Print
 
 کشانەوەی گۆڕان، سەرەتا و ئه‌زمونێکی نوێ
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Monday, November 1, 2010

بەدرێژایی مێژوی نەتەوەکەمان دەسەڵاتدارانی کورد بەردەوام لە هزری نەتەوەییاندا گیرۆده‌ی چەمکێکی زاتی شمولی موتڵەق بون، دەرەنجام زەرەر بەپرسە نەتەوەییەکە گەیشتوە و بەدەگمەن توانیویانە خۆیان و هزرەکەی لێبپارێزن.
 
کشانەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئیتلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان رەنگدانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. گومانیش نیە کە بۆچون و هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی تر بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆشیانەوە داڕێژراون، هەریەک بەپێی هێزی پێگەکەی لە کوردستان و عێراق.

ئەو هێز و لایەنانە سەرپشکن چۆن ئەو بڕیارەی گۆڕان و دۆخە تازەکە هەڵدەسەنگێنن، وەلێ ئەم سەرپشکیە مانای ئەوە نیە کە راست و دروست بن لە حوکمەکانیاندا، گۆڕانیش دەستەوەستان نەوەستاوە چاوەڕوانی حوکمی ئەوان بکات و بە میلۆدیای ئەوان سەمای یەکڕیزی و نەتەوەیی جۆشبدات. پێوەری سەرەکی هەڵسەنگاندنی ئەم هەنگاوەی گۆڕان لە ئایندەدا و بەکردار دەردەکەوێت، بۆیە کارێکی سیاسی گونجاو نیە لە ئێستادا حوکم لە ئاکامەکانی بدرێت.

هەڵوێستی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم پێویستی بە هه‌ڵوه‌سته‌کردن هەیە، چونکە بەڕێزی سەرۆکی هەرێمە و بە دەستپێشخەری ئەویش ئەو ئیتلافیە دروستبو و هەوڵ و ماندوبونێکی زۆری لەو بوارەدا خستبوە گەڕ. لە رەتدانەوەی سەرۆکی هەرێم لە لایەک چەمکی عەقڵانیەت و هزری نەتەوەیی بەدیدەکرێن و لەلایەکی ترەوە، گەڕاوەتەوە بۆ تێگەیشتنە کلاسیکیەکەی یەکریزی نەتەوەیی و بەو بۆچونەش ناڕاستەوخۆ گۆڕانی لەو پرۆسەیە پەراوێزکردوە و بڕیارەکەی گۆڕانیش لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە بە هەڵە وەسفدەکرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان نە رۆبن هود و نە فریادرەسی نەتەوەییە و خۆشی وا نمایش نەکردوە. لە پرۆسەی هەڵبژاردندا متمانەیەکی زۆری خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە و لەو سەرچاوەیەوە کار بۆ ئەرک و بەرنامەی نەتەوەیی دەکات. گۆڕان و نوێنەرەکانی زادەی خێروبەرەکەتی هیچ لایەن و کەس و تاقمێک نین و بەرپرسەکانیشی نامۆ نین بە خەبات و بزافی کوردایەتی و لە سایەی رەحمەت و شەفاعەتی هیچ سەرکردە و کەسێکدا ئەو ئاستە بەرزەی بەرپرساریەتیان بەدەست نەهێناوە و تێدا نەماونەتەوە. ئەمە زەمینە بەهێز و تۆکمە و نەلەرزەکەی گۆڕان و سەرکردەکانیەتی.

بەشداری گۆڕان لە ئیتلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان پابەندبو بە ئومێدێک کە هەلێک لەو رێگەیەوە برەخسێت تا بە بۆچون و هاودەنگی هەمو لاکان دارشتنەوەیەکی نوێی نەتەوەیی بۆ چەمکی شەراکەت لە حکومەتی بەغدا سازبکرێت. ئەم ئومێدە لە یەکەم ساتەکانی چەکەرەکردنیدا بە ئەزمونی تاڵی شەراکەتی حیزبایەتی و بەدەستهێنانی پایە وپلە لە ساڵانی رابوردو لە ئەزمونی بەشداری دەسەڵاتدارانی کورد لە بەغدا تەنرابو. گۆڕان دوکانێکی سیاسی نیە تا بەپێی کەش و هەوای رۆژگار کاڵاکانی خۆی عەرزبکات و چەمکە سەرەکیەکانی کارکردنی لە سات و ئاندا بگۆڕێت.

لەماوەی ئەو ساڵانەدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا سەرکەوتو نەبون لە چەندین مەسەلەی چارەنوسسازی نەتەوەییدا، پشکی شێر لە هۆکارەکانی ئەم شکستە بۆ نوێنەرەکان دەگەڕێتەوە و بەتایبەت ئەوانەی کە بێ یەک و دو وەک نوێنەری حیزبەکانیان کاریان کردوە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکان هزری نەتەوەیی لە پرۆسه‌ی شەراکەت لەگەڵ عەرەبی شیعە و سوننەدا پاشەکشەشی کردوە، بۆ نمونە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان روبەڕوی تەعریب و جیاوازیکرنی نەتەوەیی بونەتەوە. بەلایەنی کەمەوە لوتکەی دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا سیستەماتیک ئەم سیاسەتە بەڕێوەدەبات، کەچی نوێنەرانی کورد کە بەشێکن لەو حکومەتە لەبەرامبەر ئەم سیاسەت و رەفتارکردنە بەعس ئاسایەدا نەیاتوانیوە بەلایەنی کەمەوە ئەو پرۆسەیە رابگرن و بەپێچەوانەوە رۆژانە رو لە هەڵکشاندنە.

کشانەوەی گۆڕان لەو ئیتلافیە کشانەوە نیە لە پرۆسە نەتەوەییەکە، بەڵکو واڵاکردنی دەروازەیەکی نەتەوەیی ترە و رەخساندنی دەرفەتێکی نوێیە بۆ گونجاندنی دید وبۆچونی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی تردا، بەتایبەت لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. خاڵە زۆرە هاوبەشەکانی گۆڕان و لایەنەکانی تر لە بەرنامەی کاری ئیتلافیەکەدا دیاریکراون و بەنیەتی پاک و هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هەمو لایەنە کوردیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانن لەو پرۆسەیەدا رۆڵی کاریگەری خۆیان ببینن بۆ بچڕاندنی گەورەترین بەشی ئەو داواکاریانە. کورد و تەنی کەڵەشێریش نەخوینێ رۆژ هەر دەبێتەوە، ئیتلافیەکەش تاقانە پێگەی نەتەوەیی نیە تا مۆری نەتەوەیی و یەکڕیزی بە پێکهاتەکانی کوردایەتی ببەخشێت. دەکرا ئەو چوارچێوەیە گەشەی پێبدرایە و لەگەمەی سیاسی و قۆرخکردن بپارێزرایە و بە کۆی گشتی هەمو لایەنەکان بکرایە بەو پلاتفۆرمە نەتەوەییە شەرعیە بەهێزەی لە بەرژەوەندی خاک و نەتەوەدا بوایە.

عەرەبەکانی عێراق بەچەندین قەوارە و حیزب و بزوتنەوە لە بەغدا بەشدارن، ئەو شتەی کە کۆیان ناکاتەوە هزری نەتەوەییە و ئەوەشی کە لە بەغدا کۆیکردونەتەوە چەمکەکانی تایفی و مەزهەبی و دوژمنایەتی مێژوییە و بۆیە لەسەر پۆدیۆمی بەناو دیموکراسی خەریکی کوشتن و سڕینەوەی یەکترن. خۆشبەختانە کورد لەم سیاسەت و رەفتارکردنە هەمەجیە خۆی پاراستوە. ئەم ساتەشی لەگەڵدابێت نەتەوە هەمومانی بەیەکەوە گرێداوە و هەر لایەنێک بەپێی دیدوبۆچونی خۆی و خاڵەکانی هاوبەشیشمان زۆرترن لەوانەی لەیەکمان دوردەخەنەوە.

لەم سەردەمەی دنیادا، کۆمەڵگا و هێزە سیاسی و بزوتنەوە و تەنانەت رەوتە فیکریەکانیش رو لە یەکە و چوارچێوە بچوکەکانی رێکخستن و کارکردن دەکەن، شێوە کلاسیکیەکەی سەردەمانی کوڵۆنیاڵیزم و شەڕی سارد بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی پێکهاتەکانی بزافە نیشتمانی و نەتەوەیی و رزگاریخوازەکان کاڵبونەوەی تەواوی پێوەدیارە. تەنانەت تێگەیشتن لە یەکڕیزی و پێناسەکردنی و یەک هەڵوێستی و کێ دۆست و دوژمنیشە جۆرەها لێکدانەوە و چەمکی جیاواز لەخۆ دەگرن. یەکڕیزی کورد تەنها بە حونجەکردنی چەند خاڵ و رستە و داواکارییەک نایەتەدی، وەلێ کرۆکی رەسەنی نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی تەنها کۆڵەکەیە کە هەمو هێز و رەوت و ئاڕاستە دڵسۆز و جیاکان لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە. ده‌کرێت ئه‌م کۆکردنه‌وه‌یه به‌ شێواز و رێگه‌ی جیا ئه‌نجام بدرێت و گرنگ نیه‌ت و ئاکامه‌.‌ لێرەدا کەس گومان ناخاتەسەر دڵسۆزی و پەرۆشی هیچ لایەنێک بەقەدەر ئەوەی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی جیاواز دەبێت ببنە ئەو جومگانەی کە کۆی گشتی لێیان بنیات دەکرێت. جا ئەو لایەنانە لە دەسەڵاتدا بن یا لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن. مەخابن ئیتلافیەکە نەیتوانی ئەو جومگانە بە شێوازێکی دروست و رەوا و گونجاو بەیه‌کەوە گرێیانبدات.

لەم روانگایەوە هەر سڕینەوە یا کەمکردنەوە یا پەراوێزکردنی قورسایی هەر لایەنێک لە کوردستان و لەسەر ئاستی عێراق تەواوی شەرعیەتی جەستەی نەتەوەیی لە سەرجەم پرۆسەکان دەخاتە گومانەوە و تەنها بەکۆی گشتی قورسایی هەمو لایەنەکان ئەو شەرعیەتە بەرجەستەدەکرێت و بەردەوام دەبێت.

Sbeiy.com © 2007