جارێکی تر کێشەکانی نێو دو هێزە سەرەکیەکەی عێراق، شیعە وسونە بەتوندی گرژ بون وبۆنی تەقینەوەیان لێدێت. راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە لیست وحیزبەکانی دەوڵەتی یاسا ولیستی عێراقیە لە ژێر هەر ناو ویاسا ورەوشێکدا کاربکەن نوێنەرایەتی شیعە وسونەی عەرەبی عێراق دەکەن. هەر دولا قوڵایی مێژویی وبنکەی فراوان وهاوپەیمانی وهاوکاری نێو عێراق وناوچەکەیان هەیە. شەڕی ئەم دو لایەنە ئیرسێکی مێژوە خوێناویەکەیانە وداردەستێکیشی ململانێ گەورەکانی ناوچەکەیە. لە دور ونزیکەوە ئەم زۆرانبازیەیان هیچ پەیوەندیەکی بە فێدراڵی ودیموکراسیەت ومافەکانی مرۆڤ وئەو جۆرە بابەتانەوە نیە.
تاڵەبانی و بارزانی و قەیرانەکه
دەسەڵاتدارانی کورد لەم گرژیە توندەی ئێستادا خۆشیان بوێت یا تاڵ بێلایەن نین ورۆڵیشیان لە سازدان وجۆشکردن وگەرمکردنیشیدا هەبوە. گەمەکەرە سەرەکیەکانی کورد بەپاساوی بەرپرسیاریەتی وبەرژەوەندی نیشتمانیەوە روخساریی راستەقینەی خۆیان دەمامک دەکەن وهەمو راستیەکان بۆ خەڵک باس ناکەن.
ئاشکرایە کە تاڵەبانی بەپشتیوانی شیعەی عێراق وبە هاندانی ئێران وسوریا پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتەوە، لە کاتێکدا ئەمهریکا وعەرەبی ناوچەکە کەسایەتیەکی سونەی عەرەبیان پێ باشتربو. وێرای ئەوەی تاڵەبانی قەرزاری ئەم پشتیوانیەیە وناتوانێت خۆی دور لە محوەری شیعە رابگرێت، وەڵی رۆڵی بەرچاویشی تێدا هەیە.
مێژوی مامەڵەکردنی تاڵەبانی لە گەڵ شیعە وئێران وسوریا ودەزگا وپیاوەکانیان لە عێراق لە دوای روخاندنی سەدامەوە بە بەڵگە ودۆکیۆمێنت ئەو راستیەی سەرەوە دەسەلمێنن. ئەگەرچی هەوڵەکانی تاڵەبانی لە رۆژانی مەجلیسی حوکمەوە بۆ هێورکرنەوە وکپکردنەوەی کێشەکانی ئەو دو لایەنە تەقینەوەکەی دواخستوە ودۆخی عێراقیش تەنراو بەو بارودە مەزهەبیەوە راگرتوە، لە هەمان کاتیشدا تاڵەبانی لەو دۆخە گرژ وپر بێ متمانەیەی شیعە وسوننەی دەوروبەری لە بەغدا دەسەڵاتی زیاتری بەسەراندا هەبوە وپێویستیشیان پێی بوە. ئەم قەیرانەی ئێستا شکستی ئەو سیاسەتەی دەسەلمێنێت کە پێرەوی کردوە بۆ رازیکردنیان.
تاڵەبانی لە هەمو کەس باشتر دەزانێت نە بەڕێزی ونە زلهێزەکانی دنیاش لەم سەردەمەدا ناتوانن ئەو جۆرە کێشانە چارە بکەن. پرەنسیپی تەوافق وەک ئیبداعێکی ئەمهریکی بۆ عێراق پەسندکرا وبە شەلەشەل وشەرەشەق تائێستا پێرەو کراوە ولەم قەیرانەدا تەواوی شکستی یەکجارەکی خۆی سەلماند. ئەم شکستە شکستێکی گەورەشە بۆ تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆمار و وەک سیاسەتمەدارێکی ناوداری عێراق، ئەمە ئاکامی هەڵەی گەورەی خودی تاڵەبانیە کە زۆر ئارەزومەمدانە روی لە بەغدا کردەوە وسیاسەتی رازیکردنی پێرەو کردەوە.
بارزانی لە لایەکی ترەوە لە رێکەوتنی هەولێر کە حکومەتی ئێستای عێراقی لێکەوتەوە لە ژێر فشاری ئەمهریکا وبە دودڵیەوە خەتمێکی پەسندکردنی تری لە پرەنسیپی تەوافق دا. هەڵەی بارزانی لەو رێکەوتنە بێجگە لەو هەڵڵایەی راگەیاندنەکانی لەسەریان بەرپاکرد، هەڵەی ستراتیژی بو، بارزانی متماتەنەی بە مالیکی بەخشیەوە بێئەوەی زەماناتی نێودەوڵەتی نوسراو بۆ کورد هەبێت، چونکە لە لایەک دەمێکە عێراق خاوەنی خۆی نیە ولە لایەکی تریشەوە پیاوەکانی شیعە لە عێراقدا هیچ کاتێک خاوەنی قسە وبەڵێنەکانی خۆیان نەبون. دەبوا بارزانی دەرکی بکردایە کە شیعە تەماعکارن وهێزە سیاسیەکانیان بۆ دەسەڵات وپارە وتۆڵەکردنەوە خنکاون وئێران بە هەمو توانایەوە پشتگیریان دەکات. دەبوا بزانرایە ئەم هێزە شیعانە ئامانیان نەبوە وناشبێت. ئەکەرچی بارزانی رێکەوتنی هەولێری گۆڕیەوە بە بەڵێنێکی مالیکی بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت وگاز بەو شێوەیەی بارزانی لای مەبەستە، هەر زو دەرکەوت کە مالیکی پیاوی قسە وبەڵێنەکانی خۆی نیە. زیادەش لەمە سیاسەت ورەفتاکردنی لە کەرکوک وناوچە دابرێنراوەکانی تر تەواوی پێچەوانەی بەرنامەی حکومەت و بەڵێنەکانیەتی بە کورد.
دەبوا تاڵەبانی وبارزانی چاوەروانی ئەوەیان بکردایە کە مالیکی نەک تەنها هار بوە بەڵکو لە ناخی دڵیەوە سەرکردەیەکی مەزهەبی دکتاتۆر وشۆڤینیزمە.
مێژو و بەراوردکردنێک
هەر سیاسەمەتدارێک لە عێراق وناوچەکەمان ولەم سەردەمەدا بە هەڵسەنگاندن وپێوەرکانی پێش روخاندنی سەدام کاربکات سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت. بەعس دوێنێ دوژمن بوە مانای ئەوە نیە ئەمرۆ بە هەمان چاو سەیری بکرێت. ئەزمونی بەعس لە عێراقدا وێرانکەر وپر تاوان وکارەسات بوە وبەتایبەت بەرامبەر بە کورد. کورد نابێت ئەم مێژوە لە بیر بکات ولە هەمان کاتیشدا نابێت خۆی بکات بەئەسیری ئەو مێژوە. ماندێلا پاش 27 ساڵ زیندانی ولە کاتی ئازادکردنیدا روی لە پاسەوانەکانی زیندانەکەی کرد و وتی: "کاتی ئەوە هاتوە چەکەکانتان دابنێن وبەیەکەوە وڵاتەکەمان دروست کەینەوە". ئەم دید وسیاسەتە ئەقڵیانەی ماندێلا وڵاتەکەی لە کارەسات وشەری ناوخۆ پاراست.
مالیکی لەو کاتەوەی هاتۆتە ناو بازنەکانی دەسەڵاتەوە بە ئەقڵیەتیەکی ژەنگاوی وبوغزاوی وپر لە رق وکینە وتۆڵەکردنەوە کاری کردوە. هیچ کاتێک نەیسلماندوە خەمخۆری بنیاتنانی عێراقێکی نوێیە، خۆی ودەوروبەرەکەشی بەرپرسیارن لە رشتنی خوێن ودزین وتاڵان کردن، بەبەراورد کردن بە گەندەڵی ودزیەکانی سەدام جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە. سەدام لەڕوی ئیدارەکردنی دەزگاکانی دەوڵەت وخزمهتگوزاریهکانهوه توانی کاری باش بکات وتا رادەیەک دین ودەوڵەتی جیاکردبوەوە، مالیکی لەم بوارەشدا شکستی گەووری بەدەست هێناوە ودامودەزگاکانی حکوموتەکەی کردوە بەمۆڵگەی هاومەزهەب هاوبیرهکانی و وێڕای ئهو پاره زۆره ئاستی خزمهتگوزاریهکان له دۆرگهی واق واق خراپتره، تازە بەتازە نیەتیەتی مەرجەعیەتی مەزهەبەکەی بکات بە رێگاپیشاندەر وپارێزەری هەمو عێراقیەکان، ئەقڵیەتی گەرانەوە بۆ سەردەمەکانی جەهالەت.
دەسکەوتەکانی کورد لە ماوەی هەشت ساڵی رابوردودا خێروبوبەرەکەتی جەنابی مالیکی وهاو مەزهەبەکانی وعەلاوی ونوجەیفی وهاشمی نەبون، شەقی زەمانە ئەوەی پێکردون وئەمری واقیعیش بەسەریانیدا سەپاندوە. مالیکی نەک تەنها کوێرە مەزهەبیەکە بەڵکو لە مێژەوە ناسراوە بە نەتەوەپەرستێکی شۆڤێنیزم. ماوەیەکە کورد هاواردەکات ئەم پیاوە شەبەحێکی ئێرانە ودکتاتۆرێکە ودڵپاک نیە، هاشمی وموتڵەگیش لە قوتابخانەکانی سەدامدا چاویان کردۆتەوە وگەورە بون. مەخابن دەسەڵاتدارانی کورد تا پێگە وبەرژەوەندیەکانیان لە لایەن بەغداوە زامن بکرێت گوێ لە هیچ دەنگێک ناگرن. هەر دو سەرکردەی کورد نەعامە ئاسا لە گەڵ بەغدا رەفتاریان کردوە.
ئێستا...
کارەسات نیە دو لایەنی ناحەز بە کورد سەرقالی شەڕی یەکترن، کارەسات لەوەدایە لە ساتە وەختێکی وەک ئێستادا کورد ئامادە نەکراوە بۆ ئەگەرەکان.
دەسەڵاتدارانی کورد لەم قەیرانەدا داوای یەکریزی دەکەن، داوایەکی رەوا ودروست، نەک بەمەبەستی تێوەگلانی لایەنەکانی تر بەڵکو بۆ مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی کورد لەم هاوکێشەیەی ئێستای عێراقدا. ناکرێت کورد لە بری چنگێ دۆلار وبهرمیلێک نهوت نێوماڵی دوژمن وناحەز ونەیارەکانی رێکبخاتەوە، پینەکردنی ئەم قەیرانە بەکۆکردنەوەی هەمو لایەک وەک لە رێکەوتنی ههولێردا کرا تەنها تەقینەوەکە دوادەخات ولایەنێکی ئەو قەیرانەش بەهیزتر دەکات وەک مالیکی دوای رێکەوتنی هەولێر.
دەبێت کورد بەئاگا بێت سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە لەم ساتەدا، راستەوخۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمهریکا، دەستی دەرەکی وزۆر بەتایبەت ئێران وپیاوەکانی لە عێراقدا تێدایە. ئێران پاش شەتەک ورورەشبونی دۆستە حەمیمەکەی لە شام بایەخی سەرەکی بۆ مەرامەکانی لە باشوری لوبنان وسوریاوە گوازتۆتەوە بۆ عێراق. مالیکی وهاو مەزهەبەکانی باشترین ئامرازن بۆ ئەو پلانە. لەلایەکی ترەوە ئەمهریکا لەم قەیرانەدا راشکاوانە نیگەرانی وتورەیی خۆی بەرامبەر بە مالیکی دەربریوە وتورکیا وعەرەی سونەی ناوچەکەش لە سەر خەتن. ناشێت دەسەڵاتدارانی کورد ئەم قەیرانە بۆ گەمە سیایەکانیان بقۆزنەوە وهەروا بەبای بکەن.
یەکڕیزی ویەک هەوڵوێستی کورد لەوەوە سەرچاوە دەکات کە لە کوردستان بەلایەنی کەمەوە ئاکارێکی لێکتەگەیشتن ساز بکرێت وبەرنامەیەکی کار بۆ چارەکردنی کێشە هەڵسپێردراوەکانی کوردستان ولە گەڵ هێزەکانی ئۆپزسیۆندا ساز بکرێت. من باوەڕ ناکەم ئەم پەرڵەمانەی هەرێم هیچ توانایەکی سەربەخۆیانەی هەبێت، با خۆمان زیاتر گێل نەکەین وکارێک بکرێت بریارهکانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بکرێتە زەمینەی بڕیاردانی پەرڵەمان لەم قەیرانەدا.
کورد لە بەرامبەر بەغدا چەندین کارتی ئاڵتونی لە دەستدایە، لەوانە کشانەوە لە حکومەتی مالیکی، سرکرنی کاری فراکسیۆنەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ریفراندۆم لە کوردستان دەرباری پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا وئایندەی، پتەوکردنی پیگە وهێزی کورد لە کەرکوک وناوچە دابرێنراوەکانی تری کوردستان ولهگهڵ هاوڵاتیانی نهتهوهکانی تری ئهو ناوچانه پشتێنێکی عازل بهرامبهر مهرامهکانی دکتاتۆری زۆرینه له بهغدا ساز بدهن. تهماعهکانی دکتاتۆر بێ سنورن وبۆی بلوێت سبهی کوردیش له مهرحهمهتی بێبهش ناکات.
با چاوەڕوان بین بزانین ئەمجارەش بەرەو کوێی دەبەن.