Print
 
 میدیای حیزب لەنێوان جادوگەری و پەیامی یەزدانیدا
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Sunday, May 29, 2011

مەبەست لەم نوسینە دیدوبۆچونە لەمەڕ میدیای حیزبی لە باشوری کوردستان، رۆڵی ئەم میدیایە لە روداوەکانی چەند مانگی رابوردو سەلماندی کە ئەو ماشێنە حیزبیە رۆڵێکی وروژێنەر بەمەبەستی ئاڵۆزکردنی دۆخەکەی هەبو. ئەوان کە بەتوندی گلەیی لە زمانی زبری میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی دەکەن، دەبوا قسەکانیان بە کردار بسەلماندایە. ئەم نوسینە سڕینەوەی ئەو کارە جوان و باشانە نیە میدیای حیزبی ئەنجامیداوە، بەڵکو شیکردنەوەی پێکهاتە و فکر و ئەرکی ئەو ماشێنەیە و ئەو کەسانەی لە پشتیەوە سەری تاوەکانیان بەدەستەوەیە و تاوی دەدەن.
 
کەسێکی نامۆ بەم هەرێمە و بەرەفتار و کارەکانی بیست ساڵی رابوردوی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ئاشنای کەسایەتیەکانی دسەڵات نەبێت و رۆژانە ئاگای لە میدیای حیزبی بێت، وا تێدەگات ئەمانە فریشتەن و یەزدانی گەورە بە رەحمەت و شەفاعەتی خۆی رەوانەی ئەم دەڤەرەی کردون، تا ئۆمەتی محه‌مه‌دەکەی لە سایەی دڵ گەورەیی و بەخشندەیی و عەدالەوت و خێر و بەرەکەتیان بحەوێننەوە. دیماگۆکیەکی سیاسی لە ئاستی خەیاڵ پڵاویدا.

لەناو بازنەی دەسەڵاتداران و دەوروبەری کەسانێک هەن بەو جۆرە خەیاڵە بیر لەخۆیان و سەرکردەکانیان دەکەنەوە، رۆژانە ئەو خەیاڵ پڵاویە لە میدیاکانی دەسەڵات بە زمانێکی پاراو وەک چیرۆکی هەڵبەستراو و بەمەدح و سەناوە و بابەتی سەرەکی و مانشێتی گەورە کرۆکی ئەرکی سەرەکی ئەو ماشێنە حیزبیەیان پێکهێناوە و داڕشتوە و بەرامبەرەکانیشی دەکاتە دێوزمە و تێکدەر و نامۆ بەم دۆخ و نەتەوەیە، ره‌نگدانه‌وه‌ی پراکتیزەکرنی دیموکراسیەت بە عەقیدە وفکری داخراو.

بەرهەمەکانی میدیای حیزبی زادەی فکرێکی چەقبەستون، فکرێک شادەماری بینین و گوزەرانی چاویلکە و فکر و پارەی "حیزب و سەرکردەیە"، فکرێک کەرەسەکانی لەلایەن نوخبەیەکی هەڵبژاردەی چاو و دەست بەستراو و کۆیڵەی بەرژەوەندیە "نادیارەکان" خۆشەدەکرێت و لە دەرەوەی قاموسی حیزب نامۆیە بە وشەکان، فکرێک زیتەڵە و زیندو لە واتاکەی رابوردیدا و بێ رەونەق و بێ سەبور لە تەمەنی پیری ئەم سەردەمەیدا، فکرێک لە گێژاوی دەلاقەی نێو رابوردو و ئێستادا نائارام و سەرلێشوانە دێت و دەڕوات و ناشتوانێت ئازادانە رو لە ئایندە بکات.

میدیای حیزبی بەگرێبەستێکی داخرا و بەسەرچو بۆئەم سەردەمە پابەندە و کاردەکات، مەرج و ئەرکەکانی هەم دیاریکراو و هەم سنورداریشن، ئێتیکی ئەو بە سات و کات دەگۆڕێت و مەزاجی سەرکردە و بەرژەوەندی نوخبەی هەڵبژاردە ئاڕاستەی دەکەن. میدیای حیزبی کارگەیەکە رەچەتەی بەرهەمهێنانی ئامادەیە و ئەرکەکانی کارمەندانی ئەو کارگەیە داڕێژراون و دەبێت بێ یەک و دو کردن جێبەجێ بکرێن.

کۆی گشتی ئەم فیکر و گرێبەست و ئەرک و هەڵسوڕاندنە جۆرێکە لە جادوگەری بۆ خەڵقاندنی دنیایەکی وەهمی تایبەت بەخۆیان، یۆتۆپیای عەقیدە و حیزب و سەرکردەیه‌. وروژاندن و هەڵدان و هەڵبەستن و نوشتە و و دوعا و نزا کەرەسە نایاب و حەکیمەکانی ئەو جادوگەریەن. دنیایەک ئازادی مرۆڤ تێدا ئەوەندە لە راستیەوە نزیکە کە بەئیرادە و دەستی خۆی دەروازەکانی بیرکردنەوەی بە کۆدەکانی سەررک و حیزب قفڵ و واڵابکات.

لێدوان و قسەی سەرۆک و سەرکردەکان وەک دەرمانی هەمو دەردەکان سەدان جار لە رۆژێکدا عەرزدەکرێن، کۆبونەوە و بڕیارە حیزبیەکان دەگەینرێنە ئاستی ئایەتەکانی قورئان و روناککەری دەهالیزە تاریکەکانی مەملەکەت، کار و رەفتارە قێزەوەن و ناشیرینەکانی دەروێشەکانی ئەو وەهمە بەبەهاراتی جادوگەری دەگۆرن بە "خێر و بەرەکەت" بۆ فەزڵ و منەتکردن، نەفامی و کاڵفامی بەبەری چەمکەکانی ئەقڵانیه‌ت و واقیعبینیندا دەکەن ...تاد.

میدیای دو هێزی دەسەڵات پرۆپاگەندە بۆ پەیامێک دەکات نزیکە لە پەیامە ئاینییەکان و پێغەمبەرەکانی، پەیامێک هەڵگری چەمکەکانی عەدالەت و بێگەردی و پێرفێکشینیزم و ئەزەلیەتە و خەڵقاندنی بەهەشتی سەر زەمینی له‌ کوردستان کردوە بە پێشه‌نگی ئامانجه‌کان. رابەر و سەرکردەش داهێنەر و پارێزەر و دەلیلی ئەو پەیامەن و دەوروبەریش وەک ئەسحابەکان دەبێت هەزاران جار ئەو پەیامە کاوێژکەنەوە.

پەیامی حیزب لە بەردەم شۆڕشی تەکنه‌لۆژیای سەردەمدا هەڵکروزاوانە گیرساوەتەوە، لەلایەک بێئەو ناتوانێت بۆ ساتێک هەناسەبدات و لەلایەکی ترەوە کەش و هەوای ئەو شۆڕشە بەردەوام لەو پەیامە دادەتاشێت و کاڵی دەکاتەوە و پرۆکانەوەکەشی حەتمیە.

دو حیزبی دەسەڵات پارەوپولێکی زۆری میللەت بۆئەم جۆرە راگەیاندنەیان زەوتکردوە و دەیکەن، مەگەر کەسێکی نەفام باوەڕ بکات ئەوان بەپێی یاسا ئەو پارەیە هەڵدەڵوشن، ئەسحابەکانی حیزب راستدەکەن، چونکە شەرع و قاسە و کاغەز و کلیلی پەرستگا بەدست خۆیانەوەیە و هه‌ر خۆشیان موئزینن. هەر دو حیزب دەیان تەلەفزیۆنی سەتەلایت و لۆکاڵی و رۆژنامە و گوڤار و ماڵپەریان هەیە، نزیکەی 15.000 مشەخۆر کار لەو کارگە گەوره‌یەدا دەکەن. ئەمە جکە لەو دەیان ملیۆن دۆلارەی بردویانە بۆ پێکهێنانی ئەو دەزگا زەبەلاحە.

میدیای حیزبی بەو جۆرە "رۆژانەی" خۆی پردەکاتەوە.

Sbeiy.com © 2007