Print
 
 نه‌وت فرۆشێکی گه‌ڕۆک
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Tuesday, August 28, 2012

جاران باو بو نه‌وت فرۆشه‌کان به‌رمیلێکی گه‌وره‌ یاخود دوانی له‌حیم کراویان له‌ ئاژه‌ڵێک ده‌به‌ست و پڕیان ده‌کرد له‌ نه‌وت و بۆ فرۆشتنی به‌گه‌ڕه‌ک و کۆڵانه‌کاندا ده‌سوڕانه‌وه‌. هه‌ریه‌ک له‌م نه‌وت فرۆشانه گه‌ڕه‌ک و کۆڵان و مه‌عمیلی خۆی هه‌بو و به‌ئه‌زمون ده‌یانزانی که‌ی ماڵه‌کان نه‌وته‌که‌یان ته‌واو ده‌بێت و له‌وکاتانه‌دا له‌ به‌رده‌م ده‌رگای حه‌وشه‌ به‌ده‌نگ و ره‌نگ ده‌رده‌که‌وتن. نه‌و‌تیان به‌ گاڵۆن ده‌فرۆشت و له‌هه‌ر گاڵۆنێک یه‌ک دو عانه‌یان قازانج ده‌کرد. ژماره‌ی عه‌ره‌بانه‌کانی نه‌وت فرۆشتن له‌سه‌ر گه‌وره‌یی شار و ژماره‌ی نه‌و‌ت کڕه‌کان وه‌ستا بو. پێده‌چێت ئه‌م جۆره‌ بازرگانیه له‌ ئێستادا به‌ده‌گمه‌ن نوزه‌ی تێدا مابێت.



سه‌رده‌‌می یه‌که‌م حوکمڕانی به‌عس له‌ شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابوردو ناو به‌ناو و تایبه‌ت له‌ کاته‌کانی ساردبونی که‌ش و هه‌وادا حکومه‌ت نه‌وتی له‌ شاره‌کانی کوردستان ده‌بڕی و چۆنیه‌تی ده‌سکه‌وتنی نه‌وت ده‌بوه‌ خه‌مێکی سه‌ره‌کی هاوڵاتیان. له‌ یادمه‌ دوای مه‌نعو ته‌جه‌وله‌که‌ی سلێمانی له‌ حوزه‌یرانی 1963 له‌ حامیه‌ کۆنه‌که‌ سوپا نه‌وتی به‌پاره‌ دابه‌ش ده‌کرد، ئه‌گه‌ر ژنان و کچانی شار شانسدار بونایه‌ به‌ رۆژێک سه‌ره‌ی کڕینی ته‌نه‌که‌یه‌ک نه‌وتیان ده‌هات و ئه‌گه‌ر خواش به‌ره‌حم بوایه‌ به‌ر شه‌ق و زلله‌ و قسه‌ی ناشیرینی سه‌ربازه‌ عه‌ره‌به‌کان نه‌ده‌که‌وتن.

 

شوکر بۆ خوا ئێستا بۆ کڕینی نه‌وت شه‌ق وزلله‌که‌ نه‌ماوه‌، له‌ سایه‌ی حوکمڕانی خۆماڵی هه‌نو‌که‌ خاوه‌نی بیره‌ نه‌وتین و له‌ هه‌مو کون و قوژبنێکدا و له‌ بینا کۆنی خوێندنگا و فه‌رمانگه‌یه‌کی‌ حکومه‌ت به‌رپرسه‌کانمانیش مه‌سفایان قیت کردۆته‌وه، به‌شی زۆری به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانمان ئالۆده‌ی نه‌وته‌ حه‌یاته‌که‌ بون.

 

بۆ‌ حکومه‌ته‌که‌ی هه‌ولێریش کابرایه‌کما‌ن له له‌نده‌نه‌وه‌ هێناوه‌ و کردومانه‌ به‌ یه‌که‌م مه‌سولی هه‌مو بیر و مه‌سفا و بۆری و عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ڵاڵ و مه‌زادخانه‌کانی نه‌وت. ئه‌م زاته‌ هه‌مو ژیانی هه‌ر ئه‌و کاره‌ی کردوه‌ و زۆر لێی شاره‌زایه‌ و له‌ هه‌مو کون و قوژبنی بیره‌ نه‌وت و مه‌سفاکان و فڕوفێڵ و مامه‌ڵه‌کردنی نه‌وت به‌ئاگایه. وه‌ک ده‌ڵێن بۆ شێوازی ئێستای حوکمڕانی کاره‌که‌ پر به‌پێستیه‌تی.

ئه‌و به‌ڕێزه‌ ناسراوه‌ به‌ ئاشتی هه‌ورامی‌ (عبدالله‌ عبدالرحمن عبدالله‌)، له‌ ساڵی 1948 له‌ پارێزگای سلێمانی له‌ دایکبوه‌، ساڵی 1971 به‌کالۆریۆسی ئه‌ندازیاری نه‌وتی له‌ زانکۆی به‌غدا به‌ده‌ست ‌هێناوه‌،‌ 1971 تا 1974 له‌ کۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عێراق له‌ به‌سره‌ وه‌ک ئه‌ندازیار کاری کردوه‌. پاش رۆیشتنی بۆ ئینگلته‌را له‌ 1975 تا 1982 وه‌ک ئه‌ندازیار بۆ کۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی به‌ریتانیا له‌ سکۆتله‌ند کاری کردوه‌، له‌ ساڵی 1978 دکتۆرای (Phd) له‌ ئه‌ندازیاریی یه‌ده‌کی نه‌وت له‌ سکۆتله‌ند به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ 1982 تا 1985 وه‌ک ئه‌ندازیاری پله‌ به‌رزی نه‌وت بۆ کۆمپانیای Intera له‌ له‌نده‌ن کاری کردوه‌. دواتر تا ساڵی 1999 خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیای DUK بۆ کاروباری ئه‌ندازیاری بوه‌‌. له‌ 1999 بۆته‌ سه‌رۆکی ECL Group Plc (کۆمپانیایه‌کی بازرگانی که‌ بواری نه‌وتیشی گرتۆته‌وه‌).

 

هه‌ورامی له‌ مانگی مایسی 2006 دانرا به‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان وله‌ 28 ئۆکتۆبه‌ری 2009 له‌ کابینه‌ی شه‌شدا و له‌ 5 نیسانی 2012 له‌ کابینه‌ی حه‌وتدا له‌ پۆسته‌که‌یدا ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌م به‌ڕێزه‌ شه‌ش ساڵ و نیوه‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌، شاره‌زایی و لێهاتویه‌کی باشی له‌ بواری نه‌وت و گازدا هه‌یه، با‌ بزانین چی کردوه‌ و چۆن کردویه‌ته‌ و بۆ کێی کردوه‌؟‌
 

هه‌ورامی و به‌غدا و هاوکێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی

له‌ دو چاوپێکه‌وتندا، 14 و 23 نیسانی 2012، له‌ گه‌ڵ Ben Van Heuvelen بۆ Iraq Oil Raport له‌ وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاردا هه‌ورامی تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ بواری‌ نه‌وتدا.


جه‌نابی وه‌زیر به‌ دورودرێژی باسی کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌کات، وه‌ک وه‌ستاندنی دانی مه‌ساریفی ئه‌و کۆمپانیا بیانیانه‌ی له‌ هه‌رێم گرێبه‌ستیان کردوه‌ و کار ده‌که‌ن و راگرتنی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ و رێکه‌وتنی مانگی یانواری له‌گه‌ڵ به‌غدا و کۆمه‌ڵیک بابه‌تی تر. به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ورامی هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و راگرتنه‌ بیرۆکراسیه‌ته‌ له‌ به‌غدا و هه‌روه‌ها که‌سانی با‌ڵاده‌ست که‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ ئاسته‌نگ ده‌خه‌ڵقێنن. وه‌زیر پێی وایه‌ ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌غدا هه‌مو نه‌رمیه‌کیان نواندوه‌ و چه‌ند ژورێکیان پڕ کردوه‌ له‌ به‌ڵگه‌ و دۆکیۆمێنت تا ده‌زگای تایبه‌تی حکومه‌تی فیدراڵی بۆ نه‌وت کۆنترۆڵی خۆی بکات. کاتێک به‌غدا دانی مساریفه‌کانی وه‌ستاندوه‌ هه‌رێمیش هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی راگرتوه‌. به‌ بۆچونی هه‌ورامی به‌غدا بۆی نیه‌ کۆنترۆڵی گرێبه‌سته‌کان و داهات بکات. له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا به‌راشکاوی ده‌رده‌که‌وێت که‌ وه‌زیر وه‌ک ته‌کنۆکراتێک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی هه‌ستیاری نه‌وتدا ده‌کات.

 

نه‌وت گه‌وهه‌رێکی ره‌شی ستراتیژیه‌ و ده‌چێته‌ نێو هاوکێشه‌ی ستراتیژی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ و کۆده‌کانی مامه‌ڵه‌کردن پێی کاری سیاسه‌تمدارانه‌ که‌ هاوکێشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی داده‌رێژن و دیاری ده‌که‌ن. کاری ته‌کنۆکرات و پسپۆڕ و شاره‌زاکان ته‌نها جێبه‌جێکردنی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌یه‌. به‌ڕێکردنی سیاسه‌تی نه‌وتی به‌و شێوازه‌ی ئێستا (به‌کارهێنانی بۆ رازیکردنی ئه‌م وڵات و ئه‌و باڵاده‌ست و بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵ و زه‌مان به‌سه‌رچو) کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

 

کاتێک جه‌نابی وه‌زیر ده‌ڵێت: چه‌ند ژورێکی پڕ دۆکیومێنی و به‌ڵگه‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و هێزه‌ سیاسیه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ناکات. پرسیارێکی تر، بۆچی ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌وتی له‌ هه‌رێم زۆر به‌ترسه‌وه‌ سه‌یری کۆنترۆڵکردنی گرێبه‌سته‌کان و داهاتی نه‌وت ده‌که‌ن. وه‌ک هه‌ورامی له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا ده‌ڵێت: " کۆنترۆڵ کردنی گرێبه‌سته‌کانمان به‌شێک نه‌بوه‌ له‌ رێکه‌وتنه‌که‌، به‌غدا ئاماده‌ نه‌بون له‌ به‌ستنی گرێبه‌سته‌کان تا بزانن بۆ نمونه‌ مه‌ساریفی 20 ملیۆن دۆلار گرانه‌ و ده‌بێت هه‌رزانتر بێت، ئه‌مه‌ کاری ئه‌وان نیه". له‌ به‌رامبه‌ردا عەباس ئەلبیاتی، ئه‌ندامی ئەنجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ سه‌ر لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت: "حکومه‌تی فیدراڵ ده‌یه‌وێت مه‌سا‌ریفی کۆمپانیا بیانییه‌کان که‌ له‌ کێڵگه‌ نه‌وته‌کانی کوردستان کارده‌که‌ن بدات، به‌ڵام پێویسته‌ حکومه‌تی فیدراڵ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا داهاتی 175.000 به‌رمیل له‌ رۆژێکدا بزانێت".

 

ئاشتی هه‌ورامی پێی باشتره‌ به‌ قاچاغ نه‌وت به‌نرخێکی هه‌رزان به‌ده‌ره‌وه‌ بفرۆشێت به‌بیانوی دابینکردنی مه‌ساریفی کۆمپانیا بیانیه‌کان له‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و‌راقه‌کانی بخاته‌ڕو. ئه‌م چاوشارکێ‌ و شاردنه‌وه‌‌ و پێچوپه‌ناکردنه‌ کرۆکی سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌که‌یه‌تی.

 

له‌ به‌شیکی تری چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا به‌ڕێز هه‌ورامی باسی مه‌سفا له‌ هه‌رێم ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی مه‌سفاکان بۆ به‌کارهێنانی ناوخۆیه‌ و بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و پشکه‌یه‌ که‌ به‌غدا به‌ هه‌رێمی نادات. هه‌ورامی ده‌ڵێت: "ئێمه‌ بڕی 30.000 به‌رمیل له‌ رۆژێکدا له‌ موشته‌قاتی نه‌وت له‌ حکومه‌تی فیدراڵ وه‌رده‌گرین. عێراق رۆژانه‌ 700.000 به‌رمیل ته‌سفیه‌ ده‌کات و 17% ی ئه‌وه‌ 130.000 به‌رمیل له‌ رۆژێکدا ده‌کات. هه‌رێم به‌شی ره‌وای خۆی وه‌رناگرێت. ئێمه‌ پێویستی ناوخۆ‌ییمان دابین ده‌که‌ین و سێ چاره‌کی پشکه‌که‌ی به‌غدا خۆمان به‌رهه‌می ده‌‌هێنین، واته‌ نزیکه‌ی 100.000 به‌رمیل له‌ رۆژێکدا و ئه‌وه‌ش‌ به‌داهات دانانێین، چونکه‌ به‌غداش وه‌ک داهات ئه‌ژماری ناکات". جه‌نابی وه‌زیر هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌بڕی ئه‌و داهاته‌ ناکات و که‌سیش نازانێت چی لێده‌که‌ن.

 

ته‌نها نه‌فامێکیش تێده‌گات نه‌وت و‌ گاز بۆ فرۆشتنه، سه‌دام له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌کانی حوکمڕانیدا له‌ ئاکامی ئابڵوقه‌ی توندی نێوده‌وڵه‌تی گرێبه‌ستی شه‌راکه‌تی نه‌وتی ژێر به‌ژێری کردوه‌ و له‌و گرێبه‌ستانه‌دا به‌ده‌گمه‌ن زیاتر له‌ رێژه‌ی 12% داوه‌ به‌ کۆمپانیا بیانییه‌کان. به‌شێک له‌ گرێبه‌سته‌کانی ناو جانتاکه‌ی جه‌نابی وه‌زیر زۆر رێژه‌ی له‌وه‌ به‌رزتری تێدا واژۆ کراون. رێژه‌یه‌ک هه‌زار و یه‌ک پرسیار به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.

 

هه‌ورامی و وڵاتانی دراوسێ

بێجگه‌ له‌ به‌قاچاخ بردنی نه‌وت بۆ ئێران هه‌ورامی زۆر به‌ خه‌ستی له‌گه‌ڵ کارتڵی نه‌وت له‌ تورکیا ده‌ستی تێکه‌ڵ کردوه‌، کارێک ناچیته‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه.

 

‌په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌ورامی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌ بازرگانەکانی نه‌وت له‌ تورکیا سنوره‌ ماقوڵه‌کانیان به‌زاندوه‌ و به‌رده‌وامبونی به‌و شێوازه‌ ده‌بێته‌ مه‌ترسیه‌کی بێئه‌ندازه‌ له‌سه‌ر خودی نمونه‌ی حوکمڕانی له‌ باشوری کوردستان، که‌ هه‌نوکه هه‌ورامی ئیدیعا ده‌کات قه‌ڵغانه‌ ئابوریه‌که‌ی بۆ ده‌ره‌خسێنێت، خوا ره‌حم بکات له‌م هه‌وڵ و پرۆسه‌یه‌دا زۆر پشتئه‌ستوره‌ به تورکیا و لۆبی ره‌گه‌زپه‌رستی نه‌وت له‌و وڵاته‌.

 

کار له‌ نه‌وتدا نه‌وستاوه‌، به‌پێی هه‌واڵێکی (AKnews) له‌ 3 ته‌موزی ئه‌مساڵدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێم پلان رێژی ده‌کات بۆ هه‌نارده‌کردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا له‌ دو ساڵی ئاینده‌دا. هه‌ورامی به‌ کۆمپانیای تورکی Caspian Gas Forum له‌ ئه‌سته‌نبوڵ وتوه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان گازی سروشتی به‌ تورکیا ده‌فرۆشێت ئه‌گه‌ر هاتو له‌گه‌ڵ به‌غداش رێک نه‌که‌ون. هه‌ورامی ده‌ڵێت: "پلان داده‌نێن بۆ فرۆشتنی 10 بلیۆن سێ جا گاز به‌ تورکیا و له‌ مه‌دای دورتر به‌ ئه‌وروپا".

خه‌ڵکی تێده‌گه‌ن که‌ کو‌ردستان ژێرخانی پیشه‌سازی وزه‌ی ئه‌وتۆی نیه‌ که‌ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی له‌و بواره‌دا مسۆگه‌ر بکات و کورد هه‌رزه‌کاره‌ له‌ مامه‌ڵه‌کردن به‌ گاز و نه‌وت و تورکیا له‌ ئێستادا مه‌نفه‌زێکی گه‌وره‌یه‌‌ بۆ گاز و نه‌وت. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌م خۆمان و هه‌م سامانه‌ سروشتیه‌کانمان هه‌رزان فرۆش بکه‌ین بۆ چنگێک دۆلار و کوته‌کێکی ده‌سه‌ڵات. کاتێک ئاسایشی ئابوری نه‌ته‌وه‌ییمان به‌ وڵاتانی دراوسێی داگیرکه‌ری کوردستانه‌وه‌ توند و لاسه‌نگانه‌ گرێده‌ده‌ین (وه‌ک ئێستا کراوه‌) ئه‌وا به‌ده‌ستی خۆمان قه‌بری خۆمان هه‌ڵده‌که‌نین.

 

هه‌ورامی و مه‌ته‌ڵ و له‌‌غزه‌کان

له‌ 27 شوباتی 2012 ده‌زگای چاودێری دارایی به‌ریتانی The Financial Services Authority (FSA) بڕیاری غه‌رامه‌کردنی سه‌رۆکی به‌شێکی دارایی یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین کۆمپانیه‌ بازرگانیه‌کانی به‌ریتانیا J P Morgan Cazenove ده‌دات.


هۆکاری ئه‌مه‌ش سه‌رۆکه‌که‌ پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی خراپ به‌کارهێناوه‌‌ له‌ به‌خشینی زانیاری گرنگ له‌ سه‌ر کۆمپانیای نه‌وت
Heritage Oil . به‌پێی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ مۆرگان له‌ ساڵی 2008 دو ئیمه‌یلی ناردوه‌ بۆ که‌سێک به‌ناوی‌ (A) که‌ ده‌رکه‌وتوه‌ ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانی هه‌رێمه‌. وێنه‌یه‌کی ئیمه‌یلی‌ دوه‌میش بۆ که‌سێکی تر به‌ناوی (B) ناردوه‌.


له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م خراپ به‌کار‌ینانه‌ مۆرگان به‌بڕی 450.000 پاوه‌ند (712.400 دۆلار) غه‌رامه‌ کراوه‌.


له‌ یه‌که‌م ئیمه‌یلدا له‌ سيپته‌مبه‌ری 2009 دا هانام نوسیویه‌تی: "پێم باشه‌ له‌ دوا زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ی ده‌کرێت بۆ ئه‌گه‌ری کڕینه‌ بازرگانیه‌کانی Tony Buckingham ئاگادارت بکه‌مه‌وه‌. تۆنی که‌ خۆم راوێژم داوه‌تێ مامه‌ڵه‌کردنه‌که‌ی‌ تا پێنج شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتو دواخستوه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر په‌رۆشن بۆ زانینی ئاکامه‌کانی بیرلێدانه‌کانی هاریتاج. باوه‌ڕ ده‌که‌م که‌ عه‌رزه‌که‌ له‌ دۆخی ئاڵۆزی ئێستای بازاڕدا نێوان 3.50 ته‌ 4.00 پاوه‌ند بۆ سه‌همێک ده‌بێت. من نامه‌وێت بتخه‌مه‌ ژێر فشاره‌وه‌، ته‌نها مه‌به‌ستمه‌ له‌ روداوه‌کان ئاگادارت که‌مه‌وه"‌. له‌ ئیمه‌یلی دوه‌م له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ردا هانام زۆر به‌کورتی نوسیویه‌تی: تۆنی نه‌وتی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و پێده‌چێت ره‌وشه‌که‌ باش بێت.
به‌ پێی هه‌واڵێکی DOW JONES NEWSWIRES له‌ 6 نیسانی 2012 دا ئاشتی هه‌ورامی ئه‌و که‌سه‌ بوه‌ که‌ له‌ سێپته‌مبه‌ر و نۆڤه‌مبه‌ری 2008 ئیمه‌یلی له J.P. Morgan Chase & Co پێگه‌یشوه‌ و سێ سه‌رچاوه‌ش به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزیان راگه‌یاندوه،‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ی ئیمه‌یله‌کانی بۆچوه‌ ئاشتی هه‌ورامیه‌، به‌پێی هه‌مان ئاژانس هه‌ورامی ئاماده‌ نه‌بوه‌ کۆمێنت بدات.


ئه‌م زانیارانه‌ی دراون به‌ ئاشتی هه‌ورامی هه‌ستیار بون و هه‌وڵدانێک بوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریکێک بۆ هاریتاج یاخود بۆ فرۆشتنی به‌شێک له‌ پشکه‌کان بوه‌ بۆ ته‌مویل کردنی کاره‌کانی هاریتاج له‌ کوردستان.
ده‌زگای چاودێری به‌ریتانی باسی له‌ زانیاری زۆر ورد و هه‌ستیاری کردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ رایگه‌یاندوه‌ که‌ ناتوانن بڵێن له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیاریانه‌ بازرگانی کراوه‌، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی‌ تر گومانیان هه‌یه‌ که‌ پێچه‌وانه‌که‌ی دروسته‌.


حکومه‌تی هه‌رێم له‌ رونکردنه‌وه‌یه‌کدا له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌ڕێز هانام له‌ ساڵی 2008 له‌ چه‌ند ئاستی جیاوازدا په‌یوه‌ندی به‌حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌بوه‌، یه‌کێک له‌ مه‌عمیله‌کانی هانام کۆمپانیای هاریتاج بوه‌ که‌ گرێبه‌ستێکی‌ پشکداری نه‌وتی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه. سه‌باره‌ت به‌ ئیمه‌یڵه‌کان رونکردنه‌وه‌که‌ ده‌ڵێت: حکومه‌تی هه‌رێم جه‌خت ده‌کات که‌ ئه‌و زانیارانه‌و له‌ لایه‌ن
FSA‌ه‌و دیاری کراون له‌و دو ئیمه‌یڵه‌دا داوا نه‌کراو بوه‌ و دوپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ نه‌ حکومه‌تی هه‌رێم و نه‌ هیچ نوێنه‌رێکی وه‌ڵام و ره‌تدانه‌وه‌یان بۆ ئه‌و زانیاریانه‌ هه‌بوه‌ و بابه‌ته‌که‌ کارێکه‌ به‌ریتانیه‌ نێوان هانام و FSA.

گومانه‌کان له‌م ما‌مه‌ڵه‌ ژێر به‌ژێرانه‌ که‌ڵه‌که‌ بون و ئه‌م دوکه‌ڵه‌ ره‌شه‌ش بێ ئاگر نیه‌.


ئاشتی هه‌ورامی پێشتر له‌ مامه‌ڵه‌کردن به‌ سه‌همه‌کانی کۆمپانیای DNOی نه‌رویژیه‌وه‌ تێوه‌گلاوه‌، کارێک له‌ راپۆرتی بۆره‌سه‌ی ئۆسلۆ له‌ 2009 داOslo Stock Exchange مایه‌ی ره‌خنه‌ی توند بوه. له‌و کاته‌ی Hannam ئیمه‌یڵه‌که‌ی بۆ هه‌ورامی ناردوه‌ وه‌زاره‌ته‌که‌ی‌ سه‌رقاڵی کڕینی سه‌همی کۆمپانیای DNO بوه‌ که‌ له‌ کوردستان کاری ده‌کرد. دواتر هه‌ورامی ئه‌م سه‌همانه‌ی به‌ کۆمپانیای تورکی Genel Enerji, فرۆشتوه‌، حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ک پیشه‌یی هه‌میشه‌یی ره‌تی کردۆته‌وه‌ حکومه‌ت یا هه‌ر که‌سێک لێیان سودمه‌ند بوبن له‌و مامه‌ڵه‌کردن و ئاڵوگۆری زانیاریانه‌ سه‌باره‌ت به‌ دو کۆمپانیای تورکی و نه‌رویژی (پێده‌چیت بۆ خێری خوا کردبێتیان).‌

 

له‌ هه‌واڵێک له‌ 16 -06-2012 له‌ سایتی Ekurd.net بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ تێدا هاتوه‌:

له‌ 23 ئازاری 2012 رۆژنامه‌ی Financial Times بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ Todd Kozel پاکه‌جێک به‌بڕی 20 ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرێت و به‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی له‌ به‌ریتانیا که‌ به‌رزترین موچه‌ی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ سه‌رکه‌وتنه‌ بۆ کۆمپانیایه‌کی‌ بێرمودایه‌ که‌ مومه‌وه‌لی سه‌ره‌کی کورده‌. تا ساڵی 2007 شتێکی‌ ئه‌وتۆی ئه‌م کۆمپانیایه‌ تۆمار نه‌کراوه‌ و زۆر سه‌رقاڵی جه‌زائیر بوه‌. له‌ نۆڤه‌مبه‌ری 2007 حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌نده‌ موعجیب بوه‌ به‌ کاره‌کانی کۆمپانیاکه‌ که‌ ئاشتی هه‌ورامی رازی بوه‌ بێته‌ ناو دو گرێبه‌ستی نه‌وت به‌شێوه‌ی موشاره‌که‌. به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیاکه‌ له‌ هه‌رێم عه‌دنان سامه‌راییه‌، جیۆلۆجیستێکی ناسراو و باوکی کێڵگه‌ی سه‌ره‌کی‌ که‌رکوکی دۆزیوه‌ته‌وه‌.

 

له‌ مانگی نیسانی 2012 رۆژنامه‌ The Independent ی به‌ریتانی په‌رده‌ی له‌سه‌ر ورده‌کاریه‌کان ژیانی Kozel لابردوه‌‌ و تێدا باس کراوه‌ که‌ ئه‌م پیاوه‌ ئاهه‌نگی تایبه‌ت و رابواردنی بۆ مه‌عمیله‌کانی کۆمپانیاکه‌ی رێکخستوه.‌

 

له‌ 28 -03-2010 دو رۆژنامه‌نوسی رۆژنامه‌ی Daily Mail : Barbara Jones و Peter Simpson هه‌واڵێکیان بڵاو کردۆته‌وه‌ و تێدا هاتوه‌:
ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی کۆنترۆڵی کێڵگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی نه‌وتی دنیا ده‌که‌ن روبه‌روی پرسیار ده‌بنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێوه‌گلانی تۆنی بلێر له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی‌ وزه‌ی کۆریای باشور.


بلێر به‌ دزیه‌وه‌ به‌کرێ گیرابو وه‌ک راوێژکار بۆ
UI Energy Corporation و ئه‌م کۆمپانیایه‌ چه‌ند ملیۆن پاوه‌نێکی بۆ گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت له‌ باشوری کوردستان خستبوه‌ کار. له‌م دۆسیه‌یه‌دا ئاشتی هه‌ورامی روبه‌روی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای چاودێری دارایی له‌نده‌ن ده‌بێته‌وه‌.


ده‌وترێت که‌ ئاشتی هه‌ورامی
13 ملیۆن پاوه‌ندی له‌ بازرگانیکردن به‌ پشکه‌کانی ئه‌و کۆمپانیا نه‌وته‌ به‌ریتانیه‌ که‌ له‌ کوردستان کار ده‌کات ده‌ست که‌وتوه‌.


ئاشتی هه‌ورامی له‌
Heritage Oil ئیستئسماری کردوه‌ پاش ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی له‌ کوردستان بۆ ساز کردون و پاش دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌ مانگی ئازاری رابوردو هه‌ورامی پشکه‌کانی خۆی فرۆشتوه‌. ئێستا ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ هه‌ورامی بۆ ئه‌م ئاڵوگۆرهKyu-Sun Choi سه‌رۆکی کۆمپانیای UI Energy بینیوه‌.


ئه‌م کیو سێن چۆیه‌ له‌ ساڵی 2003 بۆ دو ساڵ له‌ کۆریای باشور به‌هۆی ره‌شوه‌ت و گه‌نده‌ڵیه‌وه‌‌ زیندانی کراوه، دوای به‌ربونی له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌ژیت‌.


ئاشتی هه‌ورامی له‌ ئاکامی فشاری ناو هه‌رێم رایگه‌یاند که‌ قازانجه‌کان بۆ حکومه‌تی هه‌رێم چوه‌ و گوایه‌ گرێبه‌سته‌که‌ له‌گه‌ڵ
UI Energy نه‌کراوه‌، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ کۆنسۆرتیه‌مێکی‌ حکومی کۆریای باشور که‌ UI Energy تێدا ئه‌ندام بوه. ئه‌م کۆمپانیه‌ پڕ گومانه‌ی Choi ‌له‌ کوردستان له‌ سه‌ر پرۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ و چه‌ند پرۆژه‌یه‌که‌ بچوکی وزه‌ کاری کردوه‌.
له‌ پرسیارکردن له‌ هه‌ورامی سه‌باره‌ت به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی
FSA له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌کردن به‌ پشکه‌کانی له‌ کۆمپانیای نه‌وت هیچ وه‌ڵامێکی نه‌بو.
 
ئه‌م هه‌واڵ و راپۆرتانه‌ بێ هۆکار نین، بۆیه‌ پێویست ده‌کات که‌ په‌رله‌مانی کوردستان پرسیار و به‌دواداچونیان بۆ بکات.


ئه‌مه‌ کۆتایی ئه‌م چیرۆکه‌ ئاڵۆزه‌ نیه‌، وه‌ک باس ده‌کرێت که‌ وه‌زاره‌ته‌که‌ی به‌ڕێز هه‌ورامی ‌خۆی و جانتاکه‌یه‌تی بۆیه‌ پێموایه‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانی هه‌رێم نه‌وت فرۆشێکی گه‌ڕۆکه‌ و سه‌ر‌ی به‌ هه‌مو کون و که‌له‌به‌رێکی‌ دنیادا کردوه و ده‌ستی بۆ هه‌ر که‌سێک راکێشاوه‌ که‌ بۆنی نه‌وتی لێهاتوه.


ئێستا ده‌ڵێم خۆزگه‌م به‌ نه‌وت فرۆشه‌ خاوه‌ن عه‌ره‌با‌نه‌کانی جاران، ئه‌وان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ به‌ قازانجی چه‌ند عانه‌یه‌ک قانیع بون و له‌گه‌ڵ مه‌عمیله‌کانیشاندا راستگۆ و ده‌ست پاک بون.

Sbeiy.com © 2007