Print
 
 که‌رکوک و بیرۆکه‌ی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان

له‌ دوای روخانی رژێمی عێراق‌ پێکهاته‌ی سوننه‌ خۆیان دور گرت له‌ پرۆسه‌ی سیاسی، تا ئه‌و راده‌یه‌ی زۆر به‌که‌می به‌شداری ده‌نگدان بکه‌ن له‌سه‌ر ده‌ستوری عێراق. له‌ پیاده‌کردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ سوننه‌ بۆی ده‌رکه‌وت زیانی زۆری به‌رکه‌وتوه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌شداری به‌رچاویان کرد، توانیان 91 کورسی به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆکی ماده‌ی 76ی ده‌ستور (ماده‌ی 76- یه‌که‌م: سه‌رۆک کۆمار داوا له‌ کاندیدی گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی ده‌کات، له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێکبهێنێ) نه‌بوایە، لیستی عێراقیه‌ مافی پێکهێنانی حکومه‌تی ده‌بو.

پاش ده‌رکه‌وتنی سوننە‌ وه‌ک هێزێکی کاریگه‌ر له‌ سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی، پێکهاته‌ی شیعه‌ که‌وته‌ خۆی و پیلاندانان بۆ لاوازکردنی ئه‌و پێگه‌یه‌. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌، شاره‌ سوننه‌نشینه‌کان هه‌ستیان کرد له‌ به‌غداوه‌ فه‌رامۆش ده‌کرێن. له‌ دواقۆناغیشدا تۆمه‌تی پشتگیری ئیرهاب درایه‌ پاڵ هه‌ندێ له‌ که‌سه‌ دیاره‌کانی ئه‌م پێکهاته‌یه‌‌. تاریق هاشمی به‌ نمونه‌. ئه‌م مامه‌ڵه‌کردنه‌ی به‌غدا وای له‌ سوننه‌کان کرد، پشت ببه‌ستن به‌ هه‌ندێ ماده‌ی ده‌ستوری و داوای به‌ هه‌رێمکردنی پارێزگاکانیان بکه‌ن. ئه‌م په‌راوێزخستنه‌‌، وای له‌ سوننه‌کان کرد له‌ پێداگری و پاڵپشتی سه‌رسه‌ختی حوکمی مه‌رکه‌زی، به‌ بیانوی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق پاشگه‌زببنه‌وه‌ و خۆیان داوای به‌ هه‌رێمبونی پارێزگاکانیان بکه‌ن. به‌ پێچه‌وانه‌ی سوننه‌وه‌، شیعه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌ر به‌هه‌رێمبونی پارێزگاکان پێداگری ناکه‌ن. ده‌مێنێته‌وه‌.

کورد وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی جیا، خاوه‌ن کێشه‌یه‌کی نه‌ته‌وییه. سه‌دان ساڵه‌ خه‌بات ده‌کات بۆ به‌ دیهێنانی داوا نه‌ته‌وییه‌کانی خۆی. یه‌کێ له‌و داوایانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌وییه‌ دابڕێندراوه‌کانه‌ له‌ کوردستان. ده‌رباره‌ی که‌رکوکیش، کورد‌ به‌ گشتی و کوردی که‌رکوک به‌ تایبه‌تی ده‌یان ساڵه‌ خه‌بات ده‌کات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، به‌ درێژایی مێژوی حیزبه‌کانی کوردستانیش درۆ بێ یان راست به‌ زه‌قی کوردستانیبونی که‌رکوک له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیان باس کراوه‌. تائێستاش ئه‌م رایه‌ لای کورد زاڵه‌ و پێداگری له‌سه‌ر ده‌کات.

راسته‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا له‌لایه‌ن 3 سێ جۆره‌ خه‌ڵکه‌وه‌‌، ژماره‌یان به‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، باس له‌ به‌ هه‌رێمبونی که‌رکوک ده‌کرێت:
1- پاشماوه‌کانی به‌عس.
2 – هه‌ندێ که‌س له‌ ئه‌نجامی خراپ حوکمڕانی حیزبی له‌ که‌رکوک و بایه‌خنه‌دانی حکومه‌تی هه‌رێم به‌و شاره‌ ئه‌و رایه‌یان لا دروست بوه‌.
3 - هه‌ندێ که‌سی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و خاوه‌ن پله‌ و پایه‌، پێشنیار و پشتیوانی ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ ده‌که‌ن.
لێره‌وه‌ جێی ئه‌وه‌یه‌ له‌و سه‌رکردانه‌ی باس و پشتیوانی له‌ به‌هه‌رێمبونی که‌رکوک ده‌که‌ن چه‌ند پرسیارێ بکه‌م:
1- چه‌ند ساڵێکه‌ ماده‌ی 140 وه‌ک ده‌ستکه‌وتێک به‌ چاوی کوردی که‌رکوکی ده‌ده‌نه‌وه‌ چی به‌سه‌رهات و به‌ چی گه‌یشت؟
2- ئایا مه‌به‌ستتان نییه‌ به‌م بیرۆکه‌یه‌، خۆتان ده‌ربازبکه‌ن له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژوییه‌ به‌ رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کوردستان؟ یان مه‌به‌ستتان نییه‌ خه‌ڵکی تر به‌شدار بکه‌ن له‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌ دۆڕاوه‌ی تائێستا له‌ حوکمڕانی که‌رکوک و به‌غدا کردوتانه‌؟
3 – کێ به‌رپرسه‌ له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یان هه‌زار دۆنمه‌ زه‌وییه‌ داگیرکراوانەی کوردی که‌رکوک؟ یان کێ به‌رپرسه‌ له‌ وێرانکردن و ئاوه‌داننه‌کردنه‌وه‌ی 800 گوند؟
4- که‌رکوک، ئه‌مڕۆ به‌ پشتیوانی نزیکه‌ی 5 ملیۆن کورد له‌ سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆک، بارودۆخه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یبینین. ئه‌گه‌ر سبه‌ی ئه‌م پشتیوانییه‌ی له‌ ده‌ستدا‌، کێ پشتیوانی ده‌کات؟ دڵنیام ئه‌وکات له‌ بێ پشتیوانی به‌ده‌ردی سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن ده‌چێت.
5- خه‌ڵکی که‌رکوک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، دوای 8 ساڵ چاوه‌ڕوانی موژده‌ی رزگاری یه‌کجاره‌کی پێ بده‌ن، نه‌ک به‌ مایه‌پوچی ده‌ربچن، ده‌ستیان له‌ بنی هه‌مانه‌وه‌ ده‌رکه‌ن و بێن باسی هه‌ریمی سه‌ربه‌خۆ بکه‌ن بۆ دڵ و قودس و بوکی کوردستان!.
6- شاره‌ سوننه‌نشینه‌کان، په‌راوێزخستنیان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ هۆکاری داواکردنی به‌ هه‌رێمبونی پارێزگاکانن، ئه‌ی هۆکاری باسکردنی ئێوه‌ له‌ به‌هه‌رێمبونی که‌رکوک‌ چیه‌؟
7- له‌ کاتی به‌هه‌رێمبونی که‌رکوک، ئایا په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی، که‌لتوری ... تاد له‌گه‌ڵ شاره‌کانی کوردستان توشی دابڕان نایه‌ت؟
8- بۆچی نه‌توانرا ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا ره‌خسا سودی لێ ببیندرێت؟ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ببن به‌ هێزی کار بۆچی بون به‌ هێزی کاردانه‌وه؟.‌

به‌ڵێ که‌رکوک له‌ بنه‌ڕه‌تدا کێشه‌یه‌کی ئاڵۆز بوه‌، سیاسه‌تی حیزبیی کوردیش ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاڵۆزتری کردوه‌، به‌ڵام ئێستاش گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت ده‌توانرێت ئه‌مری واقع بسه‌پێندرێت. دڵنیاشم له‌بونی ئه‌م ئیراده‌یه‌ لای شه‌قامی کوردی له‌ که‌رکوک. بۆیه‌‌ باشتر وایه‌ ئه‌و سه‌رکردانه‌ی باس له‌م بیرۆکه‌یه‌ ده‌که‌ن له‌م باسکردنه‌ خۆیان به‌ دور بگرن.

Sbeiy.com © 2007