|
ده‌ستپێکردن به پرۆسه‌ی گۆڕان ئه‌رکێکی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Wednesday, August 15, 2007 |
له‌م رۆژانه نووسینێکی به‌ڕێز کاک نه‌وشیروان به ناونیشانی " گۆڕان لێره‌وه ده‌ستپێده‌کات...." له سایتی سبه‌ی خوێنده‌وه.
گرنگی و پڕ بایه‌خی ئه‌م نووسینه بۆ ئێستا و دانانی بناغه‌یه‌کی تۆکمه بۆ دواڕۆژی حوکمڕانی کورد ده‌هێنێت زۆر هه‌ڵوه‌سته و لێدوانی له‌سه‌ر بکرێت.
به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ راهێنانی کادره حزبییه‌کانی ئێستا و دواڕۆژ له سه‌ر کارکردن به بیرکردنه‌وه‌ی مۆدێرنی حزبی و سیاسی.
عه‌قلییه‌تێک سنگفراوانبێت له قبوڵکردنی فشار و را جیاوازه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی حزب. بوونی بیرکردنه‌وه‌ی له‌و جۆره له هه‌ر حزبێک نیشانه‌ی زیندوویی ئه‌و پارته ده‌گه‌یێنێ و حزبیش ده‌کاته خاوه‌ن قاعیده‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری فراوان. لێره‌وه و له ده‌ستپێکی ئه‌م هه‌نگاوه‌وه ئه‌و حزبه بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن مسۆگه‌ر ده‌کات.
ئه‌رکه‌کانی حزب
له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو شان به‌شانی شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ی سه‌خت و دژوار کادر و پێشمه‌ر‌گه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌رکێکی ئه‌ساسی حزبی جێبه‌جێده‌کرد، ئه‌و ئه‌رکه‌ی سه‌رچاوه‌ی له وته‌ی " شۆڕش بریتییه له گۆڕانی کۆمه‌ڵ" ده‌گرت. زۆربه‌ی جوتیارانی لادێکان و کاسبکاران به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و یه‌کێتیی نیشتمانی‌یان لاپه‌سندبوو. هه‌ندێك له‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌و کاته نرا برتیبوون له
1- هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی لادێکان. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان ده‌کرد، به‌ڵام زۆر جار ئه‌وان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی لادێکانیان چاره‌سه‌ر ده‌کرد. یه‌کێ له سووده‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌ن ئاشناکردنی لادێکان بوو به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
2- هه‌وڵدان بۆ ناونانی مناڵان به ناوی کوردی. زۆر له خه‌ڵکی لادێکان ناوی مناڵه‌کانیان به نێوی پێشمه‌رگه‌وه ده‌نا
3- هاندانی خه‌ڵک بۆ دانانی مه‌کینه‌ی کاره‌با
4- گرنگی به خوێندن و قوتابخانه
5- گرنگیدان به پاک‌وخاوێنی
6- هه‌وڵدان بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی فره ژنی
ئیستا خه‌ڵکی کوردستان خاوه‌ن حکومه‌ت و داموده‌زگای ده‌وڵه‌ته، ئه‌و حکومه‌ته‌ی حزبه‌کان له دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباریدا رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و نه‌گونجاوه ده‌ستێوه‌ردانی حزبه له کاروباری رۆژانه‌ی حکومه‌ت. لای خه‌ڵک سنووری ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت و حزب نه‌ک هه‌ر دیارنییه، به‌ڵکه واده‌رده‌که‌وێت حزب ده‌سه‌ڵاتی له حکومه‌ت داگیرکردووه. بۆ نموونه له زۆر شوێنی کوردستان بنکه حزبییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریکی کاری وه‌ک : دابه‌شکردنی زه‌وی، دامه‌زراندن، دادگا و زیندانیکردن، نه‌وت و به‌نزین ....تاد، ئه‌وه‌نده خه‌ریکی کاری حزبی نین.
بوونی ئه‌م تێکه‌ڵاوییه له ده‌سه‌ڵات زۆر به زیانی حزب شکاوه‌ته‌وه، خه‌ڵک له جیاتی ئه‌وه‌ی که‌موکوڕییه‌کان له ئه‌ستۆی حکومه‌ت بزانێت، هه‌مووی خستۆته ئه‌ستۆی حزب و کادره‌کانی. بۆیه کاتی ئه‌وه هاتووه حزبه‌کان به‌رله‌هه‌موو که‌س پێویسته ئه‌م تێکه‌ڵاویه له ده‌سه‌ڵات جیابکه‌نه‌وه و سنووری بۆ دابنێن، ده‌ستبکه‌ن به جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی خۆیان له‌م قۆناغه، که بریتین له:
1- هۆشیارکردنه‌وه به مه‌به‌ستی به‌ره‌و پێشبردنی کۆمه‌ڵی کوردی
2- وشیارکردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی حزب له: ئه‌رکی ئه‌ندامی حزب، گۆڕانکارییه به‌رده‌وامه‌کانی دوونیا.
3- له نزیکه‌وه وه‌ک چاودێرێکی به ته‌نگه‌وه هاتوو چاودێری کاری رۆژانه‌ی حکومه‌ت،پارله‌مانو ئه‌نجومه‌نی قه‌زایی بکه‌ن.
4- لێپرسینه‌وه‌ی ده‌وری له نوێنه‌ره‌کانی حزب له ده‌وڵه‌ت.
5- دیراسه‌کردن و به‌دووادا چوونی پلانه کورتخایه‌ن و درێژخایه‌نه‌کان.
6- پێشنیارکردنی پلانی کارکردن بۆ حکومه‌ت.
7- فشارخستنه سه‌رحکومه‌ت بۆ بوونی شه‌فافییه‌ت له پلانه‌کان، کاروباری رۆژانه و بودجه‌ی دیاریکراوی حکومه‌ت.
8- کاتێ حکومه‌ت کاره‌کانی وه‌ک پێویست ئه‌نجامنادات. پێویسته حزب، به تایبه‌تی حزبی به‌رهه‌ڵستکار ئه‌ندامه‌کانی خۆیی و جه‌ماوه‌ری لێ ئاگاداربکاته‌وه و گه‌ر پێویستی کرد هانیانبدات بۆ فشارخستنه سه‌ر حکومه‌ت.
9-پارله‌مان و لیژنه‌ی قه‌زایی خاوه‌ن که‌سایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بن.
ئه‌مانه هه‌موو رێوشوێنی باش و له بارن بۆ ده‌سپێکردن به گۆڕان. به‌ڵام ئه‌م ده‌ستپێکردنه بۆ ئه‌وه‌ی بچێته باری جێبه‌جێکردنه‌وه پێویستی به عه‌قلییه‌تێکه لێی تێبگات و له گۆشه نیگای میله‌ته‌وه بڕوانێته پێویستی بوونی ئه‌م گۆڕانه.
له‌م رۆژه و له‌م بارودۆخه ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه به داخه‌وه که‌من، چونکه زۆر هه‌ن وا ده‌زانن ده‌ستپێکردن به گۆڕان به مانای فتکردنی ئه‌وانه، وای نابینن گۆڕان بریتییه له پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ن، له گۆڕینی سیستمی کارکردنه‌وه ده‌ستپێده‌کات. ئه‌و سیستمه‌ی که سه‌رتاپای بواره‌کانی ژیانی تووشی پاشا گه‌ردانی کردووه.
بۆیه گۆڕینی ئه‌م سیستمه و ده‌ستپێکردن به پرۆسه‌ی گۆڕان له وڵاتێکی وه‌ک کوردستان نه‌ک هه‌ر ئاسته‌نگی زۆری له پێشدایه، به‌ڵکه لایه‌ن و گروپی په‌یوه‌ست و خۆ به به‌رپرسزان بۆ به‌ڕوو وه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره پاشا گه‌ردانییه هێشتا نه خه‌مڵیوه. ئه‌و رێخراوه مه‌ده‌نیانه‌ی ئێستا هه‌ن له ئاستی ئه‌م ئه‌رکه قورسه‌نین.
بۆیه پێویسته لایه‌نی تر ئه‌و ئه‌رکه نیشتمانییه بگرێته ئه‌ستۆ.
سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد هه‌قه له هه‌موو که‌س زیاتر به په‌رۆش بن بۆ ده‌سپێکردن به پرۆسه‌ی گۆڕان. هه‌ر که‌مته‌رخه‌مییه‌ک له‌م باره‌وه ده‌بێته هۆی زیاتر گه‌وره‌بوونی ئه‌و بۆشاییه‌ی له نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، دووریش نییه هه‌ندێك لایه‌نی توندڕه و سوود له بوونی ئه‌و درزه ببینن. بۆیه سه‌رکردایه‌تی کورد پێویسته ده‌ست به دانانی ئالییه‌تێك بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه بکات.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باشتر وایه تا زووه به ده‌نگ هه‌موو بیرۆکه‌یه‌کی باشه‌وه بچن، پرس و را به زانکۆکان، که‌سانی رۆشنبییر و پسپۆری بیانی بکه‌ن، هه‌وڵبده‌ن لیژنه‌یه‌کی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بڕیار له‌مان و کادره کارامه حزبییه‌کان دروستبکه‌ن بۆ باش دیراسه‌کردنی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ئێستا، دانانی رێوشوێنی گونجاو، بییرکردنه‌وه له سیستمێکی مۆدێرن و له‌بار. سیستمێک بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت و حزب له یه‌ک جودا بکاته‌وه و له‌سایه‌شیدا وڵات گۆڕان و گه‌شه‌کردن به خۆوه ببینێت.
دڵنیام ئه‌و سیستمه نوێیه نه‌ک ته‌نها کاریگه‌ری باشی ده‌بێت له‌سه‌ر حکومه‌ت و بزاڤی کوردایه‌تی به‌ڵکه حزه‌به‌کانیش لای خه‌ڵک خۆشه‌ویستده‌کات و ته‌مه‌نیان درێژ ترده‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌تواندرێت پرۆسه‌ی گۆڕان بخرێته باری جێبه‌جێکردنه‌وه.
ئێمه‌ی که‌رکوکیش ده‌ڵێین " حه‌یاته‌کانم، بۆ خاتری باباگوڕگوڕ زوو که‌ن به‌ڵکه به کرده‌وه نه‌ک به دروشم خێرێکی بۆ که‌رکوک هه‌بێت".
|
|
|