Print
 
 ئایا گرده‌كه‌ داگیركراوه‌ یان پارێزراوه‌
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Sunday, February 13, 2011

یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ شاری‌ پێ‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ بونی‌ ماسته‌ پلانێكی‌ زانستیانه‌ی‌ موَدیرنه‌، تابتوانێت به‌ پێی‌ پێكهاته‌ی‌ شار رێكخستنێك دروست بكات، كه‌ بچێته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ ماسته‌رپلانێكی‌ موَدێرنه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ڕوی‌ شه‌قا م و بیناسازی‌ و سه‌وزاییه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ سلێمانی‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر لێپرسراوه‌كاندا جوَره‌ها بینای‌ بازرگانی‌ به‌رزی‌ تیا دروستكراوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تمه‌ند بێت له‌ڕوی‌ ماسته‌رپلانه‌وه‌ به‌دواداچونی‌ بوَ بكات، هیچیان ناچنه‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ ماسته‌رپلانێكی‌ زانستیه‌وه‌ بێ‌ گوێ‌ دانه‌ راده‌ی‌ سه‌وزای‌ و ون كردنی‌ ئاسمان و گه‌شه‌سه‌ندنی‌ شار بوَ فراوانكردنی‌ رێگاكان، جوَره‌ها باڵه‌خانه‌ی‌ به‌رزی‌ مه‌سوله‌كان دروست كراوه‌ به‌پێی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تاكێك و شێواندنی‌ سیمای‌ شار، ئه‌م بینانه‌ هیچ مه‌رجێكی‌ زانستی‌ ئه‌ندازیاری‌ تێدا نیه‌.

له‌ كاتێكدا ده‌بوایه‌ زوَربه‌ی‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ بینای‌ مه‌سئوله‌كانی‌ تێدایه‌ بكرانایه‌ به‌ سه‌وزایی‌ تا هه‌وای‌ پاك و جوانی‌ ببخشنه‌ شار، ئه‌م لێپسراوانه‌ سلێمانیان یه‌ك پارچه‌ كردوه‌ به‌ كوَنكرێت و ده‌ڕابه‌، خوَ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌زمه‌ڕه‌وه‌ سه‌یری‌ سلێمانی‌ بكه‌یت له‌ كارگه‌ی‌ ئاسن دروستكردن ده‌چێت خاڵی‌ خاڵیه‌ له‌ سه‌وزایی‌ هه‌موی‌ كراوه‌ به‌ بینا بوَ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خوَیان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌بێت شار 60%ی‌ سه‌وزایی‌ بێت، كه‌چی‌ كه‌سانی‌ ناو ده‌سه‌لاَت سه‌وزایی‌ له‌ناو ده‌به‌ن ده‌یكه‌ن به‌ بینای‌ بازرگانی‌ بوَ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خوَیان، كه‌ ده‌كرێت روبه‌ڕوی‌ یاسا بكرانایه‌وه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی‌ ژینگه‌ پارێزیه‌وه‌، به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نیه‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌یه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی‌ ژینگه‌ پارێز و سه‌وزایی‌، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ڕێگه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌ زه‌وی‌ ده‌درێته‌ مه‌سئوله‌كان...

ئێسته‌ له‌ سلێمانیدا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نیه‌ و نابێ‌ ماسته‌ر پلانی‌ سلێمانیه‌، خوَ ئه‌گه‌ر ئه‌م ماسته‌ر پلانه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێ‌ ئه‌وا جگه‌ له‌ گرده‌كه‌ و پاركی‌ ئازادی‌ باخی‌ گشتی‌ زوَربه‌ی‌ بینا به‌رزه‌كان ده‌بێت بڕوخێنرێ‌، له‌ دوای‌ دروست بونی‌ كوَمپانیای‌ وشه‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ گوَڕان گرده‌كه‌ كه‌ 120 دوَنمه‌ هه‌موی‌ سه‌وزاییه‌ و كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ئیمتیاز بوَ بزوتنه‌وه‌ی‌ گوَڕان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ست هه‌ر مه‌سئولێكی‌ تره‌وه‌ بوایه‌ ئێسته‌ ته‌خت ده‌كرا و ده‌بوه‌ بینای‌ بازرگانی‌ بوَ گیرفانیان، دوای‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ سه‌روَكی‌ حكومه‌ت ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ وه‌لاَمی‌ بدایه‌ته‌وه‌، كه‌ تائێستاش هه‌ر سه‌وزاییه‌ و بگره‌ سه‌وزایی‌ و نه‌مام و گوڵی‌ زیاتر تیا رواوه‌ كه‌ تاكه‌ شوێنه‌ به‌رپرسه‌كان نه‌یان توانیوه‌ سه‌وزاییه‌كه‌ی‌ كوێر كه‌نه‌وه‌.

ده‌كرا سه‌روَكی‌ حكومه‌ت سوپاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گوَڕانی‌ بكردایه‌ كه‌ به‌ سه‌وزی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و زیاتر خزمه‌تی‌ ده‌كرێت، خوَ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕوَش باس نه‌كرێت بێگومانم بوَ مێژو مایه‌ی‌ شانازی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گوَڕان ده‌بێت، كه‌ به‌رگری‌ له‌ مانه‌وه‌ی‌ سه‌وزایی‌ ناو شار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ تا سه‌ر ئێسقان مایه‌ی‌ بێ‌ ئاگایی به‌رپرسه‌كانه‌ له‌نێوان داگیركردن و پارێزگاری‌ كردن له‌ سیمای‌ سه‌وزای‌ شار و كاركردن بوَ ماسته‌رپلانی‌ شار و زیاد كردنی‌ سه‌وزایی‌، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی‌ نزیك گرده‌كه‌ن هه‌وایه‌كی‌ پاكتریان هه‌یه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ تر به‌ هوَی‌ سه‌وزایی‌ ئه‌و گرده‌وه‌...

ده‌كرێت بپرسین ئایا به‌رگری‌ كردن له‌ سه‌وزایی‌ گرده‌كه‌ له‌ ده‌ستی‌ بازرگانه‌ مه‌سئوله‌كان داگیركردنه‌... ئه‌م پرسیاره‌ بوَ ئه‌وان جێده‌هێڵین، كه‌ ده‌ڵێن گرده‌كه‌ داگیركراوه‌ له‌ كاتێكدا به‌رگری‌ كردنه‌ لێی‌ نه‌ك داگیركردن.

Sbeiy.com © 2007