Print
 
 17ی‌ شوبات و یه‌ك دوقسه‌ی‌ تر
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Sunday, February 17, 2013
به‌ر له‌17ی‌ شوباتیش ده‌نگی‌ ناڕه‌زای‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دژی‌ نادادی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و سته‌مكاری‌ به‌رز بو، چه‌ند ساڵ به‌ر له‌و مێژوه‌ خه‌ڵك له ‌كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ڵه‌بجه ‌و شوێنه‌كانی‌ تر هاتنه‌ سه‌رجاده‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكیش شه‌هید بون، كه‌ ئێستا كه‌س باسیان ناكات، له‌سنوری‌ ئیداره‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ خۆپیشاندان زیاتر بوه‌، له‌سنوری‌ ئیداره‌ی‌ پارتی‌ بۆیه‌ مێژوی‌ خۆپیشاندان لێره‌ دورتره‌ له‌ 17ی‌ شوبات، هه‌مان ئه‌و نادادی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و سته‌مكاریه‌ی‌ كه‌ له‌ زۆنی‌ سه‌وز هه‌بو له‌ رابردودا به‌تایبه‌ت له ‌گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ و دواتر سه‌رده‌می‌ دوای‌ روخانی‌ به‌عسدا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌ زۆنی‌ زه‌رد زیاتر بو، به‌ڵام له‌وێ‌ بواری‌ هه‌ناسه‌دانی‌ ئازادی‌ ته‌نگ تر بو، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ هه‌مو ئه‌وانه‌یه‌ كه ‌له‌باره‌ی‌ ئه‌وێوه‌ قسه‌ده‌كه‌ن.

له‌ڕاستیدا چ ده‌سه‌ڵات و چ سه‌رۆك و به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێن، كه‌ نادادی‌ و سته‌مكاری‌ و گه‌نده‌ڵی‌ هه‌یه‌، تا رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نه‌به‌سترابو، دانپیانانه‌كان زیاتر بون له‌ ئێستا، له‌دوای‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ ئیتر هه‌ردولا ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی‌ ناو یه‌كتریان كپكرد به‌تایبه‌ت ده‌رهه‌ق به‌یه‌كتر و ده‌رهه‌ق به‌ بارودۆخه‌كه‌، من له‌وباره‌یه‌وه‌ نمونه‌یه‌كی‌ خۆم ئه‌هێنمه‌وه‌، من له‌ میدیاكانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌رده‌وام ره‌خنه‌م له‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌گرت، دوای‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ ده‌رگاكان به‌رومدا داخران، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا من به‌رده‌وام هاوكارێكی‌ باشی‌ ئه‌و میدیایه‌ بومه‌ چ نوسراو چ بینراو چ بیسراو، ته‌نانه‌ت له‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كوردسات به‌رنامه‌ی‌ تایبه‌تم هه‌بوه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك و ئێستاش به‌رده‌وام گۆشه‌م هه‌یه‌ له‌ كوردستانی‌ نوێ‌.

دوای‌ 17ی‌ شوبات دۆخێك هاته‌پێشه‌وه،‌ وه‌ك هه‌مان دۆخی‌ سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ كه‌ له‌وكاته‌دا كوردستان بو به‌ دوزۆنه‌وه ‌و مرۆڤه‌كانیش یان ده‌بوایه‌ له‌زۆنی‌ سه‌وز و له‌ چواچێوه‌ی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌بان یان زۆنی‌ زه‌رد، هه‌ندێكیش بۆیان ره‌خسا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بو پشتیان كرده‌ نیشتمان و سه‌ری‌ خۆیان هه‌ڵگرت، له‌ 17ی‌ شوباتیش به‌دواوه‌ ئیتر بوارێكیان نه‌هێشته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ وێنه‌كان وه‌ك خۆی‌ ببینێ‌، به‌ڕاده‌یه‌ك بواری‌ ره‌خنه‌گرتن و سه‌رنجیان واته‌سك كرده‌وه‌ كه ‌هه‌ركه‌س ره‌خنه‌ی‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌ نه‌یاره‌و نایه‌وێت كوردستان پێشبكه‌وێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنیش ئه‌وه‌یان ده‌كرد، دۆخی‌ دوای‌ 17ی‌ شوبات دۆخی‌ شۆڕشێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه ‌نه‌گه‌یشتوه‌ته ‌ئامانجه‌كانی‌ و شكستی‌ پێهێنراوه‌، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بواری‌ ئه‌و هه‌ناسه‌دانه‌ نه‌درا، كه‌من بڕوام وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كرابا هه‌م شۆڕشه‌كه‌ به‌ ئامانجی‌ خۆی ده‌گه‌یشت هه‌م ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ قازانجیان ده‌كرد، له‌و گۆڕانكاریانه‌دا ئه‌و خۆنیشاندانانه‌ی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌رگیز بۆ روخاندن نه‌بون به‌وانه‌شه‌وه‌ كه ‌دروشمی‌ بڕوخێ‌ بڕوخێ‌ یان به‌رز كردبوه‌وه‌، ئه‌و خۆنیشاندانانه‌ بۆ چاكسازی‌ بون كه‌ هێشتا ئێمه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌ستمان پێنه‌كردوه ‌و هه‌میشه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ خۆمانی‌ لێبدزینه‌وه‌.

هه‌رێمی‌ كوردستان پێویستی‌ به‌ چاكسازی‌ و نه‌هێشتنی‌ نادادی‌ و سته‌مكاریه‌، ئه‌مه‌ش به‌رله‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵكی‌ كوردستان سودمه‌ندی‌ بن حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات سودمه‌ند ده‌بن لێی‌ به‌تایبه‌ت پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، كه‌ ئێستا به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و تاكه‌حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و زۆرترین پۆستی‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌شی‌ لای‌ ئه‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ له‌سنوری‌ هه‌ولێر و دهۆك له‌ ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانگه‌كاندا به‌رێژه‌ی‌ ته‌واوی‌ ته‌واو ده‌سه‌ڵاتداری‌ یه‌كه‌مه‌ و به‌شی‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌شی‌ نادات.

له‌ناو پارتیدا ده‌نگی‌ ناڕه‌زای‌ بۆ دادگه‌ری‌ و چاكسازی‌ هه‌یه‌، من بۆخۆم ده‌یان جار ئه‌وه‌م گوێ‌ لێبوه‌، له‌م دوایه‌شدا سكرتێری‌ لاوان به‌ئاشكرا باسی‌ ئه‌و نادادیه‌ی‌ كرد، ئه‌و وتی:‌ پارتی‌ هه‌ندێكی‌ به‌سه‌زمان و هه‌ندێكی‌ تری‌ بزنسمانه‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش كه‌ سه‌رۆك و جێگری‌ حیزبه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌و زۆرجار باسی‌ ده‌كه‌ن.

ئێمه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و راستیه‌ بزانین كه‌ 17ی‌ شوبات هه‌میشه‌ ئه‌گه‌رێكه‌ له‌به‌رده‌مماندا، نه‌ك روداوێك له‌ پشتمانه‌وه،‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ كاتی‌ چاكسازی‌ و گۆرشانكاری‌ و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و وه‌ڵامی‌ خواسته‌كانی‌ خه‌ڵكه‌.
Sbeiy.com © 2007