Print
 
 نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ و گوتاره‌کانی دوێنێ!
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Sunday, November 21, 2010

زیاتر له‌ 50 ساڵه‌، به‌ درێژایی پێنج ده‌یه‌، پێنج نه‌وه‌ی ده‌یی گوێ له‌ یه‌ک جۆره‌ گوتار ده‌گرن و له‌به‌ریان ده‌که‌ن، گوتارگه‌لێک به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ به‌ هه‌مان ئاواز له‌ گه‌رویه‌کی زبری ده‌مارگیر و شه‌ڕانگێزه‌وه‌‌ شان به‌شانی گولـله‌ خۆی ده‌دا به‌ گوێی ئه‌و پێنج نه‌وه‌یه‌دا، ئه‌م گوتارانه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ درێژه‌پێده‌ر و ته‌واوکه‌ری هه‌مان ئه‌و گوتارانه‌ زیاترنین، که‌ سه‌دان ساڵه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن کۆمه‌ڵگه‌ له‌ قاڵب بده‌ن و وجود و سنور و رۆڵی تاک ته‌لبه‌ند بکه‌ن.، ئه‌میان به‌ به‌رگێکی سپی ترسناک و ئه‌ویان به‌ پۆشینی به‌رگی سیاسی و‌ نیشتیمان په‌روه‌ری‌.

 به‌وردی گه‌ڕان به‌ناو دونیای ئه‌و گوتارانه‌، ده‌رده‌که‌وێت له‌ دوتوێیاندا ته‌نها دو خاڵ له‌ خۆ ده‌گرن و تا ئێستاش دوباره ده‌بنه‌وه‌:

یه‌که‌م:
هه‌وڵدان بۆ به‌ پیرۆزکردنی خاوه‌ن گوتاره‌کان و هه‌ڕه‌شه‌ی لانه‌دان به‌مو له‌و نه‌خشه‌ رێگایه‌ی دانراوه‌ و بریاری لێدراوه‌، هه‌ر لادانێک له‌و گوته‌ پیرۆزانه‌ لادانه‌ له‌ نیشتمانپه‌روه‌ری و پاڵدانه‌ به‌ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌وه، لاده‌ریش به‌ خائین ناوزه‌د ده‌کرێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌و تاکه‌ پیرۆزه مافی به‌خشینی ناسنامه‌ی نیشتیمانپه‌روه‌ری هه‌بێت و ئه‌و دیاری ده‌کات به‌ کێی ده‌به‌خشێ.‌
 
دوه‌م:
پیرۆزکردنی تاقمگه‌ری، ناوچه‌گری، عه‌شیره‌تگه‌ری، حیزبگه‌ری... و هه‌مو گه‌ریه‌کانی تر، ئه‌و پیرۆزکردنه‌ی زیانی زۆری به‌ که‌سایه‌تی تاک و به‌ بزوتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی گه‌یاندوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌کرێ تارمایی زیانی ئه‌م گوتارانه‌‌ به‌ ده‌یان ساڵی تر له‌ به‌رچاو و گوێی تاکی کورد نه‌ڕه‌وێته‌وه‌، له‌ڕوی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌‌ به‌شێ له‌ تاکی کوردی توشی دوڕویی و جۆره‌ جیاجیاکانی ده‌مارگیری و که‌می ئینتما بۆ خاک کردوه‌، وای له‌ تاک کردوه‌ ته‌نانه‌ت سروشتیش وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ نه‌بینێ، بواری ئه‌وه‌ی نه‌بێت بیر له‌ زه‌روره‌تی بونی خۆی بکاته‌وه‌ له‌نێو ئه‌و سنوره‌ پڕ سانسۆره‌ی بۆی دیاری کراوه‌.

ئه‌م ده‌مارگیرییه‌ له‌ ساته‌وه‌ختیکدا، ‌راده‌ی حه‌ڵاڵکردنی خوێنی برا و که‌سوکار و هه‌مو ئه‌و مرۆڤانه‌ی هاوڕا نه‌بون له‌گه‌ڵ گوتاره‌کان تێپه‌ڕاند‌، ئێستاش نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ گوێنه‌دان به‌ نیشتمان و نیشتمانپه‌روه‌ری‌، لای هه‌ندێکیش ئه‌م سنوره‌ی به‌زاندوه‌ و کوردایه‌تی و نیشتمان په‌روه‌ری به‌ موڵکی ئه‌و تاکه‌ پیرۆزه‌ زانیوه‌ " گه‌ر ئه‌و زاته‌ پیرۆزه‌ نه‌بێت ئه‌م غولامه‌‌ کوردایه‌تی ناکات".

گوتاره‌کان و له‌به‌رکردنیان، جێبه‌جێکردنیان به‌ گوێره‌ی ویستی واعیزه‌کان نه‌ک هه‌ر بواری حیزبی و سیاسی کوردی دوڵه‌ت کردوه‌، به‌ڵکه‌ ته‌واوی بواره‌کانی ژیانی: رۆشنبیری، رۆژنامه‌گه‌ری، سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و زانکۆکان (خوێندکاران و قوتابیان)، ئافره‌تان و ژنان ...هتد گرتۆته‌وه‌.

کاریگه‌ری ئه‌م گوتارانه‌ له‌ سه‌ر که‌لتوری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌رکی نه‌وه‌ی نوێی له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و گۆڕان و تازه‌گه‌ری قورسترکردوه‌، بۆیه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ئه‌رکیه‌تی له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ژیرانه‌ بڕواننه‌ زیانه‌کانی ئه‌و گوتارانه‌ و دیراسه‌کردنی ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی له‌ پێشیان دروستکراوه‌، به‌ر له‌ هه‌ر هه‌نگاونانێک، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ده‌بێ ئاگاداربن ئه‌و 3 سێ جۆره‌ گوتاره‌ی خواره‌وه‌ نه‌ک وه‌ک خۆی له‌به‌ر نه‌که‌ن، به‌ڵکو‌ پێویسته‌ خۆیان له‌ خه‌ته‌ریان بپارێزن:
1- گوتاری بازرگانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی؛
2- گوتاری بازرگانی و سیاسی ئایینی؛
3- گوتاری خۆ به‌کوێخازانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌.

بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیش، پێویسته‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ بۆ هێنانه‌دی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه‌ گوتاری خۆیان هه‌بێت.

Sbeiy.com © 2007