Print
 
 ئه‌رك و مافی‌ سه‌ندیكاكان و گۆڕان
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Thursday, July 12, 2012
پێكهاتی‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ك بریتیه‌ له‌ چۆنیه‌تی‌ ئه‌و سیستمه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ فۆرمێكه‌ له‌ رێكخستن، تابتوانێت میكانیزمی‌ جوڵه‌ی‌ گشتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست رابگرێ،‌ چینه‌كان له‌سه‌ر سكه‌یه‌كی‌ گرێدراو پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌ و كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و له‌ناو بازنه‌یه‌كدا، كه‌ بتوانرێ‌ جوڵه‌كان به‌رده‌وامی‌ پێبدات...؟ ئالێره‌وه‌ بابپرسین چ كاتێك كۆمه‌ڵگایه‌كمان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ ته‌ندروست بێت...؟

بۆئه‌وی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ ببێت به‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ مۆدیرن و یاساكان بڕیارده‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ بن، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ ده‌بێت بگواستێرته‌وه‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌، ئه‌مه‌ش به ‌له‌به‌رچاو گرتنی‌ ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا، كه‌ له‌دوای‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ ئه‌وی‌ پێی‌ ده‌وترێت ململانێ له‌پێناو دیموكراسیدا‌ تا ئاستێكی‌ باش سه‌ره‌تاكانی‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، چونكه‌ دیموكراسی‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌مای‌ خۆی‌ هه‌یه‌ سه‌ره‌كی‌ ترین بنه‌ما بونی‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌ستاوده‌ست كردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌، كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ دانی‌ ده‌سه‌ڵات بێت به‌ حیزبه‌كان و تاك بتوانێت بڕیارده‌ری‌ گۆڕانه‌كان بێت، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ پێشتر له‌ سایه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌مو جومگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگایان توشی‌ ئیفلیجی‌ كردبو و تائێستا به‌رده‌وامه‌، بۆ گۆڕینی‌ ئه‌م دۆخه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان توانی‌ ئه‌و نامه‌یه‌ بگه‌یه‌نێت، كه‌چی‌ تر ئه‌و قۆناغه‌ به‌سه‌رچو، ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێیه‌ بۆ له‌ دایكبونی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ كوردی‌ نوێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ دروست بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌ركی‌ هه‌مو چین و توێژه‌كان دیاری‌ بكرێت و بكه‌ونه‌ جوڵه، ئه‌وانیش (سه‌ندیكاكان، رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌، میدیا ئازاده‌كان)ه‌، ئه‌مانه‌ بڕیار له‌سه‌ر حیزبه‌كان ده‌ده‌ن كه‌ ئایا متمانه‌ی‌ بدرێتێ‌ له‌ڕێی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ یان نا...؟ ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ چڤاته‌وه‌، كه‌ حیزبه‌كان پڕۆژه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕو ئه‌وكات تاكی‌ كوردی‌ له‌ناو یه‌كێك له‌م سه‌ندیكایانه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ده‌نگدان ده‌دا به‌ پڕۆژه‌یه‌ك، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبه‌ی‌ ده‌نگی‌ هێنا نه‌یتوانی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ بكات، ئه‌وا ئه‌و سه‌ندیكایانه‌ بڕیارده‌ر ده‌بن بۆ حیزبێكی‌ تر، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌م هه‌رێمه‌ سه‌ندیكاكان و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و میدیاكان‌ 80% پاشكۆی‌ حیزبه‌كانن، كه‌ ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی‌ زۆر ترسناكه‌.

له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌دا و سه‌ره‌تای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ نوێ‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا، پێویسته‌ سه‌ندیكاكان به‌هه‌مو پیشه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ حیزبی‌ ته‌قلیدی‌ بێنه‌ده‌ر،‌ به‌ لێپرسراویه‌تیه‌وه‌‌ كار بكه‌ن تا سه‌نته‌ری‌ بڕیاری‌ گۆڕانه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان بن به‌ وشیاریه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و مرۆڤدوستانه‌وه‌، تابتوانن له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌ندیكاكان پێكه‌وه‌ گرێ‌ بدرێ،‌ ئه‌م دو ئاڕاسته‌یه‌ شۆڕ ببێته‌وه‌ بۆ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و میدیا ئازاده‌كان و پێكه‌وه‌ گرێ‌ بدرێت، ئه‌و كات حیزب ته‌نها به‌ پڕۆژه‌ و جێبه‌جێ‌ كردنی‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێ،‌ هه‌ر كات توانرا ئه‌م سه‌ندیكایانه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ پیشه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت، ئیتر هه‌ر تاكێك سه‌ر به‌هه‌ر حیزبێك بێت ده‌توانێ‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و پیشه‌ی‌ تایبه‌تی‌ بناغه‌ی‌ كاركردنی‌ بێت له‌ناو حیزبدا، له‌ئێستادا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان یه‌کێک له‌ ئه‌ركه‌‌ سه‌ره‌كیه‌کانی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ریتێكی‌ نوێ‌ بونیادبنێ،‌ ئه‌ویش كاركردن بێت له‌سه‌ر دروستكردنی‌ پێگه‌ی‌ سه‌ندیكاكان، تا ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی‌ هه‌مو پڕۆژه‌ی‌ حیزبه‌كان بده‌ن، به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌سایه‌ی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا سه‌ندیكای‌ بێ‌ ده‌نگ و بێ‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ به‌رهه‌م هێنراوه،‌ به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌مو سه‌ندیكاكان كه‌وتونه‌ته‌ ئه‌و جوڵه‌یه‌ی،‌ كه‌ سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ دروست بوه‌ بێ‌ گوێدان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حیزب له‌ جوڵه‌یه‌كی‌ باشدان و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش وه‌ك سه‌ره‌كیترین هێزی‌ ئۆپۆزسێون ته‌ندروستانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا ده‌كات، كه‌ كاری‌ رایه‌ڵه‌كانی‌ ته‌نها كاركردن بێت به‌دو ئاڕاسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ پیشه‌یی،‌ به‌ده‌ر له‌مانه‌ به‌شداری‌‌ بڕیاری‌ سیاسیش بن.

له‌م كاتی‌ جوڵه‌كردنی‌ سه‌ندیكایانه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌ندیكایانه‌ی‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ حكومین به‌ هه‌مو پیشه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ سه‌ندیكاكان و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و میدیا ئازاده‌كان به‌شێكی‌ گه‌وره‌بن له‌ ئاراسته‌ كردنی‌ ده‌سه‌ڵات و داكۆكی‌ كه‌ربن له‌ مافی‌ تاك له‌م هه‌رێمه‌دا، بۆیه‌ به‌ده‌ر له‌به‌رچاو گرتنی‌ ئینتمای‌ حیزبی‌ پێویسته‌ سه‌ندیكاكان لیژنه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت به‌ گرێدان له‌گه‌ڵ چینه‌كانی‌ تردا، تا بتواننن به‌ هاوكاری‌ ئۆپۆزسیۆن بڕیار له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی‌ ده‌سه‌ڵات بده‌ن و له‌ ئاست ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌دا بن.
Sbeiy.com © 2007