Print
 
 ئایا گۆڕان له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌؟
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Sunday, January 23, 2011

هه‌مو رێكخراوێك یان حیزبێك كاتێك ده‌چێته‌ ناو ململانێی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری‌ بردنه‌وه‌ و دۆڕاندنه‌وه‌، به‌ڵام گرنگه‌ دوای‌ ئه‌نجامه‌كان چۆنێتی‌ كاركردنی‌ بێت له‌سه‌ر ئه‌و دروشمانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م ئه‌نجامانه‌ی‌ بوه‌ و پاشان خۆێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ دۆڕاندن یان بردنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زاراوه‌ی‌ دۆڕاندن و بردنه‌وه‌ نیه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ زۆری‌ و كه‌می‌ ده‌نگ، ده‌توانین بڵێین زۆری‌ و كه‌می‌ ده‌نگ... كاتێك حیزبێك ئه‌نجامی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌بێت، ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ هه‌بێت بۆ هۆی‌ زۆرینه‌كه‌ و كاتێكیش كه‌م ده‌كات، ده‌بێت ئه‌و هۆكارانه‌ دیاری‌ بكات، كه‌ بونه‌ته‌ هۆی‌ كه‌م هێنانی‌ ده‌نگه‌كانیان... به‌ بڕوای‌ من هۆكاری‌ دابه‌زینی‌ كێرڤی‌ ده‌نگی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ دوای‌ 25/7وه‌ تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق و مامۆستایان و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ:
1. له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 25/7 دا پارتی‌ و یه‌كێتی‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ نه‌بون كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنن، بۆیه‌ خۆیان وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ تر بۆ ئاماده‌ نه‌كردبو، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ دوایدا به‌ رێكخراوی‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری‌ گۆڕان كردوه‌ و هه‌مو جۆره‌ ئیمتیازاتێكیان به‌كارهێناوه‌ بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ گۆڕان.
2. ده‌نگده‌ر به‌ تایبه‌ت هه‌ندێ‌ كادری‌ هه‌ڵسوڕاو وای‌ بۆ ده‌چون كه‌ گۆڕان به‌شداری‌ یه‌كێك له‌ جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كات و كۆمه‌ڵیك پۆستی‌ ئیداری‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌مانیش ده‌چنه‌ ئه‌و پۆستانه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ پێچه‌وانه‌ بویه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وازیشیان نه‌هێنابێت ئه‌وا وه‌ك 25/7 كار ناكه‌ن و بگره‌ له‌ توانای‌ ماددیاندا نیه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، چونكه‌ گۆڕان هاوكاری‌ ماددی‌ پێویستی‌ نیه‌ تا بتوانێت هاوكاریان بكات.
3. له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گوشاری‌ زۆر به‌كارهاتوه‌ بۆسه‌ر فه‌رمانبه‌ران و به‌ڵێنی‌ مادی‌ زۆر دراوه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ده‌نگدان پێیان.
4. نه‌بونی‌ لیسته‌كانی‌ سه‌رده‌م له‌ دهۆك و بادینان كه‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ كه‌م بونه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ گۆڕان، به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ ئازادیه‌وه‌ بۆ گۆڕانخوازان هه‌م گۆڕان نه‌یویستوه‌ كادر و دۆسته‌كانی‌ له‌و ناوچانه‌ توشی‌ گرفت بكات هه‌م زۆر كه‌س نه‌یوێراوه‌ خۆی‌ كاندید بكات، یان كار بۆ لیستی‌ سه‌رده‌م بكات به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ یه‌كگرتو كۆمه‌ڵ ئاسایی‌ بوه‌.
5. نه‌بونی‌ راگه‌یاندن به‌تایبه‌ت كۆمپانیای‌ وشه‌ وه‌ك پێویستی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بوه‌.
6. ئێستا پارتی‌ و یه‌كێتی‌ مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كییان بردنه‌وه‌یه‌ له‌ سلێمانیدا بچوككردنه‌وه‌ی‌ بازنه‌ی‌ ده‌نگده‌ری‌ گۆڕانه‌ بۆیه‌ راسته‌وخۆ ناتوانن ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، ئه‌یانه‌وێ‌ له‌ڕێگه‌ی‌ یه‌كگرتو كۆمه‌ڵه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، بۆ نمونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مامۆستایان و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیدا زه‌مینه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ ماددی‌ و مه‌عنه‌وی‌ بۆ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو دروستكرد و له‌ به‌رامبه‌ردا گوشارێكی‌ قورسیان بۆ سه‌رده‌م دروستكرد، كه‌ ئاسایی‌ بو بگره‌ سوپاسیشان ده‌كردن ده‌نگ بده‌ن به‌ یه‌كگرتو كۆمه‌ڵ، به‌ڵام ده‌نگ نه‌درێت به‌ سه‌رده‌م كه‌ گه‌یشتبوه‌ ئاستێك زۆر كه‌س نه‌یده‌وێرا خۆی‌ كاندید بكات بۆ لسته‌كانی‌ سه‌رده‌م یان كاریان بۆ بكات به‌ تایبه‌ت له‌ دهۆك به‌ پله‌ی‌ یه‌ك پاشان له‌ هه‌ولێر له‌م دوایه‌دا سلێمانی‌ كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ندێ‌ ده‌نگی‌ ئیسلامی‌ كه‌ درابون به‌ گۆڕان درانه‌وه‌ به‌ ئیسلامیه‌كان.
7. ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ موچه‌خۆر بون له‌ ترسی‌ بڕینی‌ موچه‌ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ لێپرسراویه‌تی‌ له‌لایه‌ن ئه‌م دو حیزبه‌وه‌ ده‌نگی‌ سه‌رده‌م دابه‌زی‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزه‌ران كه‌ موچه‌ خۆرنین گۆڕان ده‌نگی‌ زۆر ده‌هێنێت.
8. بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نه‌یتوانیوه‌ به‌ره‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌شێوه‌ی‌ خۆی‌ دروست بكات به‌ تایبه‌ت یه‌كگرتو كۆمه‌ڵ كه‌بتوانن له‌ چوار چێوه‌ی‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی‌ نوسراودا به‌ یه‌ك لیست به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ زیانی‌ هه‌ر سێكیان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا شكاوه‌ته‌وه‌.
9. نه‌خوێندنه‌وه‌ی‌ هۆكاری‌ كه‌مكردنی‌ ده‌نگه‌كانی‌ پێشتر و سود وه‌رگرتن له‌ كه‌موكوڕیه‌كانی‌ و كاركردن به‌ به‌رنامه‌ و كاری‌ مه‌یدانی‌.

ئه‌مێنێته‌وه‌ بڵێین پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ئێستا به‌ به‌رنامه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌مو وه‌رقه‌كانیان به‌كاربهێنن بۆ بردنه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ به‌ تایبه‌ت ناو شار له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان و شاره‌وانیه‌كاندا، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی‌ یه‌كگرتو كۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌كات و هه‌مو ئیمتیازاتێكیان ده‌داتێ‌ بۆ داتاشینی‌ ده‌نگی‌ گۆڕان، هه‌مو پۆسته‌ حكومیه‌كانیش به‌ بۆچونی‌ زۆرێك به‌كارده‌هێنرێ‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ تایبه‌ت له‌ناو ده‌نگده‌رانی‌ سه‌ربه‌خۆ واتا ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ موچه‌ خۆرنیین كه‌ زۆربه‌یان ده‌نگده‌ری‌ گۆڕانن، ده‌بێ‌ بپرسین ئایا گۆڕان له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌...؟ به‌ڕای‌ من هۆكاره‌كان گرنگن و خوێندنه‌وه‌ی‌ كاركردنی‌ مه‌یدانی‌ سودوه‌گرتن له‌ كه‌موكوڕیه‌كان وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌نگدانی‌ گشتی‌ ده‌داته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007