Print
 
 په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزه
نوسه‌ر:  محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
Sunday, November 18, 2012
مادام دیاریكردن و نه‌خشه‌كێشانی ره‌سمی گشتی سیاسه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان حیزبه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا، له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ستوریی یان دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی میلله‌تانی عێراقدا نییه‌، ده‌بێ ده‌یان جاری تریش بۆ تازه‌بونه‌وه‌ی گێمێكی دیكه‌ له‌ ئاڵۆزی سیاسی نێوان حیزبه‌ سیاسییه‌كاندا، له‌ چاوه‌ڕوانی سه‌رهه‌ڵدانیاندا بین، ته‌نها ئه‌و كاته‌ ده‌توانین گریمانه‌ی چاره‌سه‌ری یه‌كجاریی كێشه‌ و ئاریشه‌كان بكه‌ین، گه‌ر هاتو له‌ناو بازنه‌ی ده‌ستورییدا، قه‌تیس بكرێن.

سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ش، هۆكاری هه‌رێمایه‌تی رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدان و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كاندا، تا ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌نیش درێژه‌ی ده‌بێت، تا ئه‌وكاته‌ی په‌یوه‌ندی نێوان وڵاته‌ هه‌رێمییه‌كان به‌لایه‌كدا ده‌كه‌وێت یان حیزبه‌ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق چی دیكه‌ خۆیان به‌ هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه ‌په‌یوه‌ست ناكه‌ن و خۆیان له‌كاریگه‌ریی و ململانێی هه‌رێمایه‌تی به‌دور ده‌گرن، ئه‌مه‌شیان ئاسان نییه‌ به‌ هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی به‌عسه‌وه‌ و نه‌بونی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ پیاده‌كردنی ئازادی سیاسی له‌ لایه‌ن حیزبه‌ سیاسیه‌كانی عێراقه‌وه‌، بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و وڵاتانه‌ بونه‌ خانه‌ خوێ و پشتیوان بۆ هه‌ندێ له‌و حیزبانه‌.

ئاڵۆزیی له‌په‌یوه‌ندیی سیاسی نێوان حیزبه‌ سوننه‌ و شیعه‌كانی عێراقدا به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمایه‌تیی و دراوسێی عێراقه‌وه‌، سیاسه‌تی گشتی حیزبه‌كه‌یان به‌ستوه‌ته‌وه‌. ده‌نا گه‌ر كێشه‌یه‌كی میللی ناوخۆیی بوایه‌ زۆر به‌ ئاسانیی له‌ رێگه‌ی ده‌ستور یان گفتوگۆی سیاسییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرا.

په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ هه‌مان شێوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزه‌، نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی نیشتیمانی بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی ئیئتیلافیی، تا له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ حكومه‌تی عێراقی له‌ قۆناغی گواستنه‌وه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ به‌ره‌و حكومه‌تێكی دیموكراسی راسته‌قینه‌، نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوریدا بێت به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ده‌ستور، چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان داناوه‌.

به‌و واتایه‌ ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا هه‌یه‌ ناتوانین بڵێن كێشه‌یه‌كه‌ نه‌ته‌وه‌یی یان ده‌ستورییه‌، چونكه‌ گه‌ر كێشه‌كه‌ ده‌ستوری بێت، ئه‌وا ده‌بێت له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان هه‌ردو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدادا پێكهێنرابێت، چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌رێك، ئه‌وكات دادگای ده‌ستوریی، ده‌توانێت ناوه‌ندگیریی بكات و كێشه‌كان به‌لایه‌كدا بخات.

به‌ هه‌مان شێوه‌ كێشه‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ییش نییه‌، چونكه‌ گه‌ر كێشه‌كه‌ خاوه‌نی ئه‌و سروشته‌ بوایه‌، ئه‌و كات نه‌ده‌بو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی وه‌هادا به‌ ده‌نگ بهاتایه‌ و ته‌نها خۆی وه‌ك به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی له‌ ئاستیدا بزانێت. به‌ڵكو دیسانه‌وه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كه‌ ده‌بێت له‌ نێوان هه‌ردو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نددا چاره‌سه‌ری له‌ رێگه‌ی ده‌ستوره‌ بۆ بدۆزرێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ژێر چه‌تری په‌رله‌مانی كوردستان هه‌مو حیزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان رایان له‌ باره‌وه‌ هه‌بوایه‌.

به‌ كورتی گه‌ر كێشه‌كه‌ نه‌ته‌وایه‌تی بوایه‌، ئه‌وكات ده‌بوه‌ كێشه‌ی هه‌مو حیزبه‌ كوردستانییه‌كان و هیچ لایه‌نێك بێ هه‌ڵوێست نه‌ ده‌بو، به‌پێچه‌وانه‌ی ئێستاوه‌ كه‌ ده‌بینرێت.
Sbeiy.com © 2007