Print
 
 چاوەڕێ بوم سەرۆكەكانی وڵاتەكەم بێنەدەنگ
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Wednesday, March 2, 2011

زۆر چاوەڕوانی سەرۆكەكانی وڵاتەكەم بوم (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی عێراقی فیدراڵ و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان) بێنەدەنگ و هەڵوەستەكردن بە شێوەیەكی مرۆڤانە و باوكانە، بەڵام ئەوە زیاتر لە (2) هەفتە بەسەر روداوە دڵتەزێنەكەی شاری سلێمانی تێپەڕی، كە خوێنی لاوانی لەسەر جادەكان رژان، بێئەوەی یەكێك لە سەرۆكەكان هەستی هاوڵاتییبون و مرۆڤایەتی بجوڵێنێت و باس و هەڵوەستەیەك بكات! تۆ بڵێیت دڵیان بە هاوڵاتییانی وڵاتەكەیان بسوتێت! باشە ئەگەر كوڕێكی ئەوان، یان خزمێكیان خوێنی لوتی بەربوایە، هەروا بێدەنگ دەبون، یان ئەو كاتە هەڵوەستەیان دەكرد؟!، پرسیارەكە لێرەدایە، ئایا رۆڵەی ئەم وڵاتە بە هاوڵاتی خۆیان دەزانن؟ بە هەرحاڵ لەگەڵ ئەو هەڵوەستەنەكردنەی سەرۆكەكانمان بە پۆزێتڤ و نەگێتڤ، كە سەیری میدیاكانی سەر بە دەسەڵات دەكەیت سەروبنی زمانیان گێرەشێوێنییە، وەك ئەوەی هاوڵاتی ئەم وڵاتە هەموی گێرەشێوێن بن، بۆ ئەم گەنجانە هاوڵاتی ئەم وڵاتەنین؟! باشە ئەو دو حیزبەی ئێستا دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستە لەبیریان چوەوە ئەو كاتەی ئێمە لە زانكۆ دەڕژاینە سەر شەقامەكان دژی حیزبی بەعسی داگیركەر گێرەشێوێن و موخەڕیب بوین؟! بڵێی ئەو كاتە حیزبی بەعس لەسەر هەق بوبێت، كە بە موخەڕیب و گێرەشێوێن ناویان دەبردین؟! وەك بیركردنەوەی ئێستای ئەم حیزبانە كە خۆیان بە هەق دەزانن و هاوڵاتیش بە گێرەشێوێن و تێكدەر.

ئەگەر دەسەڵاتدارانی سیاسی خۆیان بە نیشتمانپەروەر دەزانن، دەبێ ئەو راستییە بزانن، چ پاسەوان، یاخود خۆپیشاندەران هاوڵاتی ئەم وڵاتەن، دەبێ عەقڵیەتی سیاسیان بگۆڕن، پاسا و نییە بۆ خوێنڕشتنی هاوڵاتی بە هیچ شێوەیەك، خوێنڕشتنی هاوڵاتی خەتی سورە.

زۆرم بەلاوە سەیرە كە باس دێتە سەر ئەو بومەلەرزە سیاسییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە، دژ بە گەندەڵی و نادادوەریی كۆمەڵایەتی، دەسەڵاتدارانی سیاسی ئەمڕۆی كوردستان دەڵێن؛ ئێمە لە میسر و تونس ناچین، بەڵكو ئێمە زۆر لە پێش ئەوانەوەین، نازانم لە چ ئاستێكدا لەپێش ئەوانەوەین؟ لە نەبونی سوپایەكی نیشتمانی وەك ئەوەی میسر و تونس! یان لە نەبونی موئەسەساتی مەدەنی! یان لە نەبونی حكومەتێكی نیشتمانی دور لە دەستێوەردانی حیزبایەتی! یان لە بونی حكومەتێكی خێڵەكی‌؟!

بەردەوام ترسی ئەوەمان هەیە كە دەسەڵاتی سیاسی رێڕەوی ئەم خۆپیشاندانە بگۆڕێت، لە خۆپیشاندانی هاوڵاتی دژی گەندەڵی سیاسی و نادادپه‌روەریی‌ كۆمەڵایەتی بۆ ململانێیەكی حیزبی خێلەكی بە بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ شێواندنی راستییەكان، كە خودی دەسەڵاتی سیاسی كوردی لێی بەرپرسە، ئەوەش بە مەبەستی تەسفیەكردنی لایەنێكی دیاریكراو.

بۆیە داوا لە هاوڵاتییان و گەنجەكان دەكەین هێمنی بپارێزن تا دەتوانن لە خۆپیشاندنەكاندا شارستانییانە هەڵسوكەوت بكەن و هیچ پاساوێك مەدەنە دەست دەسەڵاتی سیاسیی كوردی گوللـەبارانتان بكەن، هەرچەندە دەزانین خوێنی هاوڵاتی خەتی سورە، بەڵام لەوە دەچێت ئەوان ئەم راستییە نەزانن.

ئەوەی منی سەرسام كردوە، ئەم پرسیارانەیە كە پێویستیان بە وەڵامدانەوەیە:
1- ئایا هاوڵاتی لەم وڵاتە پیرۆزە؟
2- ئایا خوێنی هاوڵاتی خەتی سورە؟
3- ئایا شەقام بە گوللـە بێدەنگ دەكرێت؟
4- ئایا گرفتی دەسەڵاتی سیاسی، یان ئەولەویاتی دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان بازرگانی و بەرهەمهێنانە، یان بەرگریكردنە لە ژیانی هاوڵاتی، ئایا ئەوان بازرگانن، یان سیاسی؟
5- ئایا هاوسەرگیریی دەسەڵات و سامان و خزمایەتی پیرۆزترن، یان رازیكردنی هاوڵاتییان؟
6- ئایا دەسەڵاتی سیاسی جدییە لە گۆڕانكاری سیاسی و چاكسازی بنەڕەتی؟
7- ئایا تا كەی چاوەڕوانی ئەوەبین لەشكرێكی نیشتمانیمان هەبێت سەر بە حیزبەكان نەبن؟

Sbeiy.com © 2007