Print
 
 له‌ رێبین هه‌ردیدا ده‌مامكه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ پارتی‌ ده‌ركه‌وتن
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Thursday, April 21, 2011

ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا له‌م هه‌رێمه‌ ده‌گوزه‌رێ‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌دا، كه‌ له‌ به‌رده‌م قۆناغێكی‌ نوێدا بۆ دروست بونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا، تا چ ئاستێك توانراوه‌ شۆڕشه‌كانی‌ كوردی‌ به‌رهه‌م هێنی‌ حوكمێك بن كه‌ بتوانێت دیموكراتی‌ و نه‌رم بێت و خاوه‌نی‌ سستمێك بێت، كه‌ بتوانرێ‌ له‌ ڕێی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پاكه‌وه‌ باشترین به‌رنامه‌ ده‌نگی‌ پێ‌ بدرێ‌ ده‌ستاوده‌ست كردنی‌ ده‌سه‌ڵات ببێته‌ نه‌رتێك، تا بتوانرێ‌ هه‌رێمیك له‌ قه‌یرانی‌ گشتی‌ رزگار بكرێت، به‌ڵام جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك شۆڕشگێڕ كه‌ بۆ خۆیان هه‌ڵگری‌ دیدێكی‌ نوێ‌ خوازو پاشخانێكی‌ رۆشنبیری‌ گشتی‌ بون، ئیتر تائاستێك شۆڕش بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوه‌، كه‌ سستمێكی‌ دیموكرات بونیاد بنێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێك دروشم هه‌بوه‌ بۆ ماكیاج كردنی‌ روی‌ سه‌رانی‌ شۆڕشگێڕ دوای‌ خه‌باتی‌ شاخ...

با بپرسین تا چه‌ندێ‌ دروشمه‌كان وه‌ك ناوه‌ڕۆكی‌ خۆی‌ توانیویه‌تی‌ پراكتیزه‌ بكرێ‌؟، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ نێوان دروشم و پراكتیزه‌ بونی‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع بۆ یه‌كێتی‌ پارتی‌ بخوێنینه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مه‌یان جۆره‌ كۆمیدیایه‌كه‌، كه‌ ناكرێ‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێ‌ ئه‌م شۆڕشگێڕانه‌ كه‌ قۆناغێكی‌ تازه‌ دێته‌ پێش له‌ئاستیا نه‌خوێنده‌وارن، بگره‌ كاتێك كه‌ دیكتاتۆر ده‌ڕوخَێ‌ ئه‌وان هه‌مان سستم درێژه‌ پێ‌ ده‌ده‌ن ئامانجه‌كان هه‌روه‌ك پێشو ته‌نها دروشمی‌ ماكیاجین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دیكتاتۆرێك روخا بێت ئه‌وا شۆڕش چه‌ندین دیكتاتۆری‌ بچوكی‌ مافیایی‌ هه‌ڵهێناوه‌، كه‌ نازانن یاسا و سستم چیه‌... كه‌ نازانن رۆشنبیر چییه‌... لێره‌وه‌ كه‌ توێژی‌ رۆشنبیران ده‌رك به‌ ئیفلیجی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ده‌كه‌ن و هاوار ده‌كه‌ن كه‌ با تاك بخه‌ینه‌ به‌رده‌م سستمێك به‌هاكانی‌ پارێزراو بێت، چونكه‌ ئه‌مانه‌ نه‌خوێنده‌وارن هه‌ر نازانن باسی‌ چییان بۆ ده‌كه‌ی‌ ئه‌و كات له‌ سایه‌ی‌ ئه‌م نه‌خوێنده‌وارانه‌دا هه‌ر ئه‌م به‌رهه‌می‌ ده‌بێت، كه‌ ده‌یبینین و هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك گروپێك رۆشنبیری‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێته‌ سمبول بۆ نوێ‌ بونه‌وه‌ و گۆڕان، كه‌ ده‌كرێ‌ ئه‌م گروپه‌ هه‌چ پڕۆژه‌یه‌كیان هه‌بو ده‌سه‌ڵات به‌و په‌ڕی‌ رێزه‌ و بیكاته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ خۆی‌.

له‌م هه‌رێمه‌دا كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر داوای‌ دامه‌زراندنی‌ سستمێكی‌ ته‌ندروست ده‌كه‌ن، تا تاك تێیدا خاوه‌نی‌ ماف و ئه‌ركی‌ خۆی‌ بێت، خۆی‌ به‌ خاوه‌نی‌ بزانێ‌ ئه‌م گروپه‌ ئێسته‌ ده‌كرێ‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر نوسین و پڕۆژه‌كانیان بكرێ‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ گشتی‌، به‌ڵام كاتێك نمونه‌ی‌ یه‌كێك له‌و رۆشنبیران كه‌ كاك رێبین هه‌ردییه‌ به‌وپه‌ڕی‌ دڕندانه‌ په‌لامار ده‌درێ‌، ئیتر ده‌سه‌ڵات هه‌مو ده‌مامكه‌كانی‌ فڕێ‌ ده‌دا و دیمه‌نی‌ وه‌حشیه‌ك ده‌بینین كه‌ له‌ فیلمه‌ ترسناكه‌كاندا هه‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر خوێن و گۆشتی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌ژی‌ له‌ رێبین هه‌ردیدا ده‌سه‌ڵات هه‌یقیقه‌تی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر لاشه‌ی‌ رێبین ده‌نوسێته‌وه‌، له‌ رێبین هه‌ردیدا یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌سه‌ر لاشه‌ی‌ رێبین هه‌ردی‌ دوا فاتیحه‌ی‌ خۆی‌ ده‌خوێنی‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ حوكمی‌ مێژوه‌ كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت به‌ر به‌ سستمی‌ نوێ‌ و ئه‌قڵی‌ نوێ‌ و گۆڕانه‌ گشتیه‌كان بگرێ‌... له‌ داڕشتنی‌ مه‌رگ بۆ ئازادی‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ پارتیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س ده‌بنه‌ رێبین و فاروق و ناسك و ئه‌حمه‌د میره‌ و مه‌ریوان و به‌ختیار و كامه‌ران مه‌نتیك و د.پشتیوان نه‌به‌ز گۆران و مه‌لاكانمان و... هه‌مو ئه‌وانی‌ تر هه‌زاران كه‌س ده‌بنه‌ عه‌بدولستار و سۆران و زه‌رده‌شت... به‌ڵام له‌ رێبین هه‌ردیدا هه‌مو به‌هایه‌كی‌ ئه‌خلاقی‌ زه‌ڕبی‌ سفر ده‌كرێ‌.

لاشه‌ی‌ رێبین هه‌ردی‌ ئه‌و تابلۆیه‌ بو هه‌مو ناشیرینیه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتمان تیا بینی‌ له‌ دوای‌ ئه‌م تابلۆیه‌وه‌ ئیتر تێگه‌یشتین كه‌ كۆمه‌ڵێك مافیا له‌و دیو دیواری‌ دروشمه‌كانی‌ دیموكراتیه‌وه‌ خۆیان حه‌شار داوه‌، نه‌ یاسا ده‌زانن نه‌ ده‌زانن سستم چیه‌، ته‌نها سه‌ر به‌ دو خێڵن سه‌ر به‌ دو سه‌ركرده‌ی‌ خێڵن... ئێمه‌ له‌به‌رده‌م نه‌وه‌یه‌كداین چی‌ تر به‌ ده‌مامكه‌كان رازی‌ نین چی‌ تر به‌م ده‌م و چاوانه‌ رازی‌ نین چی‌ تر به‌ یاساكانی‌ مێگه‌ل و خێڵ رازی‌ نین، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وان پێیان وابێت كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ هێزه‌وه‌ ده‌توانن رێبینه‌كانی‌ ئێمه‌ خه‌ڵتانی‌ خۆێن بكه‌ن، ئه‌وا له‌ رێبین هه‌ردیدا ماكیاج و ده‌مامكه‌كان ناتوانن ناشیرینی‌ دو ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌ك پارتی‌ و یه‌كێتی‌ بشارنه‌وه‌ ئا لێره‌وه‌ رێبین ده‌بێته‌ سمبول و لاشه‌ی‌ ده‌بێته‌ ئه‌و پێشانگایه‌ی‌، كه‌ هه‌قیقه‌ته‌كانی‌ ئه‌وانمان بۆ نمایش ده‌كات په‌یامی‌ كۆتایی‌ ئه‌م جۆره‌ بۆچونه‌ی‌ خێڵه‌ له‌به‌رده‌م نوێ‌ بونه‌وه‌دا و له‌به‌رده‌م رێبینه‌كانماندا.

 

Sbeiy.com © 2007