|
مێژوی کۆمه‌ڵه و حکایه‌ت بێژه‌کان |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Friday, August 17, 2012 |
رابوردو و ئێستا
ماوه‌یه‌که به گه‌رمی وپه‌رۆشی وههڵچونیشهوه هه‌ندێک له لاپه‌ره‌کانی مێژوی کۆمه‌ڵه و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ههڵدهردرێنهوه. هه‌ندێک له کاراکته‌ره‌کانی چه‌ند قۆناغێکی ئه‌و مێژوه قۆڵیان لێ هه‌ڵکردوه و قهریحهیان کراوه‌ته‌وه و زهنیان ساف بوه و بیره‌وه‌ری و موعانات و هه‌ڵسه‌نگاندن و بۆچونه‌کانیان کردۆته به‌شێک له فه‌رهه‌نگی ئه‌و مێژوه. ئه‌م بابه‌تانه به‌شێک له راستیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌یان هه‌ڵگرتوه.
یاده‌وه‌ریه‌کان گرنگن بۆ به‌دواداچونی مێژویه‌ک که چه‌ندین لاپه‌ره و روداو و کون و قوژبنی نادیاری هه‌یه. ئه‌وه‌ی شایانی تێڕامانه، حکایه‌ته‌کان له لایه‌ن جه‌مسه‌ره ناحه‌زه سه‌رسه‌خته‌کان به‌یه‌کتر له چه‌ند ساتێکی ئه‌و مێژوه‌دا باس ده‌کرێن. حکایه‌ت بێژه‌کان له دههالێزهکانی ئه‌و مێژوه‌دا خاوه‌نی پێچوپه‌نای سیاسی و فیکری و رێکخراوه‌یی ودژایهتیکرنی توندی یه‌کتر بون و هه‌نوکه له پێگه و روانگە و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئێستایان، که زۆر جیاوازن له‌وه‌ی مێژویان، چیرۆکه‌کانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه. بۆیه توێژێکی ئه‌ستوری دۆخی سیاسی و فیکری و ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان تێکه‌ڵ به نیه‌ت و مه‌رامی رابوردویان رۆحی سهرگوزهشتهکانیانی هه‌ستیارانه هه‌راسان کردوه و ته‌نانه‌ت نه‌فه‌سی پاشقول گرتن و تۆڵه‌کردنه‌وه‌ش له‌نێو رسته‌کاندا سه‌ما ده‌که‌ن. خاڵێکی تریش که ته‌م و لێڵی به‌شێکی گرنگی ئه‌و مێژوه راناماڵێت ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سایه‌تیانه وا باسی مێژوه‌که ده‌که‌ن که هیچ هه‌ڵه و لادان و چه‌وتیان نه‌کردوه و وه‌ک ئاوی زه‌مزه‌م بێگه‌ردن و ته‌نانه‌ت نمایش‌کردنی خۆیان وه‌ک پاڵه‌وان له‌نێو فه‌سڵه‌کانی چیرۆکه‌کان به‌رچاو ده‌که‌وێت.
که‌ناڵی NRT کارێکی باش ده‌کات که چیرۆکه‌کان له زاری ئه‌و کاراکته‌رانه‌وه په‌خش ده‌کات. ئه‌وه‌ی که‌موکوری پێوه دیاره ئه‌وه‌یه که چاوپێکهرهکه شاره‌زاییه‌کی ئه‌وتوی ئه‌و مێژوه و که‌سایه‌تیه‌کانی و ئه‌و که‌سه‌ی به‌رامبه‌ری دانیشتوه، نیه. بۆیه به‌شی زۆری چاوپێکه‌وتنه‌که به ئاسانی و بێ پێداگرتن و "هاکه‌زا" به‌رێ ده‌کرێت.
وێرای ئه‌م خاڵه لاوازانه قسه‌که‌ران له هه‌مان کانی تینوێتی سیاسی و فکری سه‌رده‌می یاخیبون وشۆڕشگیریان شکاندوه، تا ئه‌م ساته‌ش که‌سانێک له به‌رامبه‌ره‌کانیان له سه‌رده‌مانی گوزهرکردنیان له یوتۆپیای چه‌پڕه‌ویدا نه‌هاتونه‌ته قسه‌کردن.
مێژویه‌کی دژوار
وردکردنه‌وه‌ی مێژوی کۆمه‌ڵه کارێکی سه‌خت و ئاڵۆزه، له هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کان شه‌هیدبونی هه‌ندێک له که‌سایه‌تیه ناودار و به‌ئاگاکانی کۆمه‌ڵه، وه‌ک شه‌هید خاڵه شه‌هاب و شه‌هید ئارام و بێده‌نگی به‌شێک له زیندوه‌کان وه‌ک به‌ڕێزان مام جەلال و نەوشیروان مسته‌فا و سالار عه‌زیز.
هۆکارێکی تری ئه‌و ئاڵۆزیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌دۆکیۆمێنت نه‌کردن و به‌رچاو نه‌که‌وتنی نوسراو و نامه و به‌ڵگه‌کانی سه‌ره‌تای ئه‌و مێژوه، خاڵێکی تر تێکه‌ڵبونی زۆر روداو و گۆڕانکاری و که‌سایه‌تی و گروپه جیاکانه له‌و ساتانه‌ی مێژودا، وه‌کو شکستی باڵی جه‌لالی له ئاکامی به‌یانی 11 ئازار و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و باڵه بۆ ناو پارتی، ئه‌م روداوه کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر کۆکردنه‌وه و به‌هێزبونی کۆمه‌ڵه کرد، کاریگه‌ری مۆدێله‌کانی چه‌پڕه‌وی له‌سه‌ر بزافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، کاریگه‌ری ره‌وته چه‌په‌کانی ئێرانی وعه‌ره‌بی له‌سه‌ر چه‌پخوازانی کورد و تایبه‌ت رۆڵی مام جه‌لال و شه‌هید خاڵه شه‌هاب و په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ ره‌وتی چه‌پی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب وفه‌له‌ستین و ئێران، رۆڵی بیانی و زۆر تایبه‌ت باڵیۆزخانه‌ی چین له به‌غدا.
به‌ته‌نیشت ئه‌مانه‌شه‌وه له یه‌که‌م ساته‌کانی دروستبونی کۆمه‌ڵه‌دا جیاوازیه‌کانی نێو ده‌ستپێشخه‌ر و دامه‌زرێنه‌رانی دیارده‌یه‌کی پڕ به‌پێستی سه‌رجه‌م ره‌وت و بزافه چه‌په‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه بو، وه‌ک له‌تبونی چه‌په‌کانی ئێران و عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستینیه‌کان و ئه‌مەریکای لاتینی و ته‌نانه‌ت بزافه چه‌په‌کانی ئه‌وروپاش. له‌و سه‌رده‌مانه مۆدێل و باو بو له‌سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ رسته‌یه‌کی مارکس یا لینین یا ماوتسی تۆنگ یا کیم ئیل سۆنگ یا ئه‌نوه‌ر خۆجه، چه‌ند که‌سێک سه‌ر به‌یه‌که‌وه بنێن و له ره‌وت و رێکخراوه‌که‌یان جیاببنه‌وه و رێکخراوێکی نوێ دروست بکه‌ن و دواتر بکه‌ونه گیانی یه‌کتریش. ئه‌م نه‌خۆشیه جه‌سته‌ی ره‌وته چه‌په‌کانی کوردیشی له سه‌رجه‌م به‌شه‌کانی کوردستان گرتبوه‌وه. نه‌خۆشیه‌ک تا ئه‌م ساته‌ش ئاسهوهرهکانی له بزافی کوردایه‌تیدا به‌رچاو و ئازارده‌رن.
وێرای ئه‌م جیاوازی و پارچه‌پارچه بونه کۆمه‌ڵه دینامۆی شۆڕشی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی دوای هه‌ره‌س بو. ئه‌زمونێکی نوێ بو له جه‌سته‌یه‌کی کۆن و په‌ککه‌وته‌دا. کۆمه‌ڵه به‌رده‌وام خۆی به خاوه‌نی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی دوای هه‌ره‌س و رێبه‌ری زانیوه، کۆمه‌ڵه له جغزی یه‌کێتیدا گیانه بزێوه‌که‌ی بوه. کۆمه‌ڵه توانی له ماوه‌یه‌کی که‌مدا ببێته سه‌رمه‌شقی خه‌بات بۆ خه‌باتکه‌رانی گه‌له‌که‌مان. له‌و رێبازه سه‌خته‌دا گه‌لێ ده‌سته وئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه دوچاری چه‌واشه و هه‌ڵخلیسکان و لادان بون و به‌هۆیه‌وه کۆمه‌ڵه‌یان توشی هه‌ڵه‌ی سیاسی و ئایدیۆلۆجی کرد. له به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌دا کۆمه‌ڵه توانی به‌روی چه‌مکه‌کانی توندڕه‌وی هه‌رزه‌کارانه و پان چه‌پیدا خۆی بپارێزێ و سیاسه‌تێکی واقیعیانه پێره‌و بکات. کۆمه‌ڵه چه‌ندین نوێکردنه‌وه‌ی رێکخراوه‌یی و سه‌ربازی و سیاسی گه‌وره‌ی له بزافی کوردایه‌تیدا چه‌سپاندوه، سه‌رکرده و کادر و تێکۆشه‌ری ناوداری پێگه‌یاندوه و هه‌زاران شه‌هیدی به خاک و نه‌ته‌وه به‌خشیوه.
بنچینه فکریه‌کان و هێڵه گشتیه‌کانی کۆمه‌ڵه له قۆناغه جیاکانی خه‌باتدا و زۆر تایبه‌ت له سه‌ره‌تای دروستبونیدا ئاراسته‌ی راشکاو و دیاریکراویان له‌خۆ نه‌گرتبو. گرێدانه‌وه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی زو دوچاری شکست بو، هه‌روه‌ها سه‌ربه‌خۆیی سیاسی بزافی رزگاریخوازی کورد به‌دروشمێکی بریقه‌دار مایه‌وه و هاوکاری هێزه دیموکرات و شۆڕشگیرهکانی عێراق و ناوچه‌که نه‌یتوانی له به‌رده‌م زه‌بری ره‌وشی سیاسی ناوچه‌که خۆ رابگرێت.
کێشه‌ی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵه یه‌کلایی نه‌کردنه‌وه‌ی ململانێکانی بو، هه‌م له‌ناو یه‌کێتی و هه‌م له ناو خۆیدا. یه‌کلاییکردنه‌وه به‌مه‌به‌ستی خهڵقاندنی هاوته‌ریبی نێوان هێز وپێگه‌ی به‌هێزی کۆمه‌ڵه وه‌ک رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ پێگه‌ی له‌ناو یه‌کێتیدا، هۆکاری سه‌ره‌کیش ناچاری بو له به‌رامبه‌ر ره‌وشی ئه‌و سه‌رده‌مه و دڕنده‌یی دوژمن، له هۆکاره‌کانی تریش جیۆپۆلیتیکی باشوری کوردستان و پێکهاته جیاکانی یه‌کێتی و باڵاده‌ستی مام جەلال و ململانێی خه‌ستی ناو کۆمه‌ڵه له‌نێوان هزری نه‌ته‌وه‌یی وهزری چه‌پڕه‌وی که به فریادره‌سی دنیا و چینه چه‌وسێنراوه‌کان پێناسه‌ی خۆد ده‌کرد. مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه به‌و شێوه‌یه له ئاکامدا کۆمه‌ڵه‌ی په‌رته‌وازه کرد و سه‌رکرده‌کانی له یه‌کتر دابڕان و که‌وتنه جیابونه‌وه و رکابهرکردنی یه‌کتر. له کۆنگره‌ی یه‌کی یه‌کێتیدا هه‌وڵێکی جدی له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌رکرده و کادری به‌ئه‌مه‌کی کۆمه‌ڵه‌وه درا بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته شکستی خوارد به‌هۆی هه‌ڵوێستی ئۆپۆرچینیستانهی به‌شێک له به‌رپرس و کادره‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه و گه‌مه‌کردنیان له‌نێو باڵه‌کانی یه‌کێتیدا، بۆیه ئه‌و واقیعه گوزرێکی کوشنده‌ی له کۆمه‌ڵه وه‌شاند و ئاکامه‌که‌ی یه‌کێتی به‌ته‌واوی که‌وته ده‌ستی باڵێکی کلاسیکی موحافزکار و به‌شێکی به‌رچاوی سه‌رکرده‌کانی کۆمه‌ڵه بونه پاسه‌وانانی ئه‌و ره‌وشه و تێدا سه‌رقاڵی خۆیان وحه‌ز و مه‌رامه‌کانیان بون. مانه‌وه‌یان به‌و جۆره له‌ناو یه‌کێتی زامنی ده‌سه‌ڵات و بهرژهوهندیهکانیانی ده‌کرد و ده‌یکات.
پاشماوه‌کانی مێژو
له زۆربه‌ی ئه‌زمونه‌کانی دنیادا پاشماوه‌کانی ئه‌و جۆره بزاف و ره‌وته چه‌پانه بونه‌ته سیمبۆله‌کانی گه‌نده‌ڵی و سته‌مکاری و نادادپه‌روه‌ری، وه‌ک له ئه‌زمونه‌کانی کوبا و کۆریای باکور و دوا رۆژه‌کانی یه‌که‌م خولی حوکمڕانی ساندینیسته‌کان له نیکاراگوا و فه‌له‌ستیندا ده‌رده‌که‌ون، ئه‌زمونی کۆمینیسته‌کانی سۆڤێتی جارانیش به ده‌سه‌ڵاتی ره‌های ده‌سته‌یه‌کی مافیا ئاسا به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی حیزب و وڵات کۆتایی هات. به‌شێک له چه‌پ و مارکسزمهکانی فه‌له‌ستین به پاره وئیمتیازات بونه پیاوی ئه‌م و ئه‌و و له‌وانه‌ش به‌شان و باڵی سه‌دامدا هه‌ڵیان ده‌دا، چه‌په‌کانی ئێران له برا فه‌له‌ستینیه‌کان باشتر نه‌بون و پێشڕه‌وی سوپاکه‌ی سه‌دامیان ده‌کرد بۆ کوشتنی هاوچهپهکانیان له باشوری کوردستان، چه‌په سه‌ر لێشواوهکانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانیش له ساتی هه‌ستیاری داڕماندنی رژێمی شاهه‌نشا نمونه‌یه‌کی ناشیرینیان به‌نه‌ته‌وه پیشاندا، چه‌په رادیکاڵه‌کان و شۆرشگیڕهکانی باشوری یه‌مه‌ن که‌وتنه گیانی یه‌کتر و له ئاکامدا تاقانه نمونه‌ی حوکمڕانی چه‌پیان له ناوچه‌که به‌هه‌ده‌ردا، به‌هه‌مان شێوه‌ش چه‌په‌کانی زیمبابۆ یه‌کتریان شه‌که‌ت کرد، باسیش له مارکسی وچه‌په‌کانی که‌مبۆدیا ناکه‌ین که وڵاته‌که‌یان کرده گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ی مردن و فهناکردن.
دوای راپه‌رین و تایبه‌ت دوای روخاندنی رژێمی سه‌دام به‌شێکی به‌رچاوی کۆنه کۆمه‌ڵه‌کان و چه‌پڕه‌وه‌کان له‌ناو یه‌کێتی و ده‌ره‌وه‌ی بونه نمونه‌ی گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ری و پێشێلکه‌ری یاسا و ناعه‌داله‌تی. زۆر چاوچنۆک و بێ ویژدانانه پاداشتی سه‌رده‌مانی چه‌پخوازی ساده‌ی مێژوی خۆیان دایه‌وه. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه کۆمه‌ڵێک پرسیاری ره‌وا له‌سه‌ر پێکهاته‌ی فیکری و مێژوی ئه‌و چه‌پخوازانه به‌رز ده‌کاته‌وه. ئه‌و کاراکته‌رانه‌ی هه‌نوکه سه‌رقاڵی چیرۆکه‌کانی ئه‌و پێکهاته و مێژوه‌ن راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ به‌ده‌ر نین له‌و وه‌رچه‌رخانه، بۆیه زۆر گرنگه خۆشیان له قه‌ره‌ی ئه‌و بابه‌ته بده‌ن.
ئه‌و به‌ڕیزانه‌ی سه‌رگوزشته‌ی کۆمه‌ڵه ده‌گێڕنه‌وه که‌سانی تێکۆشه‌ر بون و له ساته‌کانی ئه‌و مێژوه‌دا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بوه. ئه‌م راستیه مافیان پێ نابه‌خشێت پێگه‌ی خۆیان له‌و مێژهودا وه‌ک مهنزهلهی ئه‌سحابه هه‌ڵسه‌نگێنن و پێناسه‌ی بکه‌ن.
ئه‌و به‌ڕێزانه به‌شێک له ناکۆکی و ململانێکانیان له‌و مێژوه دژواره‌دا به‌به‌رگ و شێوه‌یه‌کی قه‌شه‌نگی ده‌سکردی خه‌یاڵ و گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کوردستان نمایش ده‌که‌ن. بۆ نمونه جێگه‌ی باوه‌ڕ نیه و له راستیشهوه دوره کاتێک ده‌ڵێن له کۆمه‌ڵه‌دا په‌پوله‌ی ئاشتی بون له‌گه‌ڵ پارتیدا، وه‌ک ئه‌وه‌ی ناراسته‌وخۆ "گوناهه‌که" بخه‌نه ئه‌ستۆی هاوکۆمهڵهکانی تریان.
چاودێرێکی شاره‌زا که ده‌بیستێت هه‌ندێک له کاراکته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵه سه‌باره‌ت به هه‌ندێک بابه‌ت به‌و شێوازه‌ی ئێستا قسه‌ده‌که‌ن، خۆی له گێژاوێکدا ده‌بینێته‌وه که ته‌نها ویژدان و زانیاری و یاده‌وه‌ریه پچڕپچڕه‌کانی ده‌توانن فریای که‌ون. ماقول نیه و جێگه‌ی باوهڕکردنیش نیه سه‌رکرده‌ی ئاڵای شۆڕش به‌رێز مه‌لا به‌ختیار و یه‌کێک له کادره سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵه به‌ڕێز فه‌ره‌یدون عەبدولقادر هه‌مو هه‌وڵ وتهقهڵایهک ده‌ده‌ن تا به‌ڕێز مام جەلال بخه‌نه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کێشه و ئاڵۆزی و نه‌هامه‌تیه‌کانی ئه‌و مێژوه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی مام جەلال فریشته‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه و سه‌رکرده‌یه‌کی عادلی پێکهاته‌کانی یه‌کێتی بوبێ. که‌س نکۆڵی له رۆڵی کاریگه‌ر و هه‌ستیاری مام جەلال له دروستکردنی کۆمه‌ڵه و یه‌کێتی و به‌رپاکردنی شۆڕشی هه‌ڵساندنه‌وه ناکات، به‌ڵام ئه‌مانه نابنه پاساو که له‌و سه‌رده‌مانه‌دا مام جەلال و خه‌سڵه‌ته سیاسی و رێکخراوهویی و فیکریه‌کانی بواره‌کانی پێکدادان و ناکۆکی نێوان کۆمه‌له و ئه‌و نه‌بون.
کۆمه‌ڵه ساوایه‌کی دڵگیر و هیوا به‌خش بو، هه‌رزه‌کارێکی بزێو و یاخی بو، گه‌نجێکی به‌ئه‌مه‌ک و لێهاتو بو، تێکۆشه‌رێکی به‌هێز و بێ منه‌ت بو، مه‌خابن به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتداره بهساڵچوهکانی ناو و ناوبانگیان پروکاندهوه و له‌که‌دار کرد. |
|
|