Print
 
 کورد له‌ نێوان مەرجەعیەتی کوردستان و نوێنەرایەتی بەغدا
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Thursday, September 22, 2011

جارێکی تر کێشە قەتیسبوەکانی نێوان هەرێم وبەغدا گڕوتینیان گرتوە، ئەم کێشە موزمنانە ئیرسێکی کۆنە وچەندین فاکتەری ناوخۆیی وناوچەیی ونێودەوڵەتی هۆکاری سەرهەڵدان وگیرسانەوەیانن بەو شێوە گرژ ونادیارەی ئێستا وساڵانی رابوردو.

ده‌ستور و کێشه‌کان
بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشانە پابەندە بەئەقڵیەتی سیاسی لە عێراق، عەرەبی عێراق چی شیعە وچی سوننە وچی ئاراستەکانی تر وسەرکردایەتی سیاسی کوردیش کۆکن لەسەر ئەوەی کوردستان بەشێکە لە عێراق وعێراقیش بەشێکە لە نەتەوەی ئیسلام وپانتایی وقوڵاییەکی مێژویی عەرەبی هەیە.

ئەمانە لە دەستوردا سەپێنراون، دەستورێک ئاین ومەرجەعیەتی ئاینی ودیموکراسیەتی بەیەکەوە کردۆتە پێوەرەکانی تا ماوە چاوی لە بێشکەی دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤدا هەڵنایەت، بەڵکو لە حوجرەی نابیناکان ونەفامەکان وخۆپەرستەکان وشۆڤێنیزمەکاندا گڕوگاڵ وگەشەی کردوە. دەستورێک لەسەر بنچینەی تەوافقی ئاینی ومەزهەبی ونەتەوەیی داڕێژرابێت هەر ئەوەندە بڕدەکات که‌ تائێستا کردویەتی وبە ئیفلیجی دەمێنێتەوە. خەتا لەو چەند پارچە کاغەزەدا نیە، بەڵکو ئەو ئەقڵیەتەی دایڕشتوە وپەسندی کردوە وپەنای بۆدەبات. لێرەوە گوناهی سەرکردایەتی سیاسی کورد لەساتی دانوستاندن ولێدوان لەسەر دەستوری هەمیشەیی عێراق دەردەکەوێت کەچۆن بێ بیرتیژی ودوربینی بەو داڕشتنەوەیە رازیبون. نەدەبو ئەو بەرێزانە چاوەڕوانی ئەوەیان لە عەرەب بکردایە وبکرێت ئارەزومەندانە لە سایەی چەند دەستەواژەیەکی تەم ونادیاردا دان بەسنور ومافە نەتەوەییەکانی کورد دا بنێت وئەو مەسەلە چارەنوسسازانە بدەن به‌دەست قەزا وقەدەرەوە.

لاموبالاتی نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری کورد
هۆکارێکی تری کەڵەکەبون وخەستبونەوەی کێشەکان کەمتەرخەمی ولامبالاتی دەسەڵاتدارانی کوردە لە بەغدا، ئەو دەسەڵاتدارانەی ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە نەک نەیانتوانیوە کێشەکان بەرەو چارەکردن ببەن، بەڵکو ئاڵۆزتریان کردونەتەوە.

ئەوە شەش ساڵ زیاترە دەستوری هەمیشەیی عێراق پەسندکراوە ولە بڕگە گرنگەکانی بۆ کورد مادەی 140 وسامانە سروشتیەکانیەتی. بەبۆچونی چەند چاودێرێکی سیاسی دنیا و راپۆرتەکان سەرکردایەتی دەسەڵاتداری سیاسی کورد خۆبەخشانە رازیبوە ئەو مادەیە هەڵسەپێنرێت لە بەرامبەر ئیمتیازاتی نەوت بۆ چەند ساڵێک، ئەوانەی تر دەیکەن لە هات وهاوار وقسەی بریقەدار ودروشمی بەتاڵ زیاتر نیە وهیچ لە راستیەکان ناگۆڕن وتەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکە. ئەم کەمتەرخەمی ولادانانە زەرەرێکی زۆریان لە مافە رەواکانی کورد داوە، بۆیەش دەبینین شوفێنیزم وفاشیزمی مەزهەبی ونەتەوەیی لە عێراق کەوتۆتە پەلاماردان وهێرش بردن نەک تەنها بۆسەر کەرکوک، بەڵکو بۆ سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکانی باشوری کوردستان وسیستەماتیک وپلانرێژ کاری خۆیان دەکەن ودڵنیاشن کە بێدەنگی بەشێک لە سەرکردەکانی کورد بەدابینکردنی بەرژەوەندیەکانیان لێرە ولەوێ مسۆگەر دەکەن.

هەنوکە پێگەی مەزهەبی شیعەی دەسەڵاتدار زۆر بەهێز بوە ورو لە تاکڕەوی وخۆسەپاندن دەکات، بە کوردی وکورتی هار بوە، ئەو هاوکێشەیەی بۆ عێراق فۆرمیڵە کرابو لاسەنگی تێکەوتوە وبەشێکی ئاکامەکانی بەتوندی یەخەی کوردیان گرتۆتەوە.

ئه‌مه‌ریکا وکێشه‌کان
ئیدارەی ئۆباما لەپشت پەردەکانەوە بە وردی کاری لەسەر داڕشتن وجێبەجێکردنی ستراتیژیەتی دەرچون لە عێراق کردوە، ئۆباما میراتی عێراقی لە سەرۆک بوشەوە بۆ ماوەتەوە وسیاسەتی ئیدارەکەشی نەرمیەکی زۆری بەرامبەر بە مەزهەبگەری وفەساد ودراوسێکانی، بەتایبەت ئێران، نواندوە. هۆکارێک بۆ بەهێزبونی میحوەری شیعە لە ناوچەکە کە عێراق وئێران وسوریا وحزباللە دەگرێتەوە وبە پشتیوانی تاڵەبانی بۆ ئەو میحوەرە لە بەرامبەر رازیبونیان لەسەر هەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کوردیش بۆتە هاوپەیمانێکی لاوازی بێدەنگی محوەرەکە. لە هەمان کاتیشدا لە گەڵ نزیکبونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئه‌مه‌ریکا لە عێراق، ئەڵقە بەهێزەکەی ئەو میحوەرە کە پێگەی مالیکییە لە عێراق دەبێت تەواوی دەسەڵاتی خۆی لە عێراقدا بسەپێنێت، بەتایبەت لە کاتێکدا دەسەڵاتی عەلەویە شیعەکان لە سوریا ئەوەندە لە مەترسیدایە کە لە حاڵەتی روخاندنی رژێمی ئەسەد ئاکامی مەترسیداری بۆ دەسەڵاتی ئێران وشیعە لە ناوچەکە دەبێت وکەلێنێکی گەورە دەکەوێتە قوڵایی ستراتیژی محوەرەکەوە، کە لە ئێرانەوە تا باشوری لوبنان وچەند وڵاتێکی کەنداو درێژدەبێتەوە وخاوەنی هێزی زۆری سەربازی وهەواڵگری وداراییە.

بەشێکی گرنگ لە ستراتیژیەتی ئه‌مه‌ریکا بۆ دەرچون لە عێراق "ئیجماعی" عێراقیەکان بو لە سەر دروستکردنی حکومەتێکی شەراکەتی نیشتمانی دوای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو ئیجماعە لە رێککەوتنی هەولێر بەدەستهێنرا، هیوای کورد لەم رێکەوتنە ئەوەبو "خورمژی" دەستکەوێت، بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت وتەشریع پرەنسیپەکانی تەوافقی نیشتمانی پەسندکرا ولایەنی دەسەڵاتداریش زۆربەی خاڵەکانی کوردی وەک تاکتیکێکی کاتی پەسندکرد، بۆ ئەوەی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی شیعە وسوننە رابگیرێت ئەنجومەنی باڵای سیاسییە ستراتیژیەکان "شورای هاوشێوەی سەلەفیەکان باوەڕیان پێی هەیە" درا بە کوتلەی سوننە. ئه‌مه‌ریکا مەبەستی بو وهەیەتی کە عێراق بەشەڕ وشۆرەوە بەجێ نەهیڵێت وبۆ ئەو مەبەستەش خودی جۆزف بایدن دۆسیەی عێراقی بەدەستەوەیە. یەکێک لە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەڵبژاردەی بۆ حوکمرانی لە بەغدا چو لایەنە عەرەبیە بەهێز وخاوەن قوڵاییە ستراتیژیە مەزهەبی وناوچەییەکەی هەڵبژارد، بەشێک لە بەرپرسانی پارتی هەنوکە دان بە دودڵی ئەوکاتەی خۆیان لەو هەڵبژاردەیە بەیان کردوە، هەڵەیەک شارەزایەکی کاڵفام لە زانستی سیاسەت لە دۆخێکی وەک ئەم سەردەمەی عێراقدا نایکات ئەگەر مەبەستی تایبەت لە پشتەوە نەبێت.

فشاری وڵاتە عەرەبیە سوننەکان لەسەر حکومەتەکەی مالیکی وناڕەزایی ونائارامیان لە هەڵکشاندنی پێگەی شیعە ودەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا زۆر خەست بۆتەوە. رەفتار وشێوازی حوکمڕانی تاکڕەوانەو ومەزهەبیانەی مالیکی بەرامبەر بە سوننەکان لە ئاکامی لەتبونی بەرەکەیان وپەشیمان بونەوەی لە کۆمەڵێک بەڵین وبەرنامە بەرامبەر بە کوردیش خۆشکەری ئەو زەمینەیەیەن کە ناحەزەکانی ناوخۆیی وناوچەکە ودەرەکی بیکوتنەوە بەمەبەستی لابردنی وتێکدانی پێگەی دەسەڵاتی شیعە وهاوپەیمانەکانی.

دیماگۆگی "نیشتمانپه‌روه‌ری"
لەو ساتەوەی حکومەتی دوەمی مالیکی دەست بەکار بوە، سەرجەم بوارە سەرەکیەکانی حوکمڕانی لە عێراقدا خراپتر بوە نەک باشتر. دۆخی ئەمنی تێکچونێکی مەترسیداری بینیوە، ژمارەی قوربانیەکان رو لە هەڵکشاندنە، گەندەڵی ودزین وتاڵانکردنی عێراق لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە بۆتە "سوننە"ی حوکمڕانیان، کێشەکانی دابەشکردنی دەسەڵات، وەزارەتە ئەمنیەکان ودروستکردنی "شورای" سوننەکان جێبەجێ نەکراوە، تایفیەت ومەزهەبیەت بونەتە پێوەرەکانی بنیاتنانەوەی سوپا ودەزگا هەواڵگریەکان ودامەزراوەکانی دەوڵەت، ناکۆکی وکێشەکان لەگەڵ کورد قوڵتر بونەتەوە، دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە وبە تایبەت ئێران گەشتۆتە ئاستی حوکمڕانی ناراستەوخۆ، تەعەدا وپێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەت ئێران وتورکیاوە بەڕێگەی تۆپباران وبۆردومانکردن ولەشکرکێشی بونەتە کاری رۆژانە، کوشتنی رۆشنبیرانی عەرەب وپەلاماردانی ریکخراوە مەدەنیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە باشور وناوەڕاستی عێراق "زەکاتی" دیموکراسیەتەکەی مالیکی وسەدر وباندەکانیانن، ئاستەکانی خزمەتگوزاری کارەبا وئاو ونیشتەجێبون وتەندروستی بەپێی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پشتی کیسەڵ دەرۆن و... و...تاد. بۆیە هەر قسە ولێدوانێک لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی وعێراقی لە سایەی ئەم حوکمڕانیەدا لە درۆی زەق وبێشەرمانە زیاتر هیچی تر نیە. عێراق لە سایەی ئەم شێوازە حوکمڕانیەی ئێستادا رو لە کارەساتێکی نەتەوەیی ومەزهەبی وئابوری وکۆمەڵایەتی دەکات. ئەمانە زەمینە وهۆکارەکانی ئەو دۆخە گرژ وتوندەن کە عێراق روبەروی بۆتەوە.
 
ئەو بەرپرسانەی کوردیش ئەم "نیشتمانپەروەریە" بە میللەتەکەیان دەفرۆشنەوە هۆکاری کارەساتی گەورەی نەتەوایەتین.

مه‌رجه‌عیه‌تی کوردستان
پێویستە مەرجەعیەتی کوردستان هەڵوەستەیەکی زۆر جدی سەقامگیر لەم روەوە بکات وبێدەنگ نەبێت لە بەرامبەر ئەو مەترسیە گەورانەی چاوەڕوانمان دەکەن. ئەو مەرجەعیەتە بە هەڵوەستەکردنێکی لەو جۆرە متمانەی وپشتگیری زۆربەی هێز ولایەنەکانی کوردستان بەدەست دەهێنێت ودەبێتە سەروەریەکی مێژویی گەورە.

کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی کورد و لێدوانەکانی دواتری هاندەرن کە داوای لێبکرێت رونتر وسەقامگیرانەتر هەڵوێست وەرگرێت وناڕەزاییەکەشی باشتر ببیسترێت. ئەزمونەکانی 8 ساڵی رابوردو دەیسەلمێنن کە نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا نەک تەنها کەمتەرخەم بوە، بەڵکو وەک عەرەب وتەنی "لامبالات"یش بوە. ئەمە زەنگێگی مەترسیدارە ونابێت کورد لێی بێدەنگ بێت، هه‌نگاوی سه‌ره‌کیش داڕشتنه‌وه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی کوردستان وبه‌غدا.

Sbeiy.com © 2007