Print
 
  تیرۆرکردنی دادوه‌رێکی کورد له‌ به‌غدا
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, September 26, 2012
(دادوه‌ر نەجم عەبدولواحید تاڵه‌بانی ساڵی 1946 له‌ شاری که‌رکوک له‌ دایک بوه‌. له‌ 2010 پاڵێوراو بوه‌ بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆکی دادگای ته‌میز له‌ عێراق. له‌ 17/8/2010 ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق و دادگای ته‌میز له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌کدارێکی نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌ستڕێژی گوله‌ی لێکراو گیانی له‌ ده‌ستدا. پاش 2 دو ساڵ له‌ تێرۆرکردنی دادگای عێراق رایگه‌یان که‌ ئه‌وانه‌ی دادوه‌ر نه‌جمیان تیرۆرکردوه‌ پاسه‌وانی تاریق هاشمین و دادگا بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بکوژی ئه‌م دادوه‌ره‌ی دا).

که‌یسی جێگری سه‌رۆک کۆمار تاریق هاشمی یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی زیاتر قوڵبونه‌وه‌ی کێشه‌کانی نێوان ئیئتلاف و لیستی عێراقییه‌ له‌لایه‌ک، تێکچونی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی لەحیمکراوی هاوپه‌یمانی کوردستان و ئیئتلاف یان وردتر په‌یوه‌ندی نیوان ئیئتیلاف و پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ ئاستی که‌سایه‌تیشدا تێکچونی په‌یوه‌ندی بارزانی و مالیکی. گه‌وره‌یی ئه‌م که‌یسه‌ جگه‌له‌وه‌ی  ‌قه‌یرانێ سیاسی عێراقی ئه‌وه‌نده‌ی تر گه‌وره‌تر کرد‌وه‌ و خه‌ریکه‌  پرۆسه‌ی سیاسی  به‌ره‌و ئفلیج بون ده‌بات، رێگا خۆشکه‌ریشه‌ بۆ لوتژه‌نینی ده‌سته‌ ده‌ره‌کیه‌کان له‌ کایه‌ی سیاسی عێراق.

لای ده‌وڵه‌تی یاسا و دادگای تاوانه‌کانی عێراق هاشمی له‌ کرده‌وه‌ی تیرۆرستیه‌وه‌ گلاوه‌. ئه‌م تاوانه‌ش به‌پێی یاسای عێراقی تاوانبار سزای له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کرێ. دادگای عێراقی ئه‌م سزایه‌ی بۆ تاریق هاشمی به‌بێ ئاماده‌بونی خۆی ده‌رکرد. جگه‌ له‌ هاشمی به‌پێی دادگای عێراقی پاسه‌وانه‌کانی ناوبراو له‌ کرده‌وه‌ی تێرۆستیه‌وه‌ ‌گلاون و ئه‌نجامیان داوه‌. یه‌کێ له‌ قوربانیه‌کانی ده‌ستی ئه‌م گروپه‌ دادوه‌رێکی کورده‌ به‌ ناوی نەجم تاڵه‌بانی. ئه‌گه‌ر ئه‌م تۆمه‌تبارکردنه‌ راست بێت، جێی ئه‌وه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی کورد له‌ به‌غدا، پله‌داره‌ حکومیه‌کانی کورد، سه‌رۆک کۆمار، حکومه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێم بپرسین:

تاچه‌ند ئاگاداری ئه‌م که‌یسه‌ن؟ به‌دواداچونتان بۆ کردوه‌؟ له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری دادگاییکردنه‌که‌ هه‌ن؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵام به‌ به‌ڵێیه‌! بۆ رای گشتی بۆ باسی ناکه‌ن؟ ئه‌گه‌ر راسته‌ بۆ داڵده‌ی تاریق هاشمی درا له‌ هه‌رێم؟ ئه‌گه‌ریش وه‌ک ئیمه‌ی هاوڵاتی له‌ راگه‌ئانده‌کانه‌وه‌ ئاگادارن‌، ئه‌ی له‌ به‌غدا چی ده‌که‌ن؟

خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ داڵده‌دانی هاشمی و رێگه‌دان به‌چونی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم فشاری سیاسی و ئابوری بێت بۆ سه‌ر به‌غدا، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی ئسلوبێکی کۆنی شکستخواردوه‌، سیاسه‌تکردن و بازرگانیکردنه‌ به‌ خوێنێ پسپۆڕێکی گه‌له‌که‌مانه‌وه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر تۆمه‌ته‌کانی سه‌ر هاشمی و پاسه‌وانه‌کانی راست بێت و دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ جێی خۆی بێت، ئه‌وا هاشمی خه‌ته‌ری گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی وڵات و سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی سیاسی و دیموکراتی. بۆ خودی مالکیش سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه‌.

بۆ دڵنیابونی سه‌رکردایه‌تی کورد له‌م که‌یسه‌، هاوشانی داڵده‌دانی هاشمی پێویست بو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ و به‌وردی چاودێری و به‌شداری پرۆسه‌ی دادگاییکردنه‌که‌ بکرایا. به‌تایبه‌تی له‌ دادگاییکردنی تاوانباری که‌یسی تیرۆرکردنی دادوه‌ر نەجم عەبدولواحید تاڵه‌بانی ده‌بو سه‌رکردایه‌تی کورد خاوه‌ندارێتی بکردایا.
Sbeiy.com © 2007