Print
 
 پرسە نەتەوەییەکان و چینایەتیەکان لەم دەورانەدا
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Wednesday, November 14, 2012
سەرەتایەکی پێویست؛
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەند خەریکە دیسان ئاڵوگۆڕ داوادەکات، ئەزمونەکانی بەهاری بەناو عەرەبی، سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق و قەیرانە سیاسیەکان، قەیرانە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆڵی ئەمەریکا و رۆژئاوا لە دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرنامە ئەتۆمیەکانی هاودەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەرنەکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی و هەڵسان و شەڕەکانی سوریا و هەڵویستی حکومەتی سوریای بەعسی فاشیزم و پارچە پارچە بونی کورد لە سنوری رۆژئاوای، کە رەنگدانەوەی مێژوی سیاسی و حیزبی کوردستانە لە گشتدا (کوردستان لێرەدا بەمانای شمولی دێت نەک هەر بەشی هاوبەش لەگەڵ فیدراڵیەتی عێراق). کاریگەری سەرەکی تورکیا لە ئابوری کوردستان و بنەما و ژێرخانی کۆمەڵگا هەروەها دابەشبونی هەڵوێستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە رۆڵی تورکیا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەند و رۆڵی حوکمڕانی لە وڵاتی عێراقدا، لەگەڵ رۆڵی سەرەکی تورکیا لەگەڵ میرنشینە عەرەبەکان لە ئاڵوگۆڕی سیاسی بۆ سوریا، هەمو ئەمانە موژدەی خۆش نین بۆ ئاسایشی نەتەوەیی کورد لەم دەورانەدا. مانگرتنەکانی زیندانیانی سیاسی لە کوردستانی باکور و هێرشەکانی سوپای تورکیە بۆ سەر کوردستان و هاتنەدەستی گەریلاکان لە بەرگری وڵاتدا.

دەست واڵابونی سەرمایە و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، زیادبونی بێکاری و چونە سەری نرخی کاڵاکان و بێ باوەڕی کۆمەڵانی خەڵک بە چارەنوسییان بەتایبەتی گەنجانی وڵات و سەرکوتی سیاسی لە هەرێم و کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی ناموسپەرستی و قۆرخ کردنی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەی جیاجیا، ئەمانە هەمویان وەزعی گەلیان تێکداوە هەروەها نەبونی بیمەی بێکاری کافی و ئەمنیەتی کار و نەبونی رێکخراوی کرێکاری، کە فدراسیۆنێکی هەمەلایەن بێت بتوانی تەواوی کێشەی کرێکاران و کارمەندان لە گرێبەستی ساڵانە و تایبەتدا بە بەردەوامی رێکبخات و خاوەنکار وادار بکات بەشان دانە بەر چاککردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران، کە گەلی بەرهەمهێن. هەروەها رۆڵی پان ئیسلامیزم لە ئاڵوگۆڕەکان و دوبارە بانگەشە بۆ کۆنەپەرستی و هەلوەرگرتن بۆ بەرەو بەرەسازی و هاتنەوە سەر سەحنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەگەرچی لە باری سیاسیەوە بە خۆشیەوە هەروا لە پەراوێزی روداوەکانن، بەڵام سەرمەقولاتەکانیان مایەی دڵخۆشکەر نین لە کوردستاندا.

گرفتە سەرەکیەکان؛

 میللەتی کورد گرفتە سەرەکیەکەی دوبارە و سەد بارە دەکاتەوە، کە ئەویش وەکو رونە ناتەبایی ریزەکانیەتی یان یەکنەگرتنیەتی لەبەرامبەر هێزە دژەکان لە ناوچەکە و ئەمە گرنگترین فاکتەری لاوازی نەتەوەییە لە مێژوی هاوچەرخدا و بۆ هەمو کەسیش رونە و هەموانیش داواکاری دەکەن لە وتەدا، بەڵام لە پراکتیکدا هەمویان دژیانن. هەربۆیەش دوژمنانی نەتەوەیی کورد لەم نێوەدا زۆر ئاسان سود لەم فاکتەرە وەردەگرن و گەل بە دەستی یەک بەکوشت دەدەن و چارەنوسی ئاسایشی نەتەوەیش دەبێتە قوربانی و ستراتیژی نەتەوەیی و قازانجی بەرزی نەتەوەیی سمکۆڵ دەکرێن. سەردانەکانی سەرکردە سیاسیەکان بۆ وڵاتانی دەوروبەر و شارەکانی وەکو دیاربەکر و کەرکوک نمونەی زیندون کە ختابی سیاسی گەلی کورد ناکۆکە لەگەڵ پرسە نەتەوەییەکانی ئەم دەورانە. ئەم دەورانە رێک داوای دو شت دەکات لە سەرکردایەتی سیاسی بۆ مەسەلە نەتەوەییەکان ئەوانیش؛
یەکبونی و یەکدەنگی  لە ختابی سیاسی و هەڵوێستی پراکتیکی دا.
بەهێزکردنی بەرەکانی ناوەخۆ (یانی چاککردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک لە گشتدا).

بەهێزکردنی بەرەکانی ناوەخۆ؛

ئەمە بەمانا چینایەتیەکەی لە بەشێکی کوردستان دا کە دەسەڵاتی سیاسی هەیە، یانی نەهێشتنی جیاوازی لەنێوان چینە جیاجیاکان و بونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە ئیدارە و ...هتد. ئەگەرچی ئەم دەسەڵاتەی ئیستا عاجزە بەرامبەر زۆرێ لە پاکێچەکانی چاکسازی خودی خۆشیان نەک ئۆپۆزسیۆن و داواکاریەکانی چاکسازی شەقامی کوردی، بەڵام ئەگەر هەنگاوی جدی بنرێت هێشتا دابەشکردنێکی عادیلانەی سامانی نەتەوەیی کۆمەکیەکی زۆر دەکات بە کۆمەڵانی کرێکاران و زەحمەکێشی ئەم هەرێمە و ئاستی ژیان و گوزەرانیان بەرزتر دەکاتەوە، هەروەها بونی فدراسیۆنێکی کرێکاران و کارمەندان لەم نێوەدا دەتوانێ کۆمەکی باش بێت...

یەکبون و یەک دەنگی لە ختابی سیاسی و هەڵویستی پراکتیکیدا؛
 ئەمە زیاتر لە روبەدەرەوە داواکاریەکی فەوری و هەنوکەییە میراتی حکومەتی حیزبی ئەم ناهاودەنگیەی فەرزکردوە، هەمو هاوپەیمانیەتیەکانی ئاستی نەتەوەیی بۆ بنبەست بردوە، بۆ سەرهەڵدانەوەی یەکگرتنی نەتەوەیی تەنها چارە مساوەمەیە لەسەر ئاستی حیزب بۆ قازانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمە زۆر زەحمەتە لە دونیای فەزای سیاسی کوردستاندا، چونکە ناکۆکیەکان ئەوەندە قوڵ بۆتەوە زۆرجار سازش بۆ دوژمنانیان لەلا باشترە تا بۆ خودی نەتەوەکەی بکات. ئەمە گرفتێکی کەلتوریشە بەداخەوە تاکەکانی میللەتی کورد هەردەم بێگانەیەکیان پێ لە خۆدی تاکی نەتەوەکەیان لەلا باشترە و ریزی زۆرتریشی لی دەگرن.

بەکورتی ئەم دەورانە دو لایەنی دەوێ کە ئەمیش لەیەکدا دەکرێ کۆبکرێنەوە بە هێزو یەکدەنگ و هێرشکەر دژی هێزە دەرەکیەکان و سازش و نەرم و نیان و خزمەتکاری نەتەوە. ئەمەی ئەمڕۆ هەموی پێچەوانەیە، ئەگەر ئەم رەوشە لە سیاسەتی سەرکردایەتی کورد بەردەوام بێت ئەوە گەل قوربانی زۆرتریش دەدات وەک لە مێژوی سیاسی خۆیدا داویەتی. بونی ستراتیژیەکی نەتەوەیی دورست بۆ گشت ناوچەکانی نەتەوەی کورد لەگەڵ کۆدەنگییەکی هەماهەنگ خزمەتێکی نیشتمانی گەورەیە، ئەم دابەش بونە لە سیاسەتی حیزبیە دژی ئاسایشی نەتەوەییە و خزمەت بە چارەنوسی گەل ناکات لەلایەکی تر بێ باوەڕی کۆمەڵانی خەلك بە حکومەت و دەسەڵات لە هەرێمدا هەمان مەسەلەیە.

یەکێ لە تاقیکردنەوە سەرەکیەکانی ئەم دەورانە بۆ میللەتی کورد چەند پرۆسەیەکی زیندو هەن لەمانە؛

شکست هێنان بە ئۆپراسیۆنی دیجلە و یەکگرتوبونی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان.
چاککردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و دروستکردنی باوەڕ لەنێوان کۆمەڵانی خەڵك و حکومەت بەتایبەتی گەشەدان بە لاوان و گەنجان و هەمو کۆمەڵگا.

شکست هێنان بە رۆڵی تورکیا لە کوردستانی سوریا و پاراستن لە داخوازیە رەواکانی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

بەکورتی؛
 تێگەیشتن لە وەزعیەتە چینایەتی و نەتەوەییەکان لەم دەورانە زۆر پیویستن تابتوانن هاوسەنگی لە ناوەخۆ رابگرن و ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەکێشانی وڵات بەرزببێتەوە، خەڵکی حکومەتی کوردستان بە حکومەتی خۆی بزانێ و لە روبەدەرەوەش دەسکەوتە نەتەوەییەکان بچەسپێنن و پارێزەری سەرەکی بن بۆئەوەی ئاسایشی نەتەوەیی نەکەوێتە ترسناکیەوە. لێرەشدا دەستورێکی مۆدێرن بۆ یەکەوەژیانی گشت نەتەوە جیاجیاکان و بیروڕا جیاجیاکان لە یەک کۆمەڵگادا پێویستیەکی مێژویە.

بەڵام ئەگەر هەر حوکمی حیزب و بنەماڵە بێت و دەسەڵاتێ نا دیموکراسی و ناشەفاف بێت و گەندەڵی لە بەرزترین لوتکەی دابێت و دەستورێکی مۆدێرن و بەیەکەوەژیان نەبێت، ئەوا گەل هەر بە بەرەی ناوەخۆ خەریک دەبێت و ناتوانێ ئەرکە نەتەوەیی و چینایەتیەکانی بە یەک ئاست بباتە پێشەوە. ئەمەش یانی خولانەوە لە یەک بازنەی مێژوی دیارکراو و داهاتویەکی نادیاردا.
Sbeiy.com © 2007