بەدرێژایی مێژو شەڕی مەزهەبی وتایفی ونەتەوەیی وستەمکاری دکتاتۆرەکان هاوڵاتیانی عێراقیان تەفروتونا وسەرگەردان وماڵوێران کردوە. لە زۆربەی ئەو ئەزمونانەدا دەرکەوتوە کە عێراقیەکان ناتوانن خۆیان لە خۆیان بپارێزن. ئەمجارەش راستەوخۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمهریکا خۆخۆری وشەر وپەلاماردان لە باڵاترین ئاستی سیاسی عێراقدا سەریان هەڵهێنا وبەئاراستەیەکی نادیاردا گوزەر دەکهن. هۆکارەکانی دیار وزانراون، ئەوەی شیانی ئاماژە پێکردنە رۆڵی ئەمهریکایە لە خۆشەکردنی زەمینەی سیاسی بۆ ئەم قەیرانە.
درۆنەکانی ئەمهریکا
ئێستا ئیدارەی ئۆباما بە رێگەی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانەوە (درۆن) چاودێری ستافی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا وئەمهریکیەکان دەکات بەمەبەستی پاراستنیان. مالیکی ودەست وپێوەندەکەی دژی ئەم کارەن ویەکێک لە پیاوەکانی مالیکی، عدنان الاسدی – دەستبەکار لە وەزارهتی ناوخۆی عێراق – دەڵێت ئاسمان ئاسمانی خۆمانە وهی ئەمهریکا نیە. ئەمە ئاکامێکی سیاسەتی هەڵەی ئۆبامایە کاتێک هەمو هێزەکانی لە عێراق کێشایەوە وتەنانەت لە بەرامبەریشدا قورساییەکی ئابوری وئەمنی لە عێراق بەجێنەهێشت وعێراقێکی خاوەن پێکهاتەیەکی سیاسی لە چەشنی چێشتی مجەور دایە دەست سوننەتی مەزهەب وئیرسە خوێناویەکانی مێژوی وڵاتەکە وناوچهکه ومتمانەی بە مالیکی بەخشی بۆ بەرێوەبردنی وڵات.
لە ساڵی 2010 ئەمهریکا فشارێکی زۆری کردە سەر پێکهاتەکانی عێراق وبەتایبەت بۆ سەر بارزانی بۆ سازدانی رێکەوتنی هەولێر بەمەبەستی دروستکردنی حکومەتێکی شەراکەتی نیشتمانی. بهڕێز بارزانی ئەو سات دو دڵ بو لە ئاراستەی نیشتمانی دەسەڵاتدارانی بەغدا ونیهتیان بۆ شەراکەتێکی راستەقینە، لە هەمان کاتیشدا نەیدەتوانی فشار و ویستی ئەمهریکاش بەلاوە بدات.
پێش سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە چەندین سیگناڵی سیاسی دەرکەوتن کە ئەمهریکا زۆر لۆمەی سوننەکان وبەتایبەت لیستی العراقیەی دەکرد بۆ کێشەکانی وڵاتەکە وکاریشی دەکرد کە لیستەکە لەت لەت بکات وحکومەتێکی زۆرینە (شیعە وکورد وچەند سوننەیەک) بۆ مالیکی برهخسێنێت. وەرچەرخاندنی سیاسەتی ئەمهریکا ئەوەندی تر مالیکی وروژاند وهارتری کرد.
لە دوا سەردانی مالیکی لە مانگی دیسەمبەری 2011 بۆ ئەمهریکا وکۆبونەوەی لە گەڵ ئۆباما بۆی دەکەوت کە سیاسەتی ئەمهریکا بەرامبەر بەخۆی وعێراق نەرم ونیانە ومەبەستیش لێی دورخستنەوەی مالیکی وهاو مەزهەبەکەنیاتی لە بازنەی دەسەڵاتی ئێران. ئەمهریکیەکان ئەو سات وئێستاش لەو باوەردەان کە مالیکی سەرمایەی دارایی وسەربازی هەیە تا خۆی لە ئێران دور رابگرێت، بۆیه پشکی شێر له کارنامهی سهردانهکه بۆ بوارهکانی ئاسایش وئابوری تهرخان کرابو، تهنانهت ئۆباما لهو سهردانهدا رایگهیاند چاوهڕوان دهکات ئابوری عێراق بههێزتر له چین وهیندستان گهشه بکات. ئەوەی جێی پرسیارە ئایا گرێ کوێرەی مەزهەبی رێگر نیە تا مالیکی توانا وخواستی سیاسی بۆئەو دور راگرتنە لە ئێران بخاتە گەر. وەک راوێژکارێکی مالیکی، سامی عەسکەری، دەڵێت: ئێران دراوسێیەکی بەهێزە وئەگەر مالیکی هاوسەنگی بوێت ئەمهریکاش زلهێزی دنیایە وهێزێکی زۆری لە نزیک عێراق وناوچەکە هەیە. هەڵەی گەورەی ئەمهریکا ئەوە بو کە زۆر زیاتر لە ئێرانی لە دروستکردن وچەسپاندنی مالیکیدا ئیستیسمار کرد وئاکامەکەشی بەشێکی زۆری ئامانجەکانی شەری ئەمهریکا لە عێراق لەلایەن مالیکیەوە بەرەو پوچەڵکردنەوە دەبرێت: تاکرەوی، پێشێلکردنی ئازادیەکان ومافی مرۆڤ، پاشگەزبونەوە لە دەستور ودیموکراسیەت وتەوافقی سیاسی، دەسەڵاتی رەهای ئێران لە عێراق، پاشگەزبونەوەی لە رێکەوتن وبەڵینەکانی بە کورد، پشتگیریکردنی رژێمە خوێنمژەکەی ئەسەد وتۆخکردنەوەی رۆڵی ئایین وتایبەت مەزهەبی شیعە لە حوکمرانی عێراقدا، ئەو نمونانەن کە هەڵەی سیاسەتی ئۆباما دەسەلمێنن. لە لایەکی ترەوە ئۆباما داوای سەرەکی کورد بۆ بەڵێن نامەیەک بۆ پاراستنیان لە هەر مەترسیەک لە حکومەتی ناوەندەوە رەتکردۆتەوە ودوای کشانەوەی هێزەکانی کوردی بەتەنیا لەو هەریسەیەی عێراقدا جێهێشت.
ئێران لەلای خۆیەوە شەڕ وململانێکانی پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەت شیعە وسوننە، بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆشە دەکات وبەکاردەهێنێت. عێراقێکی لاواز وپەرتەوازە نابێتە سەرچاوەی مەترسی بۆسەر ئێران، لاوازبونی گروپە جیاکانی شیعە وایان لێدەکات کە پێویستی زیاتریان بە ئێران بێت. هێزەکانی تری ناوچەکە تورکیا و وڵاتانی سوننەی عەرەبیش بەهەمان وەتیرە مامەڵە لە گەڵ عێراقی ئەمرۆدا دەکەن وئەم مامەڵەکردنەیان پابەندی پرەنسیپ ویاسا وعیرفە نێودەوڵەتیەکان نین.
کورد وقەیرانەکە
کورد لایەنێکی راستەوخۆ نیە لە کێشە وململانێ مەزهەبیەکاندا و چاوەڕوان دەکرا کە سەرکردایەتی سیاسی کورد بتوانێت رۆڵێکی بەرچاو لە هێورکردنەوە وچارەیەکی کاتی ئەم قەیرانەدا ببینێت.
بەرێز مهسعود بارزانی لەژێر فشاری ئەمهریکا ئەو رۆڵەی لە سازدانی کابینەی دوەمی مالیکی بەرێگەی ریکەوتنی هەولێرەوە بینی. رێکەوتنێک کە مەبەست لێی حکومەتی نیشتمانی شەراکەت بو لە گەڵ سنوردارکردن ودیاریکردنی دەسەڵاتەکانی مالیکی وچارەی کێشەکانی نێوان هەرێم وبەغدا.
رۆڵی بەڕێز جهلال تاڵەبانی بەهۆی دۆخی خۆی وحیزبەکەی وفشاری بێئەندازەی ئێرانیەکان یەکلاکەرەوە نیە لە دیاری کردنی ئاراستەی قەیرانەکە، هەوڵەکانی بۆ سازدانی کۆنگرەی نیشتمانی روبەروی چەندین مەرجی هێزە سیاسیەکان وئەستەنگ دەبنەوە. لوتکەی عەرەبی لە لایەن مالیکیەوە زیاتر بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننە وسەرکردەکانی بەکارهێنرا وپەیامێکیش بو کە عێراق لەژێر سەرکردایەتی ئەودا لە دنیای عەرەب دانەبراوە. هەنگاوێک کە مایەی دەسخۆشیکردن بو لە لایەن ئۆباماوە.
بارزانی تەنها کەسایەتی سیاسی دەسەڵاتدارە کە دەتوانێت کار بۆ "هێورکردنەوە" وئاراستەکردنی تەنگەژە وئاڵۆزیەکان بەرەو "چارەکردن" بکات. بێهودەیی مالیکی ومتمانە نەکردن پێی بارزانی ناچار کردوه تا ئەم ساتە نهیەوێت قورسایی سیاسی خۆی بێ زەمانات وبەرچاوڕونیەکی تەواو بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت.
ئەم هەڵوێستە بارزانی روبەروی دیلێمایەکی سیاسی ئاڵۆز کردۆتەوە وبانگێشکردنی بەپەلەی لە لایەن ئیدارەی ئۆباماوە سەختترین وێستگەی ئەو دیلێمایەن. لە لایەکی ترەوە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران ودانیشتنی لەگەڵ موقتەدا سەدر، پیاوە توندڕەوەکەی شیعەکان، وێستگەیەکی سەختی تری ئەو دیلێمایەن، چونکە بێ رازیکردنی ئێران ئەستەمە گۆڕانکاری لە حوکمڕانی عێرقدا بکرێت وبۆ بەدەستهێنانی ئەو گلۆپە سەوزەی ئێران دەبێت بارزانی نرخێکی زۆر بە ئێرانیەکان بدات. ئەمانە بێجگە لە بەرچاوکەوتنی درزێک لە هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان لە مەر ئەم قەیرانە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بارزانی تا چ رادەیەک دەتوانێت بەردەوامی بەهەڵوێستی خۆی بدات، ئەو هێز وهاوکێشانە چین کە بارزانی پشتیان پێدەبەستێت لەم هەڵوێستەیدا.
راستە بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم ئەو هەوڵوێست وپەیامە سیاسیانەی بەیان کردوە وپشتگیریەکی تەماوی لە سەرجەم هێزەکانی کوردستان (گۆڕان ئامادەی کۆبونەوەکە نەبو) بەدەست هێناوە، وەلێ ئەم کێشەیە زۆر گەورەتر وئاڵۆزترە لەوەی عێراقیەکان بە کوردیشەوە بتوانن بهتهنها چارەی بکەن.
هەڵوێستی بارزانی وسوربونی لەسەر گەڕانەوە بۆ رێکەوتنی هەولێر ورەتکردنەوەی رادەستکردنی هاشمی وداوای لە مالیکی کەپابەندی ئەو رێکەوتنە ودەستور بێت دۆخەکەیان بەئاراستەیەکی تردا بردوە. کاتێک بارزانی لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام بێت وکورد دەستەجەمعی پێداگری لێبکات، بێئەوەی کورد ببێتە لایەنێکی کێشە مەزهەبیەکان، وکاتێک توانرا دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار بکرێن واز بهێنن لەو دەستەدەستی پێکردن وموماتەڵە وپشتگوێخستنەی داوا رەواکانی کورد ئەوا ئەم هەڵوێستە سیاسیە بەخزمەتی کورد دەشکێتەوە. لێرەدا دەبێت زۆر هۆشیارانە مامەڵە بکرێت وبۆ مالیکی رون بکرێتەوە کە هیچ کات کورد ئیمزای چەکی سپی بۆ پەلاماردانی سوننە لە لایەن شیعەکانەوە ناکات.
لەم ساتە قەیرانەدا بەهێزترین هەنگاو تێهەڵکێشکردنی داواکاریە رەواکانی کوردە لە گەڵ ئەو ناڕەزاییە بەرفراوانەی لە عێراق وناوچەکە لە ئارادایە بەرامبەر بەحوکمڕانی مالیکی. حکومەتی مالیکی بە زۆرینە وکەمینە ناتەپێت چونکە ئەو لە سەر بنەمای مەزهەبی ئەو پۆستەی وەرگرتوە وشیعەش لە عێراقدا زۆرینەن، دابراندنی حکومەتەکەی مالیکی لە پشتگیری ئەمهریکا وخۆرئاوا و وڵاتانی ناوچەکە وبەتایبەت تورکیا هێزەکانی شیعە ناچار دەکات بەدوای ئەڵتەرنەتیڤێکی باشدا بگەرێن. لێرەدا یەک هەڵوێستی کورد گورزێکی جەزرەبە وەشێن دەبێت.
زۆربەی چاودێرانی سیاسی چاوەڕوانی دەکەن کە ئەمهریکا لەم ساتە وەختەدا پشتگیری لە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نەکات، بۆیە لە هەنوکەدا سەرکردایەتی سیاسی کورد وبە بەڕێز بارزانیشەوە ناتوانن هەنگاوی گەورە بۆ دورکەوتنەوە لە بەغدا بدەن. کاتێک کورد پاشەکشە لە بەغدا بکات دەبێت ئەڵتەرنەتیڤێکی بەهێزی مسۆگەر کردبێت تا بەناچاری بۆ بەغدا نەگەرێتەوە.
ئێکسۆن مۆبایل
ناشێت لە گەرمەی ئەم قەیرانەدا گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێکسۆن مۆبایل لە بەرچاومان نەبێت.
ئەم کۆمپانیایە یەکەم کۆمپانیای نەوتی گەورەی دنیایە دێتە کوردستان وئەم هاتنەشی زیاتر متمانەمان بە ئایندە پێدەبەخشێت. کۆمپانیا گەورەکانی تر، وەک شێڵ وبریتیش پێترۆڵیەم بوێری هەنگاوێکی لەو جۆرەیان نەکردوە.
لە گەڵ ئیمزاکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئێکسۆن ئەو گرێبەستەی لە ساڵی 2009 دا وپاش 30 ساڵ دابراندنی کۆمپانیا نەوتەکانی ئەمهریکا لە پیشەسازی نەوت لە عێراق لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی خۆرئاوای قورنە سازکردوە خسته مەترسیەوە. بەرەچاوکردنی کێلگەی خۆرئاوای قورنە کە یەکێکە لە گەورەترین کیڵەگەکانی عێراق دەشێت ئەم هەنگاوە لە لایەن کوردەوە پێشوزای لێ بکرێت.
گرێبەستەکەی ئێکسۆن شەش کێلگە دەگرێتەوە وسێ لەو کێلگانە دەکەونە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانەوە، ئەم راستیە بۆ ئایندەی کورد بەهای گەورەی هەیە وبۆیەش دەسەڵاتدارە شۆڤێنیزمەکانی بەغداو له سهرویانهوه مالیکی وشههرستانی ئاگریان تێبەربوە.
دەبێت کورد یەک دەنگ ویەک هەڵوێست بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی بەغدا بوەستێتەوە. بەشێک لە ناڕەزایی وتوندی پەیامی سیاسی بارزانی بۆ مالیکی پابەندە بە مەترسی هەڵوەشاندنەوە یاخود راگرتنی گرێبەستەکەی ئێکسۆن لەگەڵ هەرێمدا. وێرای ئهوهی ناڕهزایی وپرسیاری رهوای زۆر بهرامبهر شێوازی مامهڵهکردنی دهسهڵاتدارانی ههرێم لهگهڵ دۆسیهی نهوت وگازدا ههن، دهبێت هێزە کوردیەکان لە مەسەلەیەکی ئەوەندە گرنگ بهرژهوهندی نهتهوهیی له ئێستا وبۆ ئایندهش سهرچاوهی هەڵوێستهکانیان بێت.