ناكرێت توركیا وڵاتێكی خاوه‌ن گرنگی مێژوویی وسه‌ربازی وسیاسی وئابووری له ناوچه‌كه‌دا ته‌نها له روانگای نه‌ته‌وایه‌تی ورۆڵی له مێژووی میلله‌ته‌كه‌ماندا هه‌ڵبسه‌نگێنین، وته‌نها له‌و دیده‌وه حوكمی خۆمانی به‌سه‌ردا بده‌ین. ئه‌م شێوه له هه‌ڵسه‌نگاندن وحوكمدانه ئه‌بستراكته وبه داتاشراوی له راستیه‌كانی تر تووشی هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره‌مان ده‌كات وخۆشمان زه‌ره‌ری زۆری لێده‌كه‌ین.
كوردێكی دڵسۆز وخاوه‌ن ویژدان نادۆزینه‌وه كه دان به‌وه‌دا نه‌نێ كه بۆ ئێمه‌ی كورد توركیا ( توركیای نوێ دوای تێكشكاندنی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ودروستكردنهوهی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌لایه‌ن كمال ئه‌تاتوركه‌وه) داگیركه‌ری به‌شێكی گه‌وره‌ی كوردستانی دابه‌شكراوه كه باكووری كوردستانی گه‌وره پێك دێنێت وزۆرترین ژماره‌ی كورد له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی باووباپیریان ده‌ژین. هه‌روه‌ها ئاشكرایه كه حكومه‌ته‌كانی توركیای نوێ، له په‌یمانی لۆزانه‌وه، به‌وپه‌ری درندانه كوردیان چه‌وساندۆته‌وه ومافه‌كانیان پێشێل كردوون وقهتل وعامی كوردیان كردوه. هه‌روه‌ها نیه‌تی سه‌رجه‌م حكومه‌ته‌كانی بێ ژماره‌ی توركیا به نه‌فه‌سێكی فاشی وشۆڤێنێزمی توركیه‌وه دژایه‌تی سه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تیان له كوردستانی گه‌وره كردوه. ئه‌م لایه‌نه نه‌ته‌وایه‌تیه بۆ ئیمه زۆر گرنگه له هه‌ڵسه‌نگاندنی توركیا وشێوه‌ی رهفتاركردنمان له‌گه‌ڵیدا. به‌ڵام توركیا له مێژیشهوه چه‌ند لایه‌نێكی تر روخساری مێژووی وئێستاشی دیاری كردوه كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به ئێمه‌ی كورده‌وه نیه. خوێنده‌وه وحساب كردن بۆ ئه‌م راستیانه له‌م سه‌رده‌مه‌دا شان به‌شانی لایه‌نه نهتهوایهتیهكه گرنگی وكاریگه‌ری خۆی هه‌یه بۆ دارشتنی بۆچونێكی روون وئاشكرا به‌رامبه‌ر به توركیا. ناكرێت بلێین سیاسه‌تێكی چه‌سپاو ورون، چونكه زۆر مه‌حاڵه به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیا سیاسه‌تی چه‌سپاو ره‌چاو بكرێ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئێمه‌ی كوردی باشووره‌وه.
توركیای هه‌ژار وگه‌وره ودوو ره‌گ
وه‌ك ده‌ڵێن توركیا له‌یه‌ك كاتدا زۆر شته: یه‌كێكه له هه‌ژارترین ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له‌ریزدا سه‌ره‌ی گرتوه بۆ ئه‌ندامێتی یه‌كێتی ئه‌وروپا وله هه‌مان كاتدا به‌رفراوانترین سه‌رچاوه‌كانی ئابووری هه‌یه. دیموكراتیه‌كی عه‌لمانی په‌یره‌و ده‌كات وئیسلامیه‌كان حوكم ده‌كه‌ن ویه‌كێكه له دره‌نده‌ترین رژێمه‌كانی ناوچه‌كه له‌بواری پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، وچه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی توركیا كه تورك نین، به‌هێزترین سوپای هه‌یه له كۆی 57 ئه‌ندامی رێكخراوی وڵاته ئیسلامیه‌كان وله‌هه‌مان كاتیش‌دا سوپایه‌كی گه‌وره‌ی له‌نێو ئه‌ندامانی په‌یمانی ناتۆ هه‌یه. توركیا زۆر حه‌زده‌كات دوو ره‌گه بێت، به‌شێك له خۆرهه‌ڵات وئیسلام وبهشێكیش له خۆرئاوا ومه‌ده‌نیه‌ت. له شوێنه تورك نیشتهجێبوهكانی توركیا كراوه‌یی وگه‌شه‌ی ئابووری به‌رچاوه وله كوردستانیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌من وجهندرمه وسوپا ومالوێرانی وراكوێزانی زۆره‌ملی به‌شێوه‌ی ئه‌نفالی باشوور وهه‌ژاری به‌رهه‌مه‌كانی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ته‌كانی توركیان.
توركیا وڵاتێكی گه‌وره وهه‌ژار ونائارام وچاوچنۆك ودرندهیه، له ساڵی 2002 ه‌وه هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتی حوكمرانی به تاكه حزب، حزبی داد وگه‌شه‌پێدان، به‌خشی وله‌و كاته‌وه‌ش توركیا گۆرانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتوه. باری ئابووری گه‌شه‌ی كردوه وئیستیسماری بیانی زیادی كردوه وداهاتی تاكی دانیشتوو له توركیا به‌رزبۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا نزیكه‌ی 20% دانیشتوانی له‌ژێر ئاستی هه‌ژاریدا ده‌ژیت. عه‌جزی میزانیهشی ئه‌م گه‌شه‌پێدانه‌ی خستۆته به‌ر مه‌ترسی نائارامی وچهقین وبه‌بێ یارمه‌تی ده‌ره‌كی ناتوانێت له‌سه‌رپێی خۆی بوه‌ستێت.
له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابووردوهوه توركیا خه‌و به‌ئه‌ندامیه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه ده‌بینێت وله 1987 به‌فه‌رمی داوای ئه‌ندامێتیی كردوه. پاش نزیكه‌ی 12 ساڵ پله‌ی كاندیدیان پێدا. پاش ئه‌نجامدانی چه‌ند ریفۆرمێك له یاساكانی توركیادا له‌ژێر فشاری خۆرئاوادا به فه‌رمی گڤتوگۆی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا له 2005 ه‌وه ده‌ست پێكراوه. وا چاوه‌روان ده‌كرێت ئه‌م لێدوانه ده ساڵێكی تر درێژه‌ی هه‌بێت.
له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابووری توركیا، 7,5% نیوان 2002-2006 وزیاتر له 20 ملیار دۆلار ئیستیسماری بیانی به‌ڵام هێشتا داهاتی نیشتمانی بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك یه‌ك له چواری وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپایه، ئه‌م راستیه‌ش مه‌ترسی ئه‌وروپیه‌كانی وروژاندوه كه توركیا زۆر گه‌وره‌یه وزرۆ هه‌ژاریشه تا له‌ناویاندا جێی ببێته‌وه. 73 ملیۆن دانیشتوانی توركیا نفوسی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌رێژه‌ی 15% زیادده‌كات وبه‌ڵام ته‌نها 2% بۆ ئابووری یه‌كێتی ئه‌وروپا. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا وڵاته‌كانی ئه‌ڵمانیا وفه‌ره‌نسا رێگری گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م ئه‌ندامێتی توركیا وئه‌مه‌ش گه‌رمی وپه‌رۆشی توۆركیای بۆ ئه‌و ئهندامیهته خامۆش كردۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌ندامیه‌تی توركیا له په‌یمانی ناتۆ ونزیكی له ئه‌مریكاوه وبه‌شداری سه‌ربازیانه‌ی له هێزه‌كانی پاراستنی ئاشتی له ئه‌فغانستان وكۆنگۆ وكۆسۆڤۆ وتێكه‌ڵبوونی توندی له سیسته‌می ئاسایش وبه‌رگری ئه‌وروپا و نه‌رمی حكومه‌تی ئه‌ردۆگان بۆ پلانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ چاره‌ی كێشه‌ی قوبرس وایان كردوه كه توركیا هاوپه‌یمانێكی گرنگ بۆ ئه‌مریكا وخۆرئاوا بێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه یه‌كه‌م وڵاتی ئیسلامیه كه له مێژه‌وه په‌یوه‌ندی توند وتۆڵی له‌گه‌ڵ ئیسرائیڵدا هه‌یه وله بیست ساڵی دواییشدا ئه‌و په‌یوه‌ندیه بواره‌كانی سه‌ربازی وچه‌ك وئاسایشیشی گرتۆته‌وه.
به‌كورتی ره‌گ وریشه‌ی خۆبه‌زلزانین وچاوچنۆكی ئێستای توركیا له شانازی توركه‌وه‌یه به رابووردوی كه ئیمپراتۆریه‌تێك بوون وتا سنوره‌كانی ئه‌وروپا كشابوون وهه‌روه‌ها له شۆڤێنیزمی توركیه‌وه . هه‌ر دوو بنه‌مای به‌سه‌رچوو ونه‌گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، هه‌ربۆیه‌ش كه ره‌وه‌نده‌كانی توركی له وڵاتانی ئه‌وروپا وحكومه‌تی توركی هیچ جۆرێك له سۆز ودۆستایه‌تی به‌رچاوی ئه‌وروپیه‌كانیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه، جگه له‌مه‌ش توركیا تۆمارێكی زۆر ره‌شی هه‌یه له بواری مافه‌كانی مرۆڤ وچه‌وساندنه‌وه وتواندنه‌وه‌ی كورد له وڵاته‌كه‌ی.
توركیا وكورد وناوچه‌كه
به‌هۆی زه‌مینه‌ی مێژووی توركیا وشۆڤێنیزمی وئه‌و گرێكوێره‌ی عه‌قلیه‌تی سیاسی توركی كه وه‌ك ئیمپراتۆرێك ره‌فتارده‌كات هه‌میشه توركیا كێشه‌ی توندی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتان وهێزه‌كانی ناوچه‌كه هه‌بوه، چ له قوبرس، له وڵاته‌كانی ئاسیای ناوه‌راست، له‌گه‌ڵ بولگاریا وئێران وعێراق وسوریا. ته‌نانه‌ت له كاتی شه‌ری دوه‌می جیهاندا سۆزی بۆ ئه‌ڵمانیای نازی هه‌بوو وله شوباتی ساڵی 1945 دا شه‌ری دژ به ئه‌ڵمانا راگه‌یاند.
له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه كه‌مالیسته‌كانی توركیا، وه‌ك عیسمه‌ت ئونینۆ، مه‌سعود ئیڵماز، بێڵند ئیجهویت، سلێمان دیمیریڵ، توركوت ئۆزال، خاتوو تانسۆ شیله‌ر وئه‌وانی تریش وبه پاڵپشتی سوپای توركیا شه‌ری سه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تیان كردوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سنووری وئاو ومهزههبیشیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان هه‌بوه، به‌ڵام رێككه‌وتنی ئه‌منیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا وتههران به‌مه‌به‌ستی دژایه‌تی و وێرانكردنی كوردستان به‌ستوه ودواتریش له‌گه‌ڵ رژێمی نه‌فره‌ت لێكراوی سوریادا.
توركیا كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه، به‌تایبه‌ت له باكوری كوردستان وبه‌گشتی له به‌شه‌كانی تری كوردستان. هه‌رچه‌نده له رابووردودا درێغی نه‌كردوه له گرتنه به‌ری چه‌ندین رێگای توند وتۆڵ بۆ له‌ناوبردنی كورد وبزافه ره‌واكه‌ی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆی بلوێ چی له توانایدایه دژی كورد به‌كاری ده‌هێنێت وپێش هه‌مووش دژ به نموونه‌ی حوكمرانی كورد له باشور. جه‌نه‌راڵه‌كانی توركی ناوبه‌ناو په‌لاماری هه‌رێم ده‌ده‌ن له‌پشت په‌رده‌ی شه‌ركردن وله‌ناوبردنی گهرێڵاكانی په‌كه‌كه ودابینكردن ئاسایش بۆ وڵاته‌كه‌یان، هێزی سه‌ربازی نێشتهجێبویان له هه‌رێم هه‌یه بێجگه له ده‌یان بنكه‌ی هه‌واڵگری وسیخوری وجاش وبهكرێگیراو وتۆرێكی گه‌وره‌ی بازرگانییش. هاتنه ناوه‌وه‌ی توركیا به‌م شێوه‌یه بۆناو جه‌رگه‌ی باشوری كوردستان یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌كان دوای گروپه تێرۆریسته‌كان له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم وئاینده‌ی.
پاش دوا له‌شكركێشی چروپری توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان له باشور، كۆمه‌ڵێك پرسیار وروژاون ولهسهرویانهوه ئێمه‌ی كورد له‌باشور چیمان له توركیا ده‌وێت وچۆنیش ره‌فتاری له‌گه‌ڵ بكه‌ین.
ئاوردانه‌وه‌یه‌ك له مێژوو وسیاسه‌تی ئیبتزازكردن
له‌دوای راپه‌رینه‌وه ودروستكردنی ناوچه‌ی ئارام بۆ كوردی باشوور كه سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی توركیا، توركوت ئۆزاڵ رۆڵی تێدا بینی، ودانانی هێلی36 ی نه‌فرین، توركیا بوه ده‌روازیه‌كی گرنگ بۆ داهاتی هه‌رێم وپه‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه وبۆ هاتۆچۆكردن. ئه‌مه‌ش به‌شێكی به‌هۆی فشاری ئه‌مریكا و وڵاتانی هاوپه‌یمانانه‌وه بوو. كوردی باشوور ئه‌م هه‌ڵه‌ی به‌باشی نه‌قۆسته‌وه. ده‌ستگرتن به‌سه‌ر گرنگترین داهاتی هه‌رێم له ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل ه‌وه وقۆرخكردنی بازرگانی وهاتوچۆش له‌و ده‌روازه سنووریه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌ساڵانی شه‌ری ناوخۆدا، یه‌كێك له‌و كارته سوودبه‌خش وخوازیارانه بوو به‌به‌لاش خرایه ده‌ستی توركیاوه. به‌م جۆره بوارێكی له‌باری بۆ ره‌خسا ئه‌و خاڵه سنووریه به‌كاربهێنێت وبهخهستی دزه بكاته ناومانه‌وه وله‌سایه‌ی شه‌ری ناوخۆ وململانێیه كوردیه‌كاندا گه‌مه‌ی خۆی بكات. هه‌رچه‌نده پێشتریش وبهبهكار هێنانی فشار هێزه كوردیه‌كانی باشووری دا به‌شه‌ر له‌گه‌ڵ پَكهكه دا. ئه‌وساتانه توركیا به‌هۆی بنكه‌ی ئینجه‌رلیك وئیبراهیم خه‌لیل ه‌وه ئیبتزازی ده‌كردین.
هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ راگرتنی شه‌ری ناوخۆ خه‌ستتر ده‌بون وتوركیاش به‌شداری سه‌رجه‌م دانیشتن ولێدوان وگڤتۆگۆكان ده‌بوو، چ له درۆیدا له ئیرله‌ند وله دانیشتنه‌كانی له‌نده‌ن وشوێنه‌كانی تر. له ریككه‌وتنامه‌ی پاریس توركیا هێزێكی تێكده‌ر ورۆخێنهر بوو بۆ ئه‌و ئاشتیه‌ی كه كورد له‌باشوور خوازیاری بوو. جارێكی تریش كورد ده‌روازه‌ی خۆی بێ كتاب وحساب بۆ توركیا واڵا كردبو.
له‌و ساڵانه‌دا هه‌ردوولایه‌نی شه‌ری ناوخۆ پێویستیان به هاریكاری ویارمه‌تی توركیا بوو بۆ راگرتنی پارسه‌نگی هێز له باشور وتوركیاش له‌و به‌ینه‌دا به‌ئاره‌زووی خۆی گه‌مه‌ی ده‌كرد. توركیا شهر وتێكدانی ماڵی كوردی ده‌ویست وئێمه‌ش دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت وحزبایه‌تی. ته‌نانه‌ت له دوا خولی شه‌ری ناوخۆدا توركیا به تانك وزرێپۆش وفرۆكه به‌شداری شه‌ره‌كه‌ی كرد له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نی پارتی. دوای رێككه‌وتنی واشنتۆن چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌ناوی چاودێری كردنی ئاشتی له هه‌رێم پێبه‌خشرا كه تائه‌م ساته‌ش له باشوور ماون.
له‌كاتی په‌ڵاماردانی رژێمی سه‌دام له 2003 توركیا له روانگای خۆ به‌زلزانین وپۆزی توركایهتیهوه وعهقلیهتی ئیبتزازهوه رێگای به ئه‌مریكا نه‌دا بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌شێك له هێزه‌كانی بۆ باشووری كوردستان خاكی توركیا به‌كاربهێنن. بۆ به‌كارهێنانی ئاسمانی توركیا بۆ گواستنه‌وه‌ی تفاق وپێویستی په‌لاماره‌كه توركیا هه‌مان رێگای ئیبتزای گرته‌به‌ر و وه‌ك سواڵكه‌رێك نزیكه‌ی دوو ملیار دۆلاری له ئه‌مریكا وه‌رگرت. له ناخ ونیه‌تی توركه‌كاندا پێیان ناخۆش بوو سه‌دام بروخێت وله زۆر مه‌سه‌له ستراتیژیهكاندا یه‌كیان ده‌گرته‌وه. وه‌ك دژایه‌تی كورد، راوه‌ستان به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات ونفوزی ئێران وتێرۆریستهكان ودابینكردنی بازاری عێراق بۆ كاڵا وشتومه‌كی توركی وهه‌روه‌هاش به‌ربه‌ره‌كانی زیادبوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌دا.توركیا به‌رده‌وام دهكروزایهوه كه له‌ئه‌نجامی ئابلوقه‌ی ئابووری وراوهستاندنی ناردنی نه‌وتی عێراق به رێگای بۆریه نه‌وته‌كان له توركیاوه ده‌یان ملیار دۆلار زه‌ره‌ری لێكه‌وتوه وداوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام كه سه‌دام روخێنرا ویستیان به ئاراسته‌یه‌كی تر سوود له‌وه وه‌ربگرن، ئه‌ویش به‌راستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا وحكومه‌تی نوێ له به‌غدا. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیشیان لێدانی بزافی كوردایه‌تی ونموونه‌ی حوكمرانی بوو له هه‌رێم ودابینكردنی ده‌سه‌ڵات وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له عێراق وله باشوری كوردستان.
توركه‌كان بۆ مه‌به‌سته‌كانیان زانیان چۆن سیاسه‌ت بكه‌ن وشاده‌ماری كوردی باشوریان گرتبوو له‌رێگای ئه‌مریكاوه، ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تی له خولی دووه‌می حوكمی جۆرج بوش وبوونی كۆندۆلا رایس به وه‌زیری ده‌ره‌وه. ئه‌م خاتوونه له‌و باوه‌ردایه كه توركیا ووڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه ده‌توانن رۆڵی سه‌ره‌كی له عێراق ببینن وبۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ش ته‌نها به كورد ده‌وێرن. ئه‌مه‌ش له یه‌ك رسته‌ی رایس دا كۆده‌بێته‌وه كه ده‌ڵێت: كورده‌كانی عێراق هیچ شوێنێكیان نیه بۆی برۆن.
لاوازی باروخی هه‌رێم وسه‌ركردایه‌تی سیاسی باشوری كوردستان، هه‌ڵه وسیاسه‌ته نه‌گونجاوه‌كانی په‌كه‌كه زه‌مینه خۆشكه‌ر بوون بۆ زیاتر زاڵبونی رۆڵی توكیا.
سیاسه‌ت وئاشتی
ئه‌وانه‌ی لایان وایه ده‌كرێت له‌رێگای سیاسه‌ت وبازرگانی وچاوپۆشین ورازیكردنی توركه‌كانه‌وه له‌م باردۆخه‌دا توركیا بێلایه‌ن بكه‌ن هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی ده‌كه‌ن، چونكه به‌داخه‌وه توركیا وه‌ك مارێكی هاری ژه‌هر كوشنده ماوه‌ته‌وه. هه‌موو فشاری ئه‌وروپا وئه‌مریكا وئۆپزیسۆنی ناوخۆ نه‌یتوانیوه توركیا له‌و ده‌رده كوشنده‌یه رزگاربكات كه وه‌ك پیاوێكی نه‌خۆش نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه له‌پێخه‌فی نه‌خۆشی وگیانهڵادا ده‌یباته سه‌ر.
ئێمه له‌باشوور نهپێوسته شه‌ری سه‌ربازی توركیا بكه‌ین ونه پێشمان ده‌كرێت، ته‌نها ده‌بێت به‌رگری له‌خۆمان بكه‌ین ئه‌گه‌ر په‌لاماری داین و ویستی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ی وحوكمرانی كوردی له‌ناوببات.
بێگومان سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی به‌رقه‌رابوونی ئاشتی له ناوچه‌كه بۆ ئێمه له باشوور له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات كه پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ده‌ست پێبكات وبچهسپێت. ئه‌مه‌ش نایه‌ته‌دی تا مافه‌كانی كورد له باكوور زامن نه‌كرێن وكورد وه‌ك میلله‌تێك مافی خۆچارهنووسی خۆی پراكتیزه نه‌كات. تاكه رێگای هاوچه‌رخ وبهرههمهێنهر رێگای دیالۆگ وسیاسیه له‌گه‌ڵ بزافی كوردایه‌تی له‌باكوور ونوێنه‌ره راسته‌قینه‌كانی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان.
ئه‌گه‌رچی ئێستا به‌شێكی گرنگ له باڵه چه‌كداریه‌كه‌ی ئه‌و بزافه له باشوور بنكه‌ی سه‌ربازی ورێكخراوه‌یی وراگه‌یاندنی هه‌یه وئه‌م راستیه بۆته بنێشته‌خۆشه‌ی ژێر زمانی توركه‌كان بۆ ئاڵۆزكردن وتێكدانی بارودۆخی هه‌رێم له‌رێگای په‌لاماری سه‌ربازی له زه‌وی وئاسمانه‌وه له‌سایه‌ی ره‌وایه‌تی ناودهوڵهتیهوه، ده‌بێت هه‌موومان ئه‌وه بزانین كه به‌درێژایی مێژووی كورد ئه‌و " رهوایهتیه ناوده‌وڵه‌تیه" دژی به‌كارهێنراوه وبه‌تایبه‌تی له‌دوای په‌یمانی لۆزانه‌وه. پێویسته خاڵێكی سه‌ره‌كی خۆئامادهكرنمان بۆ شه‌رێكی دبلۆماسی بێت بۆ هێنانه‌دی ئاشتی به‌به‌كارهێنانی ئه‌و رهوایهتیه نێوده‌وڵه‌تیه بۆ پاراستنی سه‌روه‌ریمان وبۆ پراكتیزه‌كردنی مافی خۆچارهنووس كردن وه‌ك له میساقی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا چه‌سپاوه. هه‌نووكه توركیا سیستهماتیكانه ئه‌و رهوایهتیه بۆ ئیبتزاز وترساندنی باشوور وحكومه‌تی هه‌رێم به‌كارده‌هێنێت، وه‌ك جاران بنكه‌ی ئه‌نجه‌رلیك وخاڵی سنووری به‌كارده‌هێنا. بێگومان له‌پشت سیاسه‌تی ئیبتزاز وچاوسووركدنهوهی توركیادا مه‌به‌ستی سیاسی وئابووری وئهتنیكیش هه‌ن. وه‌ك ئایندهی كه‌ركوك وتوركمانه‌كان وپێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وئابووری له عێراق ودنیای ئیسلامی‌دا.
خاڵێكی تری به‌ره‌ی شهر زیاتر نزیكبونه‌وه‌یه له چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا ودامو دوزگا ئه‌وروپیه‌كان. هه‌ندێك له‌هێزه سیاسیه‌كانی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌ت باڵێك له سۆشیاڵ دیموكراته‌كانیان، زۆر چۆكیان بۆ توركیا داداوه ولایه‌نگری توندی ئه‌ندامێتی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا بوون، به پاساوی ئه‌وه‌ی نه‌رم ونیانی له‌گه‌ڵ توركیا وبه‌ستنه‌وه‌یان به ئه‌وروپاوه ورازیكردنی وفشارخستنه سه‌ری گۆرانكاری وئیسڵاحی یاسایی وسیاسی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌شدا ئه‌و لایه‌نه‌ی سۆشیاڵ دیموكراتی ئه‌وروپی له‌چه‌ند هه‌ڵوێستێكی لاواز وبێسوود به‌رامبه‌ر توركیا له ده‌ساڵی دوواییدا هیچی تریان نه‌كردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه گۆرانكاری وچاكسازیهكان له توركیا زۆر نزمتربوون له‌و ئاسته‌ی چاوه‌روانیان ده‌كرد. بۆیه پێوبسته باشوور بایه‌خی زۆرتر به‌هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی تری سیاسه‌تی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌ت لیبراڵ وكۆنسێرڤیتهكان، كه ده‌سه‌ڵاتدارن بدات، وه‌ك له فه‌ره‌نسا وئه‌ڵمانیا وتا راده‌یه‌كی كه‌متریش له به‌ریتانیا ودانمارك ئیتاڵیا. دروستكردنی لۆبی سیاسی له ده‌زگا ورێكخراوه‌كانی ئه‌وروپی له‌رێگای پلانێكی دیبلۆماسی كوردی كارامه به‌شێك له ئامانجه‌كانی كورد بۆ هینانه كایه‌ی دیالۆگ وئاشتی ده‌پێكێت.
له‌هه‌مان كاتیش‌دا پێویسته بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی هێزه‌كانی توركیا له په‌لاماره‌كانیان بۆسه‌ر هه‌رێم ده‌یكه‌ن وبه‌تایبه‌تی دژ به خه‌ڵك وئامانجه سیڤیله‌كان له‌لای نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان وده‌زگا یاسایی ودادگاییه ناودهوڵهتهكیانهوه شكایه‌ت بكه‌ین، ئه‌مه‌ش هه‌م ئه‌ركی حكومه‌تی عێراق وههم هی حكومه‌تی هه‌رێم ورێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ وئاشتیخوازه.
وه‌ك دیك چێنی لهسهردانیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی كوردی باشوور وئه‌مریكای به "هاورێیه‌تی" ناوبرد. پێویسته باشوور به‌راشكاوی به ئه‌مریكیه‌كان رابگه‌یه‌نن كه له‌سیاسه‌تی دووفاقیان له‌و رووه‌وه نارازین ومافی دۆستایه‌تیش بێت ده‌بێت گوێمان لێ‌بگرن ورهچاوی باری ناسكی هه‌رێم له‌رووی نه‌ته‌وایه‌تی وسۆزی خه‌ڵكه‌وه بكه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و دۆستایه‌تیه به‌لایه‌نی كه‌م له‌م كاته ده‌ست بهكاڵبوونهوه ده‌كات وئه‌نجامی تریشی لێچاوه‌روان ده‌كرێت. گه‌یاندنی ئه‌م په‌یامه به‌یه‌ك ده‌نگی په‌یامێكی ئاشتیخوازانه ورهوایه وكاریگه‌ری زۆری له‌نزیك بوونه‌وه‌مان له ئاشتی ده‌بێت.
به‌ره‌یه‌كی تری خۆئاماهكردنمان بۆشه‌ری ئاشتی به‌ره‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی وئیسلامیه. عێراق ئه‌ندامه له كۆمكاری عه‌ره‌بی وله رێكخراوی وڵاته ئیسلامیه‌كان. ده‌بێت هه‌موو توانا‌و ئامرازی دیلۆماسی وئابووری بخاته گه‌ر بۆئه‌وه‌ی له‌و دوو مهحفهلهدا هه‌م فشار بۆ سه‌ر توركیا دروست بكات وههم تێگه‌یشتن وپشتگیری زۆرتر بۆ عێراق په‌یدابكات. كه‌ده‌ڵێم عێراق راسته‌وخۆ مه‌به‌ست هه‌رێمی كوردستانه، چونكه تا ئێستا توركیا جگه له هه‌رێمی كوردستان په‌لاماری هیچ شوێنێكی تری عێراقی نه‌داوه. كۆنگره‌ی پارڵهمنتارانی عه‌ره‌ب له هه‌ولێر ده‌كرا باشتر به‌كاربهێنرێت بۆئه‌و مه‌به‌سته.
له‌هه‌مان كاتدا پێویسته خاڵێكیش دابنێین له‌به‌رده‌م ئه‌و لایه‌نه عێراقیانه‌ی مه‌به‌ستیانه كێشه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ كورد بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان به‌كاربهێنن. ئه‌ویش بهتوندكردنی ململانێیكه وخۆشكردنی ئاگره‌كه كه ئێمه‌ی كورد تێدا لاواز ده‌بین وههڵیش بۆئه‌و لایه‌نانه ده‌ره‌خسێت له ئاستی عێراقدا مه‌رج وداواكاریه‌كانی خۆیان به‌سه‌رماندا بسه‌پێنن.
كورد وكورد وسیاسه‌ت
زۆربه‌مان له‌و باوهرداین كه دژایه‌تی وپه‌لاماره سه‌ربازییه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر وبۆ هه‌رێمی كوردستانه، ناكرێت له‌م رووه‌وه هه‌ریه‌كێكمان له‌ئاوازێك بخوێنیین وژێراوژێر هه‌ڵه‌كانی پێشووترمان له‌گه‌ڵ توركیا دووپات وسێپات كه‌ینه‌وه. ته‌نها ئۆرگانی ره‌وا بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌رڵه‌مانی كوردستانه وحكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ربری ئه‌و سیاسه‌ته بێت كه په‌رڵه‌مان دایرشتوه ویا بریاری له‌سه‌ر ده‌دات. ئه‌م جۆره مه‌سه‌لانه بۆ باشوور چارنوسسازن وپێویسته كورد بریاری لێبدات نه‌ك ته‌نها حزب وسه‌ركرده ورابهر. ئه‌مان ده‌توانن خاوه‌ن بۆچوون ولێكدانه‌وه‌ی خۆیان بن به‌ڵام تا هه‌مووی تێهه‌ڵكێشی یه‌كتر نه‌كرێن نابێت وه‌ك هه‌ڵوێست وره‌فتار له‌گه‌ڵ توركیادا پراكتیزه بكرێت.
راسته له‌بۆچوونی حزبه‌كانی باشوور، به‌تایبه‌تی یه‌كێتیی وپارتی جیاوازی به‌دی ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی سروشتیه، به‌ڵام كاتێك هه‌ر لایه‌نێك هه‌وڵ بدات ئه‌و بۆچونه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا به‌جیا پراكتیزه بكات ئه‌وه نه‌هامه‌تی زۆری لێده‌بێته‌وه، ئه‌زموونه‌كانی رابووردومان شایه‌تی ئه‌م راستیه‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه پێویسته هێزه سیاسیه‌كانی باشوور وحكومه‌تی هه‌رێم رێگای دیالۆگ ولێدوان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه ولایه‌نه سیاسیه‌كانی تری باكوور بگرنه‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی بارودۆخی ئێستادا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌یه‌ك گه‌یشتنێك بێته كایه‌وه كه ببێته بناغه‌یه‌ك بۆ دیالۆگ وئه‌و ئاشتیه‌ی خواستی هه‌موومانه. مه‌حاڵه به بازدان به سه‌ر په‌كه‌كه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵه وخۆبهلزانین وویستی بۆ رابه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تی، وبه‌سه‌ر باڵه سیاسیه‌كانی كوردی له توركیادا هیچ تروسكاییه‌كی ئاشتی بێته به‌رچاومان. ده‌بێت له توركیای بگه‌یه‌نین كه كه‌س له‌باشوور نایه‌وێت شه‌ری هاو نه‌ته‌وه وبرای خۆی بكات وهه‌ڵگیرساندنی ئاگری شه‌رێكی وا ئه‌و ئارامی وئاساییشه نسبیهی له‌ناوچه‌كه‌دا به‌رقه‌راره وئه‌و په‌یوه‌ندیه سیاسی وئابووریانهی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌ن راسته‌وخۆ سه‌ره‌ونگوم ده‌كات وزۆر ئه‌نجامی مه‌ترسیداری بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت، وله ئاستی یه‌كه‌مدا بۆ توركیا وئه‌و كه‌س وگروپانهش كه له‌دیدێكی كلاسیكیانه‌وه ده‌یانه‌وێت ئه‌و ململانێیه ئارام وهێور بكه‌نه‌وه.
ئابوری وشه‌ری ئاشتی
خاڵبَكی تری خۆئامادهكردنمان بۆشه‌ری ئاشتی بواری ئابووریه.
وه‌ك له‌پێشه‌وه ئاماژه‌م پێداوه توركیا وڵاتێكی گهورهوههژار وخاوه‌ن تموحاتی زۆره وله ساڵانی دواییدا گه‌شه‌ی ئابووری كردوه.
ته‌نها له‌ساڵی 2007 قه‌باره‌ی بازرگانی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا نزیكه‌ی 98 ملیار دۆلار بوه كه نزیكه‌ی 60% بریتیه له هاوردنی كاڵا وكه‌ل وپه‌ل له ئه‌وروپاوه ئه‌وی تریشی ناردنی كاڵا وكه‌ل وپه‌لی توركیه. توركیا تموحی هه‌یه ببێت به‌هێزێكی ئابووری زۆر گه‌وره له‌ناوچه‌كه وبۆ ئه‌مه‌ش هه‌م وڵاتێكه چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئابووری وههم كادری لێهاتوو وپسپۆری پێویستی له‌به‌ر ده‌ستدایه، به‌ڵام ئه‌و تینویهتهی ته‌نیا به بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا وئه‌مریكا وچه‌ند وڵاتێكی تر ناشكێت. دۆزینه‌وه‌ی بازار ودابینكردنی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی توركیا مه‌راقێكی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیایه. عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه یه‌كێكن له‌و بازاره نزیكه كه داواكاری هه‌مه چه‌شنه‌ی هه‌یه بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی خۆی پاش زیاتر له 25 ساڵ له‌شه‌ر وماڵوێرانی. توركیا له‌م بواره‌وه به هه‌موو رێگاكانی بازرگانیه‌وه، فه‌رمی ونافه‌رمی، كه‌وتۆته كار. قه‌باره‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم خۆی داوه له سێ ملیار دۆلار وتموحی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه له ساڵانی داهاتوودا ئه‌و قه‌باره‌یه بگاته 25 ملیار دۆلار.
به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی ئابووری وبازرگانی بۆ سیاسه‌ت كه ئاشتی وئارامی لێبكه‌وێته‌وه پێویسته تموحهكانی توركیا له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه هه‌م سنووری یاسایی بۆ دابرێژرێت وههم كۆمه‌ڵێك مه‌رجی یاسایی بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی كاڵا وبه‌رهه‌مه‌كانی توركیا بۆ بازاره‌كانی كوردستان دابنرێن، كه به‌داخه‌وه بازارێكی به‌ره‌ڵڵایه به‌تایبه‌ت بۆ هاورده له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم بگه‌رێت به‌دوای به‌رفراوان كردنی لایه‌ن و وڵاتان بۆ بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ونهگاته ئاستی ئه‌وه‌ی كه له‌م رووه‌وه ته‌نها به ئێران وتوركیا پشت ئه‌ستوور بین، چونكه له‌میژه‌وه ئه‌وانه بۆ ئیبتزازی سیاسی ئه‌و كارته ئابووریه‌یان به‌كارهێناوه.
من باوه‌رم هه‌یه پێویسته كورد ئه‌م به‌رانه‌ی شه‌ری سیاسی وئابوری ودیبلۆماسی وراگه‌یاندن به‌یه‌ك ده‌نگی بیانگرێته به‌ر وته‌نها رێگاشه بۆ داگیرساندنی چرای ئاشتی وچاره‌ی ره‌وا.
توركیا به نه‌رمی وه‌ك مارێك له‌كون نایه‌ته ده‌ر وبهرازیكردن وده‌ست لهپشتنانیشی خۆی زیاتر به‌زل ده‌زانێت وبهشهریش هارتر ده‌بێت. وه‌لامی كورد بۆ توركیای چه‌ند ره‌گ وتموحاتی زۆر په‌یامی سیاسی ودیبلۆماسی ویاسایی وئابووری هێمن وله‌سه‌رخۆیه كه تێدا یه‌كریزی كورد وقوڵایی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی وبواری ره‌خساوی نیوده‌وڵه‌تی ئێستا بۆی گه‌وره‌ترین وكاریگه‌رترین ئامرازهكانن بۆ ئاشتی وئارامی وچاره‌ی كێشه‌كان.
هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌رێكی زۆر له‌ئارادایه كه ده‌سه‌ڵاتداران له‌باشوور هه‌مان ره‌فتار وهه‌ڵوێستی ئێستایان له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وام پێبده‌ن، به‌ڵام ئه‌م جۆره بۆچونانه پێویسته بوترێن وباسیان لێبكرێت.