی کوردستان له‌ وه‌رگرتنیان له‌ زانکۆکانی هه‌رێم و خوێندنی باڵا؛
11-  په‌له‌ بکرێت له‌ کردنه‌وه‌ی زانکۆیه‌ک له‌ که‌رکوک هاوشێوه‌ی زانکۆکانی هه‌رێم. له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا چه‌ند کۆلێژێک بکرێته‌وه‌ سه‌ر به‌ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان، تێیدا ره‌چاوی خوێندن بکرێت به‌ هه‌ردو زمانی کوردی و عه‌ره‌بی.
12-  دابینکردنی ده‌رماڵه‌ بۆ خوێندکارانی به‌شی زمانی کوردی له‌ کۆلیژی په‌روه‌رده‌ی زانکۆی که‌رکوک و په‌یمانگای پێگه‌یاندنی مامۆستایان هاوشێوه‌ی قوتابیانی زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان؛
13-  دابینکردنی سولفه‌ی عه‌قار بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستانن؛
14-  چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ په‌رتوک، پرۆگرامی خوێندن و سیسته‌می نوێی خویندن؛
15-  ئاماده‌کاری بۆ به‌ستنی کۆنفرانسی په‌روه‌رده‌یی له‌ که‌رکوک؛
16-  دانانی لیژنه‌یه‌کی راوێژکار بۆ پشتگیری له‌ خوێندنی کوردی‌ و چاودێری کردن؛
17- پێداچونه‌وه‌ به‌ پرۆگرامی فێربونی زمانی عه‌ره‌بی بۆ خوێندکارانی کورد، چونکه‌ شاره‌زا‌بون به‌و زمانه‌ سود به‌ دواڕۆژیان ده‌گه‌یه‌نێ له‌ زانکۆکان و بواری دامه‌زراندن و کارکردن.

هیوادارم به‌ڕێزتان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ دواداچونی بۆ بکه‌ن و رێگاچاره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه‌.

من وه‌ک شاره‌زایه‌ک له‌ بواری په‌روه‌رده‌ ئاماده‌ی هه‌مو هاوکاریه‌کم. به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان بوارتان هه‌بێت له‌م باره‌وه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ زیاتر بدوێم و رونکردنه‌وه‌ی زیاتر بده‌م.

براتان
محمود محمد احمد ( ملا فرمان)
مامۆستای بیرکاری، فیزیا و به‌رمه‌جه‌ی کۆمپیوته‌ر، 4 ساڵ له‌ هۆڵه‌ندا مامۆستای ئه‌و 3 سێ وانه‌یه‌ بوم‌، چه‌ندین وتار و پرۆژه‌ی په‌روه‌رده‌ییم نوسیوه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان.
که‌رکوک، 16/7/2010

تێبینی
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سایتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ناونیشانی ئیلکترۆنی نه‌بو، تکایه‌ وێنه‌یه‌کی بۆ به‌ڕێزیان بنێرن.

Sbeiy.com © 2007