|
له ماڵئاوایی ئه‌مساڵدا، وانه‌یه‌ک بۆ منداڵانی شاره‌که‌م |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Sunday, December 30, 2012 |
قه‌ده‌رێکه حه‌ز و خه‌ونه جوانه‌کانی شاره‌که‌م وه‌ک شه‌پۆله توڕه و ههڵچوهکانی ده‌ریا روه‌و که‌نار ده‌کشێن. شاباز و واشهکان له حه‌وت ته‌به‌قه‌که‌ی ئاسمانه‌وه چاوی چڵێسیان له سنگی ده‌ریا و که‌نار چه‌قاندوه.
شاخه‌کان، په‌رژینه شۆخه‌که‌ی شار، به‌درێژایی ته‌مه‌ن شه‌ونخونی ئازار و خه‌مه‌کانیان کردوه و بۆ ساتێکیش چاویان لێ هه‌ڵنه‌گرتوه، ده‌ست له ملانی یه‌کتر وه‌ک ده‌سته خوشکانی یه‌که‌م بوکێنی شه‌رمن و غه‌مگین و بێده‌نگ چاوه‌ڕوانن.
ژنه نازکهوتو و دڵشکاوه‌کان وه‌ک پۆله مه‌لێکی به‌هاران په‌ڵه هه‌ورێکی ره‌ش به‌ره‌و سه‌یوان په‌لکێش ده‌که‌ن، له‌م هه‌وراز و له‌و لێژیدا، له‌م لاڕێ و له‌و سوچی باخدا چاو ده‌گێڕن بۆ ئاواته "به‌جێماوه‌کانیان" و سۆراغی یارێکن تا "دادی یه‌ئسی" خۆیانی به‌رنه لا.
گه‌نجه‌کان "به‌جێماو له ئاواتی چه‌ند ساڵه" ئه‌ستێره‌ی ئومێدیان پێشوه‌خت کشاوه، ئه‌وان "له شاگردانی کۆڕی عێشق"ن و وه‌ک گوڵه نهپشکوهکهی دیلان بۆ تێکشکاندنی قه‌ڵغانی مه‌حکه‌می هه‌ڵکێشراو له جه‌سته‌ی گۆپکهو بۆ گه‌یشتن به خۆر وه‌ک "بولبولی سوبحێ به‌کوڵ ده‌گرین" و زۆرانبازی له‌گه‌ڵ خڕنوکهکانی چه‌قێنراو له ده‌وروبه‌ریان ده‌که‌ن. فرمێسک له گه‌ڵا ههڵوهراوهکان ده‌ڕژێت و "نیگای حوسنی دولبه‌ری" یان عه‌وداڵی "په‌پوله‌یه‌کی نیاز" و "رازی عه‌شقێکی" چاوه‌ڕوان نه‌کراوه، ئه‌وان "طه‌ریقه‌ی گۆشه‌گیریان به‌رداوه" و "رێ"ی بست به‌بستی شه‌قام و کۆڵانه‌کانی شاریان گرتۆته به‌ر، چه‌ندین جار له به‌رده‌م ده‌روازه‌ی مه‌رقه‌ده‌کان که‌وتونه‌ته داوی دهڵهکهوه و "سینه‌ی رێشمیان" به "درکهڵانی پیری" "ئه‌نجن ئه‌نجن" کراوه.
منداڵه‌کان له خه‌ونه‌کانی "رۆژی له دایکبونیاندا، که نیانه" چاوه ماندوهکانیان بڕیوه‌ته کۆگا و مۆڵه رازێنراوهکانی شار و چاوه‌ڕوانی واڵاکردنی ده‌روازه‌کانی بهختیانن. ئه‌وان رۆژانه له‌م بێشه "پهژموردهیهدا" لهجانتایهکی شڕ و دڕاودا خه‌یاڵێکی ته‌ماوی بزێو و وروژێنه‌ری حه‌ز و ئاره‌زوه‌کانیان هه‌ڵگرتوه، هێدی هێدی بست به‌بست توله‌ڕێی پڕ له چاڵ و دڕك و داڵ به‌ره‌و حوجره‌ی بێ ده‌رگا و دیوار و فێرکه‌ر ده‌گرنه به‌ر.
کیژانی شار، "به‌قه‌د باڵای شه‌م" ئاسۆی کچێنیان له کفنی ره‌شی نه‌هامه‌تی پێچراوه، بێ ئۆقره و ههڵپهساز چارۆکه‌ی که‌شتییان به سه‌وڵه کۆن و شهتهکهکان ده‌شه‌کێننه‌وه. سه‌رسوڕما و داماو چاوه‌ڕوانن چۆن روبار و ده‌ریا کێشه قورسه‌کانی دار و به‌رد و ئاسن هه‌ڵده‌گرن باوهشێکیش به‌خه‌م و حه‌زه‌کانی ئه‌واندا بکه‌ن.
مردوه‌کانی شار، ده‌مێکه چاوه‌ڕوانی فرسهتێکن بۆ سه‌ردانی ماڵ و که‌س و کار و به‌رده‌رکی سه‌را و به‌رخانه‌قا و پیرمه‌سور و قه‌یسه‌ری نه‌قیب، تامه‌زرۆی چێژی که‌بابێکی وه‌ستا گورون و برنجێکی عه‌لی سور و چایه‌کی دیژله‌مه‌ی حه‌مه ره‌قن. کاتێک به‌ره‌به‌یانێک به‌خه‌به‌ر هاتن و به‌ره‌و شار به‌رێکه‌وتن له یه‌که‌م ده‌روازه‌ی شورای "قوڕاوی" به تاقمێ شه‌به‌حی ده‌مامککراو ده‌وره دران، داوای مه‌زبه‌ته‌ی نیشته‌جێبونیان لێکردن، داوای به‌ڵگه‌ی عبوری یه‌کێک له وه‌ستا لێهاتوه‌کانی "پاراستنی ئاسایشی" شاریان لێکردن، لێیان پرسین کێ له خواپیاوه تازه‌کانی شار خزم و دۆستیانن، لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردن: چ کاره‌ن له شار و ده‌یانه‌وێت کێ ببینن و کێ ده‌ناسن و نایناسن و.... مردوه‌کان وا تێگه‌یشتن سه‌ریان لێ تێکچوه و رێگایان بزر کردوه و رویان له شارێکی تر کردوه، بۆیه به ئه‌سپایی و بێ قڕه و بڕه به‌ره‌و دواوه گه‌ڕانه‌وه.
مامۆستا و مه‌لا و فه‌رمانڕه‌وا زۆر و زه‌به‌نه‌کان وه‌ک قارچکی به‌هاران له روکن و دامێنی گرده‌کانی شار ههڵتۆقاون، فهنهرهکانی قه‌زا و قه‌ده‌ری عیلم و مه‌عریفه‌تیان کردۆته چراخانێک بۆ رهوشنکردنهوهی ئاسمانه چۆڵ و ساده‌که‌ی شار.
حه‌سحه‌سه کوتراوه‌کان به‌چنگێ ئه‌ستێره و داڵی فافۆنی ساخته‌وه هه‌روه‌ک چاوه‌شه‌کانی عوسمانلی په‌یتا په‌یتا ژماره و کون و قوژبنی هێلانه‌ی کۆتر و چۆله‌که‌کان ده‌گه‌یه‌ننه باب العالی.
ئه‌وان ئه‌وه‌نده له خۆبایی بون نه ده‌زانن و نه تێشده‌گه‌ن که وه‌رزه بێ ناوه‌کان زۆر ره‌نگی تر، زۆر روناکی تر، زۆر ئومێدی تر له ره‌نگه نه‌گۆڕ و ناسراوه‌کانی چوار وه‌رزی ساڵیان له ئامێز گرتوه.
شار و من
هه‌رده‌م وام ده‌زانی من و تۆ پیر نابین، نه تۆ "تارا سپیه" زێڕینه‌که‌ت لێ داده‌دڕن و نه منیش دور له تۆ زۆرانبازی "سپیبونی" ته‌مه‌ن ده‌که‌م. هه‌رده‌م وام ده‌زانی روخساری دڵگیرت و نیگای یه‌که‌م خۆشه‌ویسته بێ ناوه‌که‌م چه‌په‌ری مانگه شهوێکن که هه‌رگیز ئاوا نابێت. هه‌رده‌م وام ده‌زانی چێژی بۆنه بێ هاوتاکه‌ی دوای ئاوڕشێنی خۆڵی به‌رده‌م داڵانێک له نیوه‌ڕۆیه‌کی هاویندا هه‌میشه "جوڵه ده‌دات به ده‌ماری هه‌ست و خه‌یاڵ". هه‌رده‌م وام ده‌زانی سه‌رگوزشته و چرکه‌ساته تاقانه و تهنیاکانمان به‌یه‌که‌وه هه‌میشه تیشک به ساته تاریک و سه‌رلێشێواوه‌کانی رۆژگاری هه‌ڵوه‌رین ده‌به‌خشن. هه‌رده‌م وام ده‌زانی پیره‌مێرد و مه‌حوی و سالم و بێکه‌س جه‌نگاوه‌ره‌کانی هۆشیاری و ئه‌قڵی "ژیان" و "ژین"ت ده‌مێننه‌وه، هه‌رده‌م وام ده‌زانی جه‌نابی شێخ له به‌رده قاره‌مانه‌وه له هه‌ر سات و ئانێکدا وه‌ک شۆڕهسوارێک رو له مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی ده‌کات، هه‌رده‌م وام ده‌زانی نه تۆ نه من و نه من و نه تۆ به‌یه‌ک نامۆ نابین.
به‌ڵام وه‌ک مه‌حوی فه‌رمویه‌تی:
له پاداشی قسه‌ی سه‌ردا هه‌مه ئاه و هه‌ناسه‌ی گه‌رم
که‌سێ شێتانه به‌ردم تێ گرێ، من به‌رقی تێ ده‌گرم
|
|
|