Print
 
 ئه‌نجومه‌نی باڵای دانوستاندان
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, August 14, 2012

ویستی تاکی کورد
هه‌مو تاکێکی کورد له‌ مێژدایه‌ نه‌ک هه‌ر خوازیاره‌ و حه‌ز ده‌کا، به‌ڵکه‌ داوا و ئامۆژگاری ده‌سه‌ڵات ده‌کات، نه‌ک له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق به‌ڵکه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و وڵاتانی دونیاش دانوستانده‌کانی به‌ ئه‌نجومه‌نێکی نیشتمانی پسپێردری و به‌ نیشتمانی بکرێت.

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌
پایه‌ی ئه‌ساسی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ یاسایی کردنیه‌تی، ئه‌نجومه‌نێکی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن که‌سایه‌تی خۆی بێت، په‌رله‌مانیش تاکه‌ دامه‌زراوه‌ بێت که‌ ده‌سه‌ڵاتی بانگهێشتکردن و لێپرسینه‌وه‌ی له‌م ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌بێت، را وه‌رگرتنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مان له‌ هه‌مو پرسه‌ نیشتمانیه‌کان مه‌رجی پێشوه‌ختی دروستکردنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بێت. ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نیش له‌سه‌ر پرسێکی نیشتمانی نه‌گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌ر، پێویست ده‌کات لهسه‌ر ئه‌و پرسه‌، له‌ راپرسیه‌کدا رای میلله‌ت وه‌ربگیرێ. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌‌ پێویسته‌ وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌ک بۆ هه‌مو پرسه‌ نیشتمانیه‌کان: سه‌ربازی، ته‌ندروستی، ئابوری، سیاسی...هتد لقی تایه‌به‌تی هه‌بێت.

 ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ که‌سانی نیشتمانپه‌روه‌ر، دڵسۆز، پسپۆر پێکبهێندرێت. ئه‌م که‌سانه‌ له‌ رێگای پێسکه‌شکردنی سیڤی بۆ په‌رله‌مان کیبڕکی بکه‌ن، سه‌رکه‌وتنی هه‌ر ئه‌ندامیکیش به‌ 2/3 ده‌نگی په‌رله‌مان بێت. به‌ کورتی باڵایی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ پێویسته‌ به‌ قه‌د باڵای پرسه‌ نیشتمانیه‌کان بێت و جگه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌روی هه‌موانه‌وه‌ بێت.

تا ئێره‌ وه‌ک تیۆری و له‌ سه‌ر کاغه‌ز، وه‌ک حه‌ز و ویست هه‌مو که‌س پێی باشه‌، به‌ڵام له‌ رابردو ده‌رکه‌وتوه‌ ئه‌م حه‌ز و ویسته‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ بڕ ده‌کا که‌ زیانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حیزب، سه‌رکرده‌، خیڵ، جه‌ماعه‌ت نه‌بێت.

ده‌سه‌ڵات له‌ 20 ساڵی رابردودا
له‌ 20 ساڵی رابردو شه‌قامی کوردی ئه‌زمونیکی تاڵیان له‌ گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌یه‌. به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی خۆشباوه‌ڕ، زۆر به‌ڵین و بێ به‌ڵێن و نا راستگۆ و لیڵ ناسراوه‌:

ده‌سه‌ڵات و خۆشباوه‌ڕی
1- هێزه شیعه‌کانیان وه‌ک هاوپه‌یمانی ستراتیژی کورد به‌ خه‌ڵک ناساند، له‌ هه‌مو کۆبونه‌وه‌یه‌کدا به‌هار هێندراوه‌ته‌ چۆک؛
2- هێزه‌ سونه‌کان وه‌ک ناحه‌ز و دژه‌ کورد وه‌سف کراوه‌، هه‌ر لایه‌نێکی کوردیش له‌ دورو نزیک‌ سڵاوی لێکردبن به‌ خائن ناوبراون و به‌ ده‌ست تیکه‌ڵکردن له‌ گه‌ڵ پاشماوه‌کانی به‌عس تۆمه‌تبار کراون؛

ده‌سه‌ڵات و زۆر به‌ڵیندان و بێبه‌ڵێنی
3- له‌ زۆر به‌ڵێندان و نه‌بردنه‌ سه‌ری به‌ڵێنه‌کان، هه‌ندێ له‌و به‌ڵێنانه‌ی‌‌ به‌ که‌رکوک دراوه‌:
* ته‌حقیقکردن له‌ که‌یسی تیرۆرکردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌؛
* تاپۆکردنی ته‌واوی خانوی ئاواره‌کان؛
* گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ردو ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر و شوان که‌ تائێستا ئه‌م دو شوێنه‌ له‌ به‌غدا وه‌ک سه‌ربازگه‌ ناسراون؛
* یه‌کخستی هه‌ردو ئاسایشی حیزبی؛
............هتد

ده‌سه‌ڵات و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی
4- ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ندێ له‌ جۆره‌کانی دزی و گه‌نده‌ڵی به‌ یاسایی کردوه‌: زۆری موچه‌ی وه‌زیر، په‌رله‌مان، پله‌ تایبه‌ت و خانه‌نشین کردنیان، ته‌خشان و په‌خشانکردنی زه‌وی کوردستان به‌ ناوی کاری وه‌به‌رهێنانه‌وه‌؛
5 – دامه‌زراندن له‌ داموده‌زگا هه‌ستیار و نیشتمانیه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای خزماتی و حیزباتی؛
6- پابه‌ند نه‌بونی ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌ندێ له‌و بڕیار و یاسایانه‌ی خۆی ده‌ری کردوه‌؛
7- هه‌ندێ له‌ به‌رپرسان له‌به‌ر لێڵی له‌ قسه‌ و کرداره‌کانیان، تا راده‌ی به‌ درۆخستنه‌وه‌ی یه‌کتر به‌ به‌رچاوی میله‌ته‌وه‌ له‌ یه‌ک بێئاگان‌. 4 ملیار دۆلاری شیرینی نه‌وت به‌نمونه‌.
 
ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن
له‌ 25/7/2009وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ستی ده‌ستی به‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌کات، له‌ کاتی پێویست و هه‌ر جاره‌ به هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی بابه‌تێت بانگهێشت ده‌کرێن بۆ کۆبونه‌وه‌ و لێدوان له‌سه‌ر پرسێک که‌ ده‌سه‌ڵات پێشوه‌خت بریاری لێداوه‌. ئه‌وه‌ی جێی هه‌ڵوێسته‌ کردن و سه‌رسوڕمانه‌ زو به‌ ده‌نگه‌وه‌ چونی ئۆپۆزسیۆنه‌ به‌ ده‌نگی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

ئۆپۆزسیۆن ده‌بوایا له‌ دوای روداوه‌کانی 17 شوبات و پرۆژه‌ 6 پاکێجه‌که‌، بێ شه‌رمنۆکی، راشکاوانه و پشودرێژانه،‌‌ جێبه‌جێکردنی داوای خۆپیشانده‌ران و پرۆژه‌که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا مه‌رجی پێشوه‌خت بوایا بۆ هه‌ر دانشتنێک له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات. ده‌رکه‌وت ئه‌و شه‌رمنۆکی و دریژه‌دانه‌ به‌ دانیشتنه‌کان، ده‌سه‌ڵاتی توشی بێمنه‌تی و لوتبه‌رزی زیاتر کرد له‌ حکومڕانیدا، ده‌رئه‌نجامیش بردنی وڵات‌ له‌ قه‌یرانێکه‌وه‌ بۆ ته‌نگه‌ژه‌یه‌کی قوڵتری لێکه‌وته‌وه‌، به‌رده‌وامی قه‌یرانه‌کانیش دور نییه‌ وڵات به‌ره‌و کاره‌سات ببات.

ئه‌م رابردوه‌ هه‌مو هه‌نگاوێکی ده‌سه‌ڵات ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بۆیه‌ له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتیکی وادا خه‌ڵکی کوردستان هه‌قیانه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و چاوه‌ڕوان بن. هه‌قیانه‌ به‌ گومان بن له‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ و خراپ به‌کارهینانی.

 له‌ گه‌ڵ هه‌مو گومانه‌کانیشدا، گه‌وره‌یی قه‌یرانه‌کان خه‌ڵکی ناچار کردوه،‌ هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بخوازێت.

 

Sbeiy.com © 2007