Print
 
 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌نێوان دروشم و متمانه‌ بوندا
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Thursday, July 7, 2011

هه‌مو رێكخراو حیزبێك له‌ دنیا له‌ژێر كۆمه‌ڵیك دروشمدا كار ده‌كات، كه‌ باكگراوندی‌ ئه‌م دروشمانه‌ كۆمه‌ڵێك ئامانج هه‌ڵده‌گرێ‌ له‌ به‌ژه‌وه‌ندی‌ هه‌مو تاكه‌كاندا بێت، به‌ هه‌مو ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ماف و ئه‌ركی‌ هه‌موی‌ دیاری‌ ده‌كات و ئازادیه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات له‌م هه‌رێمه‌ی‌ خۆماندا، ئه‌گه‌ر به‌ دروشم بێت كه‌سێك نیه‌ كه‌ مافی‌ ته‌واوی‌ خۆی‌ وه‌رنه‌گرتبێت به‌ دروشم بێت هه‌رێمێكی‌ ته‌واو دیموكراسیه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كان زور ته‌ندروستن و یاسا سه‌روه‌ره‌، به‌ڵام ئایا له‌ڕوی‌ كرداره‌وه‌ وایه‌...؟ ئه‌مه‌ پرسیاره‌كه‌یه‌ و هه‌مومان باش ده‌زانین كه‌ هه‌قیقه‌تی‌ پراكتیزه‌ بونی‌ دروشمه‌كان وه‌ك لاشه‌یه‌كی‌ مردوه‌ به‌رده‌وام كۆبونه‌وه‌ و دروشمه‌كان وێنه‌یه‌كی‌ ته‌واو گاڵته‌جاڕی‌ داوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی‌، به‌ دیوێكی‌ تردا هه‌مو تاكێك ده‌زانی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆ نوسینی‌ دروشمه‌كان سه‌رف ده‌كرێ‌ دیسانه‌وه‌ به‌ هه‌ده‌ردانی‌ سامانی‌ گشتییه‌، جۆرێكه‌ له‌ وه‌ی‌ كورد پێ‌ ی‌ ده‌ڵێ‌ (درۆی‌ شاخدار).

ئه‌م دو حكومه‌ته‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ هێنده‌ به‌ پڕۆژه‌ و دروشم و كۆبونه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ گه‌ر نیوه‌ی‌ ئه‌وه‌ كرداری‌ بوایه‌، ئێستا له‌ دۆخێكی‌ تردا بوین، پارتی‌ و یه‌كێتی‌ چوارچێوه‌یه‌كیان بۆ خۆیان و بۆ حكومه‌ت دروست كردوه‌، كه‌ راده‌ی‌ متمانه‌ چوه‌ته‌ ژێر سفر تا ئاستێك هه‌مو تاكێك ده‌یه‌وێت له‌م هه‌رێمه‌ هه‌ڵبێت...

له‌دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ بزوتنه‌ی‌ گۆڕان تا ئاستێكی‌ باش دروشمه‌كان بونه‌ جێی‌ باوه‌ڕی‌ تاكه‌كان، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆمه‌ڵێك دروشمی‌ هه‌ڵگرت كه‌ توانی‌ راستگۆیانه‌ كار بۆ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ بكات، تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ری‌، تا ئێستا گۆڕان به‌شداری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ نه‌كردوه‌ گه‌وره‌ترین گوشاری‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست كردوه‌، لێره‌وه‌ با بپرسین ئایا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌توانێ‌ به‌رده‌وام بێت تا ده‌سه‌ڵات ناچار بێت دروشمه‌كانی‌ بكاته‌ كردار...؟

ئێستا بزوتنه‌وی‌ گۆڕان و یه‌كگرتو كۆمه‌ڵ به‌ریه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنیان پێكهێناوه‌ و له‌ قۆناغی‌ دانوستان و گفتۆگۆدان، تا بتوانرێ‌ به‌شداری‌ حكومه‌تێكی‌ بنكه‌فراوانی‌ كاتی‌ بكه‌ن و زه‌مینه‌سازی‌ بكرێ‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پێش وه‌خت، تا بتوانرێ‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ناچار بكرێ‌ له‌ حیزبی‌ فراوانخوازی‌ سه‌ربازی‌ و بازرگانه‌وه‌ بگۆڕدرێت بۆ حیزبی‌ مه‌ده‌نی‌ و پشت به‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان ببه‌سترێ‌، تاكه‌ وه‌ره‌قه‌ی‌ ده‌ستی‌ هه‌مو حیزب و رێكخراوه‌كان خزمه‌تكردن بێت به‌ هاوڵاتیان، تابتوانن له‌ڕێی‌ ده‌نگه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر بكه‌ن له‌ بری‌ رفاندن و چه‌ك و پاره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌نگی‌ هاوڵاتی‌، تا تاكی‌ هاوڵاتی‌ سه‌نته‌ری‌ گۆڕانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان بێت...

ئێستا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ بێ‌ چه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ توانی‌ متمانه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ دروشم و هیوایه‌كی‌ راستگۆی‌ بۆ په‌یمانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بگێڕێته‌وه‌ و وه‌لائی‌ هاونشتیمانی‌ زیندو بكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ قۆناغی‌ ئۆپۆزسیۆن بوندا... ئێستا له‌به‌رده‌م قۆناغێكدایه‌ كه‌ به‌رامبه‌ری‌ ناچاری‌ راستگۆی‌ بكات و بیخاته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ حیزبی‌ مه‌ده‌نیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ دروشمه‌كانیاندا هه‌یه‌ چۆن توانی‌ ژینگه‌یه‌ك بۆ هه‌مو ده‌نگ و ره‌نگ و بۆچونه‌كان دروست بكات و هاونیشتمانی‌ بون دروست بكات، هه‌ر واش هه‌مان ژینگه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات دروست بكات و بیسه‌لمێنی‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ رێكخستن و خزمه‌تكردنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌ نه‌ك ده‌سته‌ و خێل و ناوچه‌یه‌ك دروشمه‌كان به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی‌ متمانه‌ به‌رێت و له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ دره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانی‌ پابه‌ند بێت به‌ دروشمه‌كانیه‌وه‌، به‌رامبه‌ریش ناچار بكات كه‌ واز له‌ چه‌ك و پاره‌ و به‌ كاڵاكردنی‌ هاوڵاتی‌ بهێنێت و ده‌وڵه‌تی‌ یاساو سیستم دابمه‌زرێنن تا وڵات نه‌بێته‌ بت خانه‌یه‌ك و پڕی‌ بكه‌ن له‌ بتی‌ سه‌رۆكه‌كان و ئێمه‌ش بینه‌ كۆیله‌...

بزوتنه‌وی‌ گۆڕان كه‌وتوه‌ته‌ به‌رده‌م پرسیارێكی‌ چاره‌نوسساز، كه‌ ئایا ده‌توانێ‌ له‌ نێوان دروشم و متمانه‌ بوندا پارێزگاری‌ پێگه‌ و تابه‌تمه‌ندێتی‌ خۆی‌ بكات وه‌ك پێشوتر...؟ ئه‌م پرسیاره‌ بۆ كۆمێنته‌كان جێ‌ ده‌هێڵین.

Sbeiy.com © 2007