Print
 
 رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بییدا
نوسه‌ر:  محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
Monday, February 27, 2012

له‌خۆڕا نییه‌، بچوكترین گۆڕانی سیاسی له‌ ناوچه‌كه‌، یه‌كسه‌ر كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ هه‌ستیارترین شوێنی بڕیاردانی سیاسی و راسته‌وخۆ ئابوریی جیهانی ده‌هه‌ژێنێ، سه‌رئێشه‌یه‌ك بۆ بازاڕه‌كانی جیهان ده‌خوڵقێنێ، ئه‌مه‌ریكاش له‌ڕێگه‌ی سێگۆشه‌ی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازییه‌وه‌ زۆرتر بونی خۆی پته‌وتر ده‌كات، هۆكاری بابه‌تی و خودی له‌ پشتی بونی ئه‌مه‌ریكاوه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئه‌مه‌ریكاوه‌ (هۆكاری خودی) هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانێت وه‌ك زلهێزیكی جیهانی رۆڵی سه‌یركه‌ر ببینێ و نایه‌ڵی هێزه‌ كۆنه‌پارێز و وڵاتانێك كه‌ له‌ تێڕوانینی ئه‌مه‌ریكادا، مایه‌ی ترس و دڵه‌راوكێن بۆ ئابوریی و ئاسایشی جیهانیی، كۆنتڕۆڵی ئابورییترین ناوچه‌ بكه‌ن له‌ جیهاندا. له‌ میانه‌ی بونی خۆیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ سیاسییه‌ رابگرێت كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ لاسه‌نگی شكڵیگرت، ناكۆكی و كێشمه‌كێشی سیاسی و تاییفی و جوگرافیی له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ سه‌ره‌كیترین لارسه‌نگی سیاسی ناوچه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هۆكاره‌ بابه‌تییه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ پشتی بونی ئه‌مه‌ریكاوه‌یه‌، یان رۆژئاوا به‌ گشتی چاودێری روداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، كاتێك له‌ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ ده‌چینه‌ ناو روداوه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌، راسته‌وخۆ شیته‌ڵكارییه‌كی كۆنباوی هه‌ڵه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ خۆی نمایش ده‌كات، به‌و مانایه‌ ئێران له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانی كه‌نداودا ده‌خه‌ینه‌ به‌ره‌یه‌كی هاودژه‌وه‌ و ئه‌وانیش له‌ به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی خاوه‌ن یه‌ك ستراتیژی دورمه‌ودادا داده‌نێین. ئه‌م شیكاركردنه‌ سیاسییه‌ ره‌نگه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه‌ ئێران به‌به‌رده‌وامی مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ وڵاتانی كه‌نداو، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی زه‌وی و جوگرافی له‌گه‌ڵ (ئیماراتی عه‌ره‌بیی)دا هه‌یه‌ و له‌ باره‌ی پرسی كه‌مینه‌ی شیعه‌ مه‌زهه‌بیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ (سعودیه‌ و قه‌ته‌ر و به‌حرێن)دا، ناكۆكی قوڵی هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا تاك به‌تاكی وڵاتانی كه‌نداو له‌باره‌ی به‌رزه‌ فرییه‌كانی ئێرانه‌وه‌، هه‌ست به‌ ترسێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان، له‌م كه‌ین به‌ینه‌شدا لایه‌نی سێیه‌م كه‌ وڵاتانی رۆژئاوایه‌، سودمه‌ندی سه‌ره‌كین. وه‌ك له‌سه‌رتاوه‌ ئاماژه‌م بۆ كردوه‌ ئه‌مه‌ریكا پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت.

ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ئێرانه‌ وه‌های كردوه‌، دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستای بگات، رۆژئاواش به‌ وه‌ها دۆخێك خۆشحاڵه‌، هه‌رچی وڵاتانی كه‌نداویشه‌ له‌ بێده‌سه‌ڵاتیدا خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست چاره‌نوسێكی نادیاره‌وه‌، خوازیاری ئه‌وه‌شن رۆژێك دابێت له‌ دێوزمه‌ی ئێران و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی ده‌ربازییان ببێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت گه‌رچی زۆریش ئاسان نییه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت ئێران لاواز بكات یان سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی بروخێنێت، ئه‌مه‌ش راستییه‌كه‌ و وڵاتانی كه‌نداویش باش لێی تێگه‌شتون، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هه‌رچی زیاتره‌ درێژه‌ به‌مانه‌وه‌ی خوی ده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌دا، سازشی زۆرتری له‌ وڵاتانی كه‌نداوه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت، په‌یوه‌ندی دور و درێژی ئابوریی و بونی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ وڵاتانی كه‌نداودا، رێگه‌ له‌وه‌ ده‌گرێت گه‌ر له‌ئاینده‌دا وڵاتانی كه‌نداو بیانه‌وێت خۆیان له‌ ئێران نزیكبكه‌نه‌وه‌ و كێشه‌كانیان به‌لادا بخه‌ن، چونكه‌ میرنشینه‌كانی كه‌نداو هه‌ر كاتێك دۆخێك بێته‌پێشه‌وه‌، له‌نێوان كورسی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كانیان سه‌رپشكبكرین، بێگومان هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ كورسی ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ ئه‌نجامی نه‌بونی سیسته‌مێكی سیاسی دیموكراسییه‌وه‌ وه‌ها حاڵه‌تێك زۆر ئاساییه‌ روبدات.

ئێران له‌ ورد ودرشتی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌ی كه‌نداو ئاگاداره‌، هه‌ر هه‌وڵدانێك بۆ خۆنزیككردنه‌وه‌ ‌یان ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا، باش ده‌زانێت هیچ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ری لێناكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ زۆر له‌مێژه‌ كۆنترۆڵی سیاسی ناوچه‌ی كه‌نداو له‌ ده‌ستی میرنشینه‌كانیدا نه‌ماوه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداوه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكا رۆڵی له‌ داڕشتنیدا هه‌یه‌ و به‌ پێی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی، ده‌یگونجێنێت.

ئیتر هه‌ر هه‌وڵدانێك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ بنرێت چی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بێت یاخود وڵاتانی كه‌نداو، سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتو نابێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ وه‌ها دۆخێكی ره‌خساندوه‌ له‌ماوه‌ی دوای جه‌نگی كه‌نداوه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رۆژێك له‌ رۆژان نزیكبونه‌وه‌یه‌كی وه‌ها له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا رونه‌دات، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا باش ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرتوه‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی ئێران و كه‌نداو، وڵاتانێكن له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و گازی سروشتیدا له‌ ناو وڵاتانی جیهاندا پله‌ی یه‌كیان هه‌یه‌ و باشبونی په‌یوه‌ندی سیاسیی نێوانیان گورزێكی كوشنده‌ ده‌دات له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ئاینده‌دا له‌ ناوچه‌كه‌دا پیاده‌ی بكات.

ئه‌گه‌رچی وڵاتی ئێران سه‌ربه‌خۆیی زیاتری له‌ بریاردانی سیاسی و ئابوریی و ته‌نانه‌ت دیبلۆماسیشدا هه‌یه‌ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له‌روی سیاسیی و دیبلۆماسیی و تاڕاده‌یه‌كیش له‌ڕوی ئابورییه‌وه‌ له‌ دوای شۆرشی ئیسلامی ئیرانه‌وه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری وڵاتانی رۆزئاوا و به‌ تایبه‌تیش وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هاتوه‌ته‌ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتركردوه‌ و گریمانه‌ی هه‌ر رێككه‌وتنێكی سیاسی و دیبلۆماسی له‌ ماوه‌ی دور و نزیكدا له‌ نێوان وڵاتانی كه‌نداو و ئێراندا قورستركردوه‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌بونی وڵاتانی كه‌نداوه‌ له‌ بڕیاردانی سیاسیی و به‌ستنی په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی، چونكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م وڵاتانه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و به‌تایبه‌تی له‌ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداوه‌وه‌ زیاتر كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆریش سه‌ربه‌خۆی خۆیان له‌ ده‌ستداوه‌.

Sbeiy.com © 2007