Print
 
 ئایا حكومه‌ت دو گیرفانی‌ هه‌یه‌؟
نوسه‌ر:  عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
Tuesday, March 19, 2013

 

له‌م وتاره‌دا باس له‌ دو دیارده‌ ده‌كه‌م كه‌ بۆنی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌یان لێدێت كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌ دو گیرفانی‌ هه‌یه‌، له‌م ڕسته‌یه‌دا شێوازی‌ نوسیه‌نه‌كه‌م له‌ ڕوانگه‌ی‌ دڵنیاییه‌وه‌ نییه‌، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ بێ‌ ژماره‌و بێ‌ داتاو بێ‌ زانیارییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نه‌بونی‌ زانیاریش بۆ پرۆسه‌و كردارێك ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ پێی‌ ده‌ڵێن ناشه‌فافییه‌ت، ناشه‌فافییه‌تیش واتا حكومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌ شوێنكه‌وتوه‌كانی‌ به‌ مه‌به‌ست زانیاریی‌ له‌ خه‌ڵك‌و میدیاو پسپۆڕان ده‌شارنه‌وه‌و نایانه‌وێت ئه‌و زانیارییانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ڕون‌و ڕاسته‌وخۆ بگه‌نه‌ خه‌ڵك، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر زیاد له‌ هۆكارێك كه‌ گرنگترینیان بونی‌ زانیاریی‌‌و سه‌رپێچییه‌كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر یاساو به‌رژوه‌ندی‌ خه‌ڵكدا، ئه‌گه‌رنا بۆ ده‌بێت خه‌ڵكێك كه‌ ڕاسپێرداوی‌ میلله‌تبن زانیاریی‌ له‌ گه‌ل‌و وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیان بشارنه‌وه‌، زانیاری‌ له‌سه‌ر هه‌مو شتێك، به‌تایبه‌ت بوارێكی‌ گرنگی‌ وه‌ك‌و ئابوری‌‌و دارایی‌.

ئه‌و دو دیارده‌یه‌ش له‌م وتاره‌یدا باسیان ده‌كه‌ین دیارده‌ی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ نائاسایی‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌‌و قه‌یرانی‌ نه‌مانی‌ پاره‌یه‌ له‌بانكه‌كانی‌ سلێمانی‌:

1ـ له‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌ركه‌وتنه‌كاندا، به‌ ته‌نیشت وه‌زیری‌ داراییه‌وه‌ جێگره‌كه‌شی‌ ده‌بینین، له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نوسییه‌كان، لێدوان‌و چاوپێكه‌وتنه‌كان، هاتنه‌ په‌رله‌مان‌و گفتوگۆكان، گفتوگۆكانی‌ بودجه‌، به‌ ڕادده‌یه‌ك زیاده‌ڕه‌وی‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ وه‌ك چۆن وه‌زیری‌ دارایی‌ ده‌ناسن به‌ هه‌مانشێوه‌ جێگره‌كه‌شی‌، باسی‌ ئه‌و سه‌ڵاحییه‌ت‌و جیاوازییانه‌ش ناكه‌ین كه‌ هێندێ‌ جار له‌ لێدوان‌و چپه‌ چپی‌ ئه‌م دو به‌ڕێزه‌دا ده‌بینین له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌ماندا، به‌ڵكو ته‌نها پرسیار له‌ خودی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌، دیارده‌ی‌ ئاماده‌گی‌ به‌هێزی‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ جیاواز له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ تری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر خودی‌ كه‌سه‌كان نییه‌، به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆك‌و ئاماژه‌كانی‌ پشت ئه‌م ئاماده‌بونه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ هێندێك له‌ سیاسه‌ت‌و كاروباری‌ به‌ڕێوه‌بردن شاره‌زایی هه‌بێت ده‌زانێت ئه‌م ئاماده‌گییه‌ به‌هێزو زۆره‌ی‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ ته‌نانه‌ت له‌كاتی‌ ئاماده‌بونی‌ وه‌زیره‌كه‌شیدا، دیارده‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ نییه‌و ده‌كرێت ئاماژه‌بێت بۆ حااڵه‌تێكی‌ دابه‌شبون بۆ دو گیرفانی‌ جیاواز له‌ حكومه‌تدا كه‌ درێژكراوه‌ی‌ دو گیرفانه‌كه‌ی‌ زه‌مه‌نی‌ دو ئیداره‌ییه‌ به‌ڵام به‌جۆرێكی‌ تر، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا زۆرینه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌كانیش، وه‌زیر جێگرو بریكاریان نییه‌ یان ئه‌گه‌ر هه‌یان بێت به‌پێی‌ یاسا ته‌نها ئه‌و ئه‌ركانه‌ ڕاده‌په‌ڕێنێت كه‌ وه‌زیر پێی‌ ده‌سپێرێت.

2ـ ماوه‌یه‌كه‌ بانكه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌ده‌س نه‌بونی‌ پاره‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت هیچ لێدوانێك له‌و باره‌یه‌وه‌ بده‌ن‌و بۆ سه‌رمایه‌داران‌و كۆمپانیاكان‌و خه‌ڵكی‌ ڕون بكه‌نه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ چییه‌و هه‌نگاویان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ چییه‌؟ بۆ ده‌بێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ته‌نها بانكه‌كانی‌ سلێمانی‌ توشی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ببن؟ بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ هه‌ولێرو دهۆكیش ناگرێته‌وه‌؟ باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ یه‌ك حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و یه‌ك وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و یه‌ك بانكی‌ ناوه‌ندیمان هه‌یه‌، بۆ كێشه‌كه‌ ته‌نها له‌ سلێمانییه‌؟ ئه‌ی‌ بۆچی‌ بانك‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌سته‌وسان وه‌ستاون‌و ته‌نها ڕۆڵی‌ ته‌ماشاكه‌ر ده‌بینن؟ بۆچی‌ به‌رپرسێك خۆی‌ له‌م باسه‌ ناداو هۆكاره‌كانی‌ ڕون ناكاته‌وه‌و تێمان گه‌یه‌نێت بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها له‌ سلێمانییه‌؟ خۆ ئه‌و بانكانه‌ی‌ ڕوبه‌ڕوی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ بونه‌ته‌وه‌ بانكی‌ حكومین نه‌وه‌ك ئه‌هلی‌، ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر حكومین‌و به‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ولێر‌و له‌ چوارچێوه‌ی‌ یه‌ك سیستمی‌ دارایی‌‌و بانكیدا له‌گه‌ڵ پایته‌ختی‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن بۆچی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و بانكه‌كانی‌ هه‌ولێر چه‌ند گونییه‌ دینارێك ناهێننه‌ سلێمانی‌ تا قه‌یرانه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ببێت؟ مه‌گه‌ر ئه‌و نه‌ختینه‌یه‌ی‌ له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌ هی‌ سلێمانیش نییه‌؟ مه‌گه‌ر به‌رپرسان ناڵێن ئێمه‌ یه‌ك حكومه‌ت‌و یه‌ك سیاسه‌ت‌و یه‌ك گیرفانمان هه‌یه‌، باشه‌ خۆ سلێمانی‌ حكومه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ نییه‌و دراوی‌ خۆی‌‌و بانكی‌ ناوه‌ندی‌ خۆیی‌‌و نه‌ختینه‌ی‌ خۆی‌ هه‌بێت؟ ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر وانییه‌ كێشه‌كه‌ له‌ كوێدایه‌؟

 

پوخته‌ی‌ مه‌به‌ستی‌ ئه‌م وتاره‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردو دیارده‌كه‌، یه‌كه‌میان بون‌و ئاماده‌گی‌‌و هه‌ڵس‌و كه‌وتی‌ جێگره‌ پارتییه‌كه‌ی‌ وه‌زیره‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ به‌ ڕادده‌یه‌ك وه‌ك وه‌زیرێك ده‌ركه‌وێت، هه‌روه‌ها ده‌سته‌وسانی‌ حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ولێر له‌ ئاست قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و نه‌ختینه‌ی‌ بانكه‌كانی‌ سلێمانی‌، دو به‌ڵگه‌ی‌ به‌هێزی‌ بونی‌ جیاوازییه‌كی‌ ڕاسته‌قینه‌و كێشه‌یه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌ك بێت له‌سه‌ر شتێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهات‌و خه‌رجی‌ وڵات، به‌ كوردییه‌كه‌شی‌ گیرفانی‌ میلله‌ت دو خاوه‌نی‌ هه‌یه‌‌و دو سیاسه‌ت كاری‌ تێدا ده‌كات، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دو سیاسه‌ت‌و خاوه‌نه‌ش خه‌می‌ یه‌كه‌م‌و كۆتاییان به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵك نه‌بێت به‌ گشتی‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ به‌لای‌ زانستی‌ ئابوری‌‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ خراپترین حاڵه‌ته‌ له‌ هه‌ر وڵات‌و حكومڕانییه‌كدا هه‌بێت.

Sbeiy.com © 2007