|
لێدوانه‌كه‌ی ئه‌ردوگان! |
نوسه‌ر: محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
|
Monday, October 1, 2012 |
لێدوانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا چاوه‌ڕوانكراو بو، بۆ كورده‌كانی باكور موفاجه‌ئه‌یه‌كی تیا نه‌بو، سیاسییەکانی تورک سیاسه‌ته‌كانیان له روانگه‌ی باڵاده‌ستی وڵاته‌كه‌یانه‌وه داده‌ڕێژرێت.
په‌یوه‌ندیی نێوان په‌كه‌كه و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) پێویستی هه‌ردولا به یه‌كتر و پێكه‌وه‌یی له به‌رژه‌وه‌ندییاندا، هێناویه‌تییه ئاراوه، په‌كه‌كه له‌پێناو خهباتكردنیدا له‌دژی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ به‌ده‌ستهێنانی دواكارییه‌كانی كورد، هه‌م له‌ڕوی جوگرافیا و هه‌میش له‌ڕوی دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییه‌وه بۆ درێژه‌دان به جه‌نگه‌كانی، سوریا باشترین دوژمنی هاوپه‌یمانه بۆی.
رژێمه‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) بۆ رێگه‌گرتن پلانه درێژخایه‌نه‌كانی توركیا بۆ ژێردهستهخستنی وڵاته‌كه‌ی، له رێگه‌ی به‌نداوی (گاپ و ئه‌تاتورك)ه‌وه (واته به‌كارهێنانی ئاو وه‌ك كارتی فشار). سه‌رباری كێشه‌ی ویلایه‌تی (ئه‌سكه‌نده‌رۆنه)، په‌كه‌كه‌ی لێ بترازێ، هه‌ڵبژارده‌ی دیكه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوه و نییه. واته به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش په‌كه‌كه و وڵاتی سوریای له به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شدا له‌به‌رامبه‌ر حه‌زی فراوانخوازیی توركیا، له‌سه‌نگه‌رێكدا كۆكردۆته‌وه.
له ماوه‌ی رابردودا، ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی، به‌پێی گونجان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی وڵاتی توركیادا، هه‌ر جاره و كارتێكی به‌كارهێناوه، له چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردودا، كه فیكری ئاینی و پاشماوه‌ی كەلتوری عوسمانی، بهربهستبون له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ی بهعیلمانیكردنی كۆمه‌ڵگای توركیدا، به‌جارێ یاساغیكردن. له شه‌ست و حه‌فتاكان و هه‌شتاكانیشدا كه سه‌رده‌می بره‌وسه‌ندنی بیری چه‌پگه‌رایی بو به‌هۆی جه‌نگی سارده‌وه، دوباره رێگه‌ی له‌به‌رده‌م دروستبونی پارتی ئیسلامی‌دا له چه‌شنی پارتی (سه‌عاده)دا، بۆ دژایه‌تیكردنی بیری چه‌پ، خۆشكرد. له نه‌وه‌ده‌كانیشدا مه‌یدانه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م ئیتلافاتی سیاسی نێوان حیزبه‌كاندا بێ ده‌ستوه‌ردان، چۆڵكرد.
هاتنی حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، هاوكات بو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری ناوچه‌یی و دواتریش گۆڕانكاریی ناوخۆیی لێكهوتهوه. ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی به‌یه‌كجاری دڵنیا بو له رهوینهی ترسی قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات چ له‌یه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه بێت، كه له نه‌وه‌ده‌كاندا نمونه‌یه‌كی خراپیان له ئه‌زمونی حوكمڕانی وڵات‌دا نیشاندا. چ له‌لایه‌ن چه‌په‌كانه‌وه بێت كه دڵنیابون له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا به‌ته‌واوه‌تی هه‌ره‌سیان هێناوه و چه‌په‌كانی توركیاش ئیدی ناتوانن وه‌ك جاران بانگه‌شه بكه‌ن بۆ بیری چه‌پ.
دۆخی سوریا حاڵی حازر له قۆناغێكی وه‌ستاو دایه، به‌هۆی بیده‌نگی جیهانییه‌وه له ئاست كرده‌وه‌كانی رژێمه‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌دا)دا، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێ رژێمی ناوبراو حوكمی ئه‌مری واقیع جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه ناوچه كوردییه‌كانی به‌هێزی په‌كه‌كه سپاردوه، كه دوژمنی له‌مێژینه‌ی وڵاتی توركیایه، لێره‌وه ترسی وڵاتی توركیا رۆژ له دوای رۆژ گه‌وره‌تر ئه‌بێ، دوای ئه‌وه‌ی كه به ته‌واوی نا‌ئومێد بوه له هه‌وڵه‌كانی (مه‌سعود بارزانی) بۆ كۆنترڵكردنی ئه‌و ناوچانه كه به هاوپه‌یمانی زۆر نزیكی وڵاتی توركیا ده‌ناسرێت.
دوای ئه‌وه‌ی وڵاتی توركیا ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی بۆ دروستبو، رۆژئاوای كوردستان له‌ژێر كۆنترۆڵی په‌كه‌كه دایه، ترسی ئه‌وه‌ی لا دروستبوه نه‌بادا مانه‌وه‌ی زیاتری رژێمه‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) ببێته هۆی یارمه‌تیدانی زیاتری په‌كه‌كه و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه، هه‌م ئه‌سه‌د تۆڵه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی وڵاته‌كه‌ی له توركیا بكاته‌وه و هه‌میش زیاتر ئاسایشی وڵاتی ناوبراو بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه.
كه‌واته لهمكاتەدا راگه‌یاندنه‌كه‌ی (ئه‌ردۆگان) كه ده‌ڵێت: وتوێژ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه یان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا، هه‌ڵبژارده‌یه‌كی كراوه‌یه، ده‌ركه‌وتنی ئه‌و راستییه‌یه كه هه‌وڵه‌كانی ده‌خسته‌گه‌ر له‌پێناو زو كۆتایهێنان به ده‌سه‌ڵاتی (ئه‌سه‌د) و دواتریش نائومێدبون له هه‌وڵه‌كانی بارزانی له رێگه‌ی كۆنترۆلًكردنی 15 حیزبی رۆژئاوای كوردستانه‌وه، سه‌ره‌ئه‌نجام وه‌كو كۆتا هه‌وڵێك ئه‌مجاره‌ش حكومه‌ته‌كه‌ی (ئه‌ردۆگان) ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنێكی وه‌هاوه، په‌كه‌كه له تۆڕی خۆی توند بكات. چونكه هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه. |
|
|