Print
 
 3 له‌ 17 نزیکه‌ له‌ %17
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, September 4, 2012

له‌ دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، که‌رکوک گه‌وره‌ترین کێشه‌ی نێوان کورد و حکومه‌تی عێراقه‌، زۆرجار له‌سه‌ر ئه‌م شاره‌ گفتوگۆی نێوان هه‌ردولا به‌ بنبه‌ست گه‌یشتوه‌ و دوباره‌ شه‌ڕ هه‌ڵگیرساوه‌ته‌وه‌‌.

له‌ 2003 کورد له‌ گه‌ڵ هه‌ردو پێکهاته‌ی شیعه‌ و سوننه‌ به‌شداری له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق کرد، یه‌کێ له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م به‌شداریکردنه‌ چه‌سپاندنی ماده‌ی 140 له‌ ده‌ستوری عێراق، وه‌ک رێگا چاره‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی له‌ میژینه‌ی که‌رکوک و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی دابڕێندراو له‌ خاکی کوردستان. له‌ راستیدا ئه‌م ماده‌یه‌ ده‌بوایا ته‌نها تایبه‌ت بوایا به‌ کێشه‌کانی نێوان کورد و حکومه‌تی عێراق، نه‌ک تیکه‌ڵکردنی به‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی نێوان شیعه‌ و سونه‌. به‌ڵام دیاره پێداگری و له‌به‌ر خاتری شیعه‌ی هاوپه‌یمان سنوری ماده‌ی 140 زۆر فراوانتر کرا. به‌پێی ده‌ستور ده‌بوایا ئه‌م ماده‌یه‌ به‌ هه‌رسێ قۆناغه‌که‌یه‌وه‌ (قه‌ره‌بو و ئاساییکردنه‌وه‌، ئامار و راپرسی) له‌ 31/12/2007 جێبه‌جێ بکرایا.

له‌ 2006لیژنه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ماده‌یه‌ دروستکراوه‌، تائێستا جگه‌ له‌ به‌شێ له‌ قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌، هیچ هه‌نگاوی نه‌ناوه‌ له‌ جێبه‌جێکردنی قۆناغه‌کانی تر. پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر به‌م خێراییه‌ی ئێستا بڕوات، 6 بۆ 8 ساڵی تری ده‌وێ. ئه‌م لیژنه‌یه‌ له‌ دروستبونیه‌وه‌ دور له‌ چاودێری هه‌ردو په‌رله‌مانی عێراق و کوردستان کاری کردوه‌. ساڵی 2011 له‌‌سه‌ر پێداگری فراکسۆنی گۆڕان بیرۆکه‌ی دروستبونی ئه‌م لیژنه‌ چاودێرییه‌ی په‌رله‌مان هاته‌ ئاراوه‌، لێره‌وه‌ لیژنه‌یه‌ک دروست کرا، به‌ڵام ئه‌م لیژنه‌یه‌ش له‌ ماوه‌ی ساڵێک نه‌ک چاودێری کاری لیژنه‌ی 140 نه‌کردوه‌ به‌ڵکه‌ خۆشی بۆ یه‌ک جاریش کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجام نه‌داوه‌.

له‌ ماوه‌ی رابردودا جارێکی تر فراکسیۆنی گۆڕان باسی ئه‌م لیژنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق کرده‌وه‌، داوای کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌م لیژنه‌یه‌ی کرد. به‌ڵام وا ده‌رده‌که‌وێ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی فراکسیۆنی کوردستانی ژێربه‌ژێر و به‌په‌له‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌یان دروستکردبێ به‌بێ ئاگاداری ئۆپۆزسیۆن و به‌شێ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی سه‌ر به‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان.

 یه‌کێ له‌ که‌موکوڕیه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌م لیژنه‌یه‌ نه‌بونی نوێنه‌ری کوردی که‌رکوکه‌، له‌کاتێکدا له‌ بنه‌ڕه‌تدا ماده‌ی 140 له‌به‌ر کێشه‌ی که‌رکوک په‌یدابوه‌. دوه‌م که‌موکوڕی نه‌بونی نوێنه‌ری ئۆپۆزسیۆنی کوردیه‌، مه‌به‌ست له‌م بێبه‌شکردنه‌ش ته‌نها شاردنه‌وه‌ی راستی روداوه‌کانه‌ له‌ خه‌ڵکی کوردستان، به‌م شێوه‌یه‌ لیستی کوردستانی ده‌یه‌وی وه‌ک 9 ساڵی رابردو راستییه‌کان له‌ خه‌ڵک بشارێته‌وه‌.

ژماره‌ی کوردیش له‌م لیژنه‌یه‌ ده‌کاته‌ 17%، ئه‌م رێژه‌یه‌ ته‌نها به‌شه‌ پاره‌ی هه‌رێمه‌ (سێ شار) له‌ به‌غدا‌، له‌ کاتێکدا ئه‌م لیژنه‌یه‌ هه‌مو ناوچه‌ دابڕاوه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بو ژماره‌ی ئه‌ندامانی کورد له‌م لیژنه‌یه‌ زیاتر بوایا.

پێکهاته‌ی ئه‌م لیژه‌نه‌یه‌ له‌ ئاستی پاریی و یه‌کێتی جگه‌له‌وه‌ی دو به‌ یه‌کن، پارتی سه‌رۆکایه‌تی لیژنه‌که‌شی بۆ خۆی بردوه‌ و هیچ له‌ نوێنه‌رانی که‌رکوکیشی تێدا نییه‌.

پیکهێنانی ئه‌م لیژنه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ و به‌و پێکهاته‌یه‌ ده‌ری ده‌خات:
1- بونینیه‌تی به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر سیاسه‌تی قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه‌‌ بۆ خواره‌وه‌: له‌ به‌غدا جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان، جێگری سه‌رۆک وه‌زیران، سوپا سالاری عێراق و سه‌رۆکی کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ئه‌ندامی پارتین؛
2- نیه‌تی به‌رده‌وامبون له‌ بێبه‌شکردنی ئۆپۆزسیۆن له‌ داوده‌زگاکانی عێراق، به‌ مه‌به‌‌ستی شاردنه‌وه‌ی راستی روداوه‌کان له‌ شه‌قامی کوردستان؛
3- رێکه‌وتنی ژێربه‌ژێر بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت و به‌شداری کورد له‌ به‌غدا؛
4- شاردنه‌وه‌ی کاره‌کانی ماده‌ی 140 له‌ خه‌ڵکی کوردستان.

له‌ دروستبونی ئه‌م ماده‌یه‌وه‌ پارتی و یه‌کێتی و نوێنه‌ره‌کانیان له‌ به‌غدا به‌ هار دێننه‌ چۆکان و راستیه‌کان له‌ خه‌ڵک ده‌شارنه‌وه‌، ته‌نها قوربانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ش خه‌ڵکی ناوچه‌ دابڕاوه‌کانه‌‌.

Sbeiy.com © 2007