Print
 
 كوده‌تایه‌كی نه‌رم و سپی
نوسه‌ر:  محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
Saturday, February 12, 2011

ئاڵۆزیی سیاسی و كیشمه‌كێش له‌سه‌ر ده‌سه‌لاَتی سیاسی هه‌روه‌ها ململانێ له‌پێناو به‌هێزكردنی پێگه‌ی حیزبی، له‌وێشه‌وه‌ بۆ خۆسه‌پاندنی بۆچون و تێڕوانینی هه‌ر یه‌كێك له‌ حیزب و به‌ره‌كانی ناو ولاَتی لوبنان به‌سه‌ر ئه‌وی دیدا، هه‌میشه‌ وه‌ك مۆركیك له‌ سیسته‌می سیاسی ئه‌و ولاَته‌ سه‌یرده‌كرێت، تێڕوانینی جیاواز له‌دیدی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ره‌كانی ناو ولاَت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت هه‌روه‌ها وابه‌سته‌بونی هه‌ر لایه‌كیان به‌ ئه‌جێندای ده‌ره‌كییه‌وه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كاری سیاسی له‌و ولاَتدا به‌جێهێشتوه‌، به‌جۆرێك له‌ ئایینده‌ی دور و نزیكدا شیمانه‌ی له‌ دایكبونی حكومه‌تێكی سه‌قامگرتو به‌دی ناكرێت، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار رۆڵی له‌م بێسه‌ر و به‌ره‌ییه‌دا هه‌یه‌.

سه‌رباری وابه‌سته‌بونیان به‌ ئه‌جێندای ده‌ره‌كییه‌وه‌، كێشه‌ی كوشتنی حه‌ریری و راگه‌یاندنی لێكوَڵینه‌وه‌ی كۆتایی دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تییش سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی ناوبراو، هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ دۆخێكی وه‌ها له‌ لوبناندا كه‌ هه‌میشه‌ به‌رۆكی گرتوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیدێكی لوبنانیانه‌ له‌ پێناو راگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاَكانی لوبنان له‌سه‌ر مێزی سیاسییه‌كانیان ئاماده‌یی نییه‌، هه‌رچی رێكه‌وتنێكیش كرابێت له‌ رابردودا رێكه‌وتنێكی درێژخایه‌ن نه‌بوه‌، به‌ڵكو زۆرجار رێكه‌وتنێكی كاتی بوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ركاتێك روداوێكی له‌ناكاو هابێته‌ گۆڕێ له‌ جیاتی چاره‌سه‌ركردن و زاڵبون به‌سه‌ریدا ئه‌وا یه‌كسه‌ر به‌ره‌و ئه‌وه‌چوه‌، كه‌ حكومه‌ت له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ پێویستی به‌وه‌ كردوه‌ سه‌ر له‌نوێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، واته‌ له‌ خاڵی سفره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌.

 هه‌نوكه‌ ژیانی سیاسی له‌ لوبناندا له‌ دۆخێكی وه‌هادا گوزه‌ر ده‌كا، هه‌ر چه‌ند نۆ مانگ بو حكومه‌ت له‌ لایه‌ن (سه‌عد حه‌ریری)یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برا، به‌لاَم به‌هۆی نزیك بونه‌وه‌ی واده‌ی راگه‌یاندنی دوا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوشتنی (ره‌فیق حه‌ریری)دا، جارێكی دیكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی (سه‌عد حه‌ریریی) هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، به‌درێژایی ئه‌و نۆ مانگه‌ جۆرێك له‌ رێككه‌وتنی سیاسی له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا له‌ ئارادا بو بۆ پێكه‌وه‌نانی حكومه‌ت، هه‌ر چه‌ند حكومه‌تێك بو وا ده‌رده‌وكه‌وت هه‌مو لایه‌ك پشتگیری ده‌كه‌ن، به‌لاَم له‌ رواڵه‌تدا حكومه‌تێكی كارا و سه‌قامگرتو نه‌بو هێنده‌ی ئه‌وه‌ی حكومه‌تێك بو بۆ راییكردنی كاره‌كان، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و نۆ مانگه‌دا حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌ریریی بچوكترین هه‌نگاوی نه‌نا نه‌بۆ پێشكه‌شكردنی خه‌زمه‌تگوزاریی و نه‌ هیچ جۆره‌ بڕیارێكیشی ده‌ركرد بۆ رێكخستنی بواری كارگێڕی له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كاندا، واته‌ هه‌ر به‌ناو سه‌رۆكی حكومه‌ت بو، ده‌نا له‌ ناوه‌ڕۆكدا سه‌رۆكێكی بێ ده‌سه‌لاَت بو، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جدی هیچ لایه‌نێكی سیاسی له‌ناو لوبناندا پشتگیرییان له‌سه‌ر خستنی كاری سیاسی و حكومه‌تی (سه‌عد حه‌ریی) نه‌ده‌كرد.

له‌هه‌موی‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ئێستا هێزه‌كانی به‌ره‌ی (8 ئازار) كه‌ بریتین له‌ هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی لوبنان به‌ رابه‌رایه‌تی (حزب الله‌) به‌ چونه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ حكومه‌ت، حكومه‌تی به‌ناو یه‌كگرتوی (سه‌عد حه‌ریری) هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ره‌كه‌ی به‌ناوی (14 شوبات)ه‌وه‌ توشی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شان هات و (وه‌لید جونبلاَت) كه‌ دیارترین نه‌یاری ده‌ستێوه‌ردانی سوریا بو له‌ كاروباری لوبناندا، هه‌میشه‌ش له‌دژی كاره‌ جاڕسكه‌ره‌كانی (حزب الله‌) ده‌وه‌ستایه‌وه‌، كه‌چی ئێستا چوه‌ته‌ ریزی به‌ره‌ی (8 ئازار)ه‌وه‌ و پشتگیریی له‌ (نه‌جیب میقاتی) ده‌كات، كه‌ تاكه‌ پاڵێوراوی به‌ره‌ی ناوبراوه‌.

كه‌واته‌ (سه‌عد حه‌ریری) دوچاری دو كوده‌تا بویه‌وه‌، یه‌كێكیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی و ئه‌ویتریان چونه‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رسه‌خترین ئه‌ندامی به‌ره‌كه‌ (14 شوبات)، كه‌ ئه‌ویش (وه‌لید جونبلات)ه‌.
 

Sbeiy.com © 2007