Print
 
 مه‌مانگێڕنه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سه‌ره‌تا!
نوسه‌ر:  عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
Thursday, November 22, 2012
پاش ته‌مه‌نێك له‌ خه‌بات‌و تێكۆشانی‌ نه‌پساوه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و گیانفیدایی‌ پێشمه‌رگه‌و رژانی‌ لافاوێك خوێن‌و ماڵوێرانییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان، ده‌ستی‌ مه‌رگ له‌ یه‌خه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان بویه‌وه‌و وا ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ گه‌له‌كه‌مان به‌ ئاسوده‌یی‌ ده‌ژی‌‌و رۆژانه‌ چاوه‌ڕێی‌ ته‌رمی‌ رۆڵه‌كانی‌ ناكات، به‌ڵام چه‌ند مافه‌ به‌ ده‌ستهاتوه‌كان‌و ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستای‌ كوردستان گرنكه‌ سه‌د هێنده‌ پاراستن‌و گه‌شه‌پێدانی‌ گرنگتره‌‌و پێویستی‌ به‌ كاری‌ ژیرانه‌و دیپلۆماسییانه‌ هه‌یه‌.

تا ئه‌وكاته‌ی‌ به‌غدا لاوازبو شه‌ڕی‌ نوێنه‌رانی‌ كوردو ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد ده‌كه‌ن له‌ به‌غدا له‌سه‌ر به‌شی‌ پارچه‌ كێكه‌ كه‌بو، كه‌ نه‌ میلله‌ت قه‌باره‌كه‌ی‌ ده‌زانی‌‌و نه‌ سودمه‌ندی‌ سه‌ره‌كیش بوه‌ لێی‌، هێنده‌ی‌ دو هێزه‌كه‌ی‌ كوردستان‌و سه‌ركرده‌كانیان سودمه‌ند بون له‌و پله‌و پۆسته‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌و بارودۆخه‌ی‌ پێش روخانی‌ رژێم ئه‌وا به‌ ئاسانی‌ ده‌توانین بزانین كه‌ به‌ڕاستی‌ هێنده‌ی‌ ئه‌وان گه‌ل سودمه‌ند نه‌بوه‌و هه‌نگاوێك شایه‌نی‌ باس بێت له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان نه‌چوینه‌ته‌ پێش، هیچ گومانێكیش نییه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رپرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و شكسته‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌ به‌تایبه‌ت سه‌ركرده‌كانیان، كه‌ لوتكه‌ی‌ شكسته‌كه‌ش خۆی‌ له‌ وه‌ده‌ستنه‌خستنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌كاندا ده‌بینێـته‌وه‌.

ئه‌وان ده‌چونه‌ به‌غداو هه‌مو شتێكیان به‌ نهێنی‌ هێشته‌وه‌ له‌ میلله‌ت ته‌نها ئه‌و پۆستانه‌ نه‌بێت كه‌ وه‌ریان ده‌گرت، ته‌نانه‌ت ئه‌و فه‌رده‌ دۆلارانه‌شیان له‌ میلله‌ت شارده‌وه‌ كه‌ ئێستا وه‌ك‌و به‌ڵگه‌یه‌كی‌ شه‌رمهێنه‌ر سایتی‌ ویكیلیكس باسی‌ ده‌كات‌و یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ وه‌ك‌و برا له‌نێوان خۆیاندا به‌شیان كرد.

ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردودا ده‌یانبیستین لانی‌ كه‌م ده‌توانین بڵێین دڵخۆشكه‌رنین‌و بۆنی‌ ئه‌گه‌ری‌ شه‌ڕێكی‌ بێ‌ ئه‌نجام‌و ماڵوێرانكه‌ریان لێدێت، ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌، ته‌نانه‌ت به‌ ئێستای‌ چۆنییه‌تی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌وه‌ به‌ كێشه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ وه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كان ئه‌گه‌رنا كه‌س ئینكاری‌ دڵڕه‌قی‌ دوژمنه‌كانمان‌و به‌رده‌وامی‌ دژاریه‌تییان ناكات بۆ گه‌ل‌و خاك‌و مافه‌كانی‌.

به‌ڵام داخی‌ ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یبیسین پێمان ده‌ڵێت: ئه‌م وڵاته‌ خاوه‌نی‌ دامه‌زراوه‌ نییه‌، خاوه‌نی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ نیشتیمانی‌ نییه‌، خاوه‌نی‌ سیستمێكی‌ به‌رگری‌ نیشیمانی‌‌و یاسایی‌ نییه‌، سه‌یره‌ له‌دوای‌ 21 ساڵ له‌ حكومه‌تداری‌ تازه‌ به‌تازه‌ گوێمان له‌ عه‌رزی‌ عه‌زه‌ڵات‌و لێدوانی‌ ئاگرینی‌ به‌رپرسی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌ له‌ بری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، به‌چاوی‌ خۆمان ده‌بینین ئه‌م دو هێزه‌ زۆر حیزبییانه‌ له‌ ناوچه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌كان خه‌ریكن سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندو لق‌و مه‌كته‌ب سیاسییه‌كانیان هێز ده‌به‌ن‌و جوڵه‌ ده‌كه‌ن‌و لێدوان ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت به‌ وردبونه‌وه‌ له‌ لێدوانی‌ به‌پرسه‌ حكومییه‌كانیش حیزبایه‌تی‌‌و موزایه‌ده‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌بینی‌ له‌نێوانیاندا، كه‌سێك نییه‌ لێیان بپرسێت ئه‌رێ‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕو كێشه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌ له‌گه‌ڵ مالیكی‌‌و به‌غداو ئۆپه‌راسیۆنی‌ دیجله‌، یان شه‌ڕو كێشه‌ی‌ میلله‌تێك؟ بۆ ئه‌م دو هێزه‌ له‌ هیچ شتێكدا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گه‌ل‌و دامه‌زراوه‌كانی‌؟ بۆ هه‌میشه‌ ده‌بێت بیسه‌لمێنن به‌ڕاستی‌ ئێمه‌ هێشتا خاوه‌نی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ یاسایی‌‌و حكومی‌ نین؟ هه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌و خاڵه‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كێشه‌كانی‌ كوردستانی‌ ده‌زانێت، كێشه‌ی‌ به‌ دامه‌زراوه‌ نه‌كردنی‌ كوردستان‌و به‌ یاسایی‌‌و نیشتیمانی‌ نه‌كردنی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌و حساب نه‌كردن بۆ په‌رله‌مان‌و نوێنه‌ره‌ شه‌رعییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.

ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ دڵسۆزانی‌ ئه‌م گه‌له‌ هاواری‌ بۆ ده‌كه‌ن‌و له‌پێناویدا چه‌ندین خۆپیشاندان‌و رێگه‌ی‌ جیاجیای‌ ئاشتییانه‌ ده‌گیرێته‌ به‌رو ده‌سه‌ڵات زۆر بێباكانه‌و خه‌مساردانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كات، چونكه‌ ئاگری‌ شه‌ڕ وه‌ك‌و پاره‌ی‌ نه‌وت‌و داهاتی‌ كوردستان نییه‌ ته‌نها گروپێك له‌ خه‌ڵك بگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئاگری‌ شه‌ڕ میلله‌ت تێكڕا تێیدا به‌شدار ده‌بێت‌و هه‌رگیز جێی‌ باوه‌ڕ نییه‌ له‌ پرسی‌ گیانفیدایی‌‌و تێكۆشان‌و قوربانیداندا گومان له‌ نیشتیمانپه‌ره‌وه‌ری‌ مرۆڤه‌ شه‌ره‌فمه‌نده‌كان‌و رۆڵه‌ به‌وه‌فاكی‌ نیشتیمان‌و هێزو لایه‌نه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی‌ بكرێت، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ راستییه‌كی‌ حه‌تمی‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌ له‌ به‌رژوه‌ندی‌ كه‌سدا نییه‌و به‌تایبه‌ت پێده‌چێت دوژمنه‌كانمان ئاواتی‌ ئه‌وه‌ بخوازن كه‌ له‌شه‌ڕێكی‌ له‌وجۆره‌مانه‌وه‌ بگلێنن، بۆیه‌ له‌ هه‌ڕەشه‌و گوڕه‌شه‌و لێدوانی‌ ئاگرین گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ناوماڵی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ خۆمان رێك خه‌ین‌و چیتر دامه‌زراوه‌كانمان له‌بری‌ حیزب قسه‌ بكه‌ن‌و لێدوان بده‌ن كار بكه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌ركاتێك خواست هه‌بو یان هاته‌ رێگه‌مان شه‌ڕیش بكه‌ن.
Sbeiy.com © 2007