Print
 
 کام ته‌وافوقی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی‌ که‌رکوک
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, August 6, 2011

که‌رکوک یه‌کێک بو له‌و کێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کورد له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس. ئه‌و حیزبه‌ ئاماده‌بو ئه‌و سێ شاره‌ی ئێستا به‌ هه‌رێمی کوردستان ناوده‌برێ به‌ ته‌واوی بیخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد و حوکمڕانی تێدا بکات، ئه‌گه‌ر کورد ده‌ستبه‌رداری که‌رکوک بوایا، ره‌نگه‌ شه‌ڕی‌ 35 ساڵه‌ی کورد و به‌عس روینه‌دایا.

 دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق به‌ کرده‌وه‌ ده‌رکه‌وت: کێشه‌ی که‌رکوک په‌یوه‌ست نه‌بوه‌ ته‌نها به‌ به‌عس و سیاسه‌ته‌که‌ی‌‌، به‌ڵکه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ حکومه‌تی ناوه‌ند و عه‌قلیه‌تی حوکمڕانی له‌ به‌غدا. عه‌قلیه‌تی ئه‌و حکومه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد خۆی به‌ شه‌ریک و دانه‌ری به‌ردی بناغه‌ی داده‌نێ‌ به‌رامبه‌ر که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان سیاسه‌تێکی جیاوازیان نییه‌ له‌ سیاسه‌ته‌که‌ی سه‌رانی به‌عس.

ئه‌مڕۆ کورد ده‌یه‌وێ هه‌رێمی کوردستان و ته‌واوی عێراق پڕ له‌ ئارامی بێت و گه‌لی عێراق خۆشگه‌زه‌ران بێت، به‌ڵام ئه‌م ئارامیه‌ ناکرێت له‌سه‌ر پێشێلکردنی مافه‌ ره‌واکانی خه‌ڵکی کوردستان یان هیچ پێکهاته‌یه‌کی تری عێراق بێت. باشترین ئارامی و سه‌قام گیری ئاشتی له‌ عێراق به‌ گه‌ڕه‌ناوه‌ی مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانی هه‌مو پێکهاته‌یه‌کی عێراق دێته‌ دی، پێویست ده‌کات هه‌رچی زوه‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ بکرێت، نه‌ک کێشه‌کان باسبکرێن و دوا بخرێن بۆ سه‌رده‌مێکی تر وه‌ک له‌ 8 ساڵی رابردو کاری له‌سه‌رکراوه‌.

راسته ‌یه‌کێ له‌و رێگه‌چارانه‌ ته‌وافقی سیاسییه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م ته‌وافوقه‌ له‌ به‌غدا له‌سه‌ر دابه‌شکردنی پۆست و پله‌وپایه و ده‌سکه‌وتی حیزبی و که‌سی بوه‌، نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌ساسی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان. یه‌کێ له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌کانی ئه‌م ئوسلوبه‌ هه‌ڵگرتن و که‌ڵه‌که‌بونی کێشه‌کانه‌، مانه‌وه‌یانه‌ به ‌چاره‌سه‌رنه‌کراوی.

کێشه‌ی که‌رکوک، مه‌سه‌له‌ی دابه‌شکردنی پۆست و پله‌وپایه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک کێشه‌ی له‌ پۆست و پله‌و پایه‌یه‌، ده‌کرێ نه‌ک هه‌ر له‌که‌رکوک به‌ڵکه‌ وه‌ک پێکهاته‌یه‌ک له‌ که‌رکوکی ناو هه‌رێمی کوردستاندا، له‌ ده‌ستور و سه‌رجه‌م داوده‌زگاکانی هه‌رێم جێگه‌ی شیاوی خۆیان هه‌بێت، چونکه‌ به‌لای کورده‌وه‌ کێشه‌ی که‌رکوک بریتیه‌ له‌:
1- خاک و زه‌وی
2- که‌رکوک و ته‌واوی ناوچه‌دابڕاوه‌کان به‌شێکی دانه‌بڕاون له‌ هه‌رێی کوردستان ؛
3- دیاریکردنی سنوری جوگرافیای سیاسی کوردستانی عێراق وه‌ک هه‌رێمێک له‌ عێراقی فیدرال دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌.

له‌سه‌ر هه‌ریه‌کێ له‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناکرێت باس له‌ ته‌وافوقی سیاسی بکرێت، به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌رداربون له‌و مافانه‌ به‌رامبه‌ر پێدانی پۆست یان چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا.

به‌ڕێز تاریق هاشمی له‌ دانشتنێکدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی که‌رکوک باسی له‌‌ ته‌وافوقی سیاسی کردوه‌ وه‌ک تاکه‌ رێگه‌چاره بۆ کێشه‌ی که‌رکوک، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رپرسه‌ باڵایه‌ له‌ باسکردنه‌که‌دا هیج ئامه‌ژه‌یه‌ک به‌ ماده‌ی 140 ده‌ستور بدا، له‌ کاتێکدا ئه‌م ماده‌ ده‌ستورییه‌‌ به‌ تاکه‌ رێگه‌ داده‌نرێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌‌، به‌تایبه‌تی‌ به‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کورده‌وه‌. هیوادارم مه‌به‌ست له‌و ته‌وافوقه‌ ته‌نها رێکه‌وتنی پێکهاته‌کانی که‌رکوک بێت له‌سه‌ر دابه‌شکردنی پۆست و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی شار، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکه‌‌ ده‌کرێت رێکه‌وتنی له‌سه‌ر بکرێت، شانبه‌شانی دانانی رێگه‌ چاره‌ بۆ جێبه‌جێکرنی ئه‌و 3 خاڵه‌ی سه‌ره‌وه و به‌نده‌کانی ماده‌ی 140‌.

ئه‌گه‌ر باسکردنی ئه‌و ته‌وافوقه‌ سیاسییه‌ له‌سه‌ر خاکی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان بێت،‌ نیشانه‌ی زه‌نگێکی خه‌ته‌رناکه‌ له‌ به‌غداوه‌. لێدانی ئه‌م جۆره‌ زه‌نگه‌ عێراق ده‌باته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می رژێمه‌کانی پێش 2003 . له‌و‌ ده‌مانه‌ی له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی داگیرکه‌رانه‌ی ئه‌و رژێمانه‌ به‌ رامبه‌ر به‌ کورد و خاکی کوردستانی عێراق، وڵات که‌وته‌ گێژاوێکه‌وه‌ تائێستا تێیدا ده‌خولێته‌وه‌‌، به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر ئه‌و زه‌نگ لێدانه‌‌ وا له‌ نه‌وه‌ی نوێی کوردستان ده‌کات، بڵێن "دابینردنی ته‌واوی مافه‌کانمان به‌رامبه‌ر پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتی و یه‌ک پارچه‌یی خاکی عێراق".

نه‌ک ته‌نها بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ زه‌نگه‌، به‌ڵکه‌ وه‌ک کار و ئه‌رکی سه‌رشان، دوای 8 ساڵ له‌ دانبه‌خۆداگرتن و چاوه‌ڕوانی له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌کانی حکومه‌تی به‌غدا و سه‌رکردایه‌تی کورد، کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ له‌سه‌ر کێشه‌ی که‌رکوک، به‌ بێ گوێدانه‌‌ ئینتمای حیزبی شه‌قامی گشتی کورد بێته‌ ده‌نگ، له‌و شه‌قامه‌شدا پێویسته‌ ئه‌م لایه‌نانه رۆڵی دیاریان هه‌بێت:
1- ته‌واوی خه‌ڵکی که‌رکوک؛
2- سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوسان، که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن، رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی؛
3- په‌رله‌مانتارانی کورد له‌ به‌غدا و په‌رله‌مانی کوردستان؛
4- کوردستانیانی نیشته‌جێی هه‌نده‌ران و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی؛

بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌ له‌ مێژینه‌یه‌ پێویست ده‌کات فشاری سیاسی، دیبلۆماسی، جه‌ماوه‌ری و راگه‌یاندنی به‌رده‌وام وه‌ک یه‌ک چه‌پک بخرێته‌ سه‌ر حکومه‌تی عێراق.

Sbeiy.com © 2007