|
هه‌ڵه‌ی ستراتیژی پارتی و یه‌كێتی |
نوسه‌ر: دڵشـاد شـێخان حوسـێن
|
Saturday, December 22, 2012 |
گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌ی ستراتیژی سه‌ركردایه‌تی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه، ئه‌وان له مه‌وقعی ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان. وه‌ك ده‌زانرێ ئێمه باجی هه‌ڵه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی ئه‌م هه‌رێمه ده‌ده‌ین كه خۆی له هه‌ردو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بینێته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان بۆ قه‌یرانی هه‌نوكه و هه‌مو قه‌یران و بارگرژییهكی دیكه، پێویستی به كۆده‌نگی نیشتیمانییه، به‌ڵام پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه؛ تا چه‌ند ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌سازیان بۆ ئه‌و پرسه كردوه؟
ره‌گ و ریشه‌ی كۆده‌نگی نیشتیمانی له ئینتیمای نیشتیمانییهوهیه، له باری گشتی دا دو جۆر له ئینتیما وێنا ده‌كه‌م: یه‌كه‌میان ئه‌و روبه‌ره جیۆپۆلۆتیكییهیه كه تاك پێوه‌ی پابه‌نده یاخود نیشتیمان، دوه‌میان بریتییه له ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی كه خۆی به هیچ سنورێكه‌وه نا به‌ستێته‌وه به مانایه‌كی دیكه ئینتیمای هاونه‌ته‌وه‌یی بونه .
ئه‌گه‌ر وردتر له جۆره‌كانی ئینتیما بڕوانین، جیاوازییه‌كی ناواخنیان لێ به‌دی ده‌كه‌ین كه بریتییه له‌و گۆڕانكاریانه‌ی له روبه‌ر و دیمۆگرافیا و ...هتد نیشتیمانهكه روده‌دا، ئه‌وه‌ش به‌پێی تێپه‌ڕبونی كات و شێوازی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی كردنی ناوچه‌كه روده‌دات، به‌ڵام ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی نه‌گۆڕه، به مانایه‌كی دیكه كوردبون شوناسێكی نه‌ته‌وه‌ییه و هه‌ر هه‌بوه، ئه‌ڵبه‌ت باسمان له به‌رپرسیارێتی نییه، چونكه تاك وه‌ك مرۆڤ به‌رپرسیاره له گۆی زه‌وی و هه‌مو پێكهاته‌كانی بۆ چاكه‌ی گشتی .
له نیشــتیماندا، پێویستمان به هاوڵاتی هه‌یه، چونكه هاوڵاتیبون یه‌كسانه به چاكه بون. بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه ئه‌رسـتۆ ده‌ڵێ: "هاوڵاتی ئه‌و كه‌سه‌یه كه كاری چـاك ده‌كات" له‌وه زیاتر ئه‌رستۆ هاوڵاتیبونی به خێڵ، بنه‌ماڵه، ره‌گه‌ز و نه‌ژاده‌وه نه به‌سـتۆته‌وه، كه‌واته ئه‌خلاق بنچینه‌ی هاوڵاتیبونه (هاوڵاتی = كاری چاك).
له بڕیار و پرسه ستراتیژییه‌كانی وڵات، پێویستمان به رای گشتییه، چونكه بریتییه له تێڕوانین و بۆچونی دانیشتوانی جوگرافیایه‌كی دیاریكراو سه‌باره‌ت به‌و كێشه و مه‌سه‌لانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش كۆیان ده‌كاته‌وه. رای گشتی له هه‌رێمی كوردستان ته‌رجه‌مه كراوه بۆ نوخبه‌ی هه‌ردو پارتی فه‌رمانڕه‌وا به پراكتیكی به سه‌رماندا تێپه‌ڕیوه و به‌رده‌وامی هه‌یه، ماس میدیاكان كه رای گشتی تیایاندا فۆرمه‌ڵه ده‌بێ ساخته كراوه، چونكه هۆشیارییه‌كی ساخته ده‌گه‌یه‌نن (شینه‌كه بۆ حوسێن نییه، بۆ هه‌ریسه‌كه‌یه) پێویستی به رونكردنه‌وه نییه، ئه‌وه‌ی عه‌قڵ و هۆشی ببێ تێده‌گا (ژینه ئه‌زمون).
شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمان رایه‌ڵی هاوبه‌شی له ده‌ستداوه، چونكه رایه‌ڵه هاوبه‌شه‌كانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی بریتییه له زمانی هاوبه‌ش، مێژوی هاوبه‌ش و ئیراده‌ی هاوبه‌ش، به‌ڵام كاتێك ده‌بینرێ ئه‌مانه له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌ك و خێڵێك و ...هتد خاوه‌نداریه‌تی لێ ده‌كرێ، وه‌ك جیاوگێك بۆ خۆیان به‌كاری ده‌هێنن و ده‌بێته هۆی لاوازبونی ئیراده‌ی تاكی كورد. بۆ نمونه دوژمنانی كورد رازین به‌وه‌ی هه‌رچی بمانه‌وێ ببین، ته‌نها كورد نه‌بین! ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێ ئامانجی دوژمنانمان ده‌پێكێ، وه‌ك مانگی چوارده ئاشكرایه .
پێشمه‌رگه‌ی شاخ وه‌ك جه‌سته و رۆحێك بۆ ئازادی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، تێكۆشان و به‌رخودانی له دژی جه‌ور و سته‌می ده‌سه‌ڵاتی تۆرانی به‌عس و به‌عسیزم به‌رپا كرد. نوسینه‌وه‌ی مێژوی شاخ له شار، ده‌ستگرتن به سه‌ر هه‌مو جومگه و پنته‌كانی كۆمه‌ڵگه و به‌كارهێنانی سیاسه‌ت و ئابوری وه‌ك جیاوگێك بۆ شاخ، دابه‌شكردنی ئه‌م هه‌رێمه بۆ زۆنی زه‌رد و سه‌وز، ره‌نگ رشتنی سیاسه‌تی ئه‌و دو زۆنه له‌سه‌ر عه‌قڵی تاكی كورد، هه‌ریه‌كه‌یان له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به‌رته‌سكی حیزبی ته‌رجه‌مه‌ی ده‌ستكه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان كردوه. هه‌ر یه‌كه‌یان داوای پێكه‌وه بون به مه‌رجی وه‌ك من بون قبوڵ ده‌كا، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره له سه‌ر به پاشكۆ كردنی ئامانجی ستراتیژی كه نه‌ته‌وه‌ی كورده، هه‌روه‌ها شه‌ڕ و ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانیش له‌و روانگه‌یه سه‌رچاوه‌ی گرت، چونكه ده‌كرا به‌جیهانبینی و تێڕوانینی جیاواز تێ بكۆشین، به‌ڵام بۆ یه‌ك ئامانج .
سیاسه‌تی زۆنی سه‌وز و زه‌رد، ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی تاكی كوردی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ته‌سك كرده‌وه بۆ دژایه‌تی و ململانێ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا، خێڵ، بنه‌ماڵه، كه‌سایه‌تی و رەنگ و ...هتد، به مانایه‌كی دیكه له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌و بارودۆخه تاكی كورد ده‌رفه‌تی بیركردنه‌وه‌ی نه‌درا، تاكو بیر له بون و شوناسی خۆی بكاته‌وه. به‌و هۆیه‌ش پرسی نه‌ته‌وه‌و جیۆپۆلۆتیك بونه پاشكۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان .
دو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، له‌دوای راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی ئازاری (1991) تا ئه‌م چركهساتانهش كاریان له‌سه‌ر ئاوێته كردنی تاك له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان نه‌كردوه، به‌ڵكو هه‌میشه له‌یه‌كیان تۆراندون له پێناو خه‌واندنی حیزبایه‌تی و به‌رزكردنه‌وه‌ی كێرڤی لایه‌نگرانیان له‌ڕوی چه‌ندیه‌تی، نه‌ك چۆنیه‌تی.
بونی ده‌ستێكی كارای حیزب له بڕیاره‌كانی حكومه‌ت، سه‌ربه‌خۆ نه‌بونی ده‌سه‌ڵاته‌كان وه‌ك پێویست، به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات. هه‌روه‌ها به بازرگانبونی به‌رپرسه سیاسییه‌كانمان. ئه‌م نمونه‌یه بۆ بێ ئاگایی هه‌ردو پارتی فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمی كوردستان؛ سوكرات (469 – 399 پ ز) ده‌ڵێ: "پێویسته هه‌ر كه‌سێك به‌ناوی خۆی و باوك و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی تۆمار بكرێت، بۆ نمونه سوكرات كوڕی سۆفرینیكۆس له گه‌ڕه‌كی ویبكی" ئامانج له‌و كاره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئینتیمای تاكه بۆ نیشتیمان، نه‌ك خێڵ و بنه‌ماڵه و ...هتد. به‌ڵام هاوڵاتیبون له‌م هه‌رێمه بریتییه له‌و جیهانبینیه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌یانه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی و ...هه‌یه .
هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی (ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی) به بۆچونی من ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و رای گشتی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وانه‌یان هه‌یه، چونكه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بریتییه له ستراتیژی سیاسی، ئابوری و سه‌ربازی، ئه‌م سێ ره‌گه‌زه پێویستیان به یه‌كێتی هه‌یه (یه‌كێتی سیاسی، یه‌كێتی ئابوری و یه‌كێتی سه‌ربازی)، به‌ڵام كاتێك ئه‌و یه‌كێتیانه بونی نییه، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییش بونی نییه هه‌روه‌ك له هه‌رێمی كوردستان به‌دی ده‌كرێ.
هه‌روه‌ها ئه‌دای خه‌ڵك له‌ئه‌منی قه‌ومی و هاوسه‌نگ كردنی ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی بریتییه له به‌شداربونی هاوڵاتیان له داڕشتنی سیاسه‌تی ئه‌منی قه‌ومی. له‌وه زیاتر د.جه‌لیل رهوشهندل ده‌ڵێ: (ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بریتییه له ده‌ست راگه‌یشتن به ره‌وشێك كه ده‌ره‌تان بۆ وڵاتێك ده‌ڕه‌خسێنێ له هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییه‌كان و نفوزی سیاسی و ئابوری بێگانه خۆی بپارێزێت له رێگه‌ی به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و دابینكردنی یه‌كگرتویی و مانه‌وه‌ی وڵات له خۆشگوزه‌رانی گشتی به دور له ده‌ستێوه‌ردانی بێگانه هه‌نگاو بنێته‌وه) به‌بۆچونی من، به‌كاربردنی چه‌مكی ئه‌منی قه‌ومی له هه‌رێمی كوردستان ته‌نها بۆ چه‌واشه‌كردن و خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵكه، چونكه ره‌گه‌زه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر زۆنی زه‌رد و سه‌وز ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر بنه‌ماڵه و كه‌سایه‌تی دابه‌شكراوه. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره له‌سه‌ر نه‌بونی ئه‌منی قه‌ومی .
رۆژنامه‌گه‌ری هۆكارێكه بۆ ده‌ربڕینی فاكتی كۆمه‌ڵگه، نه‌ك كه‌سایه‌تی و پارت و ...هتد، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه پێویسته زه‌مینه‌سازی بۆ ئازادی و ده‌ست گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كانی زانیاری پێویست فه‌راهه‌م بكرێ، چونكه ده‌وترێ راگه‌یاندن ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه. ده‌نگی كۆمه‌ڵگه و شه‌قام و رای گشتییه، هه‌روه‌ها میدیا ئیمایهكه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له هه‌ر هه‌نگاوێك كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان یه‌كناگرێته‌وه، به‌ڵام كاری رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان سه‌خته، چونكه بواری گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كانی زانیاری زۆر كه‌مه و ...هتد .
گروپه‌كانی فشار، وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه په‌یامی راسته‌قینه‌ی خۆیان به ده‌سه‌ڵات بگه‌یه‌نن، له‌به‌رئه‌وه‌ی دو حیزبی فه‌رمانڕه‌وا ئامانجی ئه‌و گروپانه‌یان به ئاقارێكدا بردوه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان... له‌وه زیاتر ئامانجی گروپه‌كانی فشار بریتییه له پاراستنی هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵات، له سیسته‌می دیموكراسی هاوچه‌رخدا ئامانج ته‌نها مرۆڤه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان ئامانج هه‌مو شتێكه بێجگه له مرۆڤ .
په‌رله‌مان (ئاسنی سارد ده‌كوتێ)، چونكه زۆرینه‌یه‌ك له رێگه‌ی هێز و هاوپه‌یمانی حكومه‌تیان پێكهێنا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئۆپۆزسیۆن به مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن مێژوی شاخ له‌گه‌ڵ شار جیا ده‌كاته‌وه، شاخ و پارتیزانی وه‌ك نهمرێك به مێژو ده‌سپێرێ، شار و هاوڵاتی بۆ گه‌شه‌كردنی دیموكراسی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ...هتد .
پرسی گه‌نده‌ڵی هه‌مو سنورێكی تێپه‌ڕاندوه، نا دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌یه، دیموكراسی به‌بێ دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی مانایه‌كی نییه. به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌بونی گه‌نده‌ڵی به‌و قه‌باره گه‌وره‌یه خودی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان)ه كه دانیان پێداناوه. تاكی كورد له هه‌رێمی كوردستان، متمانه‌ی به خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی نه‌ماوه، ئیراده‌ی لاوازه و عیزه‌تی نه‌فسی شكاوه، چونكه تاك به‌رهه‌می واقعه. واقعیش بریتییه له گه‌نده‌ڵی سیاسی، ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ...هتد. |
|
|