Print
 
 نه‌بونی‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Wednesday, August 31, 2011

ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بمانه‌وێ‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ زانستی‌ ده‌سه‌ڵات دیاری‌ بكه‌ین و ره‌هه‌نده‌كانی‌ بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وه‌ی‌ پێ‌ ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی‌ دامه‌زراوه‌ی و دابه‌ش ببێت بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ (یاسادانان و دادوه‌ری‌ و جێبه‌جێ‌ كردن)، پاشان ده‌سه‌ڵاتی‌ چواره‌م كه‌ میدیاكانه‌ ده‌بێت له‌ڕوی‌ تیۆری‌ و پراكتیزه‌بونه‌وه‌ ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كتر بن... به‌ڵام ئایا بونی‌ دامه‌زاروه‌ی به‌پێی‌ كردار بونی‌ هه‌یه‌...؟

ئه‌توانین بڵێن ئه‌وه‌ی‌ له‌م هه‌رێمه‌دا پێی‌ ده‌وترێت ده‌سه‌ڵات ته‌نها دروشمه‌ و تیۆریه‌ نه‌چوه‌ته‌ بواری‌ پراکتیکه‌وه‌... ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ و‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌ربچێ‌، هێنده‌ی‌ كار له‌سه‌ر به‌ مێگه‌لی‌ بونی‌ هاوڵاتی‌ ده‌كات، هێنده‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م قۆناغه‌ ببڕێت و بچێته‌ قۆناغی‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی‌ کردنه‌وه،‌ ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆی‌ ئیفلیج كردنی‌ سه‌رتاپای‌ جومگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا و كۆی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ چه‌ند كه‌سێكا كۆبوه‌ته‌وه،‌ كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خوێن و بنه‌ماڵه‌ و ناوچه‌ بونیاد نراوه‌، واتا ده‌سه‌ڵاتی‌ باوكسالاری‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ تر بۆ ئاستی‌ كۆمه‌ڵگا به‌گشتی‌، هه‌موشمان ئه‌و راستیه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ به‌پێی‌ ماف و ئه‌ركی‌ هاوڵاتی‌ كار ناكات، هه‌ر تاكێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م بازنه‌یه‌‌ بێت لێپرسراه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌ركێك و بێ‌ به‌شه‌ له‌ هه‌مو مافێك، ناچار ده‌كرێت ببێته‌ كویله‌ی‌ ناو ئه‌و بازنه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌...

به‌م پێوه‌رانه‌ (كه‌ ده‌كرێت زیاتر لیكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت) ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو دروشمه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و یاسادانان و دادوه‌ری‌ و جێبه‌جێ‌ كردندا ده‌یبینین، له‌ڕوی‌ پراكتیزه‌بونه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ پوچه‌ڵ بونه‌وه‌ی‌ مانا له‌ ناو دروشمه‌كاندا، بگره‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستێك كه‌ زۆر كات مایه‌ی‌ گاڵته‌جاڕی‌ بێت... خۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌م جۆره‌ بێت له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ر هه‌وڵێك بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێت ئۆپۆزسێون دروست بكات ناته‌ندروست ده‌رده‌چێت، تا ده‌سه‌ڵات نه‌بێته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ و یاساكان باڵاده‌ست نه‌بن و هاوڵاتی‌ هه‌ست نه‌كات به‌شێكه‌ له‌ هاوكێشه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان، هه‌ست به‌ بونی‌ ماف و ئه‌ركی‌ خۆی‌ نه‌كات و چاوی‌ چاودێریه‌كان ئه‌كتیڤ نه‌بن له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ر هه‌وڵیك ده‌چێته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌‌ دژه‌وه،‌ واتا دژه‌كان و ململانێكان هێنده‌ی‌ خیڵه‌كی‌ ده‌بنه‌وه‌ هێنده‌ ناچێته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بونه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ له‌كوردستاندا ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دامه‌زراوه‌یه‌كان بونی‌ نیه‌...

با بپرسین ئه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بونی‌ هه‌یه‌...؟ ئایا له‌ دوای‌ 25/7وه‌ ئۆپۆزسیۆن دروست بوه‌،..؟ ئه‌توانین بڵێین نه‌خێر ...بۆ.؟ بزوتنه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ و ره‌هه‌ندیه‌كان به‌ پله‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ میدیا ئازاده‌كان و پرۆسه‌یه‌كی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ی‌ گشتی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌، تا وه‌ك فشار ناچاری‌ بكات بچێته‌ قۆناغی‌ ده‌سه‌ڵاتیكی‌ یاساییه‌وه،‌ واتا تائێستاش هێنده‌ی‌ هه‌وڵه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ناوبنێ‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵاتێكی‌ دامه‌زاوه‌ی‌ بونیاد بنێت، پاشان خۆی‌ وه‌ك ئه‌و ئۆپۆزسیۆن‌ بناسێنیت، كه‌ ده‌سه‌ڵات مبادئه‌كانی‌ بونی‌ قبوڵكردنی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ تێدا بێت و چه‌مكی‌ دۆڕاندنه‌كانی‌ پێ‌ قبوڵ بكرێ‌، په‌نا بۆ كاری‌ ناسایی‌ نه‌بات و ده‌ستاوده‌ست كردنی‌ ده‌سه‌ڵات ببێته‌ یاسا و نه‌ریتێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی،‌ به‌دیوێكی‌ تردا ئۆپۆزسیۆن كاتێك ده‌توانێت روخساری‌ خۆی‌ ببینێ‌ كه‌ ئاوێنه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات وێنه‌ هه‌قیقیه‌كان نیشان بدات، به‌م مانایانه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێت ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵات نیه‌ هێنده‌ی‌ بڕیاری‌ بازنه‌یه‌کی داخراوه‌ به‌سه‌ر كۆی‌ كۆمه‌ڵگاوه‌، ئه‌وه‌شی‌ پێ‌ ده‌وترێت ئۆپۆزسیۆن ئۆپۆزسیۆن نیه‌، جگه‌ له‌ هه‌وڵێك بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی‌ شه‌قام و لابردنی‌ ترس له‌سه‌ر هاوڵاتی‌ و زیندوكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ (نا)ی‌ تاك و پڕۆسه‌یه‌كی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ و فشارێكی‌ قورس، بۆئه‌وه‌ی‌ كۆی‌ كۆمه‌ڵگا بخاته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ گواستنه‌وه‌وه‌ به‌ره‌و بونیادنانی‌ قۆناغێكی‌ نۆی‌ بۆ دروست بونی‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیان‌ سه‌نته‌ری‌ گۆڕینی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان بێت له‌ڕێی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ باوه‌ڕ پێ‌ كراوی‌ گشتیه‌وه‌... بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ رابه‌رایه‌تی‌ كۆی‌ ده‌نگی‌ ره‌خنه‌ و فشاره‌كان ده‌كات، تائێستا توانیویه‌تی‌ زۆر گۆڕانكاری‌ بكات له‌ ئاست دروشمه‌كاندا بۆگواستنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و گۆمه‌ڵگایه‌كی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ ته‌ندروست.

Sbeiy.com © 2007